لەیادی سەرکردەیەکی گەورەدا

12:10 - 2023-03-07
دووتوێ
258 جار خوێندراوەتەوە

  ئازاد هه‌ینی‌ 

 ئەگەر ویستت بە شۆڕشی نوێ ئاشنابیت، خۆت شلوێ مەکە، وەرە تاوێ وەحەسێ، بەڕێگەوە بۆ دەشتی دەشتێو، ئەوسا تێدەگەی داستانی نازناوی گچکە لەهەناوی شۆڕشی نوێدا چەندە گەورەیە. بۆ پێتانوایە هەروا بەسانایی ئەم زەمەنە سازاوە، ئای مخابن شۆڕش بە خوێنی مرۆڤەکان بنیاتنراوە، کەچی ئەمڕۆ هەندێک لەوانەی بوونەتە بازرگانی رۆژگار دروشمی خەبات و تێکۆشانی ئەو سەردەمەیان بۆخۆیان قۆستۆتەوە و باسی دەکەن.
وەبیرتان دێ لە شۆڕشی ئەیلولدا، کاتێ دوژمنانی کورد پەلاماری شیشار و ماکۆکیاندا، بۆئەوەی بگەنە قەسر و ماکۆس و گەڵاڵە تا شوێنی سەرکردایەتی لەق بکەن، ئەم کەڵە پیاوە لەگەڵ هەڤاڵانی سێ مانگی رەبەق بەرگریی کرد؟ چۆکی بەدوژمن دادا و تەنانەت بەگاشە بەرد کەوتنە ناو یەکتری، بەڵام هەر سەنگەری چۆڵنەکرد و برینداریش بوو هەر کۆڵی نەدا.
لەبیرتان چوو، قەلەڕەشەکان چۆن چۆنی رێکەوتنی نائومێدییان دروستکرد، ئەوەی رووناکییە نە لە ئاسمان نە لە زەوی بەدی نەدەکرا، کەچی ئەو و چەند شوڕشگێڕو خەمخۆرێک هاتنە مەیدان قۆڵی مەردایەتیان لێ هەڵکرد، بوون بە پێشڕەو، بە دەستێکی بەتاڵ، خۆیان گەیاندە شاخە بێ نازەکان، بە چەکە فڕێدراوەکانی سەردەمی ئاشبەتاڵ، ئاشی شۆڕشی نۆێیان خستەگەڕ، بەم چەکە فڕێدراو و ژەنگاوییانە، یەکەم شانەی چەکداری ئەوان بوون هەم کوردستان هەم هەولێریان دڵخۆشکرد، یەکەم زەبریش هەر ئەوان پێشڕەوبوون لە لێدانی دوژمن لەڕێگای نێوان هەولێر - پیرمام، کە خەڵکی هەولێریان ئاسوودەکرد، هەر ئەوانیش بوون دەیان داستان و نەبەردیان لە هەولێر و دەوربەری تۆمارکرد، هەر ئەوانیش بوون راوە جاش پیشەیان بوو، لەم دەشتە کاکی بەکاکییەی هەولێر، ئێستاش مخابن سەد مخابن دەیان گۆڕەپان و باخچە و خویندنگە و شەقامی سەرەکی ئەم پایتەختە بەناوی کەسانێکەوەیە کە کەس نازانێ کێن و چیان چاندووە، کەچی ئەم کەڵە پیاوە و چەندانی تر هێندەی مێژوو و گەورەیی خۆی تابلۆیەک نابینین شایستەی ئەوبێت.
ئەمڕۆش لەیادی 45 ساڵەی شەهیدبوونی ئەم گچکەیە کە هێندەی ئاسۆس گەورەیە، گشت شەهیدانی داستانە مێژووییەکەی دەشتێو، پێتان دەڵێ و ئاگادارتان دەکاتەوە کە پێویستە خۆتان کۆبکەنەوە، یەکبگرن دەنا ئەوەی هەشتانە بەبای زەمانە دەڕوا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان