كاروان عومه‌ر
(1)
له ژێر لێزمه‌ی بارانه‌كه‌دا، به‌و دره‌نگانی شه‌وه، جه‌سته‌یان له‌یه‌ك هه‌ڵده‌سوو، ئه‌م له‌م دیوی په‌نجه‌ره‌كه‌وه سه‌یری ده‌كردن، به‌خۆی گوت: چی ده‌بوو ئێستا له‌جێی ئه‌و دێڵه‌سه‌گه بوومایه؟!.
(2)
له شه‌قامێكدا كه شه‌وان كاری له‌شفرۆشی تێدا ده‌كرا، ده‌ستگیر كرا. له بنكه‌ی پۆلیس ئه‌فسه‌ره‌كه لێی پرسی: كوڕیت یان كچ؟
وتی: له خوا بپرسه.
(3)
پاشا به په‌یكه‌رتاشه‌كه‌ی وت: با گالیسكه‌كه ئاڵتوونی بێت.
گه‌ورم با گالیسكه‌ی بۆ دروست نه‌كه‌ین.
بۆ؟
خاوه‌نشكۆ ئه‌گه‌ر ئه‌سپ به‌گالیسكه‌وه ببه‌ستیته‌وه ناحیلێنێت.
(4)
خزمه‌تكاره‌كه گوێی لێ‌بوو كابرای سه‌رمایه‌دار به‌ده‌م قاقاوه به‌وانی دیكه‌ی ده‌وت: من دڵم به‌م نیشتمانه ده‌سووتێت. له‌لایه‌ك حه‌ب و ده‌رمانیان بۆ دێنم و پێیان ده‌فرۆشم و له‌لایه‌كی دیكه‌وه خواردنی به‌سه‌رچوویان ده‌رخوارد ده‌ده‌م، خزمه‌تكاره‌كه زانی بكوژی سه‌ره‌كی كوڕه تاقانه‌كه‌ی كێیه!.
(5)
تۆ به زیندوویی له زمانی من تێنه‌ده‌گه‌یشتی یا نه‌تده‌ویست لێم تێبگه‌یت، چۆن به‌و چه‌كوشه قورسه به‌ربوویته سه‌روكه‌لله‌م. هاوارم ده‌كرد من به سروشتی خۆمه‌وه جوانم مه‌م شێوێنن، گوێت بۆ نه‌ده‌گرتم. ئێستا له‌ناو گۆڕدای، ده‌بێت من ببم به قه‌ڵغان بۆ ئه‌م خۆڵه‌ی به‌سه‌رتا ده‌كه‌ن، مردووه‌كه به‌ردشكێن بوو.