زۆربه‌ی شت و رووداوه‌كان بێمانان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه بێمانان، له ژیاندا گرنگن و جاریوایه ته‌نانه‌ت ئه‌و شت و رووداوه بێمانایانه ئه‌وه‌نده گرنگن كه ناوەڕۆكی سه‌ره‌كی ژیانمانن و ئه‌گه‌ر مانایه‌كیان هه‌بێت له چاومانی ده‌شارنه‌وه. نه‌ك ته‌نیا له‌به‌ر چاوی كه‌سانی تر له چاوی خۆشمان. یانی خۆشمان ئه‌و ناوەڕۆكه یان ئه‌و مانایه‌ی ژیان له‌ناو به‌رگێكی ئه‌ستووری كۆمه‌ڵێ شتی بێمانادا ون ده‌كه‌ین. بێگومان دیوته جاریوایه به‌ردێك له‌به‌رده‌م شه‌پۆلی رووباره‌كان یان ده‌ریاكاندا له‌نگه‌ری گرتووه، چۆن قه‌وزه دایپۆشیوه و به جۆرێك دایپۆشیوه، كاتێ سه‌یری ده‌كه‌ین و ته‌نانه‌ت ده‌ستیشی لێده‌ده‌ین، هه‌ست ناكه‌ین به‌رده.
احمد خلفانی
نووسین هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه
با بۆ ساتێك وای وێنا بكه‌ین، ئه‌و به‌رده بوونه‌وه‌رێكی زیندووه، كه قه‌وزه ئاوێته‌ی ژیانی بووه و وێنای بكه‌ین كه ژیانی بریتییه له قه‌وزه، هه‌ڵبه‌ته له راستیشدا هه‌روایه. به‌ڕای من نووسین بریتییه له بایه‌خدان به بەردەکە یان ناو‌کی بابەتەکە، ئه‌و ناوكه‌ی به شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه. نووسین جۆرێكه له هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕ، به‌ڵام بۆ بینینی مردووه‌كه نا، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، بۆ بینینی ئه‌وه‌ی له‌وێدا چه‌نده ژیان ماوه. واته جۆرێك له ژیاندنه‌وه‌ی مردووه‌كان، كه دوای ساڵه‌های ساڵ، دوای ته‌مه‌نێك، بزانین چ شتێك مانای هه‌بووه و چ شتێك بێ‌مانا بووه. ده‌بێ شته ماناداره‌كان رزگار بكه‌ین، له ژێر خۆڵ و خاشاك ده‌ریان بێنین، شته بێماناكان له پڕۆسه‌ی فۆرمه‌ڵه‌كردنی فۆرمی رۆمان‌دا، له ژیانمان فڕێ بده‌ین. نووسین بریتییه له جۆرێك له رێكخستنه‌وه‌ی رابردوو، راستكردنه‌وه‌ی رابردوو، ته‌نانه‌ت گۆڕینی رابردووش، هه‌روه‌ها بریتییه له دوورخستنه‌وه‌ی زیادییه‌كان و لابردنی ئه‌و توێژاڵانه‌ی كه ده‌وری ئه‌و به‌رده‌یان داوه. بۆیه ئه‌وه قسه‌یه‌كی راسته كه ده‌ڵێن رۆمان بایه‌خ به رووداو نادات، به‌ڵكو بایه‌خ به ناوەڕۆک یان ناوک ده‌دات. له‌وانه‌یه كه‌سێك بڵێت ئه‌مه چ قسه‌یه‌كه، رۆمان كه پڕه له رووداو، قسه‌یه‌كی به‌جێشه. رۆمان پڕه له رووداو و چاره‌ش نییه، چونكه به بایه‌خدان به رووداو ده‌یه‌وێ به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕێ و بگاته پشتی رووداوه‌كان، هه‌روه‌كو چۆن بۆ بینینی ده‌ره‌وه ده‌بێت په‌رده‌كان لا بده‌یت.
حه‌قیقه‌تی مه‌حاڵ ده‌گۆڕین
با وێنای خۆمان بكه‌ین، بارودۆخێكی باشتر له‌و به‌رده‌مان نییه كه قه‌وزه دایپۆشیوه، هه‌میشه له‌به‌رده‌م شه‌پۆله‌كانی ژیانداین، ئه‌و شه‌پۆلانه‌ی چاوه‌ڕوانیان نه‌بووین و نین، بێگومان خواستی ئێمه نه‌بوون. ئه‌م شه‌پۆلانه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕن و بڕۆن، بێگومان كاریگه‌ریان ده‌مێنێت. وه‌كو كاریگه‌ری قه‌وزه له‌سه‌ر به‌رد. له‌وانه‌یه ئیشی ئێمه ئه‌وه بێت ئه‌و به‌رده‌ی وجودمان له‌ژێر ئه‌و شه‌پۆلانه رزگار بكه‌ین. هه‌رچه‌نده ده‌زانم ئه‌وه كاریكرده نییه، چونكه ژیانی ئێمه و به‌ردی وجودی ئێمه و قه‌وزه و شه‌پۆله‌كان پێكه‌وه شێلراون و جیاكردنه‌وه‌یان له یه‌كتری كاریكرده نییه. به‌ڵام ئه‌ده‌ب ئه‌و وجوده‌یه كه كاریكرده نییه یانی مه‌حاڵه. ئێمه به ئه‌ده‌ب ئه‌و حه‌قیقه‌ته مه‌حاڵه ده‌گۆڕین بۆ به‌شێك له واقیعی ژیانمان.
ئێمه گه‌لێك شتی جیاواز ئه‌زموون ده‌كه‌ین، مردنی جیاواز ده‌بینین، كاره‌سات، بوومه‌له‌رزه، له سێداره‌دان، كوشتار. ده‌توانیت بپرسیت كام ده‌نگی ئێمه له شه‌پۆله‌كانه‌وه دێت؟ كامیان له ده‌ریاوه؟ كام ده‌نگ و هه‌ستی ئێمه له شاخه‌وه‌یه؟ بیابانه‌كان هه‌تا كوێی ئێمه رۆچوون؟ مرۆڤه‌كان، مرۆڤه‌كانی تر، له وجودی ئێمه چه‌نده پشكیان هه‌یه؟ من چه‌نده له خۆم ده‌چم؟ له‌وانه‌یه كه‌سێك بڵێت: تۆ هه‌مان تۆیت، له‌گه‌ڵ هه‌مان به‌رد و قه‌وزه و مرۆڤ و شه‌پۆل و ده‌ریا كه خۆت دیوته. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كوژراو و قوربانیانه‌ی دیوته. ئه‌م قسه‌یه‌ش بێگومان راسته. ئه‌مه رێك ئه‌و شوێنه‌یه كه به‌رد و قه‌وزه‌كه ده‌بن به‌یه‌ك.
پشكنینی پشتی شته‌كان
ته‌نانه‌ت ده‌توانین وێنای ئه‌وه بكه‌ین كه هه‌ر یه‌ك ئێمه دیوارێكین، پۆسته‌ر و فلێكس و وێنه‌مان پێوه لكێنراوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر تێپه‌ڕیوه خوومان پێوه گرتوون و واده‌زانین به‌شێكن له وجودمان. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌مان لێبكه‌نه‌وه، خۆمان به رووتی ده‌بینین. ده‌ترسین و شه‌رم ده‌كه‌ین. كه‌واته خۆمان رووبه‌ڕووی هه‌مان فلێكس و پۆسته‌ر و وێنه ده‌بینه‌وه و پێكه‌وه گفتوگۆ ده‌كه‌ین، بیر له لێكردنه‌وه‌یان ناكه‌ینه‌وه. كه‌سانی تریش بیری لێناكه‌نه‌وه. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ر كاتێ كه‌سێك تێپه‌ڕ ده‌بێت، شتێكی دیكه‌ی ده‌خاته‌سه‌ر و ئێمه‌ش له‌ژێر شته‌كاندا زیاتر ون ده‌بین.
ئه‌ده‌ب به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، هه‌روه‌كو ده‌زانین جۆرێكه له لێكۆڵینه‌وه له خود یان خودشیكارییه. پشكنینی پشتی هه‌موو شته‌كان، پێش و پاشی هه‌موو رووداوه‌كان، واته پشتی هه‌موو وێنه و پۆسته‌ر و فلێكس و په‌رده‌كان. ئه‌م گه‌ڕان و پشكینینه كۆمه‌ڵایه‌تیشه، چونكه مرۆڤ له‌ناو كۆمه‌ڵ و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵدا ده‌ژی، هه‌ربۆیه رۆمان هه‌میشه سه‌روكاری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵدا هه‌یه.
خه‌یاڵ بۆ نووسه‌ر هه‌موو شتێكه
ئه‌وانه‌ی كۆچیان كردووه و له ئاواره‌یی ده‌نووسن و هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تیان هه‌یه، له‌م روانگه‌یه‌وه به‌كرده‌وه له هه‌موو شوێنێكن و له هیچ شوێنێكیش نین، له‌لایه‌كی تره‌وه له هه‌موو شوێنێك بوون و له هیچ شوێنێك نه‌بوون دیارده‌یه‌كی واقیعی و جیهانییه، چونكه ده‌توانین لافی ئه‌وه لێبده‌ین كه ته‌قریبه‌ن له هیچ شوێنێكی جیهان هیچ كه‌سێك له شوێنی خۆی نییه. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له نیشتمانی خۆشیانن، خۆشییان بێ یان ترشییان بێت، هه‌میشه مێشك و خه‌یاڵیان له جێگایه‌كی تره. مێشك و خه‌یاڵیش بۆ نووسه‌ر هه‌موو شتێكه. له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌توانین له‌وه‌ش زیاتر بڕۆین و بڵێین ئه‌وانه‌ی له نیشتمانی خۆیان ماونه‌ته‌وه، بارودۆخێكی تایبه‌تیتریان هه‌یه، چونكه پێگه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤی هاوچه‌رخ به شێوه‌یه‌كه كه به‌ڕێوه‌ین، له هاتوچۆداین له نێوان ناوچه جوگرافییه جیاجیاكاندا، ته‌نانه‌ت كاتێك له ژووره‌كه‌ی خۆمان‌داین و دانیشتووین و ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌مان داخستووه. رێگاكان ماڵه‌كه‌ی خۆمانن. هه‌ربۆیه بێشوێنی له ئه‌ده‌بدا ناشیرین نییه، به‌ڵكو واقیعه. مایه‌ی سه‌رنجه كه ئه‌م دیارده‌یه له "كونده‌به‌بووی كوێر"ی سادقی هیدایه‌ت یه‌كه‌م رۆمانی ئێرانی‌دا ده‌بینین. به‌ڕاستی رووداوه‌كانی ئه‌م رۆمانه له كوێ رووده‌ده‌ن؟
هیچ ژیاننامه‌یه‌ك رۆمان نییه
هیچ رۆمانێك ته‌نانه‌ت خه‌یاڵیترین رۆمان، به‌بێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی نووسه‌ردا نانووسرێت. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه بایۆگرافیا یان ژیاننامه‌ی نووسه‌رێك، ئه‌سڵه‌ن ژیاننامه‌ی هه‌ر كه‌سێك، ژیاننامه‌ی هه‌ر مرۆڤێك، رۆمانه. هیچ ژیاننامه‌یه‌ك رۆمان نییه، له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ئاسان چونكه زۆر شتی ژیاننامه‌كه زیاده، زۆر له شته‌كانی، له‌به‌رئه‌وه‌ی له فۆرمی رۆمان‌دا ناگونجێن و جێگایان نابێته‌وه، بێمانان. رۆمان پێویستی به فۆرمه، فۆرمێكه كه هه‌موو شته‌كانی، هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی، یه‌ك به یه‌كی ناوه‌ڕۆكه‌كانی ما‌نایان هه‌یه. به قسه‌ی ئادرنۆ: "راده‌ی سه‌ركه‌وتنی جوانناسی ملكه‌چی راده‌ی سه‌ركه‌وتنی فۆرمه له نه‌قڵكردنی ناوه‌ڕۆكدا."
كاره‌كته‌ر و رووداوه‌كان، له‌ملاوه ده‌چن بۆ ئه‌ولا، به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بن به فۆرمێكی سه‌ره‌كیییه‌وه كه په‌یوه‌سته به خه‌تی سه‌ره‌كی ژیاننامه‌ی مرۆڤێكه‌وه. با واز له‌وه‌ش بێنین كه له‌وانه‌یه ئه‌و خه‌ته سه‌ره‌كییه، ئه‌و فۆرمه سه‌ره‌كییه له‌وانه‌یه هه‌ر وجودی نه‌بێت. له‌م روانگه‌یه‌وه ژیانی هه‌ر مرۆڤێك، ئه‌گه‌ر مانایه‌كیشی هه‌بێت، به‌بێ هیچ فۆرمێكی تایبه‌تییه.
نووسه‌ر ته‌نانه‌ت بۆ نووسینی واقیعی ژیانێكی پڕ به‌سه‌رهات و چیرۆكئامێزیش ناچاره به‌لای كه‌مه‌وه دوو گۆڕانكاری تێدا بكات:
یه‌كه‌م/ ده‌بێت هه‌ندێك شتی لێ كه‌م بكاته‌وه و هه‌ندێ شتی بۆ زیاد بكات.
دووه‌م/ ده‌بێت خێرایی كه‌م و زیاد بكات.
بۆ نموونه له هه‌ندی جێگادا كه گرنگی زیاتری هه‌یه، خێرایی كه‌م بكاته‌وه و له حاڵه‌تی تردا خێرایی زیاد بكات.
ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه كه رۆمانی نووسراو، ژیاننامه‌ی هیچ كه‌سێك نییه. چونكه نووسه‌ر له پڕۆسه‌ی زیادكردن و كه‌مكردنه‌وه‌دا، له‌وانه‌یه گرنگترین بابه‌ت یان بابه‌تی په‌یوه‌ست به ژیانی کەسەکە لاببات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له رۆمان‌دا بگاته فۆرمی واقیعی. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه، هه‌موو به‌رهه‌مێكی هونه‌ری له ژیانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به‌تایبه‌تی رۆمان.
لێره‌دا قسه‌ی هه‌ندێ له نووسه‌ران سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی تایبه‌تی له رۆماننووسیندا ده‌هێنینه‌وه:
*فه‌رزانه نوری: خه‌یاڵم واقیع له كۆڵ ده‌كات.
فه‌رزانه نامجو: ئەزموونی تایبەتی جاده‌ی ته‌مومژاوی نووسه‌ره.
فه‌ریربا صدیقیم: واقیع زیندانی ناكرێت، رۆمان هه‌تا ئه‌ودیوی واقیع ده‌ڕوات.
ناهید شه‌مس: زۆرجار راستییه‌كان سه‌باره‌ت به خۆمان له زمانی كاره‌كته‌ری ده‌قه‌كانمانه‌وه ده‌گێڕینه‌وه، ئه‌و راستیانه‌ی كه به‌لای خۆشمانه‌وه هه‌ژێنه‌رن.
فه‌ریبا چه‌له‌بی یانی: له رۆماننووسیندا سه‌ره‌ڕای ئه‌زموون نابێت له خه‌یاڵ خافڵ بین.
بیژه‌ن بیجاری: ئه‌و ده‌قه‌ی له‌سه‌ر واقیعی رووت بنیاتنراوه، ئه‌وپه‌ڕی یه‌ك "راپۆرتی جدییه".
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سه‌رچاوه: baangnews.net