دوا گەڕانەوەم

02:14 - 2023-03-30
ئەدەب و هونەر
290 جار خوێندراوەتەوە

ئاكۆ كەریم مەعروف

دوای گەڕانەوەم لە خەیاڵاتی ساڵانی رابردوو، زۆر ماندووبووم، بە تەنها لە ئینجانەیەكی زۆر بچووكدا لەبەردەم خۆرەتاوێكدا دانرابوو دەستەوئەژنۆ دانیشتبووم، تەنها ئینجانەیەك بوو وەكو ئێستای من، هیچ سێبەرێكی بۆ من نەبوو، بەڵام بۆنەكەی هەمیشە بەدوامەوەبوو، دەمێك بەهۆی ماندووبوونەوە بۆنی چڵكنی و پڵكنیم لێدەهات، بەڵام كاتێك نەنكم ئاوڕشێنی رێحانەكانی دەكرد لەو تاقە ئینجانەیەدا بۆ بەیانییەكەی بەچاوی خەواڵووەوە ئەوەی لەپارچەكانی رۆحم دەفرۆشت بۆنی دەست و پەنجەی نەنەی لێدەهات. 
لەبیرم دێت چیرۆكەكە بەمشێوەیەبوو.   
ببووم بەشووشە ئەو شووشانەی دەیان كڵاویان هەیە دەبنە هەزار پارچەوە و ناشكێن، گەورەبووم دوای فەلاكەتی رۆژانە بەمەراقی هەزار پارچەوە كە چۆن یەك بەیەكیان كۆبكەمەوە خەوم لێكەوت، بەڵام چۆن خەوێك، بە وێنە و یادگارییەكانی نەنە و باپیرەم بەرامبەرم هەڵوواسرابوون لەبەرخۆمەوە پێموتن، من رۆشنایی ئەو ماڵە بووم. ئێوەش سێبەری من بوون.
 خۆم سادە دەكەمەوە وەك ژووەرەكەی نەنكم
 هێشتا شەوە، باران بەلێزمە دەبارێت، بووم بەچەندین پارچەوە هەر پارچەیەكم بەژوورەكانی نەهامەتیدا دابەشبوون، پارچەیەكم نەبوونی، پارچەیەكم برسێتی، پارچەكی تر خەمی شاخ و هاوڕێكانم، پارچەكی تر كە بۆم نەدۆزرایەوە پارچە دێرینەكان و یادگارییەكان بوون، ئێستا هیچ  وشەیەكم نییە بۆ دوێنی شەو كە چ شتێك روویداوە.
بەڵام دەزانم شتێك روویداوە و روودەدات. هەموو گەڵاكان چاو و گوێچكەی رەگەكانن. من وا بۆگەن دەكەم حەزم لەوەیە بە پارچە پارچەكراوی بمێنمەوە،  پێیانوتم بێەوەی پرسیار لەوە بكەن كێ بوو ئەو كەسەی ئاوێنەكەیانی كشكاند، لە دوورەوە سەیرم دەكردن، منی شووشەی شكێنراو هەزار پارچە نەبووم بەپرد بۆ هیچ ئاوێنەیەك و باران بەدەم خەوەوە بەلێزمە دەبارێت، لەگۆشەیەكی ترەوە نەنكم دەبینی دەگری، چاوەكانی باپیرەم ئاگری لێدەباری، پێش ئەوەی خەوم لێكەوێت وێنەی هەردووكیان هاتە بەرچاوم هەردووكیان ئاگروئاون.    
دڵی رووداوەكەلەناو ئینجانەیەكدا هەزار پارچەیت، بەڵام گوڵی نایلۆنم خەو دەبینیت، سەرگەردان و خەیاڵ پڵاو كە هیچ بۆنێكت لێنایەت ئەوەندە بچووكبوویتەتەوە هانا بۆ چڵە رێحانەیەك دەبەیت، رۆژانی رابردووت بیربخاتەوە، ئەمانە قسەی خۆمم بەدەم خەوەوە.
لەو شەوەدا، كەنەفت و دڵشكاو وێنەكانی رابردوو دەهاتنە قسە، ئەوانەی منیان دەناسی تەنها سووكە ئامۆژگارییەكان دەكردم، تەنها ئەوەندەیان دەوت، بەئارامی بخەوە. زۆرێك لە وێنەكانیتر نەمدەناسین، بەختم هەبوو ئەو شەوە مانگەشەوبوو، كاتێك لەبەردەم ئاوێنەی ئاسماندا رووتبوومەوە، هەموو ئەو پارچانەی پارچە پارچەكرابوون وێنەكانی رۆژانی رابردووی خۆم بوون، كاتێك لە وێنەكەدا جلی نەنەم لەبەردایە بۆنی رێحانە و مێخەكی لێدێت.
وردە وردە سێبەری رەش و سپی لە وێنەكانەوە دەهاتنە دەرەوە، باپیرەم تەنها كەسێكەو نەنكم بەتەنها لە وێنەیەكدا باوەشی بۆ ئینجانەیەك گرتۆتەوە من لە دوورەوە باوەشی بۆ دەگرمەوە، نەبا بكەوێت و لە وێنەكانیترەوە سەیرمان دەكەن، هیچ شتێكیان پێناكرێت.
نەنكم چراكەی هەڵكرد، ژوورەكە رەش و سپی بوو، لێفەكەم لەخۆم ئاڵاند، دونیا بە یەكجاری لە شیرین خەودا خامۆش بوو، لەژێر لێفەكەوە چیتر تریفەی مانگ نەدەگەیشە ژووری نەنكم و وێنەكەی باپیرەم ئەوەندە بەچاو قسەی دەكرد و هەڕەشەی دەكرد هاروهاج نەبم، هیچ شتێكی تری نەدەوت، زۆرجاریش كە پێمدەوت باپیرە شتێك بڵێ‌، لە ژێر لێوەوە پێیدەوتم، عاقڵ بە...
چۆن بەئارامی بخەوم، لە نێوان سەرماو گەرمادا تێكەڵ بووم، باوەشی گەرمی نەنكم و تووڕەییە ساردەكانی چاوی باپیرەمدا، بەدزییەوە سەیری ئاوێنەی ژێر چراكەم كرد، دەیان پارچەم، روخسارم ژوورێكی پڕبۆن، جەستەم ئینجانەیەكی بچووك لەبەرتاقی پەنجەرەیەكدا بۆنی چەندین پارچە ئاوێنەی شكاوی لێدێت.
لەبیرمە ئەو شەوە هەردووكیان بەشوێن پارچەكانمدا دەگەڕان، بێئەوەی بەبۆنی خۆیان بمدۆزنەوە باران بەلێزمە دەباری. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان