یەكێتی یەكدەنگی بە زامنی مافەكانی كورد دەزانێت

10:04 - 2023-03-19
ڕاپۆرت
134 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكهەڵوێستی و یەكدەنگیی كوردی لە بەغدا، كردۆتە ئەولەویەتی كارەكانی و هەنگاوی كرداری بۆناوە، بەدەستهێنانی شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش بە ئەركی سەرەكی لایەنە كوردستانییەكان دەزانێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەردەوام تەئكید لە یەكدەنگیی كورد لە بەغدا و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور دەكاتەوە و لەدوایین كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقدا، رایگەیاند: پێویستە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەك چارەسەربكرێن كە مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد تێیدا پارێزراوبن.
یەكگرتوویی كلیلی چارەسەرە
سۆزان مەنسور وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIA رایگەیاند: پێویستە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا یەكدەنگ بن تابتوانین بە كۆدەنگی مافی میللەتەكەمان فەراهەم بكەین و نابێت ئەوە لەیاد بكەین كە بەدەستهێنانی شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەركی سەرەكیمانە لە بەغدا، وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا هەوڵی زۆری بۆ كۆدەنگیی لایەنە كوردستانییەكان داوە و یەكگرتوویی بە كلیلی چارەسەر دەزانێت.

یەكهەڵوێستیی كورد بەگرنگ دەزانرێت
بارودۆخەكە وا دەخوازێت فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا یەكدەنگ و یەكهەڵوێستبن تابتوانن لە پڕۆژەیاسای بودجەی عیراقدا، مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان جێگیر بكەن.
كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: كۆدەنگی لایەنە كوردستانییەكان لەبارەی بودجەی عیراقەوە گرنگە، چونكە بودجە شایستەی دەستووریی خەڵكی كوردستانە و دۆخەكە وادەخوازێت پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا یەكگرتووبن بۆ ئەوەی بتوانن لۆبی بكەن و ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە شایستە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، بەبێ كێشە لە ئەنجومەنی نوێنەران تێبپەڕێندرێن، راشیگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە دەبێت كورد لە بەغدا یەكدەنگ بێت و بە پراكتیكیش كاری بۆ كردووە، بۆیە دەبێت لایەنە كوردستانییەكان بزانن ئەركیان قورسە و دەبێت جیاواز لە حزبایەتی و بیری تەسكی سیاسی، كار بۆ كۆدەنگیی كورد لە بەغدا بكەن.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئامانجی یەكخستنی دەنگی كوردە لە بەغدا و دەیەوێت بەپێی یاسا و دەستوور كورد ماف و ئیمتیازاتەكانی لەپێناوی خوشگوزەرانی زیاتری خەڵكی هەرێمی كوردستان لە عیراق بەدەستبهێنێت و هەوڵەكانیشی لەو چوارچێوەیەدا چڕكردۆتەوە.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان