پەیامی کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی شاری هەولێر-دا

04:10 - 2023-03-10
کوردستان
295 جار خوێندراوەتەوە

لە ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی هەولێری پایتەخت لە چنگی رژێمی بەعسی فاشیست، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خەڵکی قارەمان و تێکۆشەری هەولێر دەکەم، ئەو خەڵکە تێکۆشەرەی بۆ هەموو دنیای سەلماند زوڵم و ستەم، نادادی و جیاکاری قبووڵ ناکات و بەرەنگاری دەبێتەوە.


(32) ساڵ لەمەوبەر، وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بەوپەڕی شانازییەوە لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە سەرپەرشتی رزگارکردنی هەولێرمان پێ سپێردرا، بە بەشداری خەڵکی قارەمان و تێکۆشەرو کۆڵنەدەری هەولێر، رێکخستنە نهێنییەکان، شانە چەکدارەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان توانیمان لە کەمترین کاتدا سەرجەم شارەکە رزگار بکەین و بۆ مێژوو ئەو سەروەرییەمان تۆمار کرد و لەگەڵ خەڵکە خۆشەویستەکەی شارەکەی خۆمان لە بەردەم قەڵا خۆڕاگرەکەی هەولێر ئاهەنگی سەرکەوتنمان گێڕا.

ئەمڕۆ کە زیاتر لە سێ دەیە یە بەسەر ئەم رۆژە مێژووییە تێپەڕ دەبێت، ئەرکمانە بەخۆماندا بچینەوە و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان، پێویستە هەموومان ئەوەمان لەیاد بێت کە هێشتاش میللەتەکەمان بەو ئامانجانەی نەگەیشتووە کە زۆر لە مێژە ئازادیخوازانی گەلەکەمان قوربانی لەپێناوی دەدەن، ئەمەش تەنهاو تەنها بە یەکگرتوویی، یەکڕیزی و بەرنامەی هاوبەشی نیشتمانی وەدی دێت. 

دووبارە ساڵیادی راپەڕینی هەولێری قەڵاو منارە پیرۆز دەکەم، ئەم یادە پیرۆزە بەدەرفەت دەزانم درود و سڵاو بنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم ئەو جوامێرانەی هاوکارمان بوون لە راپەڕین و شانە چەکدارەکان و هەموو ئەو کەسانەی  قارەمانانە راپەڕین و هەولێریان ئازاد کردو لە بەعسیان پاک کردەوە.



کۆسرەت رەسوڵ عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان