یەكێتی، ئیمزا بۆ بودجە و قەرەبووی هەڵەبجە كۆدەكاتەوە

09:51 - 2023-03-20
کوردستان
283 جار خوێندراوەتەوە

فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵمەتی كۆكردنەوەی ئیمزای بۆ جێگیركردنی بودجەیەكی تایبەت و قەرەبووكردنەوەی پارێزگای هەڵەبجە، دەستپێكردووە.
چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «لەناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەوڵی كۆكردنەوەی ئیمزای پەرلەمانتارانم داوە بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2023، بودجەیەكی تایبەت بۆ پارێزگاكە جێگیربكرێت، هەروەها قەرەبووی پارێزگای هەڵەبجە بكرێتەوە».

ژمارەی پێویست ئیمزا بۆ پڕۆژەكە كۆكراوەتەوە
ئاماژەی بەوەشكرد كە پێویستە بۆ هەر پڕۆژەیەك 25 پەرلەمانتار ئیمزای لەسەربكات، بەڵام ئێستا زیاتر لە ژمارەی پێویست ئیمزا بۆ پڕۆژەكە كۆكراوەتەوە و لەهەوڵداین ژمارەی ئیمزاكان زیادبكەین، تا پەرلەمان بتوانێت لەم رێگەیەوە خزمەتێك بە هەڵەبجەییەكان بكات. وتیشی: «حكومەتی عیراق دەتوانێت وەك پارێزگایەكی نوێ لە هەڵەبجە بڕوانێت و بودجەی بۆ تەرخان بكات، تا ئەو زیانەی بەریكەوتووە، قەرەبووبكرێتەوە».
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رۆژی 13/3/2023، رێكارە فیدراڵییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی تەواوكرد و بووە 19هەمین پارێزگای عیراق، كە ئێستا بڕیارەكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانە و چاوەڕوان دەكرێت لەماوەیەكی نزیكدا ئەنجومەنی نوێنەرانیش بڕیار لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدات.

بەپارێزگابوونی هەڵەبجە یەكێكی دیكەیە لە دەستكەوتەكانی یەكێتی بۆ گەلی كورد بەگشتی و خەڵكی هەڵەبجە بەتایبەتی
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە هەموو كۆبوونەوە و دیدارە سیاسییەكانیدا لە بەغدا جەختی لە تەواوكردنی رێكارە یاساییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كردووەتەوە، تەنانەت لە پڕۆژەكەی یەكێتی-دا لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق تەئكید لە تەواوكردنی رێكارە یاساییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كراوەتەوە.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان