خوان روڵفۆ چیرۆكنووس و رۆماننووسی مه‌كسیكی (1917-1986) به یه‌كێك له ئه‌دیبه كه‌منووسه‌كان داده‌نرێت. له ژیانی ئه‌ده‌بی خۆیدا ته‌نیا دوو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی نووسیوه یان راستتر ته‌نیا دوو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی بڵاوكردۆته‌وه. ئه‌وانیش كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكه به ناوی «ده‌شتی سووتێنه‌ر» كه بریتییه له حه‌ڤده چیرۆك، له‌گه‌ڵ رۆمانێك به ناونیشانی «پیدرۆ پارامۆ»، هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه‌شی كراون به كوردی. ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه خوان روڵفۆ ته‌نیا به‌م دوو به‌رهه‌مه‌ش له دنیای ئه‌ده‌بدا وجودی خۆی سه‌لماندووه و به یه‌كێك له ئه‌دیبه گه‌وره و داهێنه‌ره‌كان داده‌نرێت. له‌م دیمانه‌یه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باسی ئه‌زموونی نووسینی خۆی و بنه‌ماكان و ده‌ستپێكردنی نووسینی و رۆمانی پیدرۆ پارامۆ ده‌كات و دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه رۆمانی پیدرۆ پارامۆ رۆمانێكی تایبه‌ت و ئاڵۆزه.
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم
2 - 2 کۆتایی
*وا گریمانه‌كراوه كه هه‌ر رۆمانێك ره‌نگدانه‌وه‌ی روانینی نووسه‌ره‌كه‌یه‌تی بۆ جیهان، تۆ ده‌ڵێیت چی؟
-له‌وانه‌یه له قووڵایی رۆمانه‌كه‌دا شتێك هه‌بێت كه روون و ئاشكرا له رووكه‌شی رۆمانه‌كه‌دا به‌دینه‌كرێت، من قۆناغی مناڵیم قورس بوو، زۆر قورس بوو. خێزانێكم هه‌بوو به ئاسانی له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شا ئه‌ویش له جێگایه‌كدا كه به‌ته‌واوی وێران ببوو. له دایك و باوكمه‌وه بگره هه‌تا هه‌موو مامه‌كانم، هه‌ر هه‌موویان كوژران. به‌م شێوه‌یه من له ناوچه‌یه‌كی كاولدا ژیام. نه‌ك ته‌نیا له رووی ئینسانییه‌وه كاول بوو، به‌ڵكو له رووی جوگرافیاییشه‌وه كاول بوو. هه‌رگیز نه‌متوانی له‌و لۆجیكه تێبگه‌م كه له پشت ئه‌و هه‌موو رووداوه دڵته‌زێنانه‌وه بوو، ئێستاش نه‌متوانیوه تێبگه‌م. نا‌توانیت ئه‌و رووداوانه به شۆڕش ناوبه‌ریت، به‌ڵكو زیاتر شتێك بوو له‌لای باوك و باپیرانمانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، شتێك بوو په‌یوه‌ست بوو به چاره‌نووسه‌وه، شتێكی نالۆجیكی بوو. هه‌تا ئێستا به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزم ده‌ستنه‌كه‌وتووه كه نیشانم بدات بۆچی به‌و شێوه‌یه و ئاوا سیستماتیك، ئه‌و هه‌موو كوشت و كوشتاره یه‌ك له دوای یه‌ك و دڕندانه‌یه به‌رامبه‌ر خێزانه‌كه‌م كراوه.
*با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هونه‌ری نووسینی رۆمان، ره‌وتی دروستكردنی كاره‌كته‌ر له نووسینه‌كانی تۆدا چۆنه؟
-باشه، ژیانی هه‌ر مرۆڤێك هه‌رگیز به شێوه‌ی خه‌تێكی رێك و راست نییه و به شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌دوای یه‌كدا نایه‌ت. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر باسی رووداوه‌كانی ژیانی كه‌سێك بكه‌ین. هه‌رگیز به‌سه‌رهات و رووداوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌دوای یه‌كدا نایه‌ن. منیش ده‌مه‌وێت خۆم له ساته‌وه‌خته مردووه‌كان به‌دوور بگرم، ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی هیچ شتێكیان تێدا روونادات. بۆیه به‌سه‌ر ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌دا بازد ده‌ده‌م تا ده‌گه‌مه ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی كاره‌كته‌ره‌كه شتێكی به‌سه‌ر دێت، كاتێك كه به‌سه‌رهاتێك ده‌ستپێده‌كات و كاتی ئه‌وه‌یه كاره‌كته‌ره‌كه بێته مه‌یدانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی رووداوه‌كانی ژیانی خۆی بێته‌وه.
*با كه‌مێك ئاراسته‌ی گفتوگۆكه‌مان بگۆڕین. ئایا به‌ڕای تۆ پیدرۆ پارامۆ رۆمانی حاشاكردن نییه؟
-نه‌خێر، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وانییه. ته‌نیا هه‌ندێك له‌و به‌هایانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كۆن یان نه‌ریتی حسابیان بۆ كراوه، رۆمانه‌كه حاشای لێكردوون یان ره‌تی كردوونه‌ته‌وه. ئه‌م به‌هایانه به‌لای منه‌وه، به‌شبه‌حاڵی خۆم، هیچ به‌هایه‌كیان نییه. بۆ نموونه، هه‌ندێك له‌و بابه‌تانه له بواری بیروباوه‌ڕدا، خراونه‌ته‌ڕوو.
من له ژینگه‌یه‌كی باوه‌ڕداردا گه‌وره بووم، به‌ڵام ده‌زانم له‌و شوێنه باوه‌ڕ به‌ڕاده‌یه‌ك ده‌سكاریكراوه كه ئه‌و خه‌ڵكه باوه‌ڕیان به شتێك هه‌بێت، یانی باوه‌ڕیان به شتێك هه‌بێت كه حاشای لێده‌كرێت. به‌ڵام به‌كرده‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی باوه‌ڕیان به‌و شته‌یه، گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بارودۆخه. مه‌به‌ستم ئه‌و حاڵه‌ته‌یه كه ته‌قریبه‌ن حاشالێكردنه، چونكه ده‌بینن بیروباوه‌ڕیان له‌ناوچووه. كاره‌كته‌ره‌كانی پیدرۆ پارامۆش سه‌روه‌ختێ باوه‌ڕیان به شتێك هه‌بووه، هه‌رچه‌نده ئێستاش باوه‌ڕدارن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا باوه‌ڕه‌كه‌یان فه‌رامۆشكراوه. په‌ناگه‌یه‌كیان نییه، شتێكیان نییه چنگی لێ گیر بكه‌ن. له‌وانه‌یه له‌و لایه‌نه‌وه، رۆمانه‌كه به حاشالێكردن لێك بدرێته‌وه. ئه‌م بابه‌ته ئه‌و كه‌سانه‌م بیرده‌هێنێته‌وه كه پێیان وایه دادپه‌روه‌رانه‌ترین عه‌داله‌ت باشترین عه‌داله‌ته، له كاتێكدا ئه‌و عه‌داله‌ته گه‌وره‌ترین بێ عه‌داله‌تییه. به‌م شێوه‌یه، له‌م حاڵه‌ته‌دا باوه‌ڕی ده‌مارگیر به كرده‌وه دژه باوه‌ڕ دروست ده‌كات، واته حاشاكردن له باوه‌ڕ یان ره‌تكردنه‌وه‌ی باوه‌ڕ. ده‌مه‌وێت سه‌رنجت بۆ ئه‌و خاڵه رابكێشم. من خه‌ڵكی ناوچه‌یه‌كم كه زیاتر له شۆڕشێك تیایدا به‌رپا بووه، یه‌كێكیان شۆڕشی دیاری مه‌كسیك و ئه‌وی تریشیان به‌هه‌مان شێوه به‌رپا بوو، واته شۆڕشی كریستیرۆ (cristero)*. له‌م شۆڕشه‌دا پیاوه‌كان رووبه‌ڕووی یه‌كتری بوونه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕیان به‌و شۆڕشه هه‌بێت كه شه‌ڕیان بۆ ده‌كرد. باوه‌ڕیان وابوو بۆ باوه‌ڕی خۆیان شه‌ڕ ده‌كه‌ن، بۆ شۆڕشه پیرۆزه‌كه‌یان شه‌ڕ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له راستیدا، ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یر بكه‌ین بنه‌مای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌یان چی بووه، له‌وانه‌یه هه‌ست به‌وه بكه‌ین كه ئه‌و پیاوانه فڕیان به‌سه‌ر مه‌سیحییه‌ته‌وه نییه و به‌لایدا نه‌چوون.
*له‌و لایه‌نه‌وه كه ئاماژه‌ت بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆت واته (خالیسكۆ) كرد، ناته‌وێت سه‌باره‌ت به كاره‌كته‌ری مێژوویی ئه‌م ناوچه‌یه قسه بكه‌یت؟
-به‌ڵێ، چونكه بۆ تێگه‌یشتن له مێژوو ده‌بێت له‌و ده‌مارگیرییه تێبگه‌ین كه له سه‌ره‌تاوه باسمان كرد. من خه‌ڵكی ناوچه‌یه‌كم كه داگیركاریی ئیسپانییه‌كان تیایدا زۆر توندوتیژ و دڕندانه بووه. داگیركه‌ران له خالیسكۆ زینده‌وه‌ریان به زیندوویی نه‌هێشتۆته‌وه. به مه‌به‌ستی تاڵانكردن هێرشیان كردووه، دانیشتوانی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه‌یان ته‌فروتونا كردووه و خۆیان له شوێنیان نیشته‌جێ بوون. جووتیاره ئیسپانییه‌كان له هه‌موو ناوچه‌كه له شوێنی خه‌ڵكه ره‌سه‌نه‌كه نیشته‌جێ بوون. به‌ڵام قه‌تڵوعامی دانیشتوانی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه خاسیه‌تێكی تایبه‌تی پێبه‌خشین، واته هه‌مان روانینی تایبه‌تی نه‌وه‌ی ئیسپانییه‌كان كه روانینێكی كۆنه‌په‌رستانه‌یه و ئامانجی پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه كه داتاشراون. ئه‌مانه ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه داتاشراوانه‌یان به مافی ره‌وای خۆیان ده‌زانی، ئه‌و ده‌ستكه‌وت و ئیمتیازانه‌یان وه‌كو به‌شی خۆیان له به‌شداریكردنی داگیركردنی مه‌كسیك و نیشته‌جێبوون له‌ناوچه‌كه‌دا لێكده‌دایه‌وه. به‌م پێیه مناڵی كۆچه‌رانی ئیسپانی و نه‌وه‌كانیشیان، هه‌میشه خۆیان به خاوه‌نی ره‌های ناوچه‌كه ده‌زانی. رووبه‌ڕووی هه‌ر هێزێك ده‌بوونه‌وه كه هه‌ڕه‌شه بوایه بۆ سه‌ر موڵكه‌كانیان. ئه‌م فه‌زایه‌ی كه پڕه له كه‌لله‌ڕه‌قی و توندوتیژی له ماوه‌ی چه‌ندان سه‌ده‌دا ره‌گی داكوتاوه، ره‌گ و ریشه‌ی بۆ ئه‌و رابردووه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاره‌كته‌ری پیدرۆ پارامۆش به مناڵی له‌و فه‌زایه‌دا گه‌وره بووه. ئێستا بۆ كۆتایی هێنان به‌م گفتوگۆیه‌مان، ئاماژه بۆ ئه‌گه‌ری حاشاكردن و ره‌تكردنه‌وه‌ی پیدرۆ پارامۆ ده‌كه‌م. پێم وانییه كه‌سێكی ره‌تكه‌ره‌وه یان حاشاكه‌ر بێت، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌شه، پیدرۆ پارامۆ داوه‌رییه له‌سه‌ر نه‌ریته شووم و مه‌یله نامرۆڤانه‌كان كه ئه‌نجامه‌كه‌یان ته‌نیا ره‌فتاری دڕندانه و ئازار و ژانه.
*(cristero) به‌و جووڵانه‌وه‌یه ده‌گوترێت كه لایه‌نگرانی به هاواری "بژی مه‌سیح" له ساڵانی (1926 تا 1929) له كاتی پێكدادانه‌كانی نێوان كڵێسا و حكومه‌تدا، به قازانجی كڵێسا شۆڕ‌شیان كرد.
سه‌رچاوه: morour.org