بە نامەیەكی مام جەلال زاخۆش راپەڕی

10:26 - 2023-03-13
کوردستان
192 جار خوێندراوەتەوە

لە رۆژی 13ی ئاداری ساڵی 1991دا دانیشتوانی شاری زاخۆ، ھاوشێوەی شار و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان، لەسەر راسپاردەی سەرۆك مام جەلال و دوای هەشت رۆژ لە راپەڕینەكەی دەروازەی راپەڕین دژ بە رژێمی بەعس، راپەڕینیان دەستپێكرد.
لە زاخۆ سەرەتا پلان و بەرنامەی راپەڕین و دابەشبوونی هێزەكان بۆ هێرش كردنەسەر دامودەزگاكانی بەعس لە ناحیەی دەركار داڕێژرا، كە بێگومان هاوشێوەی تەواوی شار و شارۆچكەكانی دیكە لەوێش یەكێتی وەك یەكەم هێز رۆڵی سەرەكی لە راپەڕینی خەڵكی شارەكەدا بینی.
دوای نامەكەی مام جەلال، راپەڕینی زاخۆ دەستیپێكرد
یەكەم كۆبوونەوەی تایبەت بە راپەڕینی زاخۆ لە ماڵی سادق عومەر كرا لە ناحیەی دەركار، لەوێ نامەیەكی سەرۆك مام جەلال خوێندرایەوە، كە داوای راپەڕین و رزگاركردنی قەزای زاخۆی لە چەند كەسایەتییەك كردبوو.
راپەڕینی زاخۆ سەرەتا لە ناحیەی دەركارەوە دەستیپێكرد و ئێوارەی هەمان رۆژ هەر سێ ناحیەكە و زاخۆ لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی بەعس دەرهێنران.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەندازیار و پلاندانەری راپەڕ‌ین بوو، چونكە پێش راپەڕ‌ین لەسەر داوای یەكێتی جەبهەی كوردستانی پێكهێنراو راپەڕ‌ین دەستیپێكرد، لەڕێگەی رێكخستنەكانی ناوشاریشەوە ئامادەكاری تەواوی كرد بۆ راپەرین لە سەعاتی سفردا و ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانیش سەرچاوەی گەیاندنی كۆدەكانی راپەڕ‌ین بوو، بۆیە شانەچەكدارەكان بە كردنەوەی كۆدەكانیان هەڵمەتەكانیان دەستپێكردو راپەڕین سەریهەڵدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان