کەسوکاری کوژراوێک دەستخۆشی لەئاسایشی سلێمانی دەکەن

10:54 - 2023-03-11
کوردستان
405 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە چەند کەسێک لە باخێکی کێلەسپی دەستگیرکران کە پێشینەی تۆمەتبارییان هەبوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کەسوکاری کوژراوەکە رایانگەیاند، بەپێی ماددەی 406 لەلایەن دادگاوە تۆمەتباران داواکرابوون و بکوژانی کوڕەکەمانن، بەڵام لە لایەن کەسێکەوە داڵدەدرابوون، داواکارین یاسا باڵادەست بێت لە کەیسی کوژرانی بەناهەقی (ئارام جەمال شاسوار)، راشیدەگەیەنن "لەبەر باوەڕبوونمان بەسەروەری یاسا و بۆپاراستنی سەقامگیری ناوچەکەمان پەنامان نەبردووەتە بەر تۆڵەسەندنەوە بەدەستی خۆمان".
هەر لە کۆنگرەکەدا باوکی کوژراوەکە رایگەیاند، "داواکارم یاسا سەروەر بێت، کەس دەستوەرنەداتە کەیسی کوشتنی کوڕەکەمان، ئەو کەسانەی دەستگیر کراون پێشینەیان هەیە و لە مۆبایلەکانیاندا بەڵگە هەیە، بۆیە داواکارم سەرۆک بافڵ هاوکارمان بێت و کەیسەکەمان بەلاڕێدا نەبرێت، دەستخۆشی لە ئاسایشی سلێمانیش دەکەم".
دواتر هاوسەری کوژراوەکە وتی، "داوا لە سەرۆک بافل و هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە هاوکارمان بن لەوەی کەیسەکە بەلاڕێدا نەبرێت و تاوانباران هەقی یاسایی خۆیان وەربگرن، هاوسەرەکەم بێ تاوان کوژراوە بۆ نیوسەعات چووە دەرەوە و تەرمەکەیمان بۆ هاتەوە".
هاوکات ئەو هاووڵاتییەی لە رووداوەکەدا بریندار بوو بەم شێوەیە چیرۆکەکەی گێڕایەوە، "من خۆم ئەندازیاری کشتوکاڵیم و لەو گوندە زەویوزارمان هەیە، پێنج دەقە پێش رووداوەکە جوانەمەرگ پێی وتم ئەو ماڵە گللەییان کردووە کە ئاو کۆبووەتەوە لە نزیکیانەوە چووم یارمەتیم داون و پێم وتون، سبەینێ شۆفڵ دەهێنم و چارەسەری دەکەم".
وتیشی، "پێشتر ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەو ماڵەدا نەبووە، کاتێک سەرقاڵی چاککردنی ئەو ئاوەبوون جوانەمەرگ چوو تا پێیان بڵێت تێچووەکەیتان دەدەمەوە، بەڵام بووە دەمەقاڵێ و تەقەیان کرد لە ئەنجامدا ئەو شەهید بوو، منیش بریندار بووم".

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 17-12-2021 سەعات 4ی عەسر لە گوندی کێلەسپی، موختاری گوندەکە خۆی و کوڕەکانی هەستان بەکوشتنی (ئارام جەمال شاسوار)، دوای زیاتر لە ساڵێک هەڵهاتن و داڵدەدانیان لە چەند رۆژی رابردوودا لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکران و کەسوکارەکەشی داوای سەروەری یاسا دەکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان