راگەیاندن و فەلسەفەی پەروەردە دەبێت هاوتەریب بن

11:35 - 2022-04-19
ڕاپۆرت
2262 جار خوێندراوەتەوە
فۆتۆ: لاڤان رەئوف

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان*

بەرپرسیارێتی پەرەپێدان و گەشەپێدانی راگەیاندنی پەروەردەیی بە تەنها ئەرکی پەروەردەکاران نییە، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی نیشتمانی و گرنگی تەواوی دامەزراوە و پێکهاتەکانی دەوڵەت و هەموو لایەنەکانی کاریگەری نێو کۆمەڵگەیە، لە تاکێکەوە تادەگاتە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵات، ئەگەر وانەبێت ئەوا ئامانج و فەلسەفەی پەروەردە کاریگەریەکی ئەوتۆی نامێنێت و دەچێتە ژێر هەژموونی شەپۆلی راگەیاندنی گشتی و لەناویشیاندا راگەیاندنی پەروەردەیی دەبێت بە پەراوێز و دەستەبژێری بینەرێکی کەم کە تەنها بۆ مەبەستێکی کاتی یان کەم بایەخی لە دەور کۆببێتەوە، بۆیە پێویستە سەرجەم چین و توێژ و دامەزراوە و لایەنەکان هاوبەشی گرنگیپێدان بەم مەسەلەیەبن.

هاوتەریبی راگەیاندن و فەلسەفەی پەروەردە بۆچی؟
حەقیقەتێک هەیە لە بواری پەروەردەدا ئەویش فەلسەفەی پەروەردەیە لەهەر کۆمەڵ و وڵاتێکدا بەجۆرێک دادەڕێژرێتەوە کە خواستی بەدیهێنانی نەوەیەک بێت بە پێی ئەو پێوەر و ئامانج و دید و ئایندەبینییانەی دەسەڵات و خواستی وڵاتی لەسەرە بۆ بەدیهێنانی، جا ئەو فەلسەفەی پەروەردەییە هەرچییەک بێت ئەوا کۆدەنگی و راسپاردە پەروەردەییەکان لە حکومەت و بەتایبەت لە وەزارەتی پەروەردە دەستنیشانی دەکات، ئەو فەلسەفەیەش بنەمایەکی کارکردن دەبێت بۆ هەموو دامودەزگا پەروەردەییەکان بەو ئاڕاستەیەی کە فەلەسەفەکە داخوازی دەکات و مەرجیشە  راستەوانە لەگەڵیدا بگونجێت، گرنگە پەروەردە ئاگای ئەوەی هەبێت  فەلسەفەی پەروەردەیی تەنها بە نووسین و تۆمارکردنی سەرکاغەز نایەتەدی، بەڵکو کردارێکی تەواو کاراییە و دەبێت بەشێوەی کرداریی و رەفتاریی و کارامەیی لە سەرجەم لایەنەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگەدا کاری لەسەر بکرێت، لە گرنگترین ئەو بەش و لایەنانەی دەبێت رۆڵ و گرنگی خۆی هەبێت بۆ چەسپاندن و بنیاتنانی ئەو فەلسەفەیە لەنێو کۆمەڵگەدا راگەیاندنە و لەناویشیاندا راگەیاندنی پەروەردەییە بە هەموو شێوەکانییەوە لە بینراو و بیستراو و نووسراو و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و پێگە ئەلیکترۆنی و ماڵپەڕ و...سەرجەم بەشەکانی دی، بەڵام لە ئێستادا ئایا رەنگدانەوەی فەلسەفە و خواستی پەروەردەیی لە کوێی راگەیاندن و راگەیاندنی پەروەردەییدایە؟ ئایا راگەیاندن چ ئاگایی و لێتێگەیشتنی بۆ بنەما و فەلسەفەی پەروەردەی وڵات هەیە و چەند بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات کە فەلسەفەی پەروەردەیی و ئامانجی ستراتیجی دەوڵەت دەیەوێت پێی بگات؟ یان بە راشکاوانە تر بڵێین چەند خەمی بەدیهێنانی ئەو فەلسەفە پەروەردەییەی هەیە کە خواستی بنیاتنان و پێگەیاندنی تاکێکی هۆشیار و دیموکراسی و بڕوابەخۆبوویی بابەتی و مەعریفی و زانستی هەیە؟ ئەگەر  ئێستا بەراوردێکی راگەیاندن و فەلسەفەی پەروەردە بکەین، جیاوازییەکی گەورەی وا لە ئاڕاستەی کارکردندا دەبینین زۆر لە نیگەرانی زیاتر هەڵدەگرێت، دوورییەک کە خودی فەلسەفەی پەروردەیی وەک بوونێکی نامۆ و نادیار و شاراوە و گرنگیپێنەدراوی دێتە پێش چاو لە نێو ئەو شڵەژاوی و بێسەروبەرییەی راگەیاندن و کەناڵەکانی راگەیاندا بەهەموو شێوازەکانییەوە، زاڵبوونی ریکلامی بازرگانی و درامای هەمەجۆری بێ دیراسەکراو و ناجۆر لەگەڵ فەلسەفەی پەروەردە و پرۆگرامی رەواجپێدەری مادیی و زاڵکردنی بەسەر کەسایەتی و بەهاو پێگەی مرۆڤدا هەلومەرجێکی خستووەتەوە مرۆڤ پێی سەیربێت و بپرسێت ئەمانە لە کوێی ئەو بابەتاندا یەک دەگرنەوە کە لە دووتوێی کتێبەکاندا دەخوێنرێن و پێمان لەبەردەکەن.
راگەیاندن بەتایبەت راگەیاندنی بینراو، دەچێتە هەموو ماڵەکانەوە و بەکراوەیی لە بەردەم هەموو تاکێکدا بەبێ رەچاوکردنی تەمەن و کاتی بینینی گونجاو خۆیان دەخزێننە نێو بیر و مەعریفەی تاکەوە و کاری تێدەکەن و لە رەفتارەکانیدا دەچەسپێن بەجۆرێک کاریگەریەکەی زۆر زیاتربێت لەو بابەتانەی لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا دەیخوێنێت، ئەمەش زۆرجار تاک بەرەو گومان و بڕواپێنەبوون بەفەلسەفەی پەروەردەیی و ناوەڕۆکی پێدراوەکانی خوێندن دەبات و گرنگی بەلاوە نامێنێت. بۆیە زۆر گرنگە کە کاری جدی بکرێت بۆ راستکردنەوەی ئەو ئاڕاستەیەو راستەوانەکردنی هەردوو ئاڕاستەی راگەیاندن بەگشتی و راگەیاندنی پەروەردەیی بەتایبەت و فەلسەفەی پەروەردەیی.

راگەیاندنی پەروەردەیی لەکوێی راگەیاندنی گشتیدایە؟
ئەگەر چاوێکی واقعی و بابەتیانە بە راگەیاندنی پەروەردەییدا بگێڕین، زۆر بەڕوونی هەست بەوە دەکرێت راگەیاندنی پەروەردەیی نەک نەیتوانیووە رۆڵیکی کاریگەری هەبێت لەنێو دنیای راگەیاندندا، بەڵکو تەنانەت نەیتوانیووە شوێنی خۆی لەنێو دەستەبژێری پەروەردە و پەروەردەکارانیشدا بکاتەوە، ئەگەر راپرسییەک بکرێت لەنێو خودی مامۆستایان و خوێندکاراندا کەمترین ژمارەمان دەست دەکەوێت  رۆژانە ئاگاداری پرۆگرام و بابەتەکانی راگەیاندنی پەروەردەیی بن، پرسیارێکی جدی دێتە پێشێ، ئەویش ئەوەیە بۆچی؟ وەڵامەکەشی روونە راگەیاندنی پەروەردەیی نەیتوانیووە ببێتە سەرچاوەی سەرەکی دەستکەوتنی ئەو پێداویستیە مەعریفی و بابەتیی و زانستییانەی هەرکەسێک بەگشتی و کەسێک لە پەروەردە کاربکات بەتایبەت دەستی بکەوێت، ئەوەی حەقیقەتە راگەیاندنی پەروەردەیی نەیتوانیووە هەموو بەش و پێکهاتەکانی راگەیاندنی خۆی بە بینراو و بیستراو و نووسراو و بەشەکانی تریش بەجۆرێ بەکاربهێنێت لە ئاست خواستی وەرگر و بگرە بەدیهێنەری خودی ئەو فەلسەفەیەش بێت وەزارەتی پەروەردە داخوازی دەکات، بەداخەوە تائێستا لە سەرجەم کابینەکانی وەزارەتی پەروەردە ماڵپەڕی وەزارەت و سەرجەم پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بێجگە لە ئەرشیف و ئەلبوومی وێنەی چالاکییەکانی وەزارەت یەک بابەت یان نووسینێکی پەروەردەیی و زانستی تێدانییە فێرخوازێک بتوانێت بۆ راپۆرتێکی پەروەردەیی لێی سوودمەند بێت، تائێستا وەزارەتی پەروەردە خاوەنی گۆڤار یان رۆژنامەیەک نییە بەشێوەیەکی پەروەردەیی و لەسەر بنەمای بابەتیی و زانستیی و هاوچەرخ بتوانێت نووسەر و خاوەن قەڵەمە پەروەردەییەکان لە دەور خۆی کۆبکاتەوە و هیچ نەبێت مانگانە خەرمانێک زانست و مەعریفە ببەخشێتەوە، بەداخەوە تەنانەت تەلەفزیۆنی پەروەردەییش بووە بە پۆلی وانەوتنەوە و ئەویش کەمترین تەکنیکی هاوچەرخی تێدا بەکاردێت لەوانەوتنەوە و شێوازی شرۆڤەکردنی بابەتەکاندا، لەلایەکی تریشەوە راگەیاندنی پەروەردەکانیش هەمان شێواز لەخۆدەگرن و بێجگە لە رێنمایی و نووسراوە فەرمییەکان نەبوونەتە پێگەیەکی زانستی و ئەکادیمی و جێگای کێبڕکێی زانستی و کاری پەروەردەیی، بە ئەلبوومکردنی سەرجەم پەڕە و هەژمار و کەناڵە راگەیاندنییە پەروەردەییەکان هۆکارێکن بۆ دوورکەوتنەوەی وەرگری پەروەردەیی بۆ ئەو کەناڵانە، لە راستیدا دەبێت بەجۆرێک بێت بخرێتە خزمەتی ئامانج و فەلسەفەی پەروەردەییەوە تابتوانرێت بەهەموو شێوازەکان راگەیاندنی پەروەردەیی بگاتە ئاستێک هیچ نەبێت پێڕی پەروەردە و پەروەردەکاران و فێرخوازان لە دەوری کۆببنەوە و لێی سوودمەند بن و خۆیان و ئامانجەکانیانی تێدا بدۆزنەوە.

چیبکرێت بۆ هاوتەریب کردنی ئاڕاستەکان؟
راگەیاندنی پەروەردەیی و پەرەپێدانی بەهەموو ئاستەکانییەوە بە بنەمایەکی بنەڕەتی دادەنرێت بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە بەگشتی و پەروەردە بەتایبەتی، راگەیاندنی پەروەردەیی دەتوانێت بنەڕەتییە دەروونی و هۆشمەندیی و رۆشنبیرییەکانی تاک دابڕێژێتەوە و ئاڕاستەی بکات، دەبێت وا بۆی بڕوانرێت پەروەردە بەکارهێنەر نییە بەڵکو بەرهەمهێنەرێکە تاکێکی هۆشیار و بایەخدار بەرهەم دەهێنێت و وەزارەتی پەروەردە و حکومەتیش خەرجی تایبەت و پێویستی بۆ دابین بکات و لە ئەولەویەتی گرنگی پێدانەکانی بێت.
هەماهەنگی وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردە لەسەر لێتێگەیشتن لە ئامانج و مەبەستەکانی پەروەردە و فەلسەفەی پەروەردەیی، داڕشتنەوەی بەرنامە و دراما و پێشکەشکراوەکانی کەناڵەکانی راگەیاندن بەجۆرێک هەماهەنگ بێت بۆ بەدیهێنانی فەلسەفەی پەروەردەیی نەک دژبوون و پێچەوانەی، ئەگەر وانەبێت ئەوا فەلسەفەی پەروەردەیی تەنها لەنێو دووتوێی کتێبەکاندا دەمێنێتەوە و کاریگەری نابێت لە بەدیهێنانی ئەو تاکەدا کە خواستی دەکات بەدی بێت.
پەروەردە چەمکێکی فرەلایەنەیە و ناکرێت بچووکبکرێتەوە تەنها لەنێو پۆل و قوتابخانەکان، تەواوی کۆمەڵگە دەبێت هاوبەشبێت لە داڕشتنی فەلسەفەی پەروەردەو هەر لەبنەڕەتیشدا وایە، چەمکی فەلسەفەی پەروەردەیی دەرهاویشتەی بنەماکانی نێو کۆمەڵگەیە، دابڕانی خێزان و کۆمەڵگە و پێکهاتە و دامەزراوەکانی تر لە فەلسەفەی پەروەردە و نەگەیشتنی ئەو فەلسەفەیە بەتێگەیشتنی لای هەموان، ناتوانرێت بە تەواوی کاری لەسەربکرێت و دواتر ئەنجام بەوشێوە نابێت کە چاوەڕوان دەکرێت ببێت.
وەزارەتی پەروەردە کاربکات سەرجەم پێکهاتە و بەشەکانی راگەیاندنی خۆی بخاتە خزمەتی بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەییەکانەوە، گرنگە وەزارەتی پەروەردە خاوەنی چەندین کەناڵی بینراو و بیستراوبێت، رۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڵام دوور لە بیروبۆچوونی حزبی و کەسی و تایبەت بێت، لەسەر بنەمای زانستی و بابەتی و لەخزمەتی داهێنانی پەروەردەییدابێت.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

# پەروەردە

بابەتە پەیوەندیدارەکان