راوکردن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا

10:45 - 2023-03-19
ڕاپۆرت
348 جار خوێندراوەتەوە
تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بووەتە بەدیلی پەیوەندییە روبەڕووەکان

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


نور حوسام، کچە مۆدێل و چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە هەنگوینەکەی عیراق ناسراوە، وێنە و ڤیدیۆ نیمچە رووتەکانی لە سۆشیاڵ میدیا هەزاران بینەری هەبووە دواینجار بە جلوبەرگی ئەفسەری عیراقییەوە دەرکەوت و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عیراقەوە بە تۆمەتی بەزاندنی ئادابی گشتی دەستگیر کراوە و سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەنجومەنی دادوەری عیراق نوسراوی بۆ داواکاری گشتی و سەرۆکایەتی دادگاکانی تێهەڵچوونەوە و دەستەی چاودێری دادوەری کردووە و داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند دەکات بەرامبەر ئەو کەسانەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و راگەیاندن بەکاردەهێنن بۆ تێکدانی رەوشتی گشتی و کاری بەدڕەوشتی،  تا ببنە پەند بۆ کەسانی تر و کۆمەڵگا.
لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لیژنەیەکی بەدواداچوونی پێکهێنا بە مەبەستی چاودێریکردنی هەموو بابەت و وێنە و ڤیدیۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاودەکرێنەوە و لەگەڵ ئادابی گشتیدا یەکناگرنەوە و هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەس و گروپانە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک کەسیش دەستگیرکراون، هەڵمەتەکە بە راوکردن ناودەبرێت.
تەنها عەسەل نییە لە ماوەی رابردوودا چەندین کەسی دیکەی هاوشێوە لە شارە جیاوازەکانی عیراق لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە هەمان تۆمەت دەستگیر کراون.


ئادابی گشتی
ئادابی گشتی بریتیە لە كۆمەڵێك بنەماو بەهای ئاكاری و نەریتی لەكۆمەڵگەیەكی دیاریكراودا باون، لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی تر جیاوازن و لەهەمان كۆمەڵگەشدا لەسەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی تر گۆڕانكاریان بەسەردا دێت لادان لێیان یان سوکایەتیکردن پێی ئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە بەدیلی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە روبەڕووەکان و جێگرەوەی ئەو ژیانە سروشتیەیە لە رابردوودا هەبووە، هەروەها بووەتە پێگەیەکی فراوان بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و دروستکردنی پەیوەندی و گفتوگۆکردن هاوکات لەگەڵ سوودەکانی کۆمەڵێک زیانیشی هەیە و لە لایەن هەندێک کەسەوە بووەتە شوێنی بڵاوکردنەوەی بابەت و وێنە و ڤیدیۆی دوور لە  ئاداب و کەلتوری کۆمەڵایەتی، جنێودان و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی کۆمەڵگە و کەسایەتییەکانی.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ جیاوازی تەمەن، رەگەز و ئاستی رۆشنبیری لەلایەن سەرجەم چین و توێژەکانەوە بەکاردەهێنرێت ئەوەش وایکردووە بە ئاسانی فلتەر نەکرێت.
دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وتی، ئەوەی کەسێک لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بابەتێکی نەشیاو بڵاودەکاتەوە یان جنێو دەدات و وێنەو ڤیدیۆی نەشیاو بڵاودەکاتەوە ئەوە کاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن نییە و کاری داواکاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆیە بەدواداچوونی بۆ بکەن.


سۆشیاڵ میدیا وەک هۆکارێکی راگەیاندنە
سۆشیاڵ میدیا وەک هۆکارێکی راگەیاندنە و هەر کەسێک لە رێگەیەوە تەشهیر بکات کەسی بەرامبەر دەتوانێت سکاڵای لەسەر تۆمار بکات، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ئادابی گشتییەوە هەیە پێویستە داواکاری گشتی لەسەری بێتە دەنگ.
محەمەد رێکانی ئەندامی داواکاری گشتی رایگەیاند، هەر بابەت یان وێنە و ڤیدیۆیەکی نەشیاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێتەوە و پەیوەندی بە ئادابی گشتی و پیرۆزییە ئاینییەکان و کۆمەڵگەوە هەبێت داواکاری گشتی بەدواداچوونی بۆ دەکات سکاڵا تۆمار دەکات تا بەپێی یاسا بەرکارەکان کەسەکە سزا دەدرێت.
لە هەرێمی کوردستان سۆشیاڵ میدیا بووەتە شوێنی بڵاوکردنەوەی نمایشکردنی جەستە و شەڕە جنێو و تۆمەت دروستکردن بۆ یەکتر لەلایەن چەند کەسێک بە ناوی چالاکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و مۆدێلەوە، ئەمە تەنها کەسانی گەنجی نەگرتووەتەوە بەڵکو منداڵ و کەسانی بە تەمەنیش خەریکی هەمان کارن بەبێ رەچاوکردنی ئادابی گشتی کۆمەڵگە کە ناڕەزایی بەشێکی هاووڵاتیانی لێ کەوتووەتەوە.
لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمی کاردستان چەند کچە مۆدێلێک بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیرکران و سزادران ئەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان بووە هۆی کەمکردنەوەی چاوپێکەوتن و دەرکەوتنی ئەو کەسانەو هاوشێوەکانیان لە کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام بە تەواوی بنەبڕ نەبووە.
سۆشیاڵ میدیا لە هەرێمی کوردستان بە یاسایەکی تایبەت رێکنەخراوە و لەو بابەتەدا بۆشایی یاسایی هەیە لەکاتێکدا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی بێ سنوور لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەکاردەهێنرێت.

رەشنووسی یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی ئامادەیە
لە پەرلەمانی کوردستان رەشنووسی یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی ئامادەیە و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە، بەڵام لەبەرئەوەی هەڵایەکی گەورەی لەسەر دروست بوو نەخرایەوە بەرنامەی کارەوە و راگیراوە.
تەنها کاری جدی لایەنە بەرپرسەکان لەسەر چاودێریکردنی سۆشیاڵ میدیا ناچارکردنی کۆمپانیاکانی تایبەت بە هێڵەکانی ئینتەرنێتە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە بە دروستکردنی پاکێجی خێزانی بۆ قەدەغەکردنی سایت و ماڵپەڕە نەشیاوەکان و ئێستا 120 هەزار خێزان بەکاریدەهێنن.
دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، ئیشی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن نییە بچێتە ناو ئەکاونتی تایبەتی کەسەکانەوە و بزانێت چی دەکات و لەکوێدا هەڵە دەکات، پێویستە لەسەر دایک و باوکان چاودێری منداڵەکانیان بکەن هۆشیاربن و رێگە نەدەن سەیری ئەو کەسانە بکەن شتی نەشیاو بڵاودەکەنەوە یان قسەی ئاست نزم دەکەن.
پاراستنی خێزان یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ گرنگ و له‌پێشینه‌كانی  داواكاری گشتی‌ له ‌چوارچێوه‌ی پاراستنی ئادابی گشتیدا.
پارێزەر ڤێنا بەکر وتی، ئەو کەسانەی لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە کارێکی نەشیاو دەکەن و دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئادابی گشتی بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سزا دەدرێن کە پێبژاردن و بەندکردنیشی تێدایە و بەپێی حاڵەتەکە و جۆری پێشێلکارییەکە سزاکە دەگۆڕێت.
هۆشیارکردنەوەی ئەو کەسانەی ئادابی گشتی دەبەزێنن ئەرکی هەموانە لە رێگەی پەروەردە و رێکخراوە جیاوازەکان و راگەیاندنەکانەوە هەروەها بەپێی یاساش لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت تا دووبارەی نەکەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان