سەرۆک بافڵ: پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە خزمەت بە گەلەکەمان بکات

10:26 - 2023-03-20
کوردستان
328 جار خوێندراوەتەوە


هاونیشتمانیانی خۆشەویست لە سەرتاسەری کوردستان

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە، لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم رۆژانی جەژن لە دڵخۆشی و کامەرانیدا بەسەربەرن.

هیوادارم جەژنی نەورۆز ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان و هەوێنێک بێت بۆ قووڵکردنەوەی گیانی خۆشەویستی و تەبایی لەنێوانماندا. هەموومان بە رۆحێکی کوردانە و لەپێناوی سەربەرزی و سەرفرازیی کوردستاندا کاربکەین و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین.

لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی و بڵێسەی ئاگری نەورۆزدا، رایدەگەیەنین کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان. پێشوازی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکەین کە خزمەت بە گەلەکەمان و خەڵکە خۆڕاگرەکەمان بکات. ئێستا و هەموو کاتێک ئامادەی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانەین و لە بەرامبەر ئەم ئەرکە نەتەوەیی و مێژووییەی لەسەر شانمانە بەرپرسیار دەبین.
باوەڕی پتەو و نەگۆڕمان بە یەکگرتوویی هەیە، چونکە تەنیا لەو رێگەیەوە دەتوانین مافە رەواکانی گەلی کورد بەدەستبهێنین و داهاتوویەکی پرشنگدار بونیادبنێین.

ئەمڕۆش کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رزگارکردن و راپەڕینی کەرکوکی خۆشەویستمان، بە دڵ پیرۆزبایی لە کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکان دەکەم و دڵنیایان دەکەمەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە دەبێت بۆ هەمیشە لەگەڵیان دەمێنێتەوە و بە خوێنی خۆمان قودسی کوردستان دەپارێزین.

دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت و سەرفرازبن


بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان