جاربه‌جارێ سه‌یری ده‌روونت بكه‌

10:54 - 2023-03-02
ئەدەب و هونەر
301 جار خوێندراوەتەوە
#شاعیر و رۆماننووس عەتیە عەتارزادە

«راهنمای مردن با گیاهان دارویی-رابه‌ری مردن به‌ گیا ده‌رمانییه‌كان» یه‌كه‌م رۆمانی عه‌تیه‌ عه‌تارزاده‌یه‌ كه‌ چاپی یه‌كه‌می به‌هاری (2008) بڵاوبۆته‌وه‌. گێڕه‌ره‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ كچێكی مێردمناڵی ته‌نیا و نابینایه‌، لەگەڵ دایکی دەژی، دنیاكه‌ی له‌ سنووری خانوویه‌كدایه‌ كه‌ ئێستا به‌ باشی شاره‌زای درێژی و پانییه‌كه‌تی، كچۆڵه‌كه‌ پێی وایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ هیچ شتێك چاوه‌ڕوانیان ناكات. ئه‌م كچه‌ به‌هۆی دایكییه‌وه‌ له‌ ئیشی گیای ده‌رمانیدا شاره‌زاییه‌كی زۆری په‌یداكردووه‌. عه‌تیه‌ عه‌تارزاده‌ شاعیر و دۆكیۆمێنتاریشه‌. دۆكیۆمێنتاریی وه‌كو «حه‌ڤده‌ ساڵه‌كان» و «چله‌ی داركاژه‌كان»ی دروستكردووه‌ و دوو كۆمه‌ڵه‌ شیعریشی بڵاوكردۆته‌وه‌. له‌م دیمانه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به‌ رۆمانی یه‌كه‌می، په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و باقی بواره‌كانی ئیشكردنی و سه‌لیقه‌ی له‌ ئه‌ده‌بدا قسه‌ ده‌كات.

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

2-2 کۆتایی

*هەتا كەی لەسەر دۆكیۆمێتاری بەردەوام دەبیت؟
-
هەم رۆمانی دووەمم و هەم ئەو دۆكیۆمێنتارییەی تازە دروستم كردووە، لە نەخۆشخانەی نەخۆشانی مێشك و دەمار و نەخۆشانی دەروونی دەگوزەرێت. بنەماكەیان یەكێكە بەڵام فەزایەكی تەواو جیاوازیان هەیە. یەكێكیان دۆكیۆمێنتارییەكە سەیر دەكات و كاردانەوە نیشان دەدات، ئەوی تریشیان رۆمانێكە كە رەگەزی خەیاڵ بەتەواوی تیایدا رەنگی داوەتەوە و لە من نزیكترە. لەبەرئەوە رەنگە ئیتر واز لە دۆكیۆمێنتاری بێنم.

*"كارەكتەری سەید جەمال نیشانم دەدات لە پشت بەردێكەوە لەناو مردووەكاندا دانیشتووە و بە شیشێك لەسەر بەردێك دەنووسێت، جیهان رزگار ناكرێت." ئەم بەشە بەلای منی خوێنەرەوە زۆر كاریگەر بوو. سەبارەت بەوەی جیهان قابیلی رزگاركردن نییە شتێكت هەیە بیڵێیت؟
-
كچەكە واتە پاڵەوانی رۆمانەكە گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی رزگاركردن لە دەرەوە روونادات، لەوانەیە لە ناوەوە رووبدات. من لەو باوەڕەدام سەبارەت بە میللەتێكیش بەهەمان شێوەیە. چاوی ئێمە لەسەر دەرەوەیە، بەڵام ئەگەر لە ناوەوە گۆڕانكاری روونەدات، لە قووڵاییەوە دووبارە جیهانی دەرەوە بۆ خۆت دروست دەكەیت. لەبەرئەوەی جیهانی دەرەوە، رووكەشی جیهانی ناوەوەی ئێمەیە. خۆمان دروستی دەكەین. ئەو كەسانەی لە دەوروبەری ئەم كچەن، دۆزەخێكیان بۆ دروستكردووە. باوكی بە جۆرێك چالاكی سیاسی بووە و دایكی بە جۆرێكی تر. نەك بەو مانایەی كە هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری جیهان، هەوڵێكی بێهوودەیە- چونكە بەڕای من هەوڵێكی پیرۆزە- بەڵام لە بارودۆخێكدایت كە رێگرییەكان زۆر زۆرن. كچەكە لە بارودۆخێكدایە ئەگەر دایكی نەبێت تەنانەت دەمرێت، بەڵام لە هەمانكاتدا دەیەوێت دایكی نەبێت. رێگەی رزگاری لەم هەلومەرجەدا چییە و چۆن دەتوانێت رزگار بێت. من لەو باوەڕەدام رزگاری كاریكردەیە، بەڵام ئازایەتییەكی پێویستە ئەویش ئەوەیە یەكەم شت دەبێت لە ناوەوە دەستپێبكەیت.

*رەنگدانەوەی چاپ و بڵاوبوونەوەی رۆمانەكەت لەو چەند ساڵەدا چۆن بووە؟
-
سەبارەت بە خەڵاتی ئەدەبی پێم وابوو لەوانەیە كاندیدی چەند خەڵاتێكی ئەدەبی بێت، بەڵام هیچ تەسەورێكم سەبارەت بە ناوەندی ئەدەبی ئێران یان خوێنەری رۆمانەكە نەبوو، تەنانەت بیرم لەوەش نەدەكردەوە چاپی دووەم یان سێیەم بكرێت. ئەو ئەزموونە جیاوازەی سەبارەت بە سینەما هەمبوو، درێژخایەنیی كاردنەوەكان بوو. كاتێك ئیشی فیلم دەكەیت سەبارەت بە كتێب ورد وردە رەنگدانەوەی دەبێت. دەبینیت ماوەیەك كاردانەوە هەیە و ماوەیەك نییە. پاشان دووبارە ژمارەیەك كەس كتێبەكە دەخوێننەوە، تەنانەت رووداوی رۆژانە كاریگەریی لەسەر خوێندنەوەی كتێبەكە هەیە و بەرچاویشە. ئاستی كتێب خوێندنەوە زۆر بەرزە، ئەمە سەبارەت بە خۆمان و هونەرەكانی دیكە دەڵێم نەك بە بەراورد لەگەڵ هیچ شوێنێكی دیكە. من دوو كتێبی شیعریشم هەیە كە بەلای منەوە گرنگن. یەكێكیان پێش بڵاوبوونەوەی رۆمانەكە و ئەوی تریان دوای بڵاوبوونەوەی رۆمانەكە. رۆمان خوێنەری زۆری هەیە، بەڵام شیعر هەروا خەریكە خوێنەر لە دەستدەدات، ئەمەش زۆر خراپە. چونكە ئێمە میللەتێكین بە درێژایی مێژوو بە شیعر ماوینەتەوە. پەیوەندی بڕین لەگەڵ شیعردا رووداوێكی دەروونی زۆر خراپی كەلتوری دروست دەكات. كاتێك بێتاقەتی، دەترسی، عاشق دەبی ... لە هەموو ئەم حاڵەتە ناخودئاگایانەدا پەنا بۆ شیعر دەبەیت. شاملو دەخوێنیتەوە فەروغ دەخوێنیتەوە یان حافز دەخوێنیتەوە. لەم هەلومەرجە ناخۆشە سیاسییەی ئەمڕۆدا، زۆر كەس پەنا بۆ شیعر دەبەن. رۆحی مێژووییمان بە شیعر زیندووە و نەمانی خوێنەری شیعر شتێكی سەیرە. لە جیهانیشدا هەلومەرجێكی وا زاڵە، بەڵام بۆ ئێمە جێگای داخە.

*جیا لەو كتێبانەی بە درێژایی ژیانت خوێندوتەتەوە یان خۆشت ویستوون ئێستا چ ئەدەبیاتێ سەرقاڵت دەكات و بەدوایدا دەچیت؟
-
هەر شتێك كە ناوەڕۆكێكی ئەفسانەیی هەبێت بەلای منەوە سەرنجڕاكێش بووە و لەوانەیە هەر واش بێت. زۆر هەڵەیە وا تەسەور بكەین ئێمە تەنیا دووسەد سێ سەد ساڵێكە خەریكین بیردەكەینەوە. ئەو پرسیارە بنەڕەتیانەی مێشكی مرۆڤیان سەرقاڵ كردووە وەكو مرۆڤ بۆچی هەیە و چۆن هەیە و  دەبێت چی بكات؟ هێندەی كۆنی ئەفسانەكان كۆنن و لە مێشكی مرۆڤدا هەن. حاڵی حازر من زۆر حەزم لەو بەشەی ئەدەبیاتی ئێرانە كە ئیش لەسەر مێژووی هاوچەرخی ئەدەب دەكات. بەلامەوە سەرنجڕاكێشە چۆن نووسەرانی ئێمە رووداوە مێژووییەكانیان خستۆتە چوارچێوەی ئەدەبەوە.

*نموونەمان پێ دەڵێیت؟
-
نموونەمان زۆرە. چ پێش و چ دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران. رەزای بەراهەنیم خۆشدەوێت و رۆمانی "رۆژگاری دۆزەخی جەنابی ئەیاز" سەیرترین ئیشی ئەدەبی ئێمەیە. پێش شۆڕشی ئیسلامی ئەم مۆدیلەی ئەدەب رەواجێكی زۆری هەبوو. لە قۆناغێكدا كەم بۆوە، لە هەشتاكاندا (واتە دووهەزارەكانی لای خۆمان-و) نووسەران بەرەو لای چینی ناوەند ژیانی رۆژانە رۆیشتن و ئێستاش دووبارە گەڕانەوە بۆ لای ئەو جۆرە ئەدەبە رەواجی پەیدا كردۆتەوە. جەنابی رەزا جەولایی و زۆر نووسەری تر بەو شێوازە دەنووسن. پێش شۆڕشی ئیسلامی لای تەرازووەكەی قورستر بوو. چلەكان و پەنجان (شەستەكان و حەفتاكانی لای خۆمان-و) لووتكەی دەوڵەندیی ئەدەبی هاوچەرخی ئێمەیە و ئەمەش بەو مانایەی هەژاریی ئەدەب دوای ئەوە یان پێش ئەوە نییە، بەڵام شێوازی ئاراستەكان لەو قۆناغەدا بەلای منەوە سەرنجڕاكێشە. پاش شۆڕشی ئیسلامیش پێم وایە بەرهەمی پرشنگدارمان هەیە كە ناخی منیان دروستكردووە.

*رەوتی نووسین لای تۆ بەچ شێوەیەكە؟ لە ماوەی چەنددا ئەم رۆمانەت نووسی، ئایا لەو كەسانەی كە هەموو رۆژێك دەنووسن یان ماوە و كاتێكی دیاریكراوت هەیە بۆ نووسین؟
-
من لەو كەسانە نیم كە هەموو رۆژێك دەنووسن. لەبەرئەوەی ناتوانم هیچ ئیشێك بەناچاری یان بە زۆر بكەم. كاتێك پەیوەندیم لەگەڵ نووسین نییە ناتوانم بە زۆر ئەو پەیوەندییە دروست بكەم. ئەم رۆمانە دوو سێ ساڵ درێژەی كێشا. بەبێ پلۆتێكی دیاریكراو دەست بە نووسین دەكەم و ئیشەكە دوای پێداچوونەوە نوێكان دووبارە فۆرمەڵە دەبێت و پێداچوونەوە بەردەوامەكان دەبێتە هۆی ئەوەی دەقی یەكەم لەگەڵ دەقی كۆتاییدا جیاوازییەكی زۆری هەبێت. سەبارەت بەم رۆمانە لەبەرئەوەی بەشێوەیەكی گشتی لە مێشكمدا هەبوو، خوێندنەوە و نووسین هاوكات بوو. لە ماوەی سێ ساڵدا، لەوانەیە یەك مانگ هەموو رۆژێك دانیشتبم و نووسیبێتم و لەوانەشە دوو سێ مانگ بەینی هەبووبێت. لە كاتی نووسینی ئەم رۆمانەدا سیستمێكی دیاریكراوم نەبووە، بەڵام لە كاتی نووسیندا وەكو وێنەكێشان یان شیعر، دەبێت هەوڵ بدەیت فەزایەك بۆ خۆت دروست بكەیت و ئەم فەزایە پێویستی بە یەك ریتمی و دووبارەكردنەوە و جێگیری هەیە. وەكو هەر رێوڕەسمێكی تر. بەلای منەوە ئاوایە لەوانەیە لە یەك مانگدا ئیشەكە فۆرمەڵە بێت، دواتر لە رووی زیهنییەوە لە ئیشەكە دوور بكەومەوە و لێی داببڕێم.

*چ ئیشێكی تازەت بە دەستەوەیە؟ باسی رۆمانی دووەممان بۆ بكە؟
-
رۆمانی دووەمم بە ناوی "من شمارە سە- منی ژمارە سێ"یە رۆمانێكی زۆر جیاوازە لە رۆمانی یەكەم. كارەكتەرە سەرەكییەكانی سێ پیاون و بەپێچەوانەی رۆمانی یەكەمەوە كارەكتەری زۆر تیایە. لە فەزای پێش شۆڕش و لە پەنجاكاندا لە بنكەیەكی چاودێری نەخۆشدا روودەدات. زۆر بەلامەوە مایەی سەرسامی بوو كارەكتەری سەرەكی رۆمانەكە خوێندەواری نییە و رۆمانەكە لە دیدی پیاوێكی نەخوێندەوارەوە دەگێڕدرێتەوە. جارێ هیچ تەسەورێكم نییە خوێنەر پەسەندی دەكات یان نا، بەڵام بە بەراورد بە رۆمانی یەكەمم چیرۆكی زۆرترە و خوێندنەوەشی ئاڵۆزترە. رۆمانی سێیەمیشم تازە ئیشی لەسەر دەكەم و جارێ زووە قسەی لەبارەوە بكەم.      

سەرچاوە:  vinesh.ir  

بابەتە پەیوەندیدارەکان