کتێبی رەخنەیی ئاست و ئاستەنگ

10:55 - 2023-03-09
کەلتور
423 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئاریانا شاهێز

کتێبی «ئاست و ئاستەنگ» کتێبێکی رەخنەیی ئەدەبییە، خوێندنەوە و سەرنجی رەخنەیی دەخاتە سەر ژمارەیەک رۆمان و چیرۆکی نوێی کوردی و بە دیدگایەکی رەخنەییەوە لێیان دەڕوانێت. ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەر و رەخنەگر دڵشاد کاوانی یە و بۆ یەکەم جار لە لەلایەن ناوەندی رۆشنبیری مەم و زین چاپی یەکەمی ساڵی 2023 چاپ و بڵاو دەبێتەوە. 
کتێبی ئاست و ئاستەنگ پێنجەمین کتێبی چاپکراوی نووسەرە، وابڕیارە لە پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر بۆ یەکەمجار بکەوێتە بەردەستی خوێنەرانی ئەدەبی کوردی و بۆ ئەم مەبەستە دڵشاد کاوانی نووسەری کتێبەکە راگەیاند: کتێبی ئاست و ئاستەنگ لەپاڵ ئەوەی بە چاوێکی رەخنەیی خوێندەوەی بۆ ژمارەیەک لە رۆمانەکانی  چوار دەیەی رابردووی ئەدەبیاتی کوردی و لێکۆڵینەوەیەکی وردی لەسەر مێژوو و قۆناغەکانی رۆمان لە جیهان بە گشتی کردووە.
ئاست و ئاستەنگ  لە کۆمەڵە وتارێک دا راڤەی بۆ دە رۆمانی نوێی کوردیی کردووە کە ناوەڕۆک، زمان، گێڕانەوە، تەکنیکی رۆمانەکانی خستۆتە بەر رەخنە و کەموکوڕییەکانی رۆمانەکانی بە زمانێکی رەخنەیی دەخاتەڕوو و ئاستی رۆماننووسان لە نووسینەکانیان دەردەخات.
هەروەها دڵشاد کاوانی لە کتێبی ئاست و ئاستەنگ جگە لە رۆمانەکان دوو کۆمەڵە چیرۆک و رۆمانێکی وەرگێڕدراوی تۆلستۆی خستۆتە بەر چاوی رەخنە و  بۆیە گوتی: رەخنەگرتن و دەرخستنی کەموکوڕییەکان ئەرکی راستەقینەی کاری رەخنەیە، ئەمەش بۆ پێشخستنی دەقەکانە نەوەک لێ کەمکردنەوە و شکاندنیان. بۆ گرنگی کتێبەکەش گوتیشی: لە کتێبخانەی کوردییدا، کەلینێکی گەورەمان لە بواری رەخنەدا هەیە، بۆیە هەوڵم داوە، لەم کتێبەدا بێلایەنانە تێڕوانینەکانم سەبارەت بە رۆمانەکان بخەمەڕوو.
ئەم رۆمان و بەرهەمانەی کتێبی ئاست و ئاستەنگ خوێندەوەیەکی وردی بۆ کردوون کە پێکهاتوون لە (ژنێکی منگن، شێرزاد حەسەن. کتێبفرۆش، سابیر رەشید. شەوانی باکۆ، کەمال سەعدی. رۆمانی میدیا، هۆشەنگ شێخ محەمەد. نیشتمانی سارا، میران ئەبراهام. مرۆڤی هەرزان، گۆران سەباح. رۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم، ئارام محەممەد. كۆمه‌ڵه‌ چیرۆکی تابلۆکانی‌ قاوەخانە بەلاشەکە، هێمن زه‌ندی. خەون و ئاێنە كورتە چیرۆکی زرار سەرتاش. رۆمانی مەرگی ئیڤانی لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕانی ئەمین گەردیگلانی. رۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار، رێبوار وەلی كاوانی.)
کتێبی ئاست و ئاستەنگ لەپاڵ ناوەڕۆکە رەخنەییەکەی لە دووتوێی بەرگێکی جوان و قەبارەیەکی مامناوەند و لە سەد و پەنجا و هەشت لاپەڕە پێکهاتووە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان