ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا خاوه‌ن ئه‌سپارده‌كانی بانكی سیلیكۆن ڤالی ئه‌مریكای دڵنیاكرده‌وه، كه قه‌یرانی مایه‌پوچبوونی بانكه‌كه له ژێر كۆنترۆڵدایه و حكومه‌ت گره‌نتی ده‌دات به ئه‌سپارده‌كاران كه پاره‌ی خۆیان ده‌ست ده‌كه‌وێته‌وه. سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه هاووڵاتیانی ئه‌مریكا ده‌توانن دڵنیابن له‌وه‌ی سیستمی بانكیی وڵاته‌كه‌یان سه‌لامه‌ته و ئه‌سپارده‌كانیشیان پارێزراوه و هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت وه‌ری ده‌گرنه‌وه، جگه له‌وه‌ش هه‌وڵده‌دات رێسای نوێ بسه‌پێنێت به‌سه‌ر بانكه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی رووداوی له‌م جۆره دووباره نه‌بێته‌وه.
هه‌ر بۆ دڵنیایی هاووڵاتیانی ئه‌مریكا، جۆ بایدن وتی: دوام له كۆنگرێس و رێكخه‌رانی بانكه‌كان كردووه رێسای نوێ دابڕێژن بۆ رێگرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی شكستی له‌م جۆره.
بانكه‌كه‌یان داخست و خیستیانه ژێر چاودێری و سه‌رپه‌رشتیی دامه‌زراوه‌ی بیمه‌ی ئه‌سپارده‌ی فیدراڵییه‌وه، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌تی گه‌نجینه و ئه‌نجومه‌نی یه‌ده‌گی فیدراڵی و دامه‌زراوه‌ی بیمه‌ی ئه‌سپارده‌ی فیدراڵی رایانگه‌یاند: سامانی باجده‌رانپارێزراو ده‌بێت
شڵه‌ژانی گه‌وره له بازاڕدا
ئه‌م قسانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا دوای ئه‌وه دێت كه سێ رووداوی مایه‌پووچبوون له هه‌رسێ بانكی سیلیكۆن ڤالی و بانكی سیگنچه‌ر و بانكی سلیفرگیتدا روویدا و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی لای سه‌رمایه‌داران و خاوه‌ن پشكه‌كان دروستكرد، ئێستاش ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا هه‌وڵده‌ده‌ن كارێكی وا بكه‌ن، كه متمانه‌ی به‌كاربه‌رانی بانكه‌كان نه‌دۆڕێنن و ئه‌سپارده‌كانیان له بانكه‌كان نه‌كێشنه‌وه، چونكه هه‌ره‌سهێنانی بانكی سیلیكۆن ڤالی ترس و شڵه‌ژانێكی گه‌وره‌ی له بازاڕی جیهانیدا دروستكرد، له‌وه‌ی سیناریۆی قه‌یرانه جیهانییه‌كه‌ی ساڵی 2008 و 2009 دروست ببێته‌وه كه بانكی لیمان بره‌زه‌رس مایه‌پووچ بوو، به دوایدا چه‌ندین بانك هه‌ره‌سیان هێنا و كێشه‌كه بوو به قه‌یرانێكی جیهانیی ئه‌وتۆ كه تائێستاش كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر ئابووریی زۆر وڵاته‌وه ماوه.
سه‌ره‌تای گه‌شه‌كردن
بانكی سیلیكۆن ڤالی یه‌كێك بو له گه‌وره‌ترین بانكه قه‌رزپێده‌ره‌كان و زیاتریش په‌یوه‌ست بوو به كۆمپانیا تازه هه‌ڵكشاوه‌كانی بواری ته‌كنۆلۆجیاوه، سروشتی كاره‌كه‌ی وابوو كه قه‌رزی ده‌دا به‌و كاره بازرگانییانه‌ی له سه‌ره‌تای هه‌نگاوه‌كانیاندان، به‌و شێوازی كاركردنه‌ش نیوه‌ی كۆمپانیاكانی بواری ته‌كنۆلۆجیا و كۆمپانیاكانی چاودێریی ته‌ندروستی له‌خۆی كۆكرده‌وه.
ئه‌م بانكه له ساڵی 1983دا دامه‌زرا، به‌ڵام له ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا زۆر به خێرایی گه‌شه‌ی كرد و فراوان بوو، وای لێهات هه‌شت هه‌زار و 500 كارمه‌ندی هه‌بوو له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، به‌ڵام زۆربه‌ی كار و چالاكییه‌كانی له ئه‌مریكا بوو.
له چه‌ند ساڵی رابردوودا بانكی فیدراڵی ئه‌مریكا پاره‌یه‌كی نه‌ختینه‌ی زۆری خسته بازاڕه‌وه، بانكی سیلیكۆن ڤالی یه‌كێك بوو له‌و بانكانه‌ی سوودی زۆری لێوه‌رگرت، له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆنادا كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای نوێ كتوپڕ ده‌ركه‌وتن، هه‌نگاوی باشیان نا به‌ره‌و پێشه‌وه، ئه‌م كۆمپانیایانه به‌شێكی زۆری پاره‌ی خۆیان له بانكی سیلیكۆن ڤالی وه‌ك ئه‌سپارده دانا، به‌مه‌ش بانكی سیلیكۆن ڤالی پاره‌یه‌كی زۆری لەلا كه‌ڵه‌كه بوو، له 2019دا بڕی ئه‌و پاره‌یه گه‌یشته 60 ملیار دۆلار و 2022 گه‌یشته نزیكه‌ی 200 ملیار دۆلار.
داخورانی نرخی قه‌باڵه‌كان
كاتێك ئه‌م بانكه گیرفانی خۆی ئاوا به پڕی بینی، نزیكه‌ی 80 بۆ 90 ملیار دۆلاری به‌كارهێنا بۆ كڕینی قه‌باڵه‌ی دوورمه‌ودا، كه داهاتێكی زۆر باشی هه‌بوو، ده‌گه‌یشته %1.7 ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه بڕی قازانج له‌سه‌ر ئه‌سپارده‌كانی ئه‌و بانكه نزیكبوو له سفره‌وه، به‌ڵام ئه‌م خۆشییه بۆ بانكی سیلیكۆن ڤالی تاسه‌ر نه‌بوو، چونكه هه‌ر له سه‌ره‌تای 2022ەوه بانكی فیدراڵی ئه‌مریكا نرخی سوودی زیادكرد و به‌وه‌ش قه‌باڵه دوورمه‌وداكان تووشی داخوران بوون، واته نرخه‌كه‌یان دابه‌زی، چونكه نرخی قه‌باڵه په‌یوه‌ندییه‌كی پێچه‌وانه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌های سوود، سه‌رباری داخورانی نرخی قه‌باڵه‌كان، هه‌ندێك له كۆمپانیا تازه هه‌ڵكه‌وتووه‌كانیش به‌هۆی بارودۆخی ناهه‌مواری ئابووری و پاشه‌كشه‌ی پشكه‌كانی بواری ته‌كنۆلۆژیاوه، پاره‌ی خۆیان له بانكی سیلیكۆن ڤالی كێشایه‌وه.
به زه‌ره‌ر فرۆشتییه‌وه
لێره‌وه قه‌یران ده‌ستیپێكرد و بانكه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له قه‌یرانی نه‌مانی نه‌ختینه بپارێزێت، هه‌ندێك له قه‌باڵه‌كانی به زه‌ره‌ر فرۆشته‌وه و زیانه‌كانیشی گه‌یشته 1.8 ملیار دۆلار، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هه‌واڵه‌كه بڵاوبۆوه، ترسێكی گه‌وره له‌نێوان وه‌به‌رهێنه‌ران و به‌كاربه‌راندا دروست بوو، هه‌موویان زۆر به‌په‌له پاره‌كه‌یان له‌و بانكه كێشایه‌وه، ترسی ئه‌و خه‌ڵكه ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو، له یه‌ك رۆژدا، كه ئه‌و رۆژه‌ش نۆی مارس بوو، به به‌های 42 ملیار دۆلار ئه‌سپارده له‌و بانكه كێشرایه‌وه، ئه‌و بڕه ئه‌سپارده‌یه ئه‌وه‌نده زۆر بوو كه یه‌ك له‌سه‌ر چواری كۆی گشتی ئه‌سپارده‌كانی بانكه‌كه‌ی پێكده‌هێنا، له راستیدا هیچ بانكێك، چه‌نده گه‌وره‌ش بێت، توانای به‌رگه‌گرتنی ئه‌وه‌ی نییه، كه له یه‌ك رۆژدا چاره‌كی هه‌موو ئه‌سپارده‌كانی لێ بسه‌ننه‌وه.
هۆكاری قه‌یرانه‌كه
له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ-دا یاساكانی تایبه‌ت به چاودێریی بانكه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هات، به شێوه‌یه‌ك كه هه‌ر بانكێك سه‌رمایه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی له 250 ملیار دۆلار تێپه‌ڕی نه‌كردایه، له هه‌ندێك رێسا و كۆت و به‌ندی توندی چاودێری ده‌به‌خشران، وه‌ك ئاستی نه‌ختینه و بڕی پێویستی دارایی و تاقیكردنه‌وه‌ی به‌رگه‌گرتنی گوشار، ئه‌م گۆڕانكارییانه له دوای قه‌یرانه ئابوورییه‌كه‌ی 2008ەوه كاریان پێكرا، كه بووه جۆرێك له چاوپۆشی بۆ هه‌ندێك بانك، له راستیدا ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا ده‌یانتوانی قه‌یرانه‌كه‌ی ئه‌مجاره ئاشكرا بكه‌ن به‌رله‌وه‌ی رووبدات.
به‌ڵام رووی دا و له‌گه‌ڵ دروستبوونی قه‌یرانه‌كه‌شدا، یه‌كه‌م هه‌نگاوی حكومه‌ت ئه‌وه بوو بانكه‌كه‌یان داخست و خیستیانه ژێر چاودێری و سه‌رپه‌رشتیی دامه‌زراوه‌ی بیمه‌ی ئه‌سپارده‌ی فیدڕاڵییه‌وه، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌تی گه‌نجینه و ئه‌نجومه‌نی یه‌ده‌گی فیدراڵی و دامه‌زراوه‌ی بیمه‌ی ئه‌سپارده‌ی فیدراڵی رایانگه‌یاند: سامانی باجده‌ران پارێزراو ده‌بێت و گره‌نتی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه سه‌رجه‌م ئه‌سپارده‌كاران، ئه‌سپارده‌كانی خۆیان ده‌ست ده‌كه‌وێته‌وه.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان