ئین سلێمانی گەشتیار بۆ نەورۆز رادەكێشێت

12:29 - 2023-03-19
کوردستان
180 جار خوێندراوەتەوە

لە هەرێمی كوردستان ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازی لە جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان دەستیپێكردووە و  پێشبینی دەكرێت گەشتیارێكی زۆر لەو رۆژانەی نەورۆزدا روو لە هەرێم بكەن و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواش چالاكییەكانی ئین سلێمانی راناگرێت.

بارانبارین چالاكییەكانی ئین سلێمانی راناگرێت
پلاتفۆڕمی ئین سلێمانی چالاكییەكانی بۆ نەورۆز دەستپێكردووە و پلانكاری تایبەتی بە چالاكییەكان داناوە و یادێكی تایبەتتر بەراورد بە ساڵانی رابردوو دەكاتەوە.
پلاتفۆڕمی ئین سلێمانی لە رۆژی 17ی مانگەوە چالاكییەكانی دەستپێكردووە و هەرچەندە بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا پێدەچێت شەپۆلی باران روو لە هەرێم بكات، وتەبێژی پلاتفۆڕمەكەش دەڵیت: لە ئەگەری باران بارینیشدا چالاكییەكانمان بەردەوام دەبێت.
هەژان هێرش وتەبێژی پلاتفۆڕمی ئین سلێمانی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: لە رۆژی 17ی مانگەوە چالاكییەكانی ئین سلێمانی دەستیپێكردووە و تا رۆژی  20 ی مانگ بەردەوام دەبن.

گەشتیاری زیاتر روو لە سلێمانی دەكات
لە ساڵی رابردوودا لە ماوەی 10 رۆژدا بۆ جەژنی نەورۆز، زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانییان كردووە و پێشبینی دەكرێت ئەو رێژەیە بەرزتربێتەوە.
ئارام شوانی وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA  دەڵێت: ساڵی رابردوو لە رۆژی 13 تا 23ی ئادار، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی روویان لە شاری سلێمانی كردبوو 100 هەزار كەس بوون، وتیشی: پێشبینیمان وایە بۆ ئەمساڵ ژمارەیەكی زیاتر گەشتیار روو لە شاری سلێمانی بكەن و ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ پێشوازیكردن.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان