كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
جیهانی سایبرانی پڕه له ناوی شوێن، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌كۆكان، پێگه و په‌یجه ئه‌لیكترۆنییه‌كان، كاتێك ده‌چینه ناو یه‌كێك له‌وانه، ده‌چینه ناو گروپێك ژماره‌یان زۆر له‌وانه زیاتره كه ده‌یانناسین، ده‌شێ لەو جیهانه گریمانه‌ییه‌دا رووبه‌ڕووی كه‌سانی هاكه‌ر، لاواز، پڕوپوچ، تاوانبار و فێڵباز، درۆزن، بێزار، توندڕه‌و، ئابڕوبه‌ر ..هتد ببینه‌وه، ئه‌مانه ترسێكی گه‌وره‌ی لای تاك، خێزان، دامه‌زراوه، حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه دروستكردووه، چونكه به سه‌رچاوه‌یه‌كی نوێی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌بینین له‌سه‌ر ئاسایشی تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگه، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌وڵه‌تان به‌جیا یان پێكه‌وه پلان و ستراتیجیان داڕشتووه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه په‌ره‌گرافێكی بچووك بوو له پێشه‌كیی كتێبی جیهانی سایبرانی و لێكه‌وته‌كانی، كه نووسینی فه‌یسه‌ڵ عه‌لی-یه و به‌م دواییانه كه‌وتۆته به‌ر دیدی خوێنه‌ران.
كتێبی جیهانی سایبرانی و لێكه‌وته‌كانی، ناونیشانێكی بچووكیشی هه‌یه كه بریتییه له (ئه‌و جیهانه‌ی له ناوماندا ده‌ژی و تێیدا ده‌ژین)، كتێبه‌كه ده‌زگای جه‌مال عیرفان به قه‌باره‌ی مامناوه‌ند و له دوو توێی به‌رگێكی جوان‌دا چاپی كردووه و 218 لاپه‌ڕه‌ی له‌خۆگرتووه.
كتێبی جیهانی سایبرانی و لێكه‌وته‌كانی له پێشه‌كییه‌ك و 23 به‌ش پێكهاتووه، له به‌شی یه‌كه‌مدا باس لە چیرۆكی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی ئینته‌رنێت كراوه و به‌شه‌كانی دیكه‌ش په‌یوه‌ستن به ژیریی ده‌ستكرد و مرۆڤ له نێوان جیهانی مادی، سایبرانی، ئابووریی دیجیتاڵی، ئاسایشی كۆمه‌ڵگه و مه‌ترسییه‌كانی سایبرانی ..هتد.
نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا وێڕای پێناسه‌كردنی به‌شێك له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی به‌كاری هێناون، وه‌ك ئابووری، ئابووریی دیجیتاڵی، جیهانی سایبرانی، ژیریی ده‌ستكرد، قسه له‌سه‌ر ستراتیجی وڵاتان له‌مه‌ڕ جیهانی سایبرانی و ژینگه‌ی سایبرانی و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی سایبرانی به خوێندن و مه‌عریفه‌وه ده‌كات و تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی سایبرانی كه بۆی هه‌یه ببێته جه‌نگێكی نوێ، به‌تایبه‌تی كه زۆر له وڵاتانی جیهان بایه‌خی زۆری پێده‌ده‌ن مه‌ترسییه‌كانیان به‌هه‌ند وه‌رگرتووه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر ده‌ركه‌وتنی جیهانی سایبرانی و لێكه‌وته‌كانی له كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا، هه‌ردوو لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی ئه‌م دیارده نوێیه‌ش باس ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت به پشتبه‌ستن به توێژینه‌وه‌كانی پێشتر كه له وڵاتانی جیاجیا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كراوه.
ناوی كتێب: جیهانی سایبرانی و لێكه‌وته‌كانی
نووسه‌ر: فه‌یسه‌ڵ عه‌لی
دیزاینی به‌رگ و ناوه‌وه: ئومێد محه‌مه‌د
نۆره‌ی چاپ: چاپی یه‌كه‌م 2022
چاپ: چاپخانه‌ی تاران