راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
پزیشك: بەڕێز فەرموو كێشەت چییە؟
پیاو: ماندوو و بێتاقەتم بەهۆی فشاری كاركردنەوە.
پزیشك: پیشەكەت چییە؟
پیاو: ژمێریاری بانك.
پزیشك: پیشەی ژنەکەت چییە ؟
پیاو: كار ناكات تەنها ژنی ماڵەوەیە.
پزیشك: كێ خۆت و منداڵەكان خەبەردەكاتەوە و نانی بەیانیتان بۆ ئامادە دەكات؟
پیاو: ژنەکەم چونكە كار ناكات.
پزیشك: بەیانیان ژنەکەت كەی لەخەو هەڵدەستێت و خۆت كەی لە خەو هەڵدەستیت؟
پیاو: ژنەکەم لە سەعات پێنجی بەیانی و منیش لە سەعات حەوت، چونكە منداڵەكان ئامادە دەكات بۆ قوتابخانە و دواتر نانی بەیانی بۆ من ئامادە دەکات، لەبەرئەوەی کار ناکات.
پزیشك: كێ منداڵەكان دەگەیەنێتە قوتابخانە؟
پیاو: خێزانم چونكە كار ناكات و دەوامی نییە.
پزیشك: دوای گەیاندنی منداڵەكان بۆ قوتابخانە ژنەکەت چی دەكات؟ ئەی تۆ چی دەكەیت؟
پیاو: دەگەڕێتەوە جلەكان دەشوات و ماڵ خاوێن دەکاتەوە، نانی نیوەڕۆ ئامادە دەكات و چاوەڕوانی گەڕانەوەی منداڵەكان دەكات، منیش دەچم بۆ سەر كارەكەم تا سەعات سێی دوا نیوەڕۆ.
پزیشك: بەڕێزم ئێوارە كە دەگەڕێیتەوە چی دەكەیت؟ ئەی ژنەکەت چی دەكات؟
پیاو: سەرخەوێك دەشكێنم و چاوێك بە سایت و تەلەفزیۆن و هەواڵەكاندا دەگێڕم، ژنەکەشم نانی ئێوارەمان بۆ ئامادە دەكات و دواتر قاپەكان دەشوات، ماڵ پاك دەكاتەوە و منداڵەکان دەخەوێنێت.
پزیشك: ئێستا كامتان پێویستتان بە پزیشكی دەروونی هەیە تۆ یان ژنەکەت؟ كێ پێویستی بە پشوو و ئارامی هەیە كە بەهۆی فشاری كارەوە لەسەری دروست بووە تۆ یان ژنەکەت؟
ئایا رۆتینی رۆژانەی خێزانەكەت لە بەری بەیانییەوە تا شەوێكی درەنگ ناوی دەنێیت هیچ كارێك ناكات؟ یان هیچ وەزیفەیەكی نییە؟
ئەمە دیارترین گفتوگۆی نێوان پیاوێکە لەگەڵ پزیشکێکی دەروونی، کە ژنەکەی لە دەرەوەی ماڵ دەوامی فەرمانگە یاخود کارێکی فەرمی نییە، یاخود بۆ کارکردن بەبڕێک پارە ناچێتە دەرەوە و زۆربەی کاتەکانی لە ماڵەوە بەسەر دەبات.
ئیشی ماڵ کۆتایی نایەت
بەشێک ژنان لە کۆمەڵگەدا بەم شێوەیە دەژین ئەرکی سەرەکییان بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی کاروبارەکانی ناوماڵە، خزمەتکردن و پەروەردەکردنی منداڵ، خاوێنکردنەوەی ماڵ، خواردن ئامادەکردن، جل شۆردن و گسک دان و هەموو کاروبارەکانی
تری رۆژانە.
ئەم ژنانە پێیان دەوترێت ژنی ماڵەوە، لای هەندێک لە هاوسەر و کەسەکان لەبەرئەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی ئەو ژنە رۆژانە پێشکەشی دەکات وەک رۆتینێکی لێهاتووە بەکار هەژمار ناکرێت و ماندووبوونی لەبەرچاو ناگیرێت.
حەپسە کەریم ژنێکی تەمەن 68 ساڵە وتی، ساڵانی رابردوو ئیشی ماڵ زۆرتر و قورستر بوو لەبەر ئەوەی دەبوو لە کانی ئاو بهێنی و بە دار چێشت لێ بنێیت و لەگەڵ ئیشی ناوماڵ و خزمەتکردنی خێزانەکەت ئیشی دەشتیش لەگەڵ مێردەکەت بکەیت.
وتیشی، ئێستا ئاسانکاری زۆرتر بووە، بەڵام ئیشی ماڵ هەر کۆتایی نایەت و غەدرێکی گەورەیە ئەگەر بوترێت ئەو ژنانەی لە ماڵەوەن هیچ ناکەن و ماندوو نابن.
دروستبوونی گرفتی دەروونی
سێوە زانا ژنێکی تەمەن 26 ساڵە لە فەرمانگە دەوام ناکات و ژنی ماڵەوەیە دەڵێت، ژن لە ماڵەوە رۆژانە زۆر ماندوو دەبێت رۆژ دەبێتەوە تا شەو خزمەت دەکات هێشتا پێی دەڵێن هیچ ناکات، لە کاتێکدا ئیشی ماڵ کۆتایی نایەت، تا نیوەڕۆ خەریکی پاککردنەوە و کۆکردنەوە و خواردن ئامادە کردنیت کە خێزانەکەت کۆبووەوە هەمووی وەک خۆی لێدێتەوە و تێکدەچێت، ئەوان دەڕۆن بەلای ئیسراحەتی خۆیانەوە و دەبێت ژن دووبارە لە سەرەتاوە دەست پێ بکاتەوە تا ئێوارە دوایی دیسان هەموو شت پیس دەبێتەوە و پێویستیان بە رێکخستنەوە و خاوێن کردنەوەیە، ئەمە هەموو رۆژێکە و کۆتایی نایەت.
وتیشی، زۆرجار کە لای مێردەکەم دەڵێم ماندووم پێم دەڵێت جا چی دەکەیت هەموو رۆژ هەر ئەوەیە و ئیشت چییە؟ خۆزگە دەخوازم بکرایە و یەک رۆژ ئیشەکانمان بگۆڕیایەتەوە تا بزانێت کاممان ماندووین.
چۆمان محەمەد توێژەری دەروونی دەڵێت، بە کەم سەیرکردنی کار و ماندووبوونی ژنی ماڵەوە وادەکات ژنەکە لەڕووی دەروونییەوە بڕوخێت، هەمیشە بەدوای رازیکردنی دڵی ئەندامانی خێزاکەیدا رابکات ئەوەش وادەکات زیاتر ماندوو ببێت و دواتر گرفتی دەروونی بۆ دروست ببێت.
بەها دانان بۆ ماندوبوونی ژنانی ماڵەوە
کازیوە فەتاح ژنێکی ترە لە شوێنێکی فەرمی لە دەرەوەی ماڵ کار ناکات خێزانەکەی لە پێنج کەس پێکهاتووە و دەڵێت، تکایە بەهاتان بۆ ماندوبوونی ژنانی ماڵەوە هەبێت، چونکە فیداکاری ئەوان پڕ ناکرێتەوە و ژن رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ژیانی خێزاندا.
وتیشی، رۆژانە لەگەڵ خزمەتکردنی خێزانەکەم و تەواوی کارەکانی ماڵەوە، ئیشی درومان دەکەم هێشتا پێم دەوترێت ژنی ماڵەوە، پێویستە لەسەرم کە منداڵەکان و مێردەکەم لە ماڵەوە بوون هەموو شتەکان رێکوپێک و بەدڵی ئەوان بێت ئەگەرنا هیچم نەکردووە و ماندووبوونەکانم بەفیڕۆ دەچێت.
کازیوە باسی لەوەکرد، ئەوەی دەرهەق بە ژنی ماڵەوە دەکرێت نا دادییە لەبەرئەوەی زۆر ماندوو و هەست پێنەکراوە، ناڕەوایە ئەو هەموو هیلاکییە بەهیچ حساب دەکرێت، لە کاتێکدا ئیشەکانی ماڵەوە زۆر و نەبڕاوەیە و وەک رۆتین هەموو رۆژ دووبارە دەبێتەوە و ناگەیتە ئەنجام.