راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زستانی ئەمساڵ بڕیاری پێدانی یەك بەرمیل نەوتیدا بە هەرماڵێكی هەرێم، بەشێك لە هاووڵاتیانی شاری هەولێر ئەو نەوتەیان وەرگرت، بەڵام ماوەی چەند مانگێكە بەشێكی زۆری خەڵكی شارەكە بڕی 90 هەزار دیناریان داوە بەبریكارەكانی خۆراك بۆ وەرگرتنی ئەو نەوتە و هەندێكیان پارەكەیان لەلای بریكارەكان ماوە، ئەوانیتر پارەكەیان دراوە بەبانكەكان و چەكی بانكیان بۆ كراوە، بەڵام تائێستا نەوتەكەیان وەرنەگرتووە.
سەدرەدین مەغدید هاووڵاتیەکی شاری هەولێر-ە وتی، ماوەی چوار مانگە پارەی خۆم و ماڵی 3 برام داوە بە بریكاری خۆراك كە هەر یەكێكیان 90 هەزار دینارە، كەچی نەوتم هەر وەرنەگرت زستان و بەهار تێپەڕی و وا هاوینە. وتیشی، ئەوە گاڵتەكردنە بە خەڵكی، لە دوای نۆ ساڵ، ئەمساڵ بڕیاری پێدانی بەرمیلێك نەوتیان بەخەڵكی هەرێمدا، كەچی بەو شێوەیە دابەشی دەكەن، جگە لە دواكەوتنی، دەپرسم بۆچی نرخی یەك بەرمیل نەوت 90 هەزار دینار بێت، بۆچی نرخی نەوت وەكو ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی حكومەتی عیراق 45 هەزار دینار نییە؟.
باسی لەوەشکرد، چەند جارێك بە بریكاری خۆراكەكەشمان وتووە وەکو نەوت نییە پارەکەمان بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام ئەو دەڵێت تازە پارەكە كراوە بەچەكی بانك ئەگەر دەتەوێت وەریگریتەوە دەبێت بچیتە لای دادنووس و بەڵێنامەیەك پڕبكەیتەوە كە نەوتەكەت ناوێت ئینجا پارەكەت پێدەدرێتەوە.
تائێستا نەوتیان بۆ نەهاتووە
هێمن هیدایەت لەگەڵ دوو بریكاری خۆراك كاری دابەشكردنی خۆراك و سووتەمەنی دەکات و نەوتی بریكارەكانی خۆراكی هاووڵاتیانیش لە هەولێر لەو كەسانەی دەیفرۆشن دەكڕێتەوە، ئەو دەڵێت نزیكەی 23 بریكاری خۆراك هەیە من مامەڵەیان لەگەڵ دەكەم تائێستا نەوتیان بۆ نەهاتووە، من نەوتی دوو بریكار دەكڕمەوە و پارەی هەموو خێزانەكانمان وەرگرتووە و پارەی یەكێك لە بریكارەكانیشم كردۆتە چەكی بانك كە ماوەی دوو مانگ زیاترە پێنەدانی نەوتەكە دواكەوتووە و چەكەكەمان داوەتە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر و ئەوان وتیان هەركاتێك نەوت هات پێتانی دەدەین، بەڵام دەڵێن ئێستا نەوتمان لەبەردەست نییە و چاوەڕێ بكەن تا حكومەتی بەغدا دەینێرێت.
گەرما هات پێویستمان پێی نییە
وتیشی: پارەی نەوتەكانم لە بانكێكی هەولێر چەك كردووە، رۆژانە خەڵكی تەلەفۆنم بۆ دەكەن دەڵێن نەوتەكەمان دەفرۆشینەوە و نامانەوێت تازە وەرزی گەرما هات و پێویستمان پێی نییە و ناكرێت بەو گەرمایە بیكەیەنە ناو موبەریدەوە، منیش بەهۆی ئەوەی بایی پەنجا ملیۆن دینار نەوتی بایەعیەكەم لەخەڵكی كڕیوە، بۆیە پارەم نییە هیتریان لێبكڕم، دوێنێ لە گەڕەكی كوردستان بریكاری خۆراك هەبووە پارەی نەوتەكەی داوتەوە هاووڵاتیان، چونكە پارەكە لەلای خۆی مابوەوە و نەیكردبوو بەچەكی بانك.
سەبارەت بەو كێشەیە ئاری كاكەشین سابیر بەرێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پێشتر بەشی پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 800 هەزار لیتر نەوت بوو، بەڵام ئێمە پێشبینی كێشەیەكی وامان دەكرد، بۆیە پارەی نەوتەكەمان لە هەموو هاووڵاتیان وەرنەگرت، بەڵام پارەی نزیكەی نیوەی خەڵكیمان وەرگرت بۆ ئەوەی نەوتەكەیان بەسەردا دابەشبكەین، هیچ كات رووینەداوە حكومەتی عیراق بەو شێوەیە پابەندی پێدانی نەوت نەبێت كە كەمتر لە پێنج ملیۆن و نیو لیتر نەوتیان نارد دواتر ناردنەكەیان وەستاند، ئێمە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق بەو شێوەیە بەهێز نییە، بۆیە تائێستا دوو نووسراومان لە رێگای وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم بۆ وەزارەتی ناوبراو كردووە و چاوەڕێی وەڵامیان دەكەین ئەگەر نەوتەكەمان پێنەدەن، ئەوا پارەی خەڵكی دەگەڕێنینەوە، ئێستا پێدانی نەوتەكە زۆر دواكەوتووە، بەڵام وەزارەتی نەوتی عیراق هێشتا وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە كە بڵێن پێتان نادەین بۆ ئەوەی ئێمەش پارەكەی خەڵكی بدەینەوە، ناشكرێت پارەكە بدەینەوە كە نەوتەكە هات دووبارە داوای پارەیان لێبكەینەوە.
وتیشی: تەنیا بەشی هەولێر نییە، بەڵكو بەشی پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانیش وەستاوە و ئێستا عیراق ناینێرێت، هۆكاری وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سیستمی ئێمە لەگەڵ عیراق جیاوازە لە ناوچەكانی عیراق تانكەر دەچێتە بەردەم ماڵان و بەكارتی زیرەك نەوتەكە بەسەر هاووڵاتیانی عیراق دابەش دەكەن، بەڵام ئێمە دەبێت لە رێگای بریكاری خۆراك پارەكە كۆبكەینەوە.
وتیشی پاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی ئەو نەوتە زۆرەیان نییە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم نەوتی خۆی بەسەر هاووڵاتیانی دابەش بكات، تائێستاش توانیومانە نەوت بەسەر هەموو ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاویەكان دابەش بكەین كە نرخەكەی 55 هەزار دینار بوو حكومەتی هەرێم نزیكەی 75 % ی پارەكەی خۆی بە نرخی پاڵپشتی بەسەریاندا دابەشكرد كە كڕابوون، بەڵام ناو شاری هەولێر بەشێكی كەم وەریگرتووە و بەشە زۆرەكە وەرینەگرتووە كە لەسەر ئەركی حكومەتی عیراق بوو پابەندی تەواوی دابینكردنەكەی نەبوو.
سەبارەت بە پێداویستی پارێزگای هەولێر بۆ نەوتی سپی، ئاری كاكەشین رایگەیاند: نزیكەی 60 % ی هەموو پارێزگای هەولێر نەوتی لە ئەمساڵدا وەرگرتووە، سەرجەم پارێزگاكەش پێویستی بە 93 ملیۆن لیتر نەوت هەیە و بەهیچ شێوەیەك راست نییە، پارەی نەوتی هاووڵاتیان دەستی بەسەردا گیرابێت یا فەوتا بێت، بەڵكو پارەكە لەلای ئێمەیە و دەمانەوێت ئەوان تووشی ماندوبوون نەكەین نەوەك نەوتەكە بێت، هەركاتێك داوا بكەن بە ماوەیەكی كەم پارەكەیان پێ دەدەینەوە.
عیراق ناردنی نەوتی دواخستووە
ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەشی ئاشكراكرد حكومەتی عیراق تەنها بۆ بەشی هەرێمی كوردستان ناردنی نەوتی دواخستووە، ئەمساڵ دوو بەرمیل نەوتی بەسەر هاووڵاتیانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابەشكردووە، بۆ خەڵكی خۆی بەرمیلێك نەوت بە 30 هەزار دینار دابەشدەكات، بەڵام نەوت بە زیاتر لە 80 هەزار دینار دەدات بە هاووڵاتیانی هەرێم، ئەوان جیاوازی لە نێوان خەڵكی هەرێم و ناوچەكانی تری عیراق دەكەن.