قوباد تاڵەبانی: نەورۆزی کوردەواری هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی و تەبایی بووە

10:41 - 2023-03-21
کوردستان
264 جار خوێندراوەتەوە

نەورۆزی کوردەواری هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی و تەبایی و دەستپێکی وەرزێکی نوێ بووە، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان پەیامی نەورۆز بە جدی وەربگرین و دەرگا بکەینەوە بەڕووی چارسەرکردنی گرفتەکاندا.
کوردستان لەبەردەم هەڕەشە و دەرفەتیشدایە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵانێکی زۆرە بە هەموو کەموکوڕییەکانمانەوە تەحەمولیان کردووین، داوای خزمەتگوزاری باشتر و بوژانەوەی ئابووری و ئارامی سیاسی دەکەن، لەم دۆخەدا داوا دەکەم هەموو لایەکمان لەپێناوی هاووڵاتییاندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و پێکەوە ئیدارەی ئەم دۆخەی ئێستا بدەین.
با پێکەوە ئەو دەرفەتەی لەگەڵ بەغداد هاتووەتە پێشەوە بقۆزینەوە بۆ رێکەوتنێکی یەکجاری و درێژخایەن. لەناوخۆشدا زەمینە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بڕەخسێنین بە جۆرێک هەم متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکان بەهێز بکات و هەم هاوپەیمانەکانمان لە دەرەوە لەخۆمان بێهیوا نەکەین.
لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی کوردستانەوە، ئێمە دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکەین و ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین و رایدەگەیەنین؛ داواکاری کەسیمان نەبووە و نییە، بەڵکو داواکاری و بەرگریکردن بووە لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان کە پێمان وایە ئەمە دەکرێت ویست و داواکاری هەموو لایەکمان بێت، ئێمەش بەبەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو داواکاریانە، ئامادەی هەموو ھاوکاری و هەنگاوێکی پێویستین.
لە کۆتاییدا نەورۆزی کوردەواری لە هەموو لایەک پیرۆز دەکەم و هیوای جەژنێکی پڕ لە شادی و خۆشی بۆ هەموان دەخوازم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان