شەهید سیروان لە هەڵەبجەوە بۆ شیراز و كامیاران

12:17 - 2023-03-16
دووتوێ
324 جار خوێندراوەتەوە
#شیرین و سیروان بەرلە شەهیدبوونیان لەلایەن تیمی فریاگوزاریی ئێرانەوە چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەکرێت

راپۆرتی: ئیبراهیم هەورامانی

مەترسیدارترین کۆڵان لە هەڵەبجەدا
ماڵی سیروان لەو راستە كۆڵانە بوو كە ئێستا بارەگای مەڵبەندی (9) ی شارەزووری ی.ن.ک-ی لێیە. 
ئەو سەردەمە ئەو شوێنە بینای پوختەكردنی تووتن بوو، ئەم كۆڵان و گەڕەكە، بە مەترسیدارترین شوێنی شاری هەڵەبجە ناسرابوو، كە زۆرترین چەکی كیمیایی بەسەردا بارێنرا، بەشێوەیەك کە لەم كۆڵان و گەڕەكەدا كە ئێستا بە گەڕەكی مەرزەبۆتۆ ناسراوە، زۆرترین هاووڵاتی شەهید بوون. 
هەربۆیە ئەوکات و لە سەروبەندی خنکاندنی هەڵەبجەدا بۆتە جێی سەرنجی میدیاكانی ئێران و رۆژنامەنووسانی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانیش کە ئەو سەردەمە لەكاتی سەردانیاندا بۆ شاری هەڵەبجە، هێنراونەتە ئەو گەڕەكە بەگشتی و ئەو کۆڵانە بەتایبەتی.
دیمەنە ناخ هەژێنەکە
زۆربەمان وێنەی شەهیدبوونی عومەری خاوەر و كۆرپەكەی و ئەو هاووڵاتیانەمان نینیووە کە لەنێو پیكابەكەدا شەهیدبوون و چەندین وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەی تری شەهیدەكانمان بینیووە کە لەو سەدەمە و دوای راپەڕین بەتایبەتی بەرچاومان کەوتن، هەر لەو كۆڵان و گەڕەكەوە لەلایەن میدیاكار و فۆتۆگرافەرەكانەوە تۆماركراوە.
لەكاتی  کیمیابارانەکەدا شەهیدان سیروان ئەحمەد حەمەئەمین و شیرین ئەحمەد حەمەئەمینی خوشکی و لەگەڵ باوكیاندا پێکەوەبوون، باوكیان  کاک ئەحمەد حەمە ئەمین كارمەندی فەرمانگەی ئاگركوژێنەوە بووە و «دواتر بەهۆی سەختی و كاریگەریی كیمیاوییەكەوە ئەویش شەهید بووە» بەهۆی سەختی و بەردەوامی و چڕیی بۆمبابارانەكە، خەڵكەكە هەوڵی هەڵهاتن و خۆپاراستن دەدەن. تا خۆیان بگەیەننە یەکێک لەو ژێرزەمینانەی لەنێو ماڵەكاندا هەبوون، یاخود بچنە دەرەوەی شارەكە. لەو سەروبەندەشدا هەریەك لە سیروان و شیرین لە باوكیان دادەبڕێن و پێكەوە دەبنە ئامانجی بۆمبە كیمیاییەکان.
سیروان و شیرین لە گیانەڵڵادا
پاش ئەوەی تیمێكی میدیایی كە پێكهاتبوون لە تیمی ئاژانسی دەنگوباسی ئیرنا و رۆژنامەی جمهوری ئیسلامی و هیدایەتەڵڵا بەهبودی، هەوڵی رزگاركردنی چەند بریندارێك دەدەن، هەریەك لە سیروان و شیرین لە ناوەڕاستی رێگاكەدا هەڵدەگرن و کە وڕوکاس بوون بە کاریگەریی کیمیاییەکە و لەپاڵ دیوارێكدا دایاندەنێن، پاشان بە هاوکاریی چەند ئەندامێکی تیمە فریاگوزارییەکانی ئێران، بەمەبەستی چارەسەركردنیان دەیانگوازنەوە بۆ شوێنێکی تایبەت بە چارەسەرە سەرەتاییەکان.
سەعیدی سادقی چی بینیووە؟
لە دیمانەیەكی تایبەتمدا لە تارانی پایتەختی ئێران، سەعید سادقی  فۆتۆگرافەری ناسراوی ئێرانیم بینی كە ئەوكات وەك فۆتۆگرافەرێكی دیارو كارامەی  رۆژنامەی «جمهوری اسلامی» كاریكردوە، لە وەڵامی هەندێک پرسیار و بەدواداچوونمدا رایگەیاند: «لەكاتی هێرشەکەدا ئێمە وەك تیمێكی رۆژنامەوانی و میدیایی رۆژی پێشتر 15/3/1988 گەشتینە ناو شاری هەڵەبجە، لەو کاتەدا سەرقاڵی وێنەگرتنی ئازادکردنی شارەکە و خۆشحاڵی دەربڕینی خەڵكی هەڵەبجە  بووین. دەنگی فڕۆكەكان دۆخەكەیان پڕکرد لە ترس و تۆقاندن، دەنگی تەقینەوەی بۆمبە ناپاڵم و تەقلیدییەكان و بۆمبی گازە ژەهراوییەکان، ژیانی لە نیمچە ئاساییەوە گوڕی بۆ ژیانێكی مەرگهێنەر و شاری هەڵەبجەی لە شارێكی مەدەنییەوە كرد بە مەیدانی جەنگ و قوربانیدان».
کۆکردنەوە و فریاگوزاریی بریندارەکان
هەروەها وتی: «بۆردومانكردن بەردەوام بوو، نازانم چەند بەسەر دەستپێكردنی یەكەم بۆردوماندا تێپەڕیبوو، ئێمە گەشتینە كۆڵانێك تەرمی ژن و منداڵ و كوڕ و كچی گەنجمان دەبینی لەسەر رێگە و ناو كۆڵانەكاندا كەوتبوون، زۆربەیان شەهید و هەندێكیشان بە گازە کیمیاییەکە بریندارببوون، لە راستە رێگای كۆڵانێكدا كوڕ و كچێكی مێردمنداڵمان بینی کە لە ناوەڕاستی كۆڵانەكەدا كەوتبوون، یەك دوو كەسی سەربازیشمان بینی خەریكی كۆكردنەوەی تەرمەكان و بریندارەكان بوون، من دەستمکرد بە وێنەگرتن ، بەردەوام بووم لەسەر وێنەگرتن، ئەوەندەم نەزانی چەند كەسێكی سەربازی دەركەوتن  و هاواریان لێ كردین، بۆ ماسكی دژە گاز ناپۆشن، نازانن كیمیایی رشێنراوە و دۆخەکە مەترسیدارە؟
ئەوەبوو ماسكە دژە گازەكەم پۆشی، ویستم بەردەوامم بم لەسەر وێنەگرتن، بەڵام هەستمكرد ماسكەكە رێگرە لە وێنەگرتنەكەم، بەناچاری ماسكەكەم لابردو بەردەوام بووم لەسەر وێنەگرتن.
چەندین وێنەی شەهیدبوونی هاووڵاتیانم چرکاند، ماوەیەكی زۆری پێنەچوو، هەستمكرد دۆخی تەندروستیی خۆم بەرەو خراپی دەڕوات، چاوم باش نابینێت و هەناسەدانم باش نەبوو، تەنگەنەفەس بووم، ئەوەبوو منیش وەك ئەو بریندارانەی تر گوازرامەوە کە بەهۆی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانەوە دەگوازرانەوە بۆ جێگایەك تا لانیكەم چارەسەری سەرەتاییان بۆ بكرێت.
بە ئۆتۆمبێل برامە شوێنێک، هەلیكۆپتەری لێ بوو، كە بردمیانە نێو هەلیكۆپتەرەكەوە، ئیدی ئاگام لە خۆم نەما و كاتێك بەهۆش خۆم هاتمەوە، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاران بووم.
چارەنووسی سیروان و شیرین  بەکوێ دەگات؟
سەبارەت بە چارەنوسی هەریەك لە (سیروان و شیرین )یش روونیکردەوە کە
كاتێك گەیشتۆتە ئەو شوێنە، ئەو كوڕ و كچەی بینیووە و زۆر کەم لەیەکترییەوە دووربوون، بەڵام وەک سەعید دەیگێڕێتەوە زۆر بێ حەواس بوون و بە زەحمەت هەناسەیان داوە، بەتایبەتی كوڕەكە كە بەشێوەیەك هەناسەی دەدا کە تەماشات دەکرد، وردە خۆڵی سەر روخسارتی دەجووڵاند.
هەروەها دەگێڕێتەوە کە «ئەوەندەی بەبیرم بكەوێتەوە، ئەم كوڕ و كچە هەردووكیان بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لەگەڵ چەند كەسێكی دیکەدا  كە لە سەرووترەوە كەوتبوون، بردنیان بۆ ئەو جێگەیەی کە هەلیكۆپتەرەكەی تێدابوو. من مامەوە تا ئێوارەیەكی درەنگ و هەر سەرقاڵی وێنەگرتن بووم و هاوكاریی خەڵكەكەشم دەكرد، بۆیە وردە وردە كاریگەریی گازە كیمیاییەكە لەسەر منیش دەركەوت».
سەعیدی سادقی وەک لە بیری مابێت دەڵێت: «كە منیان بەرەو هەلیكۆپتەرەكە برد، لەوێ چەند وێنەیەكم گرت، ئیتر  لەبارەی ئەو خوشك و برایەوە پرسیارم لەو كەسانە كرد كە لەوێ خەڵكەكەیان دەگواستەوە، وتیان كوڕەكەیان بردووە، بەڵام كچەكەیان بەجێهێشت و لەگەڵ خۆیاندا نەیانبرد.
سیروان ئەحمەد پاش گواستنەوەی لە هەڵەبجەوە بۆ چارەسەر دەبرێتە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری شیراز و پاش مانەوەی بۆ ماوەی كەمتر لە 10 رۆژ بەهۆی كاریگەریی كیمیاییەکەوە لە رۆژی 1/4/1988 گیانلەدەست دەدات و شەهید دەبێت.
کامیاران وەک دوا مەنزڵی شەهید سیروان
پاشان تەرمەكەی شەهید سیروان  دەگوازرێتەوە بۆ تاران و بەپێی گێڕانەوەكانی كاك سەروەت ئەحمەدی برای شەهید سیروان، پاش گەڕان و هەوڵێكی زۆر بە مەبەستی سۆراخكردن و دۆزینەی باوكم و سیروانی برام و هەردوو خوشكەكەم (شیرین و كەژاڵ) هیچ هەواڵ و خەبەرێكیان نەبوو، تا رۆژێك هاوڕێیەكی شەهید سیروان کە ناوی حەمە عەلی حاجی عەبدوڵڵایە لەناو وێنەی شەهیدەكاندا كە لە كتێبێكدا بڵاوكرابۆوە، وێنەی شەهیدبوونی سیروانی برام دەبینێت و ئێمەی ئاگاداركردەوە، کاتێک چووینە تاران، لەوێوە تەرمەكەیمان هێنایەوە بۆ ئۆردوگای كامیارانی نزیک لە پارێزگای سنە و لەوێ بەخاكمان سپارد و تائێستاش گۆڕەكەی لەوێیە .
كاك سەروەت لەدرێژەی گێڕانەوەكەیدا باسی لەوەشكرد کە تا ئەمڕۆ هیچ هەواڵێكیان لەبارەی تەرمی باوكی و دوو خوشكەكەی ترییەوە دەستنەکەوتووە و هەر لە سۆراخی دەستكەوتنی هەواڵێكداین بۆئەوەی دڵنیابین لە بوون و نەبوونیان .

 

فۆتۆگرافەر سەعید سادقی

سیروان  ئەحمەد حەمەئەمین لەنێو خێزانەكەیدا زیاتر بە سەیوان ناسراوە. لەساڵی 1979 لە شاری هەڵەبجە لەدایكبووە. لەكاتی هێرشی بەعسییەکاندا بە چەكی کیمیایی «سیانید و خەردەل و ڤی ئێكس»،  بۆ سەر ئەو شارە شەهیدە. تەمەنی شەهید سیروان نۆ ساڵ بوو،  لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی بوو لە قوتابخانەی «سەركەوتن» ی سەرەتایی كە ئێستا قوتابخانەی مەرزەبۆتۆیە.

 

شەهید شیرین ئەحمەد حەمەئەمین لە ساڵی 1975 لە هەڵەبجە لەدایکبووە و  ساڵی 1988  تەمەنی 13 ساڵ بووە و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە لە قوتابخانەی «شاهۆی» سەرەتایی كچان كە ئێستا ئەو قوتابخانەیە بۆتە قوتابخانەی گۆران.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان