شەفیقی حاجی خدر:

من وەرگێڕێکی ئارەزوومەندم نەک پڕۆفیشناڵ

12:04 - 2023-03-14
دووتوێ
257 جار خوێندراوەتەوە

چاوپێکەوتنی: ھەڵمەت ھۆشیار

*نووسین لای تۆ چییە و مرۆڤ بۆ دەنووسێت؟
-ئەوەی راستی بێت وەڵامی ئەو پرسیارە لەوانە نییە بە وشەیەک و دەستەواژەیەک، یان بە رستەیەک یاخود بە بڕگەیەک وەڵام بدرێتەوە، چونکە هەر هیچ نەبێت کاتێک پرسیارێکی لەوجۆرە دەکرێت، ئەوا وەڵامەکەی هەڵوێزنینەوەی هەموو ئەو ماوە مێژووییە لە سەرقاڵی و ئەزموونانەی پێش خۆی لەخۆدەگرێت. 
لەوانەیە نووسین، کە وەرگێڕانیش دەگرێتەوە، بۆ کەسێک کە لە ژینەگەیەکی تەواو جیاواز لەوەی ئێمەدا دەژی، یەکسەر وەک پیشە یان وەک پیشەسازییەک بۆ ژیان و دابینکردنی قووتی رۆژانە و بژێویی دابنرێت. ئیدی ئاخۆ کەی سەعات کاری پلان بۆدانراوی بۆ تەرخان دەکا و پێوەی خەریک دەبێ، هەر کاتێکیش وازی لێهێنا، سەعاتەکانی دیکە بۆ ژیانی دیکە و خەم و پرسی دیکە دادەنێت. بەم جۆرە نووسین بۆ ئەو کەسە هەر ئەو کاتەیە کە حوکمی ژیان بەسەریدا سەپاندوێتی، بۆیە لەپاڵ ئەرک و پێویستی دابینکردنی ژیان، لەوانەیە باس لە چێژ و سوودی لاوەکیشی بکرێ. یان بۆ کەسێک کە نووسینی وەک ئارەزوویەک وەرگرتووە، هەروەک چۆن وەسفی ئارەزویەک وەک وەرزشێک لە وەرزشەکان بکات، هەر بەو شێوەش پێناسەی نووسین دەکات. واتە هەر کەسە و بەگوێرەی زەمین و زەمان و هەلومەرجی ژیانی خۆی پێناسەی دەکات، ئەمەش لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە و لە ئەندامی گەلێک بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت.
من خۆم لە هیچ کام لەو پۆلێنەی سەروودا نابینم، هەڵبەتە وەڵامەکەشی جیاواز دەبێت. ئاخر نووسین بۆ من کارێک نییە بژێوی ژیانی پێ پەیدابووبێ و وەک پیشەیەک لێی بڕوانم و بەو پێیە رەفتاری لەگەڵدا بکەم، هەروەها لەوانەش نیم کە ئارەزوو خولیایەکم بێت و ئیدی چووبێتە نێو چەقی بازنەی بایەخەکانمەوە. لەوانەیە ئەو حاڵەتەی من بەسەر زۆر لە نووسەر و وەرگێڕانی هاوزمانیشم هەمان شت بێ، چونکە هەر بەڕاستی دۆخی نووسەری کورد زۆر لە نووسەری نەتەوەکانی دیکەی خاوەن قەوارە و سەروەری جیاوازە. 
ئەوەی لە نووسەرێکی کوردیش چاوەڕێ دەکرێت، زۆر لە رەوتی نووسەری نەتەوەیەکی دیکە جیاوازە، بۆیە دەکرێ بوترێت نووسین پڕۆسەی ژیانییەتی بە هەموو کار و کاردانەوەکانی، بەهەموو بەزری و نشێوییەوە. 
بۆ من نووسین ئەزموونی رابردوومە، رێبازی ژیان و ئامرازی بەرگرییمە، چرایەکی هۆشیارییە، جاڕدانی بیروباوەڕمە، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەرکێکە بۆ خزمەتی نەتەوە کڵۆڵەکەم.
مرۆڤ بۆ دەنووسێ؟ مرۆڤ لە حاڵەتی ئێمەماناندا بۆ ئەوە دەنووسی، کە جۆرێک لە یاخیبوون و بزۆزیی تێدایە بەوەی بەڵکو بەشداربێ لە جۆرێک لە هێنانەکایەی پاشخانێکی هزری بۆ گۆڕانکاری، بۆئەوەی رەوتی مێژوو، هەر بەو شێوەیەی رابردوو بە دووبارەبوونەوەی ئەڵقەکانی خۆی بە کوێرەوەری و بەسەر هاوزمانامانیدا نەبینێ. 
ئەوەی ئێستا دەیڵێم لە دەروای راستی تاقیکردنەوەوە باسی دەکەم. کاتێ من شتێک دەخوێنمەوە، لەوانەیە بیرۆکەیەکی نێو دەقی خوێندراوە، بەلاڕێمدا ببات، رەنگە هزر و خەیاڵم بۆ شتێکی دیکە بڕفێنێ، لەوانەیە داڵغەم بەملا و بەولادا ببا. ئەوە راستە بەچاو بەسەر وشەکاندا دەڕۆم و رستە و بڕگە بەدوای یەکدا دەخوێنمەوە و پەڕە هەڵدەدەمە، لێ ئەوەندە لەگژ هزراندا راچووم، ئەوەی داڵغە بۆ شتێکی دیکەی بردوومەتەوە، فڕی بەسەر دەقی خوێندراوەوە نییە. 
واتە لەکاتی خوێندنەوەدا حاڵەتی کەسایەتی خوێنەر لە خۆی جیاببێتەوە، یەکێتی و یەکانگیری ماخۆی چاو و هزر و دەقەکە لەبەین نامێنی. لێ لە بەرامبەردا کاتێ دەنووسم، حاڵەتەکە پێچەوانە دەبێتەوە و تەواو جۆرێکی دیکەیە، ئەمجارەیان یەک شێواز، یەک دەقی بەخۆیەوە دەگرێ و جیاکردنەوەی هزر و نووسین نایەتە دی. 
لە حاڵەتی نووسین هزر کۆیە، مرۆڤ بە هەست و نەستییەوە پێوەی دەبەسترێتەوە. ئەمە لەلایەک بۆ دەربڕینی نووسینێک، بۆ کتێبێک تا ئەوکاتەی لە دەست نووسەرەکەی دەردەچێ بەوەی دەبێتە کتێب و چاپ و بڵاودەبێتەوە، ئەوا تەواوی ژیانی، تەواوی رابردووی پێوە خەریک دەکات، دەبێتە شتێک لە کەسایەتی و لێی جیاواز نابیتەوە، تەنانەت لە خەونیشدا لێی جیانابێتەوە. هەڵبەتە بەرپرسیارێتییەکەی بە تەواوی لەگەڵیدا دەڕوا. ئیدی نووسین حاڵەتێکە وەک هیچ حاڵەتێکی دیکە نییە. وادەکات بڵێی نووسین ژیانی نووسەرەکەیەتی.
*نووسین هونەرێکی (خوا)کردە یان (خۆ)کردە، چۆن؟
- ئەم پرسیارە بۆ بابەتێکی قووڵی هزرییمان دەبا، کە ئەویش بەهرەی مرۆڤە. ئەرێ مرۆڤ بەهرەی لە جیناتدایە یاخود لە پەروەردەکردندا؟ نووسین دەکەوێتە کامە خانەیانەوە؟ 
رەنگە جۆرێک لە نووسین، وەک شیعر و چۆنیەتی گێڕانەوەی شتەکان جۆرێک لە بەهرەی تێدا بێ، کە تەنیا پەروەدە و فێرکردن دەرەقەتی ئەوە نەیەن لە سەقای بدەن بە شێوەک نایاب ببێ. با هەر لە ژیانی رۆژانەماندا، نموونەیەکی زیندوو بهێنینەوە. هەموومان حەز لە نوکتە دەکەین و لەوانەشە لە مەجلیسەکانماندا نوکتەش بگێڕینەوە، بەڵام گێڕانەوەی هەمان نوکتە بەهەمان وشەشەوە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێ. ئاخر یەکێک بەتام دەیگێڕێتەوە ئەوی دیکەش بێ تام. تۆ بڵێی ئەمە لە چییەوە بێ؟ خۆ کەس بۆ نوکتە گێڕانەوە دەرس ناخوێنێ و فێرناکرێ. بۆ وەڵامەکە هەردەبێ پەنا بۆ ئەوە ببرێ، کە ئەمیان بەهرەدارە و ئەویشیان بێ بەهرەیە. لەمێژیشە بۆ شیعر و بۆ گێڕانەوەی حەکایەت و چیرۆک هەر هەمان شت وتراوە، بەڵام ئەوەندە هەیە نابێت ئەو راستییە لەبیر بکرێت، کە داردەستی ئەو جۆرە نووسینە زمانە، وشەدانیش هەر لەخۆڕا و بە بەهرە پڕ نابێ، بەڵکو لە ژیانی رۆژانە و لە خوێندنەوەڕا دێ. بۆیە پێویستە رێخۆشکەرێك و خۆراکێکی هەبێ. ئەوسا کاتێک زەمینەی بۆ لەبار دەبێ، نووسینەکە وەک کانیاوێک دەتەقێتەوە. بۆیە نووسین بە گشتی وەک شەمەندەفەرە کە چۆن پێویستی بە هێڵی ئاسنین هەیە، ئەویش هەروا. کاتێکیش سەیری هێڵی ئاسنین دەکەین دەبینین دوو ئاسنی درێژ و نێوانیشیان بە تەختەدار یان ئاسنی دیکە بەیەکەوە بەستراون، هەردوو هێڵەکە تەریب دەڕۆن، بۆ ئەوەی شەمەندەفەرەکەی لەسەر بڕوا. کەواتە بۆ نووسین چ پرسی خۆزایی و خواکردی و چ هەوڵدان و پەروەدە و فێربوون بۆ ماخۆکە پێویستن تا دەقێکی نووسینی باش بێنێتە بەرهەم. خۆ ئەگەر ئەم حاڵەتە نەبوو، ئەوا دەقی نووسینەکە وەک هەر شتێکی لێدێ کە بەڕادان درابێ، ئیدی ئەو تام و بۆیەی نابێت کە لێی چاوەڕوان دەکرێت.
*سێکوچکەی پەیوەندیی نێوان نووسین و نووسەر، لەگەڵ خوێنەردا، چ جۆرە پەیوەندییەکە و چۆن راڤەی دەکەیت؟
-ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکی دینامیکیی بەردەوامە. ئەرکی نووسەر هەر بەوەندە کۆتایی نایەت کە دەقێک بێنێتە بەرهەم، ئیدی حیساب بۆ هیچ کاردانەوەیەکی خوێنەر نەکات، چونکە ئەگەر وایکرد، ئەوا وەک بلیتی یەکسەرەی رێبوارێک وایە لە شوینێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، کە جارێکی  دیکە بۆی نەگەڕێتەوە. هەر کاتێک نووسەر لە هاوکێشەی دەق و نووسەر و خوێنەر دابڕا، یەکێک لەتایەکانی هاوکێشەکەی پشتگوێخست، ئەوا سەرکەوتن و بەردەوامیی نووسینەکەی لەدەست دەدات، بەرپرسیارێتی نووسەر ئەوەیە ئاگای لە خوێنەربێ ئاخۆ چۆن لەگەڵ نووسینەکەیدا دەجووڵێتەوە و بەرتەکی چییە. چونکە لە سەنگی مەحەکدانی نووسین بۆ خوێنەر دەگەڕیتەوە نەوەک بۆ نووسەر. هەر لێرەشەوە رەوایەتی رەخنە سەرهەڵدەدات.
من وەک وەرگێڕێک ئەگەر ئەم سێ تایەی هاوکێشەکە فەرامۆش بکەم، ناتوانم باس لە کاری داهاتووم بکەم. ئەگەر لە رابردووش فەرامۆشم کردبا، چیدی خۆم بە وەرگێڕ نەدەزانی و زنجیرەی وەرگێڕانەکانم تا ئێرە نەدەهات. هەموو جارێک کاتێک لە وەرگێڕانێک دەبمەوە، خەمی کاری داهاتوومە، چونکە سەیر دەکەم ئاخۆ چەند بە دڵی خوێنەر بووە، چەند خوێنەر باوەشی بۆ کردۆتەوە، چۆن هەڵیسەنگاندووە، ئینجا کاری دواتر خۆ هەر دەبێ لەوەی پێشوو باڵاتر بێ، یان هەر هیچ نەبێت هاوشان بێت، دەنا نەکردنی باشترە، لەو بارەدا ئەوا دەبێتە خۆجووینەوە و خۆدووبارەکردنەوە. ئەوەی تەکان بە نووسەر دەدات وەک رووبارێک دووجار دووبارە نەبێتەوە ئەوەیە کە بەتەواوی لەگەڵ خوێنەردا کارلێک بکات.
لێرەدا نابێ نووسەر منەت بخاتە سەر خوێنەر، بەوەی بڵێ کەوا وەک ئەرکێک دەیبینێ، بۆیە دەبێ خوێنەر منتەبار بێ. نا نەخێر، هەروەک مام هێمن لە پێشەکییە نایابەکەی دیوانی تاریک و رووندا (لە کوێوە بۆ کوێ)دا فەرموویەتی، بۆ شیعرەکانی منەت بەسەر خوێنەر و نەتەوەکەیدا ناکات، چونکە لە کۆتاییدا شیعرەکانی زادەی خۆیەتی، خۆی قەناعەتی پێهاتووە، ئینجا وای بەباش زانیوە کەسانی دیکەش بیبینن. بۆ منیش هەروایە، وەرگێڕانەکانم لە سەرەتاوە لەوەوە هاتوون، کە خۆم بە ناوەڕۆکی ئەو کتێبانەی وەرمگێراون سەرسام بووم. ئەوسا پێم باش بووە بازنەی تەسکی دۆستەکانم و پاشتر بازنەی بەرینتر لە خوێنەران، پێی ئاشنا بن. کاتێکیش بەدڵیان بێ، ئەوا مایەی خۆشبەختیمە، نەوەک منەتکردن بەسەریانەوە.
*زمانی نووسین دەبێ چۆن بێت؟ کە ئاشکرایە نووسینی ئەدەبی و هونەریمان هەیە، هاوکات نووسینی زانستی و تەکنۆلۆژییمان هەیە، کە دوو دونیای لێک جیاوازن؟
- بەڵێ شەقڵ و ژانری نووسین جۆراوجۆرن، هەربۆیە شێوازەکەشیان فرەڕەنگ و لەیەک جیاوازن. جیاوازییەکەش زیاتر لە زمانەکە و شێوازی نووسینەکەدا رەنگ دەداتەوە. ئەوەی بۆخۆم تێبینیم کردووە، ئەوەیە، من لە وەرگێڕانەکانم کە تائێستا سێ شێوازی لەخۆگرتووە، رۆمان (ئەدەب)، ژیاننامە و بابەتی هەواڵگریی (سیاسی) و کتێبی مێژوویی. ئینجا لە وەرگێڕانی ئەدەبیدا بە حوکمی ئەوەی داردەستەکەم زیاتر وشە بووە، بۆیە ویستوومە لە هەڵڕشتنی وشەدانەکەم دەست نەپارێزم، بەدوای وشە و دەستەواژە و هاوواتای رەسەن و پاراودا بگەڕێم، لەوانەیە هەندێک دوورکەوتبمەوە لە زمانی ئاسایی رۆژانە، بۆیە پەنام بۆ فرەڕەنگی وشەکان بردووە، هەر بۆیەشە هەندێک جار لە هەڵسەنگاندنی وەرگیڕانەکانمدا رووبەڕووی رەخنەیەک بوومەتەوە، گوایە کۆمەڵێ وشەی نێو وەرگێڕانەکەم خۆجێین و وشەدانەکەی باڵەکایەتی و بەگشتیش هی حەوزی رواندزی بەسەردا زاڵە.
با لێرە و بەپێی لوانی دەرفەت زیاتر بە دوای هەڵوێزینی باسەکەدا بڕۆین. من لە گوندێکی بناری هەڵگورد و حەسارۆست لەدایک بووم و خوێندنی سەرەتاییشم هەر لەوێ بوو، لە گوندی گرتکی دۆڵێ رۆستێی دەڤەری باڵەکایەتی، پاشان لەگەڵ شاڵاوی بەرایی راگواستن، تەواوی گوندەکانی دۆڵەکەیان لە تەممووزی 1978دا راگواستە ئۆردوگا زۆرەملێکان. ئەوکات حکومەتی بەعس ناوی لێنابوون گوندی هاوچەرخ (القری العصریة). ماڵباتەکەمان بەر ئۆردوگای زۆرەملێی دیانا کەوت. هەر لەوێش خوێندنی قۆناغی ناوەندی و دواناوەندیم تەواوکرد، هەر لەوێ تافی مێردمنداڵی و لاویم بەسەر برد، هەر لەوێش چاوم کرایەوە و راست و چەپی خۆم ناسی و سەرەتای خوێندنەوە و جموجۆڵی هەرزەیی و کاری سیاسی و خەباتی ژێرزەمینی و چالاکی هونەری و شانۆییم بوو. لێ گەلۆ لەوێ بۆ من لەچاو گوندە دوورەدەستەکەی زێدەکەم، دونیایەکی بەرفراوانتر بوو. لەوێ تێکەڵاوی کەسانێک بووم هەمان چارەنووسی منیان هەبوو، خەڵکی مێرگەسوور و بارزان، گوندەکانی دیکەی باڵەکایەتی بە چۆمان و گەڵاڵەشەوە، خەڵکی دەڤەری برادۆست بە سیدەکەیی و پیرەسنی و مهاجیرەوە، خەڵکی گوندی کۆنی دیانان بە موسڵمان و کریستیانەکانییەوە، هەروەها لەگەڵ گوندەکانی ناودەشت و خەڵکی رواندز، کە دواتر هەمووی بەسەریەکەوە حەوزی رواندزی پێکهێنا و ئێستا  ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە. لەوێ هەریەک لەو جۆرە کەسانەی ئاماژەم بۆ کرد، زاراوە و بنزاری خۆیان هەبوو، شێوەزاری ئاخاوتنیشیان لە هی من جیاواز بوو، بۆیە فرەڕەنگییەک لە هاوڕێکانمدا هەبوو، هەمووی بووە دەوڵەمەندترکردنی زمان و وشەدانم.
خۆ دەبێ ئەوەش بڵێم من کە لە خەڵکی دۆڵی رۆستم، ئەو ناوچەیە تا ساڵی 1978 رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆ نەهاتبوو، تا رادەیەکی زۆر دابڕوابوو، ناوچەکەش لەژێر کاریگەریی زمانەکانی فارسی و تورکی و عەرەبیدا نەبوو. ئەو کەمە عەرەبییە بەتایبەتیش ناوی گوندنشینان لە رێی مەلاکانەوە بەسەریدا چەسپاوە. بۆیە بنزارەکەیان زۆر پاراو و رەسەن بوو، هەروەها دەبێ ئەوەش بوترێت بنزاری ئاخێوەرانی باڵەکایەتی هەروەک بنزاری خەڵکی بتوێن و پشدەر درێژەی بازنەی زاراوەی موکریانە، بۆیە لە زمانی شار زۆر دەوڵەمەندتر و رەسەنتر و پاکتر و رەوانترە. 
سەرباری ئەم پاشخانە زمانییە، خوێندنەوەش بە شێوەزمان و بنزاراوە و بنزارەکانی دیکەی کوردستانی ئاشناکردم، ئیدی هەوڵمداوە هەموو ئەوانە لەیەک گرێ بدەم.
ئینجا بابێمەوە سەر کرۆکی مەبەست، ویستم بڵێم ئەو شێوەزارەی لە وەرگێڕانەکانمدا بەکاری دەهێنم، بەتایبەتیش لە رۆمانەکان، زادەی ئەو پاشخانەیە، بۆیە لە دەستبردن بۆ ئەو وشەدانە دەوڵەمەندە، درێغێم نەکردووە. هەڵبەتە تەنیا وشەکانم هێناون، نەک داڕشتە و شەقڵی رستە. کۆمەڵێک لەو وشانەش کە تاڕادەیەک بۆ خوێنەری شار لایدەن، لە پەراوێزی وەرگێڕانەکاندا واتاکەیانم لێکداوەتەوە. بەم کارە ویستیوومە ئەو وشە جوان و پاراونە لە سینگی ئاخێوەرانی بهێنمەدەر و بیخەمە چوارچێوەی کتێبەوە.
هەرچی چەشنەکەی دیکەی وەرگێڕانە، واتە ئەوانەی لە بارەی هەواڵگریی و یادەوریی سەرکردە مەزنەکانی جوو، لەگەڵ کتێبە مێژووییەکان، تێکۆشاوم بەو دەستبڵاوییە وشەدانە پاشاخانەییەکەم بەکارنەهێنم، بەڵکو دەست بۆ زمانی ئاسایی شار ببەم. لێ لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە باندۆری پاشخانە زمانییەکەم کاری خۆی هەر کردبێ.
مەبەستمە ئەوە بڵێم، دەکرێ زمانی وەرگێڕانی رۆمانەکان لەگەڵ بابەتە سیاسی و مێژوویەکان لەیەکتری جیاواز بن. 
*نووسین چ دۆخێک دەخوڵقێنێ، چێژە یان ئازارە یاخود هەڵچوونی دەروونی؟
-ناکرێت وەک پزیشکێک پەنجە لەسەر جێ برینەکە دابنێم، بەڵام دەکرێت بە گشتی بڵێم هەموویان. بۆئەوەی لە وەڵامدا راستگۆ و راشکاوبم. دەبێ لە پێشدا دان بەوەدا بنێم، کە من وەرگێڕێکی ئارەزوومەندم، نەک پیشەمەند، واتە بە رێکەوت و سەلیقە کەوتوومەتە سەر ئەو رێچکەیە، نەک خوێندن و پسپۆڕێتی. وابزانم پیشتریش لە بەرسڤی پرسیاری یەکەم، لامان لێکردبۆوە. ئیدی ئەو حاڵەتەی کە ئێوە لە پرسیارەکەتان ئاماژەتان پێداوە، لای من بە دوو قۆناغ تێپەڕیوە، دەکرێ بڵێم قۆناغی کار و کاردانەوە بووە، قۆناغی هۆکار و ئەنجام، چۆن؟ 
بەپێی ئارەزوومەندانەی خۆم، کاتێ کتێبێک دەخوێنمەوە، وەک هەر خوێنەرێکی ئاسایی، دەکەومە بن کاریگەریی هەست و سۆزی ئەوەی دەیخوێنمەوە، جاری وا هەیە لە حەسرەتان لە دەقی خوێنراوە تووڕە دەبم، جار لەسەر جاریش هەبووە گریاندوومی، هەندێکجاریش هەبووە لەگەڵیدا لە قرتەی پێکەنینم داوە. ئینجا کاتێک بە تەواوی دڵم کتێبەکەی گرتووە بە کۆی هەموو ئەو هەست و سۆزە، لەگەڵیدا جۆشم خواردووە، هەر ئەم سەرسامییە وایکردووە بیر لە وەرگێڕانی بکەمەوە. واتە هەستەکان دنەدەر و بەرهەمهێنەر بوون. 
ئەم دۆخە بۆ منی وەرگێڕ وەها بوو، لەیەک جودایی سەرەداوی توخمە پێکهێنەرەکانی بوو، بەڵام بۆ نووسەری دەقێک، وەک هۆنراوە یان رۆمان، بێگومان هەست و سۆزەکان هەمووی پێکەوە یەکانگیر دەبن.
*ژیان بە بێ نووسین چۆن دەبێ، ئەگەر نەنووسین چی ڕوودەدات؟
-نازانم چۆن وەڵامەکە دەقنووس بکەمەوە، یان باشتر بڵێم، لەوانەیە دەرەقەتی وەڵامەکەی نەیەم. لێ هەرچۆنێک بێ، ئەم شتە راستەوخۆ بە زەین و باوەڕی ماخۆی نووسینەکە پەیوەستە. با لێرەش بگەڕێمەوە سەر رۆژانی سەرەتایی هەوڵدانی نووسینم. هیوادارم ئەم شتەم بە منمنۆکێ لی وەرنەگیرێ.
لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی، (من لەبەشی وێژەیی بووم)، وەک هاوزمانەکانم دەمم لە هۆنینەوە و ریزکردنی وشە دەدا، ناڵێم شیعر. ئێستا ناڵێم شیعر، دەنا ئەوکات پێم دەوت شیعر. ئەم حاڵەتە وەنەبێ هەر بەسەر مندا هاتبێ. مامۆستا محەمەدی مەلاکەریم لە پێشەکیی ناڵەی جودایی مام هێمندا،  زۆر جوان ئەو دۆخەی هێناوتە زمان، بەوەی نووسەرانی کورد، یان باشتر بڵێم قەڵەمبەدەستانی کورد، پاشخانیان بۆ شیعر نووسین دەگەڕێتەوە، پاشان هەیە تەواو بۆتە شاعیر و هەیشە وازی لێهێناوە و چۆتە سەر شەقڵێکی دیکەی نووسین. منیش لەم رێسایە ریزپەڕ نەبووم. ئەوکات و لە ساڵی یەکەم و دووەمی زانکۆش، لەسەر هۆنراوە نووسین بەردەوام بووم، تەنانەت لە 1978 شەش پارچە هۆنراوەم بۆ گۆڤاری بەیان نارد و ئەوانیش بە دەستکارییەکی سەقەتەوە بڵاویانکردەوە. ئای خوایە ئەوکات چەند خۆم پێ شت بوو؟! خەریک بوو خۆم بە شاعیر بزانم. لای برادەرانم خۆم پێوە هەڵدەکێشا. شووڵم لێهەڵبڕی یەک دوو دەفتەریشم پڕکردەوە، هێشتاش هەر ماومن. زاتی ئەوەم کرد لە رێگەی مامۆستایەکم بۆ لیژنەی رەقابەی بنێرم لە بەڕێوبەرایەتی رۆشنبییری لە هەولێر، بەڵام ئەنجام ئەوەبوو بە خەتی سوور لەسەریان نووسیبوو: بۆ بڵاوکردنەوە ناشێ. ئەوکات ئەمە زەبرێک بوو بەر هەستی ناسکی ئەوکاتم کەوت، لێ دواتر تێگەیشتم کە ناهەق نەبوون وایان نووسیبوو. هەر چاک بوو وەها کەوتەوە. زۆری پێنەچوو لە یەک دوو پارچە زیاتر، رووم نەدەهات نیشانی کەسیان بدەم.
 هەر لە کۆلیژ (کۆلیژی قانون لە بەغدا لەنێوان ساڵانی 1984 - 1988) شێوازیکی دیکەم گرتەبەر و بەریشم دا، بەکاریگەربوون بە فەلسەفەی قانون و قانونی دەستووری چەند بابەتێکی درێژم لەسەر دیموکراسی و چەمکی دەوڵەت و شێوەکانی و فەلسەفەی قانون نووسی و بردمن بۆ گۆڤاری رۆشنبیریی نوێ، خۆشبەختانە بە چەند ئەڵقەیەک بۆیان بڵاوکردمەوە. ئەوکات چوومە لای سەرنووسەری گۆڤارەکە، جارێکیان مامۆستا عەبدولڕەزاق بیمار بوو، دواتریش د. کوردستان موکریانی. ئەم بڵاوکردنەیەوە رێرەوی نووسینی قانونی و سیاسی بەسەر هۆنراوەییدا زاڵ کرد. جا ئەوەی زۆر خۆش بوو، بەتایبەتی بۆ ژیانی خوێندکاریم، پاداشتی نووسینەکان بوو، کە بۆ من بڕەپارەیەک بوو، بۆ چەندین مانگ لە کولەمەرگی ژیان و خۆراک و پۆشاکی بەشی ناوخۆ رزگاری کردم!
دەرووی جیهانی نووسین ئەوکات بەوشێوەیە لەسەر من کرایەوە. سەرەتا حەزم لێبوو ببمە شاعیر، بەڵام نەبووم، دواتر ببمە توێژەرێک لە بواری قانون و فەلسەفە، ئەوەشیان نەبووم، ئینجا وەرگێڕان. لە وەرگێڕانیشدا هەر رێکەوت رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو. ئەمەشیان چیرۆکێکی خۆی هەیە. واتە ئەوەی من پلانم بۆ دانابوو، نەهاتەدی. هەڵبەتە کردەی نووسین و وەرگێڕان زۆر لە سەرەداوەکانی ژیانمی دیاریکردووە، بەڵام بەتەنیا بڕیاڕدەر نەبووە. دوای سێ دەیە لە هەوڵی نووسین و وەرگێڕان، ئێستا دەکرێ بەو شێوەیە وەڵام بدەمەوە، کە بەبێ کردەی نووسین بە نووسینی راستەوخۆ  یان وەرگێڕان، ژیانم ئەستەم دەبێ. چونکە وەستاندنی ئەمە دەبێتە هەڵگەڕانەوە لە پاشخانێکی دوورودرێژ. پێموایە هیوایەکە بۆ ژیان. هەر بەرجەستەکردنی ئەو حەزەیە کە لە قۆناغی ئامادەیی لەناخمدا سەریهەڵدا. لەوانەشە ئەوە بڵێم، دەکرێ بۆ هیچ کارێکی دیکە دەستنەدەم، ئەگەر بۆ کاری وەرگێڕانیش ئاستێکی مام ناوەنجیم هەبێ، ئەوا سوپاسگوزاری راوبۆچوونی خوێنەرانم. 
*کرداری نووسین (نووسینەوەی خودە) گێڕانەوەی چەند رووداوێکە کە کارلێکت لەگەڵیاندا کرد و دنەی سۆزت دەدەن؟ بە کورتی، ئایا خودنووسینەوە گرنگە؟ یان نووسینەوە دۆخیک کە هەندیکجار مەرج نییە لەگەڵ خوددا یەکانگیربن؟ بۆچی و چۆن؟
-نووسین و وەرگێڕان خۆی مەبەست نییە، بەڵکو داردەست و ئامرازێکە بۆ  گەیشتن بە ئامانجێک. ئامانجیش دەربڕینی بیروبۆچوونە، بیروبۆچوونێک کە ماخۆی قەڵەم پێیوایە دەکرێ رێڕەوی ژیان بە ئاقارێکی باش و باشتردا ببات. لە دۆخی نەتەوەیەکی بندەستی کڵۆڵی وەک ئێمەش، ئەوەیە نووسین یان وەرگێڕان وا لە خوێنەر بکات، چاوی زیاتر بکرێتەوە و پرسیاری لا دروست بکات و  بە دوای هەڵوێزنینەوەی سەرەداوی دیکەدا بگەڕێ لەوەی لەسەری راهاتووە. 
*نووسین چی پێ بەخشیوی و چیشی لێسەندوویتەوە؟
- نووسین و وەرگێڕان ناوەکەمی لای رووبەرێکی بەرفراوانی هاوزمانانم ناساندووە، لێ لە بەرامبەر ئەوەدا زۆر شتی لێ سەندوومەتەوە. چاودێرییەکی بۆ دروست کردووم کە لە بەرپرسیاریتیدا بەرجەستە دەبێ.

نووسەر و وەرگێڕ شەفیقی حاجی خدر لە رێوڕەسمی خستنەڕوو و ئیمزاکردنی نوێترین بەرهەمی وەرگێڕانیدا

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان