له فارسییه‌وه: گه‌نم محه‌مه‌د
له رۆژگاری كۆندا دزێكی زۆر زیره‌ك هه‌بوو كه هه‌موو شار به ده‌ستییه‌وه هه‌راسان بوون. شه‌وێك له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا ویستیان خه‌زنه‌ی پاشا بدزن. دزی زیره‌ك هه‌ردوو ده‌ستی هاوڕێكه‌ی گرت و له ده‌لاقه‌ی سه‌ربانی ژووری خه‌زنه‌كه‌وه شۆڕی كرده‌وه، تا دوای ئه‌و خۆی هه‌ڵبداته خواره‌وه و خه‌زنه‌كه بدزن. پاسه‌وانانی خه‌زنه‌كه كاتێ قاچی كابرایان بینی، توند گرتیان و رایانكێشا، دزه‌ش له‌سه‌ره‌وه ده‌ستی راده‌كێشا، ئیتر بوو به راكێش راكێشێك نه‌بێته‌وه. دزی زیره‌ك كه بینی ناتوانێت هاوڕێكه‌ی هه‌ڵبكێشێته‌وه، شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا و سه‌ری بڕی و سه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی برد. پاسه‌وانانی خه‌زنه‌كه لاشه‌یه‌كی بێسه‌ریان به ده‌سته‌وه مایه‌وه! یه‌كسه‌ر هه‌واڵیان به پاشا گه‌یاند. پاشا بیریكرده‌وه و وتی: "سه‌ری كابرا به‌رن له‌سه‌ر رێگایه‌ك دایبنێن، هه‌ر كه‌سێك هات و به‌سه‌ریا گریا بیگرن و بیهێنن."
دزه چوو بۆ ماڵی هاوڕێكه‌ی و به‌سه‌رهاته‌كه‌ی بۆ ژنه‌كه‌ی گێڕایه‌وه. ژنه وتی: "من ده‌بێت بچم له‌سه‌ر ته‌رمی مێرده‌كه‌م بگریم." دزی زیره‌ك وتی: "ئه‌گه‌ر وابكه‌یت ده‌ستگیرت ده‌كه‌ن." به‌ڵام ژنه ته‌حه‌مولی نه‌مابوو، سوور بوو له‌سه‌ر رۆیشتن و وتی: "نه‌خێر من هه‌ر ده‌بێت بڕۆم." دزه كه بینی چاری نییه وتی: "باشه، بڕۆ به‌ڵام قاپێ چێشت له‌گه‌ڵ خۆت به‌ره. كاتێ گه‌یشتیته لای ته‌رمه‌كه قاپه چێشته‌كه بده به‌زه‌ویدا و بۆ شكانی قاپه‌كه و رژانی چێشته‌كه تێر بگری."
ژنه قاپه چێشتی برد و كێشای به عه‌ردا و دانیشت و ده‌ستیكرد به گریان. یاساوڵه‌كانی پاشا هاتن بۆ لای وتیان: " بۆچی ده‌گریت؟" ژنه وتی: "بۆ چێشته رژاوه‌كه‌م و قاپه شكاوه‌كه‌م." وتیان: "ئێمه قاپێكی ترت ده‌ده‌ینێ پڕ"بێت له چێشت." ژنه وتی: "نه‌خێر من قاپ و چێشته‌كه‌ی خۆمم ده‌وێت." یاساوڵه‌كان وازیان لێهێنا. ژنه هه‌تا ئێواره گریا، دوایی گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه. هه‌واڵیان گه‌یانده پاشا كه‌س له‌سه‌ر ته‌رمه‌كه نه‌گریاوه. پاشا فه‌رمانیدا ته‌رمه‌كه بنێژن. به‌ڵام ده‌بوو بیرێك له دزه‌كه بكاته‌وه، ئه‌وه‌بوو وتی: "له هه‌موو شاردا، لیره بڵاوبكه‌نه‌وه، هه‌ر كه‌سێك دانه‌وییه‌وه لیره‌ی هه‌ڵگرت، بیگرن." دزی زیره‌ك سیكۆتینی دا له بنی پێڵاوه‌كانی و به‌ناو شاردا كه‌وته گه‌ڕان، لیره‌كان به بنی پێلاوه‌كانییه‌وه ده‌لكان، كاتێ ده‌چووه ده‌ره‌وه‌ی شار لیره‌كانی ده‌خسته گیرفانی. هه‌تا خۆرئاوا بوون هه‌رچی لیره بوو كۆیكرده‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كجاریش دابنه‌وێته‌وه. شه‌و هه‌واڵیان به پاشا گه‌یاند یه‌ك كه‌س بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی لیره‌كان دانه‌نه‌ویوه‌ته‌وه و لیره‌كانیش نه‌ماون. ئه‌مجاره پاشا فه‌رمانیدا چل حوشتر باربكه‌ن له ئاڵتوون و له‌ناو شاردا به‌ره‌ڵایان بكه‌ن، به‌ڵكو دزه‌كه په‌یدا بێت.
دزی زیره‌ك به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بزانێ، یه‌كێك له حوشتره‌كانی برده ماڵه‌وه و سه‌ری بڕی. خۆرئاوابوون سی و نۆ حوشتر گه‌ڕانه‌وه. یاساوڵه‌كان هه‌رچه‌نده گه‌ڕان حوشتره ونبووه‌كه‌یان نه‌دۆزییه‌وه. پاشا كه مه‌سه‌له‌كه‌ی وابینی وتی: "چل پیره‌ژن بنێرن له ده‌رگای ماڵان بده‌ن، به‌ڵكو نیشانه‌یه‌كی حوشتره‌كه له جێگایه‌ك بدۆزنه‌وه." وایان كرد. یه‌كێك له‌پیره‌ژنه‌كان چوو بۆ ماڵی دزه‌كه و به دایكی دزه‌ی گوت: "كوڕه‌كه‌م نه‌خۆشه، دكتۆر پێشنیازی كردووه گۆشتی حوشتر بخوات، ئه‌گه‌ر هه‌ته كه‌مێكم بده‌رێ." دایكی دزه دڵی پێی سووتا و چوو پارچه‌یه‌كی له گۆشتی حوشتره‌كه بۆ هێنا. پیره‌ژنه‌كه خۆشحاڵ بوو به‌وه‌ی نیشانه‌یه‌كی حوشتره‌كه‌ی ده‌سكه‌تووه، خه‌ریكبوو ده‌ڕۆی كه دزه‌كه په‌یدابوو، بردییه ژووره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گۆشتی زیاتری بداتێ. به‌ڵام سه‌ری بڕی و ده‌ستێكیشی بڕی. یاساوڵه‌كان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سی و نۆ پیره‌ژن، زۆر به دوای پیره‌ژنه ونبووه‌كه‌دا گه‌ڕان و نه‌یاندۆزییه‌وه.
پاشا زۆر بێتاقه‌ت بوو، نه‌یده‌زانی چی بكات، ئه‌مجاره كچه‌كه‌ی نارد بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌شت چادر هه‌ڵبدات، به‌ڵكو دزه‌كه بچێت بۆ لای و به‌و شێوه‌یه بگیرێت. دزه‌ش هه‌مان شه‌و چوو به‌لای چادی كچی پاشاوه. مه‌شكه‌یه‌ك ئاو و ده‌ستی پیره‌ژنه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ خۆی برد. كچی پاشا دزه‌ی گرت. پاش ماوه‌یه‌ك دزه هه‌ڵسا. كچی پاشا وتی: "بۆ كوێ؟" دز ه وتی: "ده‌چم میز ده‌كه‌م." كچه وتی: "لێره میزه‌كه‌ت بكه." دزه وتی: "چییه؟ ده‌ترسی رابكه‌م؟ وه‌ره ده‌ستم بگره، له‌و دیو چادره‌كه‌وه میز ده‌كه‌م و ده‌گه‌ڕێمه‌وه." پاشان ده‌ستی پیره‌ژنه‌كه‌ی دایه ده‌ستی و چووه ئه‌ودیو چادره‌كه، به‌سوزنێك مه‌شكه‌كه‌ی كون كرد، ئاوی مه‌شكه‌كه وه‌كو خوڕه‌ی میز وابوو، كچی پاشا وایده‌زانی دزه میز ده‌كات. هه‌رچه‌ند گوێی گرت خوڕه‌ی میزه‌كه نه‌وه‌ستا. كچه وتی: "چیته ته‌واو نه‌بووی؟ ده‌ستم هیلاك بوو، خێراكه." پاشان ئه‌و ده‌سته‌ی گرتبووی رایكێشا، مه‌شكه‌كه كه‌وته ناوه‌ڕاستی خێمه‌كه‌وه، كچه تێگه‌یشت دزه به زیره‌كی خۆی رایكردووه.
پاشا رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر دزه‌كه خۆی ده‌رخات و خۆی بناسێنێ، خه‌ڵاتی ده‌داتێ و كچه‌كه‌ی خۆشی لێ ماره ده‌كات. دزه خۆی ناساند، پاشا به‌ڵێنه‌كه‌ی برده سه‌ر و كچه‌كه‌ی خۆی دایه و حه‌وت شه‌و و حه‌وت رۆژ كردیان به شایی و ده‌هۆڵ و زوڕنایان كوتا.
سه‌رچاوه: فرهنگ افسانه‌های مردم ایران. جلد پنجم (د)، علی اشرف درویشیان، رضا خندان، مهابادی.