لە یادی راپەڕینی رواندز و سۆران و دەوروبەریدا

09:43 - 2023-03-15
ڕاپۆرت
674 جار خوێندراوەتەوە
رەتڵی پارتیزانەکانی باڵەکایەتی

هەڵۆ حەسەن حسێن*

ئەوەی کەمێک هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی هەبێت، دەزانێت گرنگترین فاکتەری سەرکەوتنی راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بریتیبوو لە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی ئەوکاتی سەر گۆڕەپانی خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا.
بێگومان ئێمەی پێشمەرگە لەڕووی سایکۆلۆژی و جەستەیی و بیروباوەڕەوە ئامادەبووین بۆ ئەوەی ببینە چەخماخەی ئەو راپەڕینەی گەلی کوردستان، ئەو ئامادەییەش خۆڕسک نەبوو، بەڵکو رێبەرە سیاسی و رێکخراوەییەکان و فەرماندە سەربازییەکانمان بەتاییبەتیش گەشبینی جەنابی مام جەلال و وردەکاری و سەلیقەی کاک نەوشیروان و جورئەتی بێوێنەی کاک کۆسرەت و هەڤاڵانی تری سەرکردە سەرچاوەی ئەو متمانەیە بوون بە خۆمان و بە دۆزی رەوای میللەتە ستەم دیدەکەمان هەمانبوو.

ئامادەکاری راپەڕین
مانگێک بەرلە راپەڕین ئامادەکاریی تەواو کرابوو بۆ دۆزینەوەی دەرفەتێکی گونجاو، تا بڵێسەی راپەڕین لە چیاکانی کوردستانەوە بەهێزو بازووی پارتیزانەکان و بە نهێنی بگەیەنرێتە ناوشار و ئۆردوگا زۆرەملێکان و ئەو چەند گوند و دێهاتەی لە کوردستاندا نەکەوتبوونە بەر کاولکاریی ئەنفالەکان بۆ راپەڕینی شارەکانی رواندز و سۆران و دەوروبەریان.
شەهیدی فەرماندە جەلال حاجی گەڵاڵی وەک فەرماندەیەکی ئازا و چاونەترس و جێمتمانە و رێز و خۆشەویستی پێشمەرگە و کادرەکانی سنووری رواندز و سۆران و باڵەکایەتی، دەستنیشان کرابوو بۆ فەرماندەیکردنی ئەو رەتڵەی پارتیزانەکانی ئەو دەڤەرە.
ئێمە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی 1991 لە زەڵێ-وە بە سونێ و دەشتی قەڵادزێدا بەرەو کێوەڕەش و دۆڵی شاورێ بە گوندەکانی قەڵا سەیدە و نۆرێ و دۆڵی گوڵان و بە کوڕكوڕی شاورێدا بەناو دڵی بەفر و بەستەڵەکدا خۆمان گەیاندە دۆڵی مەلەکان.
بۆ یەکەمجار لە ئەشکەوتە گەورەکەی نێوان قەڵا سەیدە و نۆرێ بەو پاترییەی مامۆستا محەمەد سەرکەپکانی بۆی هێناین یەکێک بوو لە رێکخستنە ئازاکانی شاری رانیە، بە جیهازی بێتەل پەیوەندیمان کرد بە جیهازی مەرکەزیی بەرەی کوردستانییەوە لە راژان شەهید رابەر فەتاح شێخۆ عەدەد جیهازەکەی بوو، زۆر دڵخۆش بوو قسەم لەگەڵدا کرد و بە تامەزرۆییەوە وتی: خۆزگە هاوڕێ چاوێکی منیشت لەگەڵ خۆتدا ببردبایە و ئەو نیشتمانە شیرینەم پێ بدیبایە.
دوای گەیشتنمان بە دۆڵی بلە و مەلەکان هێزە پارتیزانەکەمان کرد بە دوو بەشەوە، بەشێک بە سەرکردایەتی شەهید جەلال حاجی لە خەلیفانەوە بە رێنوێنی رێکخستنە تێکۆشەر و چاونەترسەکانمان بە بازگەی گەلی عەلی بەگدا خۆیان گەیاندە ناو شاری سۆران و ئۆردوگای گەڵاڵە و نامەکانی سەرکردایەتییان لە رێگەی هەڤاڵ سەباح سەعید ناسراو بە (سەباح پاشا) دا گەیاندە ئەو موستەشار و سەرۆک عەشیرەت و بەرپرسانەی سەر بە رژێم بوون و ئەو نامانە زۆر کارئاسانیان کرد بۆ سەرکەوتنی راپەڕین.
بەشەکەی تریشمان بە سەرکردایەتی بەندە خۆمان گەیاندە دەوروبەری شاری رواندز،

گەیاندنی راسپاردەکان
دوای دوو رۆژ مەفرەزەکەی کاک جەلال هاتنەوە لای ئێمە لە دەوروبەری رواندز و لە گەلی گوندی (کەڕەک) گیرساینەوە و هەوڵی دامەزراندنی جیهازی بێتەلی راکاڵماندا، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن شەهیدی فەرماندە فاروق جەبار و مام شێخ و مامۆستا جەبار موسا سەرانەیی پاترییەکی جیهازمان بۆ دابینکرا، دوای شەوێک پێکەوەبوون، بە راوێژ لەگەڵ فەرماندە ئازاکەمان شەهید جەلال حاجی بڕیارمدا بۆ گەیاندنی نامەکانی جەنابی کاک کۆسرەت و سەرکردایەتی یەکێتی و بۆ وەرگرتنی زانیاریی ورد لەسەر بارودۆخ و ورەی هێزەکانی دوژمن بچمە ناو شاری رواندز.
خەبەرێکم بە مام عومەر کەڕەکی باوکی مامۆستا هاوکار رواندزیدا نارد بۆ مام خاڵەند کەڕەکی باوکی کاک فەتاح کەڕەکی، ئێستا کارگێڕی کۆمیتەی رێکخستنی رواندزە و پێم راگەیاندبوو سبەی شەو دەچمە خزمەتی، مام خاڵەندیش زۆر مەردانە وەڵامی بۆ ناردمەوە بچم، بۆ شەوەکەی لەگەڵ هەردوو پێشمەرگەی قارەمان رەسوڵ قادر عەزیز و فەرهاد ماونی چوومە خزمەت مام خاڵەند و کوڕەکانی، سەرەڕای بوونی ترس و هەڕەشەی دوژمن، ئەوان زۆر خزمەتیان کردین و نامەکان و راسپاردەکانیان بۆ گەیاندینە دەست ئەو خەڵکانەی نامەکانیان ئاڕاستە کرابوو.
بۆ سەرلەبەیانی رۆژی دوایی، هەواڵێکمان بۆ هات دوژمن لە ناوشار لە ترس و لەرزێکی زۆردایە و لە راپەڕینی خەڵک دەترسن و قسەوباس هەیە پێشمەرگە هاتوونەتە ناوشارەوە و پێدەچێت دوژمن هەوڵی پشکنینی ماڵەکان بدا.
مام خاڵەند کاک فەتاحی کوڕی خۆی ناردە ناوشار تا زانیاریی تەواو وەربگرێت و نزیکەی نیو سەعاتی پێچوو و هاتەوە.
وتی: بەخوای دوژمن هیچ ورەی نەماوە و خەریکە بەرەو سۆران هەڵدێن.
دوای هاتنەوەی کاک فەتاح، دەنگی چەند دەستڕێژێک لەناو شارەوە بیسترا، ئیتر وا پێویستی دەکرد بچینە سەر جادە و خۆمان ئاشکرا بکەین بۆئەوەی ببینە هۆی بەرزبوونەوەی ورەی خەڵکی تێکۆشەری شار و بۆیان ئاشکراببێت پێشمەرگە بۆ راپەڕین هەم پشتیوان و هەم رابەرایەتییان دەکات.
ئیتر وا پێویست بوو بنێرین بە شوێن  کاک جەلال و مام شوان و خاڵە سیسۆ و کاک کاوە حەبیب و هەڤاڵەکانی تردا تا بڕژێینە ناو شارەوە، ئەوان گەیشتن و بەرەو ناوجەرگەی شاری رواندز بەڕێکەوتین، لەناو هوتاف و خۆشی و جۆش و خرۆشی جەماوەری تێکۆشەری شاری رواندز و خەڵکی دڵسۆزدا لەباوەشیان دەکردین و ژنانی شۆڕشگێڕ وەک برای خۆیان ماچیان دەکردین.
خۆشترین رۆژی ژیانی من و هەڤاڵەکانم ئەو رۆژەبوو خۆری ئازادی گەلەکەمان خەریکبوو بە تەواوی هەڵبێت.
تۆڵەسەندنەوە قەدەغەیە
ئێمە لەلایەن سەرکردایەتییەوە راسپێردرابووین بەناوی هیچ حزبێکەوە قسە نەکەین، بەڵکو بەناوی پێشمەرگەی بەرەی کوردستانییەوە قسە بکەین و وتار بۆ خەڵک بدەین و هەوڵیش بدەین زیندووکردنەوەی کۆنەقین و تۆڵە سەندنەوە قەدەغە بکەین و بەهیچ جۆرێک رێگەی پێنەدەین و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانە، فەرمانگەکانی نفوس، ئاو، کارەبا و ئامێرەکانی شارەوانی بپارێزین.
بەشانازیشەوە هەر وامانکرد، بۆ نموونە هەموو تۆمارەکانی نفوسمان بە کۆڵی پێشمەرگەکانمان گواستەوە بۆ ماڵی هاووڵاتیەک بەناوی عەبدولقادر مەلا زار، بۆ ئەوەی بیانپارێزین لە فەوتان، یان مەفرەزەیەکمان پێکهێنا لە هەریەک لە برایم حاجی قادر ئاکۆیی، خاڵەند کەڕەکی، موسا سەرانەیی، حەسەن قادر ناسراو بە حەسۆ و دوو سێ کەسیتر بۆ پارێزگاریکردن لە نەخۆشخانەی رواندز و پزیشک و کارمەندەکانی.
دواتر چووینە ماڵی سەعید ئەسعەد شێتنەیی، چونکە چەند ئەفسەرێک پەنایان بردبووە بەر ماڵی ئەوان، هەندێکیان زۆر تاوانباربوون، کوڕەکانی سەعید ئاغا هەریەک لە ئەرسەلان و محەمەد عەلی هاوپۆلم بوون لە خوێندن، بۆیە دوای دانیشتن و هەواڵپرسین سەعید ئاغا و کوڕەکانی، داوام لە کوڕەکانی کرد ئەو ئەفسەرانەمان بۆ ببەنە ژوورێک، ئاغا رەنگی تێکچوو و وتی: بۆچیتە؟
یەکسەر لە نیگەرانییەکەی ئاغا تێگەیشتم و پێموت: ئاغێ‌ ئەگەر سەدام حسێن-یشت لەلابیت، بە جەنابتی دەبەخشین، دڵنیابە هەموویان لەسەر دەستی تۆ عەفوو کراون و دەیان نێرینەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆیان ئاغا دڵنیابوو فەرمانی بە محەمەد عەلی کوڕی کرد هەموویان لە ژورێک کۆبکاتەوە، دوای کۆکردنەوەیان بە زمانی عەرەبی پێموتن: ئێوە چونکە دەخالەتتان بە ماڵی شێخ سەعید کردووە، لەبەر رێز و خاتری شێخ لای سەرکردایەتی شۆڕش، ئێوە هەمووتان عەفوو کراون و دەتاننێرینەوە ناو ماڵ و منداڵەکانتان، بەڵام قسەیەک دەکەم وەک گوارە بیخەنە گوێچکەتان نەکەن جارێکی تر بە خەیاڵیش بیر لەوە بکەنەوە بگەڕێنەوە بۆ داگیرکردنەوەی خاکی پیرۆزی نیشتمانەکەمان، چونکە ئەوکات نەک خۆتان بگرە تەرمەکانیشتان عەفوو ناکرێنەوە، ئێوە زۆر نامەردبوون، کاری نائینسانی قێزەونتان بەرامبەر گەلی کورد کردووە، مێژووی ئێوە و کردەوە دڕندانەکانتان بنووسرێنەوە، نەک هەر خۆتان، بگرە نەوەکانیشتان ئەگەر شەرمتان هەبێ دەبێ شەرم لە خۆتان بکەنەوە.
لە کۆتاییدا سەعید ئاغا زۆر سوپاسی من و پێشمەگەکانی کرد و بە شانازی بەخۆکردنیشەوە بە ئەفسەرەکانی وت: سەرکردایەتی شۆڕش قەدری ئێمەی لایە و من تکام بۆ کردوون عەفووتان بکەن، دەستی ئاغایان ماچکرد و ویستیان دەستی منیش ماچ بکەن، وتم نابێت، (مام جلال ما یقبل بوس الایدی) ئیتر لەو رۆژەوە رواندز و سۆران ئازادکران.

ئیدارەدانی دامەزراوەکان
 لە رۆژانی دواتر بۆ ئیدارەدانی شار و دامودەزگاکانی بارەگای بەرەی کوردستانیمان لە مزگەوتی گەورەی رواندز دانا، نوێنەری هەموو حزبەکانی بەرەی کوردستانی تێدابوو، بێ جیاوازی، چونکە هێشتا جگە لە حزبی شیوعی و یەکێتی، پێشمەرگەی هیچ لایەنێک نەهاتبوونە ناو شارەوە، بۆیە مام حاجی کەریم سەرانەییمان وەک نوێنەری پارتی لە بەرەی کوردستانی جێگیرکرد، لە شۆڕشی ئەیلولدا لە ناوچەکەی ئێمە بەرپرسێکی سەربازیی پارتی بوو، پیاوێکی کورد پەروەر و رێزلێگیراویش بوو.
لە راستیدا ئێمە راپەڕینمان بەبێ ئازادکردنی شاری کەرکوک بە ناتەواو دەزانی و بە راپەڕین ناوزەدمان نەدەکرد، بۆیە لە رێگەی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستانەوە ئەوکات دەنگی هەموو پێشمەرگە و گەلی کورد و بەرەی کوردستانیش بوو، هەردەم لە چاوەڕوانی بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی و بەرەی کوردستانیدا بووین بۆئەوەی فەرمانمان پێ بکەن بەرەو ئازادکردنی شاری کەرکوک بەڕێبکەوین، چونکە پێمان وابوو رزگاری کەرکوک دەبێتە تاجی سەری راپەڕینی گەلی کوردستان.
لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە پیرۆزەش، هیچ پێشمەرگەیەک باکی بە بەخشینی گیانی خۆی نەبوو.
ناوی ئەو پێشمەرگانەی ئەندامی رەتڵی پارتیزانی رواندز، سۆران بوون ( جەلال حاجی گەڵاڵی، مام شوان سەرانەیی، سیسۆ عەزیز مەعروف، کاوە حەبیب عەبدوڵڵا، سەید رەسوڵ سەید برایم، هەڵمەت ئیسماعیل یوسف، مەلا وەسمان سلێمان، رەسوڵ قادر عەزیز، بیلال مەحمود ئیسماعیل، جەمال کەلێتەیی، فەرهاد ماونی، عەبدولقادر ناوبەرگەیی، ئامانج رۆستایی و هەڵۆ حەسەن) ئەگەر ناوی هەر پێشمەرگەیەکم بیر چووبێت داوای لێبووردنی لێ دەکەم.

*جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 6ی سۆران

بابەتە پەیوەندیدارەکان