قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم نامەیەكی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاوە پێ گەیشت و تێیدا پشتیوانی بەردەوامی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان دووپاتكراوەتەوە.
ئەنالێنا بێربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە نامەیەكدا بۆ قوباد تاڵەبانی، هیوای خواستووە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بناغەیەكی نوێ و متمانەپێكراو رێكبخرێنەوە، بۆ ئەوەی سەرچاوە دەوڵەمەندەكانی عیراق و هەرێم بە باشترین شێوە بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵكەكەی بەكاربهێنرین.
لە نامەكەیدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سوپاسی پێشوازی گەرمی قوباد تاڵەبانی دەكات لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ كوردستان و جەختیشی كردوەتەوە، ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی سەقامگیری و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی كوردستان.
ئەنالێنا بێربۆك، باسی لەوەش كردووە، كوردستان دانیشتوانێكی گەنج و خوێندەواری هەیە و قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا خواستی خۆی دەربڕیوە كە ئەمە وەك دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بخەنەسەر رێڕەوێكی نوێ لەپێناوی دابینكردنی ئاییندەیەكی گەشتر بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پشتگیری خۆی بۆ ئەم روانینەی قوباد تاڵەبانی دەربڕیوە و داواشیكردووە هەرێمی كوردستان گرنگی بە گۆڕانكاری كەش و هەوا بدات بەوپێیەی ئاڵنگارییەكی گەورەی داهاتووی كوردستان و عیراقە.
سەرچاوە: كوردسات نیوز