سەردەمی جەنگ

01:29 - 2023-03-30
ئەدەب و هونەر
533 جار خوێندراوەتەوە

شه‌مێران عه‌لی

یەكێك لەو بابەتە گرنگانەی پێویستە نووسەر كاری لەسەر بكات، ئەو رووداوانەیە لە وڵاتەكەی خۆیدا روودەدەن. هەموو نووسەرێكی باش و سەركەوتوو چیرۆكێك دەنووسن پەیوەست بێت بە رۆحی خۆیانەوە. خۆت دەنووسیتەوە تاوەكو لەناو گەلانی دنیادا زیندوو بمێنی. هەندێك نووسەر خۆیان لە قەرەی تراژیدیا و رووداوەكانی وڵاتی خۆیان نادەن، پێیانوایە رۆمانەكەیان یان چیرۆكەكەیان دەبێ بە بەرهەمێكی محەلی. هەر لەبەر ئەوەیە ئەو نووسەرانە سەركەوتوو نابن، چونكە نووسەر دەبێ خۆی بۆ دنیا بنووسێتەوە. ئیشی نووسەر ئەوەی خاكی خۆی بكێڵێ و گەوهەرە ونبووە نیشانی دنیا بدات. 
رامیار محەمەد نووسەری ئەم رۆمانە»سەردەمی جەنگ» ئەگەرچی راستەوخۆ ناوی ئەو دوو حزبەی نەهێناوە، كە لە شەڕدان، ناڕاستەوخۆ باس لە شەڕی ناوخۆی كورد دەكات و چیرۆكی كۆڕەو دەگێڕێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بابەتێكی گرنگە و ئاوڕدانەوە لە شەڕی ناوخۆ و چیرۆكی كۆڕەو ئیشی نووسەرانە كاری لەسەر بكەن. ئەم نووسەرە گەنجەمان لەگەڵ ئەو ئەزموونە كەمەی كە هەیەتی و ئەمە یەكەم رۆمانێتی، بەڵام هەوڵێكی باشە. 
ئەم رۆمانە هێڵی سەرەكی تێیدا پەرتەوازەبوونی خێزانێكە، خێزانی سەردەمە، سەردەم كارەكتەرێكی سەرەكی رۆمانەكەیە و پانتاییەكی زۆری لە رۆمانەكەدا گرتووە، بەڵام بەگشتی رۆمانەكە چیرۆكی خێزانێكی لەیەك دابڕاو و پەرتەوازەیە، كە بەهۆی كۆڕەو و شەڕی ناوخۆوە ئەو خێزانە لەیەكتری دابڕاون. 
نووسەری رۆمانەكە شێوازی گێڕانەوەكەشی هەر بەو جۆرەیە كە ناوبەناو، هەرجارە لە بەشێكدا چیرۆكی كەسایەتییەكان دەگێڕێتەوە، كە چۆن ونبوون و چییان لێ بەسەرهاتووە، لە تەك ئەو گێڕانەوەیەشدا باسی سەردەم فەرەیدوونی ئێستای رۆمانەكە دەگێڕێتەوە. شێوازی گێڕانەوە لەگەڵ دابڕان و پەرتەوازەیی بابەتەكە گونجاوە.
خاڵی گرنگی چوونە ناو رۆمانەكە و گەڕان بە دوای گرێكوێرەكاندا لە دوای كوشتنی نازداری خوشكی سەردەمەوە دەست پێدەكات. لێرەوە گێڕانەوە وردە وردە بەرەو كردنەوەی گرێكان دەڕوات. ئەو وێنە تراژیدییەی لەم رۆمانەدا هەیە ئەوەیە تەواوی خێزانەكە نەك هەر نازدار قوربانی ئەو دۆخی دابڕانەن. ئەوەی بە ئۆتۆمبێلەكەی نازدار دەشێلێ كێیە؟ ئەوانەی لەسەردەم ونبوون كێن؟ ئەوەی داخە لە دڵی ئامینەی سەید رۆستەم چییە؟... كۆی ئەم چیرۆكانە كە تێكەڵ بوون و جۆرێك لە ئاڵۆزییان دروستكردووە و دەبێ خوێنەر بەدوایاندا بڕوات، دابڕانی ئەو خێزانەیە. ئەو پەرتەوازەییە. 
سەردەمی جەنگ یەكەم رۆمانی چیرۆكنووسی گەنج رامیار محەمەدە و لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی كوردڕاومە، لە دووتوێی 207 لاپەڕەدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان