فیلمی كۆری Call

01:25 - 2023-03-30
ئەدەب و هونەر
196 جار خوێندراوەتەوە
هەردوو ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە

ئاكار قەرەداغی

گەشتكردن بەكاتدا بە یەكێك لە زۆرترین ئەو بابەتانە دادەنرێت كە چەندەها ساڵە بیر و هۆشی مرۆڤی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، بە جۆرێك ئێستا هەموو تاكێك لە ئێمە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ رابردوو بۆ چاكردنەوەی هەڵەیەك، یاخود زانینی تەواوی رووداوەكان. بێگومان زانایان لە چەندین توێژینەوەدا هەوڵیان بۆ ئەم بابەتە داوە و وەكو بابەتێكی زانستی مامەڵەیان لەگەڵ كردووە، جگەلەوەی زۆرێك لە دەوڵەتە پێشكەوتووەكان بودجەیەكی زۆریان بۆ تەرخان كردووە و چەندین كتێب بەرهەم هێنراوە و توێژینەوە كراوە بەمەبەستی پێشبینیكردن یاخود توانای گۆڕینی رووداوەكان. سەركەوتنی مرۆڤ لەم بابەتەدا زۆر سنووردار بووە، تەنانەت ئەو ئامێرانەش كە مرۆڤ دەگەڕێننەوە بۆ رابردوو واقیعی نین، واتە خەیاڵێكی رووتن و تەنها لە نێو فیلم و زنجیرە دراماكاندا دەبینرێن. زانست لەم بوارەدا، بە كردەوە هیچ هەنگاوێكی كردەیی راستەقینەی هەڵنەهێناوە و تەنانەت هەڵهێنانی ئەو جۆرە هەنگاوەش لە ئاسۆدا بەدیناكرێ.
سینەماش وەكو لایەنێكی كاریگەر لەم بوارەدا بەكار هێنراوە و چەندین فیلمی سینەمایی بە زمانە جیاوازەكان بەرهەمهێنراون كە پەیوەندییان بەكات و كاریگەریی لەسەر مرۆڤ و گۆڕینی رووداوەكانی رابردوو یاخود داهاتووەوە هەیە، بێگومان بەشێكی باشی ئەم فیلمانەش لەسەر بنەمای توێژینەوە و تێڕوانینی زانایانی ئەم بوارە بەرهەمهێنراون. هەروەها ئاشكرایە كە دەرهێنانی فیلمێكی باش دەربارەی كات و گواستنەوە لە نێوان كاتدا كارێكی ئاسان نییە و بەشێكی باشی دەرهێنەران لەبەر هۆكاری جیاواز لەم بوارەدا شكستیان هێناوە، سەرەڕای ئەوەش چەندین فیلمی خاوەن چیرۆكی نایاب دەربارەی كات بەرهەم هێنراون و فیلمی كۆری (Call)  فیلمێكی بەچێژی ئەم بوارەیە.
ناسنامەی فیلمەكە
فیلمێكی كۆریای باشوورە لە ساڵی 2020 دا بەرهەمهێنراوە، لە فیلمی (The Call)/ ی بەریتانییەوە وەرگیراوە، كە لە ساڵی 2011 دا بەرهەمهێنراوە. دەرهێنان و نووسینی (لی چۆنگ هیونە)، (سید لیم، جیونگ هوی سون) كاری بەرهەمهێنانیان لە ئەستۆ گرتووە، پاڵەوانەكانی فیلمەكە (پارك شین هی، جیۆن جۆنگ سیو) رۆڵی سەرەكی و (كیم سۆنگ ریۆنگ، لی ئێڵ، ئۆ جۆنگ سی، لی دۆنگ هوا) رۆڵی یاریدەدەر بەرجەستە دەكەن، ئەم فیلمە یەكێكە لە بڵاوكراوەكانی ماڵپەڕی جیهانیی بەناوبانگ(Netflix)  و ماوەی فیلم 112 خولەكە.
چیرۆكی فیلمەكە
( كۆڵ (Call)پەیوەندیی تەلەفۆنی) چیرۆكی راگواستنێكی دەرونییە لە نێوان ئێستا و رابردووی نێوان دوو خانمدا كە هەر یەكێكیان لە دوو كاتی جیاوازدا دەژین و ئەوەی بە یەكەوەیان دەبەستێتەوە تەنها تەلەفۆنێكە. جگە لەوەش چارەنووسی هەر یەكێكیان بەوی دیكەوە بەستراوەتەوە. لەكاتێكیشدا كە هەردووكیان لە خانوویەكدا دەژین، بەڵام لە دوو سەردەمی جیاوازیشدان، كە ماوەی نیوانیان 20 ساڵی تەواوە. یۆنگ سوك لە ساڵی1999 دا دەژی و سیو یۆن لە ساڵی 2019 و تەمەنی هەردوو كارەكتەر، لەم پەیوەندییە بە تەواوی نائاسایی و خەیاڵییەدا 28 ساڵە.
پەیوەندی نیوان هەردوو كارەكتەر لەوكاتەدا بەهێزتر دەبێتەوە كە رۆژانە بەشێوەیەكی بەردەوام قسەدەكەن و دەردەدڵی خۆیان بۆ یەكدی دەكەن. چیرۆكی ژیان و تەنانەت خێزانیشیان بۆ یەكتر دەگێڕنەوە، بەڵام لە ساتێكدا و لەناكاو چیرۆكی فیلم بەوە قووڵ دەبێتەوە كە یۆنگ سوك و سیو یۆن هاوكاری یەكتر دەكەن بۆ گۆڕینی چەند بابەتێك كە پەیوەندیان بە ژیانی هەر یەكێك لەو دوو كارەكتەرەوە هەیە، بەڵام رووداوەكان لە دەست دەردەچن بە جۆرێك تەواو ژیانی یۆنگ سوك وسیو یۆن دەگۆڕدرێت.
خاڵی گۆڕانی سەرەكی لە فیلمدا لەم ساتەوە دەستپێدەكات كە پەیوەندییەكان ئاڵۆزتر دەبن و رووداوەكان بەویستی هیچ كام لە ئەكتەرەكان ناگوزەرێن و جەنگی مان و نەمانی دڕندانە لە نێوان سیو یۆن، كە ئامێر و هەلومەرجی ژیانی پێشكەوتوو لەبەردەستی دان و یۆنگ سوك كە هێز و توانای گۆڕینی رووداوەكان خزمەتی بەرژەوەندییەكانی دەكەن، دەستپێدەكات. ئەم دوو لایەنەی خاڵی هێزی هەر لایەكیان بزوێنەری راستەقینە و كارای گۆڕانە دراماتیكییەكانە و چیرۆك و سیناریۆی فیلم ئەم خاڵەیان سەركەوتووانە قۆستۆتەوە.
هونەری فیلمەكە
دەرهێنانی فیلم یەكێكە لە فاكتەرە سەرەكییەكانی سەركەوتنی فیلم، دەرهێنەر سەركەوتوانە توانی بەشەكانی فیلم بەیارمەتی ئامێرە پێشكەوتووەكان بخاتە پێش چاوی بینەر و چیرۆكی فیلم و رووداوە ئاڵۆزەكان و گواستنەوە لە نێوان چركە هاودژەكاندا بەشێوەیەكی روون و ئاسان خاڵی هەرە سەرەكی سەركەوتنی فیلمن.
رووناكی و رەنگەكان لە زۆربەی دیمەنەكاندا بەپێی بارودۆخی فیلم جیاوازن. ئەگەر دیمەنەكان باس لە رابردوو بكەن، رەنگ و رووداوەكان  بەشێوەیەك تۆمار كراون كە گوزارشت لە رابردوو بكات، لەكاتێكدا ئەو رووداوانەی باسی ئێستا دەكەن روون و درەوشاوەترن، بەڵام لە هەمانكاتدا بەپێی هەلومەرجی فیلم گۆڕانكارییان تێدا بەسەر هاتووە. بۆ نموونە، رووداوە خۆشەكان، كە كەمن، رەنگی مۆر و سەوز و رەنگە كراوەكان بە رووناكییەكی زیاتریان تێدا بەكار هێنراوە، بەڵام ساتە ناخۆش و توندەكان رەنگی رەش وتاریكیان تێدا بەكار هێنراوە.
رۆڵی ئەكتەران یونگ سوك و سیو یۆن رۆڵێكی بەرچاو و ئەكادیمیانەیە، بەتایبەت لە دیمەنە توند و كوتوپڕەكاندا. هەروەها خۆ گونجاندنیان لەگەڵ تەواوی هەلومەرجە جیاوازەكان. بەڵام تاڕادەیك ناڕون و گوماناوی و خاو بوون لە نواندندا، كە نازانرێت سەرچاوەكەی بۆ چی دەگەڕێتەوە، ئایا ئەم جۆرە نواندنە بەشێكە لە كەلتوری كۆریای باشوور یاخود بەراوردێكی دەروونیی ناوەكییە لە نێوان فیلمە كۆرییەكان و ئەو فیلمە ئەمریكیانەی كە راهاتووین تەماشایان بكەین، یاخود رۆڵێكی خواستراوە بەهۆی سروشتی خودی فیلمەكە و گواستنەوە لە نێوان چركە جیاوازەكانیدا، سەرباری هەموو ئەم خاڵانەش رۆڵی ئەكتەرەكان بەكارەكتەرە سەرەكی و لاوەكییەكانیشەوە خاڵێكی پۆزەتیڤ بوو لە سەركەوتنی فیلم و تیشك خستنە سەرلایەنی ئەكادیمی لە هونەری نواندندا.
چیرۆكی پەیوەندیكردن بە رابردووەوە بیرۆكەیەكی تازە نییە، دەرهێنان و رێگاكانی پەیوەندیكردن بەكاتەوە لە كارە هونەرییەكاندا جیاوازن. بەتایبەت لەم ساڵانەی رابردوودا سینەمای جیهانی بایەخێكی زیاتری بەم لایەنە داوە و ئەو خاڵەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە فیلمی كۆری (Call) یەكێكە لە فیلمە سەركەوتووەكانی گەشتكردن بەكاتدا و ملیۆنان بینەری لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو. هەروەها سەلمێنەری ئاستی پێشكەوتوویی كۆریا بوو، كە توانی بابەتێكی ئاڵۆز و هەستیاری وەكو گەشتكردن بەكاتدا لە كارێكی هونەری سینەماییدا، بەو دڵگیری و متمانە بەخۆ كردنەوە، بەرجەستە بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان