درۆكردن لە روانگەی كانتەوە

10:45 - 2023-03-01
کەلتور
332 جار خوێندراوەتەوە
کانت

لە فارسییەوە: جەواد حەیدەری 

ئیمانۆئێل كانت فەیلەسوفی ناوداری ئەڵمانی پێی وایە درۆكردن كردەوەیەكی ناشیرین و قێزەونە و كلیلی هەموو شەڕەنگێزی و ئاژاوەیەکە. ئەو فەیلەسوفە بەمشێوەیە پێناسەی درۆكردن دەكات و دەڵێت: درۆكردن یانی بە زمان شتێك بڵێیت و لە دڵتدا شتێكی دیكە هەبێت. 
زۆرێك پێیانوایە درۆكردن بۆیە شتێكی ناڕەوا و نائەخلاقییە، چونكە زیان دەگەیەنێت، بەڵام كانت بڕوای وایە درۆكردن تەنانەت ئەگەر زیانیشی نەبێت و بە نییەتی خێریش بوترێت، هەمدیسان كردەوەیەكی نائەخلاقی و ناڕەوایە. ئەو درۆكردن لەبەر ئەوە بە ناڕەوا و ناپەسەند دەزانێت چونكە دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەهای مرۆیی. هەر بۆیە راستگۆیی بە ئەركێكی تەواو مرۆیی بەرامبەر بە خود و ئەوانی دیكە دەزانێت. پرسیاری سەرەكی و بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە ئایا لە روانگەی كانتەوە درۆكردن بە شێوەیەكی رەها قەدەغەیە یان لە هەندێك حاڵەت رێگە پێدراوە؟ بە پێی ئەو لێكۆڵینەوانەی لەبارەی بەرهەمەكانی كانتەوە كراوە دەریدەخات روانگەی كانت لەبارەی رەهابوون یان رێژەیبوونی قەدەغەكردنی درۆ جیاوازە. كانت لە بەرهەمە سەرەتاییەكانی خۆیدا بە تایبەتی لە كتێبی «وانەكانی فەلسەفەی ئەخلاق»دا روانگەیەكی میانڕەوی سەبارەت بە درۆكردن هەیە و بە رەهایی درۆكردن قەدەغە ناكات، بەڵكو هەندێكجار درۆكردن بۆ رزگاركردنی خود لە دەستی ئەوانی دیكە بە رەوا دەزانێت، بەڵام لە بەرهەمەكانی دیكەی وەك « سەروو سروشتی ئەخلاق» و لە وتاری» مافی گریمانەیی درۆكردن بە نییەتی خێرخوازیانە» بە رەهایی درۆكردن قەدەغە دەكات.
كانت بە پشتبەستن بە كتێبی پیرۆز( ئینجیل) دەڵێت: هەر وەك چۆن لە كتێبی پیرۆزدا هاتووە، یەكەمین تاوان بە هۆی ئەو تاوانە خراپەوە لە جیهاندا بوو بە باو، براكوژی نەبوو، بەڵكو درۆكردن بوو. بۆیە درۆكردن سەرەتای دەستپێكردنی هەموو شتە خراپەكانە و باوكی شەڕەنگێزییە. بۆیە كانت لەسەر ئەو بۆچوونەیە درۆكردن بە هۆی ترسەوەیە و درۆزن كەسێكی ترسنۆكە. لەلایەكی ترەوە بە رای كانت درۆكردن چ دەستكەوتێكی خێری هەبێت و چ دەستكەوتێكی خراپی هەبێت، درۆیە و ئاكامەكەی شەڕەنگێزی و پەستییە. چونكە درۆكردن بەشێكە لە ئاژاوەگێڕی و خراپەكاری و نیاز خراپی و خراپەكاریش لە رێگەی درۆكردنەوە دێتە ئاراوە. درۆزن كەسێكی ترسنۆكە، چونكە جگە لە درۆكردن ناتوانێت بە هیچ شێوەیەكی دیكە بگات بە ئەو شتەی مەبەستێتی، هەر بۆیە بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی خۆی دابین بكات ناچار پشت بە درۆكردن دەبەستێت، ئەمەش پێچەوانەی پیاویی ئازا و بوێرە، چونكە پیاوی ئازا و بوێر و نەترس هۆگر و عاشقی راستییەكان و هەرگیز جگە لە راستی خۆی رادەستی هیچ شتێكی دیكە ناكات.

كردەوەیەكی نائەخلاقی و ناڕەوایە
لە روانگەی كانتەوە سەرجەم ئەو كارانەی ئاسایشی مرۆڤ دەخەنە مەترسییەوە هەموویان بەدناوی و ئاژاوەگێڕییە و ئەو درۆكردنە دەخاتە پاڵ تاوانەكانی وەك كوشتن و ژەهراوییكردنی مرۆڤەكان. زۆرێك پێیانوایە درۆكردن تەنها لەبەر ئەوەی زیان دەگەیەنێت كردەوەیەكی نائەخلاقی و ناڕەوایە، بەڵام كانت لای وایە هۆكاری نادروستی درۆكردن تەنها بۆ زیان گەیاندن بە وانی دیكە لە قەڵەم نادات و لەسەر ئەو بڕوایەیە درۆكردن ئەگەر تەنانەت زیان بە كەسیش نەگەیەنێت و نییەتی خێریشی تێدا بێت هەمدیسان كردەوەیەكی ناڕەوایە، چونكە ئەو پێیوایە درۆكردن لە راستیدا جۆرێك تاوانە لە دژی خۆت و بێڕێزیکردنە بە خۆت. زۆرجار پێدەچێت درۆكردن بەهۆی خۆشباوەڕی یان بەهۆی ناهۆشیارییەوە بكرێت و مەبەستی خێری لە پشت بێت، بەڵام هەمدیسان كردەوەیەكی نائەخلاقی و تاوانە لەدژی خۆت و هەنگاوێكی پووچە. چونكە مرۆڤ بەو كردەوەیە لە راستیدا رێز و حورمەتی خۆی پێشێل كردووە. هەر لەبەر ئەوەشە لە روانگەی كانتەوە درۆكردن نەك هەر تەنها ئەركێك نییە لەبەرامبەر ئەوانی دیكە، بەڵكو ئەركێكە بەرامبەر بە خۆشت، چونكە درۆكردن دەبێتە هۆی رسوایی مرۆڤ. درۆكردن دەبێت هۆی بێ نرخكردنی مرۆڤ، چونكە مرۆڤ لەڕێی درۆكردنەوە وا نیشان دەدات دەیەوێت دەروونی خۆی دەربخات، بەڵام ئەو كارە ناكات. ئەگەر هەموان سروشت و خوویان باش بوایە هەموان دەبوایە درۆیان نەكردبوایە لەبەر ئەوەی درۆكردن دەبێتە هۆی دڵەڕاوكێ و شڵەژان و پەشۆكاوی. 
لە روانگەی كانتەوە درۆكردن لە راستیدا دەستهەڵگرتنە لە كەسایەتی مرۆیی خۆت. مرۆڤێك بە رەواڵەت وەك مرۆڤ خۆی نیشان دەدات و درۆكردن لەبەر هەر هۆیەك بە ناڕەوا نازانێت، بەڵكو درۆكردن بە خاتری لەناوبردنی بەهای مرۆیی خۆی بە ناڕەوا دەزانێت. كەسێك درۆ لەگەڵ كەسێكی دیكە دەكات لە راستیدا بەهای مرۆیی خۆی بە نزمترین ئاست دابەزاندووە و زمان و وشە کە بە شێوەیەكی گشتی كەرەستەی ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕایە خراپ بەكارهێنراوە. 

پێناسەی درۆ لە روانگەی كانتەوە
کانت لە بەرهەمەكانیدا بە چەند شێوە پێناسەی درۆی كردووە ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەكی كورت باسی بكەین بەمشێوەیە دەتوانین بیخەینەڕوو، كانت دەڵێت: درۆ یانی ئەوەی بە زمان شتێك بڵێیت و لە دڵدا شتێكی دیكەت مەبەست بێت. یان بە واتایەكی دیكە درۆ یانی وتنی شتێك بە پێچەوانەی هەستی راستەقینەی خۆت بێت. بۆیە دەڵێت: ئەگەر مرۆڤێك رابگەیەنێت دەیەوێت هەستی خۆی بدركێنێت و بە پێچەوانەوە ئەگەر بابەتێكی ناڕاستی وت، ئەوە بە پێچەوانەی راستی قسەی كردووە و ئەوە درۆیە و كەسەكەش درۆزنە. چونكە درۆكردن، یان بە هۆشیاری دەكرێت، یان بە ئەنقەست یان بە مەبەستی فریودان. هۆشیارانە یانی ئەوەی هۆشیارانە ئەوەی بە كەسانی دیكەی دەڵێت ناڕاستە و دەیەوێت ئەوانی دیكە بخاتە ناو بازنەی هەڵەوە. هەر بۆیە درۆكردن پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە مەبەست و نییەتی كەسەكەوە هەیە. كەسەكە وا خۆی دەردەخات دەیەوێت هەموو راستییەكان بەوانی دیكە بڵێت، بەڵام لەڕاستیدا وا نییە و دەیەوێت ئەوانی دیكە هەڵخەڵەتێنێت. بە پێچەوانەی زانایانی ئیسلامی پێیان وایە درۆ یانی پێچەوانەی راستی، كانت لەسەر لەو بڕوایەیەدا نییە هەر شتێك پێچەوانەی راستەقینە بێت درۆیە، بەڵكو درۆ، كاتێك درۆیە مرۆڤ وا خۆی نیشان بدات دەیەوێت بیروڕاكانی بۆ ئەوی دیكە بگێڕێتەوە. مەبەست لەو قسەیەی كانت ئەوەیە مەبەستی فریودان خۆی بەشێكە لە شوناسی درۆ، كانت هەروەها دەڵێت: درۆ یانی بەڵێنێكی فریودەرانە. درۆ پێویستی بە كەسی دووهەم هەیە، کەسێک کە كەسی درۆزن دەیەوێت فریوی بدات. 

درۆزن دەبێت سزا بدرێت
ئەو فەیلەسوفە ئەڵمانییە پێی وایە درۆزن بە درۆكردن لەڕاستیدا بەهای مرۆیی خۆی لەناو دەبات، بۆیە پێیوایە درۆنەكردن ئەركێكی تەواو مرۆییە مرۆڤ سەبارەت بە خۆی و ئەوانی دیكە دەبێت لەبەرچاوی بگرێت. زۆربەی لێكۆڵەرانی بەرهەمەكانی كانت لەسەر ئەو رایەن كانت بە گشتی هەموو جۆرە درۆیەك قەدەغە دەكات و رێگە بە هیچ درۆیەك نادات و پێیوایە راستگۆیی ئەركێكی سەرەکی تاكە بەرامبەر بە خۆی و هەر كەسێكی دیكە، هەرچەند ئەگەر زیانێكی زۆریشی بۆ خۆی یان بۆ ئەوانی دیكەی لێبكەوێتەوە. راستگۆ بوون بڕیارێكی پیرۆزی ئایینی و بڕیارێكی رەهای عەقڵە و هیچ بەرژەوەندییەك ناتوانێت راستگۆیی سنووردار بكات. كانت راستگۆیی بە ئەركێكی رەها و بێمەرج لە قەڵەم دەدات و لە هەموو هەلومەرجێكدا راستگۆیی كاریگەر و بە بڕشتە.
سەبارەت بە سزادانی درۆزن كانت پێی وایە بەرپرسیارێتی هەموو درۆیەك لە ئەستۆی درۆزنەكە دایە و درۆزن دەبێت بە پێی یاسای مەدەنی سزا بدرێت. 

سەرچاوە/ سایت ensani.ir

بابەتە پەیوەندیدارەکان