ئەنكەرە داواكەی دادگای پاریسی دۆڕاند و نەوتی هەرێم راگیرا

10:05 - 2023-03-26
ئابووری
438 جار خوێندراوەتەوە

حكومەتی عیراق كارتێكی دیكەی یاسایی لە دژی هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم بۆ توركیا، كەوتە دەست و پێشتریش كارتی دادگای فیدراڵی لەدەستدابوو بۆ رەتكردنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم، كە رۆژانە حكومەتی هەرێم 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی توركیا دەكات.

ئەنكەرە لە نیوەشەوی 24\25/3/2023 بەڕەسمی بەغدای بەخەبەرهێنا و ئاگاداریكردەوە كە «دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، لە دۆسێی درێژخایەنی ئەنكەرەدا سەبارەت بە هەناردەی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان، لە بەرژەوەندیی بەغدا بڕ‌یاری دەركردووە». ئەم هەواڵە لە پێگەی ئارگەسی و بلومبێرگەوە بڵاوكرایەوە و ئەوەیان ئاشكراكردووە كە» توركیا ر‌ێگەنادات نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندیی عیراق بگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهان».

حكومەتی عیراق دوو كارتی زۆر بەهێزی لە دژی هەرێم لەبەردەستدایە
بەهجەت ئەحمەد خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە گرێبەستە نەوتییەكانی عیراقدا، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: «ئێستا حكومەتی عیراق دوو بڕیاری زۆر گرنگی لەبارەی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەردەستدایە، كە یەكەمیان بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە لە 15ی 2ی 2022، دووەمیشیان بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییە لە پاریس كە شەوی رابردوو دەرچووە و هەردوو بڕیارەكە یاسایین و پشتی پێدەبەسترێت». وتیشی: «بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان قەیرانێكی دارایی قووڵتر لەوەی ساڵی 2014 روو لە هەرێم دەكات، ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عیراق رێكنەكەوێت مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی پێنادرێت».

دۆسێكە نۆ ساڵە لە پاریسە
دۆسێی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس نزیكەی نۆ ساڵە بەردەوامە، كە بەپێی دۆسێكە «توركیا ر‌ێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتیی ساڵی 1973ی  پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عیراقەوە بەبێ ر‌ەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت». ئەم ناكۆكییەش دەگەڕ‌ێتەوە بۆ ساڵی 2014 كە حكومەتی هەرێم سەربەخۆ بەبێ رەزامەندیی بەغدا نەوتی هەناردەی توركیا كرد و گرێبەستی درێژخایەنی كرد، لەكاتێكدا ئەو بۆرییە پێشتر نەوتی خاوی لە كێڵگەی نەوتی كەركوك لە باكووری عیراقەوە دەگەیاندە بەندەری جەیهانی توركیا.
هەرێمی كوردستان پشت بە هەناردەی نەوتی خاو لەڕ‌ێگەی توركیاوە، دەبەستێت. بۆیە بڕ‌یارەكەی دادگای پاریس فشار لەسەر هەولێر توندتر دەكات و كارتی دەستی لە دانوستاندا لەگەڵ بەغدا لاواز دەكات، بەتایبەتی لە كەرتی نەوت و غازدا، كە ئێستا خولی گفتوگۆ هەیە لەنێوان كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و حكومەتی هەرێمدا.

عیراق چەكی بەهێزی بەدەستە
حكومەتی عیراق ئێستا چەكی بەهێزی بەدەستە، كە بڕ‌یارەكەی دادگای پاریسە، هەروەها كارتی دیكەشی بەدەستە كە بڕ‌یارەكەی دادگای فیدراڵی عیراقە كە لە شوباتی 2022ەوە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی بە «نادەستووری» ناساندووە، هەروەها دادگای فیدراڵی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت پووچەڵ كردەوە.
وەزارەتی نەوتی عیراق ساڵی ر‌ابردوو ر‌ایگەیاند: كۆمپانیا ئەمریكییەكان پابەندبوون بە بڕ‌یاری دادگای فیدراڵی لە پرۆسەی تەسفیەكردن و دەرچوون لە تەندەر و گرێبەستەكان لە كوردستاندا. جگەلەوەش كۆمپانیای ترافیگورا لە كۆتایی مانگی یەكدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم پچڕ‌اند، ئەمەش هەنگاوێكە تەنها ئاستەنگەكانی هەرێمی كوردستان گەورەتر دەكات و توانای بەبازاڕ‌كردنی نەوتی خاوی خۆی ئاڵۆزتر دەكات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان