هەڵمەتی رواندنی یەک ملیۆن نەمام گەیشتە سنوورى ناحیەى خدران

10:20 - 2023-03-01
کوردستان
428 جار خوێندراوەتەوە

هەڵمەتی نیشتمانی رواندنی یەک ملیۆن نەمام و سەوزکردنی کوردستان لەسەر بڕیار و راسپاردەى بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی  نیشتمانیی کوردستان گەیشتە سنوورى ناحیەى خدران. 

لەوبارەیەوە هاوکار جەلال، بەرێوەبەرى دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، قۆناغێکی تری هەڵمەتەکەمان دەستپێکردەوە. لەم هەنگاوەدا گرنگیماندا بەزیادکردنی رووبەرى دارستانەکانی ناو پڕۆژەى دارستانی خدران و بەمجۆرەش پەیامی سەرۆک بافڵ مان گەیاندە سنوورەکە بۆ گرنگیدان بەدارستانەکان و خزمەتکردن بەژینگە.

بەرێوەبەرى دارستان و پاوانی سلێمانی راشیگەیاند، دواى بەسەرکەوتویی بەرێوەبردنی کارەکانمان لە سنووری  (ئەزمڕ، خەلەکان، قەرەداغ، چەناخچیان، قەرەهەنجیر، بانی مەقان) و روواندنی دەیان هەزار نەمام، لە قۆناغێکی تردا تیمەکان دەستیانکردۆتەوە بەکارکردن لە سنوورى چەند پڕۆژەیەکی  دارستانیدا کە لە رۆژانی ئایندەدا نەمام رواندن تێیاندا دەست پێدەکات وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ روبەڕوبونەوەى گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پاراستنی کوردستان لە کاریگەرییەکانی.

هەر لەوبارەیەوە بەرهەم ئەحمەد، لێپرسراوی پڕۆژەى دارستانی خدران وتی، دەستمانکرد بەئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکی هەڵمەتی رواندنی نەمام لە سنوورى پڕۆژەکەماندا کە بەهۆیەوە رووبەرى دارستانەکان بەرفراوانتر دەبێت و سەوزایی زیاتر لە نێو پڕۆژەکەدا رەنگ دەداتەوە، بەمەش سەربارى بەجێگەیاندنی ئەرکێکی مرۆیی ژینگەیی، زامنی دابینکردنی هەلی کار دەکات بۆ گەنجانی سنوورەکە. 



##ئاشتکردنەوەی_سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان