چوارشەممە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

05:49 - 2023-02-27
کوردستان
311 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی کوردستان رۆژی چوارشەممە کۆدەبێتەوە، ژمارەیەک پڕۆژە و پێشنیازەیاسا تاوتوێ دەکات و دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتار دەخاتە دەنگدانەوە.

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێنج پێشنیازەیاسا دەکرێت، لەناویاندا پێشنیازەیاسای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن، بەڕەنگاربوونەوەی گزیی زانستی، ھەمواری یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکاندا زێدەڕۆییان لەسەر کراوە، ھەروەھا بڕیارە پڕۆژە یاسای "کار لە ھەرێمی کوردستان" بخرێتە دەنگدانەوە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارە پڕۆژەیاساکانی گرتنی کاڵای قاچاغ و قەدەغەکراو، ھەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە، ھەمواری یەکەمی یاسای ئەنجوومەنی شورا، کە لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە گەڕێندراونەتەوە پەرلەمان، بخرێنەڕوو بۆ ئەوەی دوای پێداچوونەوەیان دەنگیان لەسەر بدرێت.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، پەرلەمانی کوردستان داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتار دەخاتە دەنگدانەوە.

#پەرلەمانی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان