سەرۆک بافڵ: لەدوای سەرۆک مام جەلالەوە تائێستا یەکێتی هێندە بەهێز نەبووە

04:30 - 2023-03-05
کوردستان
356 جار خوێندراوەتەوە

بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی و خەڵکی تێکۆشەری دەڤەری رانیە، لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری و شکۆداردا لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە یادی راپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کورد کرایەوە.

لە کەرنەڤاڵەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، وێڕای سەردانکردنی مۆنیومێنتی راپەڕین و دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا، وتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم خەڵکی کوردستان، پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کرد و رایگەیاند، ئێوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دۆخی کوردستان ناڕازین و داوای لێبووردنتان لێدەکەم. بەڵام ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی هێز و توانایە و داواتان لێدەکەم باسی زۆنی سەوز و زەرد نەکەن، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی هەموو کوردستانە و نوێنەرایەتی هەر چوارپارچەی کوردستان دەکات. 
وتیشی، بەڵێنتان پێدەدەین یەکڕیزیی کورد بپارێزین و هەموو هەوڵێک لەپێناوی یەکخستنی کوردستان بخەینەگەڕ.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، دوای هەڤاڵ مام جەلال، کاک جەبار فەرمان و نەخۆشکەوتنی کاک کۆسرەت و هێرۆخان وەک پێویست خزمەتی هاووڵاتیان نەکراوە و روونیکردەوە "بەداخەوە زوڵمێکی زۆرتان لێکراوە، ئەو خوێنەی بەخشیوتانە وەک پێویست رێزی لێنەگیراوە، دوو ساڵە یەکێتی هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشایی حکومەت دەدات".
وتیشی، لە دوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلالەوە تاوەکو ئێستا یەکێتی هێندە بەهێز نەبووە، بۆیە دڵنیابن یەکێتی نوێنەرایەتی هەموو کوردستان دەکات و کۆمەڵانی خەڵکیش خاوەنی راستەقینەی یەکێتییەکەی خۆیانن.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا، سەرۆک بافڵ پەیامێکی ئاڕاستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و رایگەیاند، با ئەمڕۆ بکەین بە رۆژی ئاشتەوایی، ئێمە لێرەوە دەستی ئاشتی و تەبایی بۆ هەموو حزب و لایەنێک درێژ دەکەین کە بتوانێت خزمەتی هاووڵاتیان بکات و پێکەوە خەڵک و میللەتی خۆمان ئاشت بکەینەوە.

 

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان