ئاكۆ كه‌ریم مه‌عروف
شه‌وێكی زۆر درێژبوو، شوێنێك نه‌بوو تێیدا بخه‌وم، به‌ده‌م وه‌نه‌وزدانه‌وه له‌م شه‌قام بۆ ئه‌و شه‌قام... كۆڵانه تاریكه‌كان ده‌گه‌ڕام، ده‌مویست چه‌ند ده‌كرێت خۆم به‌و ئاگره گه‌رم بكه‌مه‌وه كه چه‌ند سه‌ربازێكی خه‌واڵوو له ده‌وری دووكه‌ڵی چه‌ند پارچه مقه‌بایه‌ك و هه‌ندێ لقه‌دار كه له نزیك باخێكی بێ‌ناز كۆیان كردبۆوه له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بوون تاوه‌كو رۆژ هه‌ڵدێت رزگاریان بێت له ته‌واوبوونی ئه‌و شه‌وه. ئه‌وه‌ی بینیم ته‌نها چاوه‌كانیان بوو، هیچی ترم نه‌بینی، ئه‌وانیش وه‌ك من سه‌رما و ترسی ره‌قبوونه‌وه به ده‌ماره‌كانیاندا ده‌گه‌ڕا. له‌و ساته‌دا ته‌نها كه‌سێك بووم زیندوو له‌ناو ته‌مومژێكی پڕ رووناكی رۆژی چوار شه‌ممه‌ی زستاندا له شارێكی چۆڵدا كه هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ رۆشنایی نه‌مابۆوه جگه له ترس چاوه‌ڕوانییه‌كی بێ ئاینده.
ئه‌وه‌ی له یادم مابێت كه‌سه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ركه‌وت و ئه‌مه روویدا، كاتێك گوێم له ده‌نگی پێڵاوه‌كانی كه‌سێك بوو، ورده ورده نزیك ده‌بووه‌وه لێمان، هه‌ستم به‌وه كرد شه‌پۆلێك له ته‌مومژ رووبه‌ڕووم ده‌بێته‌وه، چاوه‌كانی ئه‌وانیتر كه‌نه‌فتی خه‌و بوون، هه‌ستیان به‌وه نه‌ده‌كرد ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم وێنه‌یه‌كی تره له وێرانه، پاڵتۆیه‌كی ره‌ش، هه‌ردوو ده‌ستی له گیرفاندا، روخسارێكی ماندوو ره‌نگ هه‌ڵبزڕكاو جه‌سته‌یه‌كی ره‌قه‌ڵم بینی بۆ زۆر زیاتر له تێپه‌ڕبوونی ساڵانێك له نائومێدی. ئه‌و ده‌گریا و به كلێته سه‌ربازییه‌كه‌ی چاوه‌كانی ده‌سڕی.
له‌بیرم نییه باسی نووسینی چیرۆكێكی تازه‌ی بۆ كردم، چیتر نازانم ئه‌و ساته ته‌مومژاوییه‌م له یاد ماوه یان خه‌یاڵدانی سه‌رما و ره‌قبوونه‌وه له‌ناو ده‌ماری وشه‌كاندا ده‌توانه‌وه.
بینینی ئه‌و كه‌سه پاڵتۆ ره‌شه و یاده‌وه‌ری حیكایه‌تێكی مه‌ولانای رۆمی بیرخستمه‌وه، كه ئه‌وه برینه‌كانن كۆمان ده‌كه‌نه‌وه، حیكایه‌ته‌كه‌ی مه‌ولانا وه‌ك هاتووه به‌مجۆره‌یه (كه‌سێك بێخه‌به‌ر نه‌بوو له مه‌راقی دنیا بڕیار ده‌دات بۆ گوێگرتن له ده‌نگی با و نركه و هاواری گه‌ڵاكان بۆ ره‌گی دایك روو بكاته دارستان، كاتێك نزیك ده‌بێته‌وه له دووره‌وه قه‌له‌باچكه‌یه‌ك و قه‌له‌ڕه‌شێك ده‌بینێ وه‌ك دوو په‌له‌وه‌ری گیانی به‌گیانی له نزیك یه‌كه‌وه به یه‌كه‌وه دێن و ده‌چن، كه‌سه به مه‌راقه‌كه به‌لایه سه‌یربوو ئایا ئه‌مه‌ی ده‌یبنێت راستییه یان خه‌ون و خه‌یاڵ؟ له خۆی پرسی ئه‌گه‌ر وایه ئه‌م دوو باڵنده‌یه چۆنچۆنی به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵده‌كه‌ن، به‌ده‌م ئه‌م پرسیار و خه‌یاڵاته‌وه نزیكتر بۆوه، كه بینی هه‌ردووكیان پێكراون و بریندارن.).
ئێمه‌ش به‌و جۆره بووین كه ئێستاش نه ده‌نگ و نه روخساریان ده‌ناسمه‌وه ته‌نها بیره‌وه‌ری پاڵتۆ ره‌شه‌كه‌م له بیره و دێته‌وه خه‌یاڵم هه‌مان ئه‌و بریندارانه بووین له‌و شه‌وه ته‌مومژاوییه‌دا له ده‌وری ئاگرێك كۆببووینه‌وه.
ئه‌و شه‌وه له بڕانه‌وه نه‌ده‌هات، ئاگری ئه‌و شه‌وه له شارێكدا كه ترس و چاوه‌ڕوانی دایپۆشیبوو، ده‌یانزانی شه‌قام چۆڵ و كۆلان چۆڵ، به‌ڵام نه‌یانده‌زانی كه‌سی پاڵتۆ ره‌ش كاتێك كه سه‌رما پێستی سووتاندبوو وه‌ك پێیوتم به نیازی نووسینی چیرۆكێك بوو.
شه‌و به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چوو خه‌وتووه‌كان به‌ئاگا هاتنه‌وه به‌ده‌م چیرۆكی خه‌ونه‌كانیانه‌وه هه‌ر كه‌سه‌و رێگه‌ی خۆی گرت، ته‌نها كه‌سه پاڵتۆ ره‌شه‌كه نه‌بێت به ته‌نها مایه‌وه ده‌مبینی له‌ناو دووكه‌ڵ و ته‌مومژی ئه‌و به‌یانییه‌دا ونبوو كه به ته‌نها خۆی مایه‌وه كه‌س گوێی لێنه‌گرت.