ناونیشانێك بۆ كتێبی بیرەوەرییەكانم!

02:17 - 2023-03-30
ئەدەب و هونەر
348 جار خوێندراوەتەوە

 هێرش رەسوڵ

نیوەڕۆیەكی گەرمی هاوین بوو، هاوڕێكەمان خوڵقی نانی نیوەڕۆی كردین بۆ ماڵەوە، ئێمەش داواكەیمان قبووڵ كرد و بەخۆشحاڵییەوە چووین. دایكی هاوڕێكەمان بەگفتولفتێكی كوردانەوە بەخێری هێناین. كەمێ سەرزەنشتی كوڕەكەشی كرد، كە بۆ پێشتر ئاگاداری نەكردۆتەوە، تا خواردنێكی باشترمان بۆ ئامادە بكات. ئێمەش پێكەوە سوپاسمان كرد. گوتمان: هەرچی هەیە بەزیادبێت، ئێمە میوان نین. سفرە راخرا، وردە وردە قاپ و كەوچك و دۆلكە و پەرداخ دانران، ئینجا چەند نانێكی تیریی تازەڕشێنراو بەچواردەوری سفرەكەدا بڵاوكرانەوە. پاشان لەگەنێ برنجی پڵاو و چەند قاپێ شلەی فاسۆلیا. تێروپڕ نانمان خوارد و بەدواشیدا چایمان خواردەوە. بەدەم ئەوەیشەوە جارجار گفتوگۆ سەبارەت بەهەندێ بابەتی رۆژانە دەكرا. دوای ئەمانە، هاوڕێكەی ترمان، خۆی قەڵەم و پەڕاوێكی لە جانتاكەی دەرهێنا، دەستی بەشتنووسین كرد. هاوڕێی خاوەن ماڵ بەسەرسوڕمانەوە لێی پرسی:" كاكە ئەوە چی دەنووسی؟!" ئەویش وەڵامیدایەوە:"وەڵڵا چەند ساڵە كردوومەتە نەریت، ژیانی رۆژانەم یاداشت دەكەم." ، "واتا چۆن؟ هەموو شتێ دەنووسیتەوە؟ چیت كردووە؟ چیت خواردووە؟ بۆ كوێ چووی؟ چەند ماوییەوە"،"بەڵێ، هەموویان بەكورتی دەنووسمەوە، ئیدی بۆ ئایندە كەرەستەیەكی باشی بیرەوەریینامەیە."،"ئێ دە باشە برا، ئەوەی نیوەڕۆ خواردمان گۆشتیشی بۆ زیادبكە، خۆ هەر نووكە قەڵەمێكە، چی تێناچێ!" لە سەیران بووین. نزیكی ئێوارە شتەكانمان كۆكردەوە، تاكو وردە وردە بەرەو ماڵەوە بەڕێبكەوینەوە. كەمێ بەئۆتۆمبێل رۆیشتین، دواتر جەنابی پاڵەوان وتی: برادەران من حەزدەكەم داببەزم و كەمێ بەپێ رێ بكەم، هەم كەشوهەوا خۆشە و هەم وەرزشیشە، یەكێ لە برادەرەكانیش وتی منیش لەگەڵت دادەبەزم. ئیدی هەر ئەوەندە خۆشبوو، چل هەنگاوێ لە ئۆتۆمبێلەكە دوور نەكەوتبوونەوە، چوار سەگی زلی هەوشار چوونەسەر رێیان. هێدی هێدی لێیان نزیك دەبوونەوە. دەیانویست پەلاماریان بدەن. ئەوانیش ترسان و بەپەلە و راكردن خۆیان خستەوە نێو ئۆتۆمبێلەوە. پاڵەوانی رۆژە رەشەكان بەهەناسەبڕكێوە: كاكە ئەوانە سەگی هەوشارن، سوعبەت نازانن، خۆ شەڕی دەستەویەخەیان لەگەڵ ناكەین؟. دوای ئەوەی لە سەگەكان دەربازیان بوو، كەمێ وچانیاندا، برادەرەكەی وتی: بەڵام گەورەم من ئەم رووداوە لەپەڕاوی بیرەوەرییەكانم ئاوا نانووسمەوە.
پێیان وت: ئەی چۆن؟
ـ دەنووسم رەوە سەگێكی هەوشار پێكەوە بۆ جەنابی پاڵەوان هاتن، بە مەبەستی ئەوەی پەلاماری بدەن و لەتوپەتی بكەن، بەڵام جەنابت ئازایانە لێیان هاتییە دەست و بەدویان كەوتی و لە پێچەشاخێك وەگیرت هێنان و گەمارۆت دان، دواتر دوت لێكوشتن و ئەوانی دیكەشت هەڵدانە خوارێ. ئیتر پوختەی داستانەكە ئەمە بوو.
وەك خووی هەمیشەیی خۆی، زوو زوو كۆمەڵێ قاتلەبەر و بۆینباخ لەمل و ئەفەندیی كۆدەكاتەوە، گوایە نووسەر و رۆژنامەنووس و رۆشنبیرن و بیرۆكە و تەگبیری ژیرانەی دەدەنێ، تاكو لە بڕیار و كار و كاردانەوەكانیدا سوودی لێوەربگرن. بانگهێشتی ئەمجارە جیاواز بوو. لە باخە تایبەتەكەی جەنابی جەنگاوەری دێرین بوو. باخ یان وا دروستترە بڵێین ڤێلاكەی لەو گوندە جوانەبوو، كە تا ئێستا خەڵكەكەی نەیانتوانیوە ئاوەدانی بكەنەوە، بەڵام ئەو باخێكی گەورەی لێ دروستكردووە و لەناویشیدا تەلارێكی گەورەی پڕ ژووری سەرسوڕهێن و مەلەوانگە و شوێنی یاریی و گیانلەبەر و باڵندەی جۆراوجۆر، مەگەر هەر لەخەوندا ببینرێت.
ئەدیب و نووسەر و رۆژنامەنووسانی دەربار لەسەر دەعوەت بەدەم بادانی پارووی چەور و پارچەكردنی رانەقەل و پشتەمەغزەوە، وەك ئاهەنگی ناونانی منداڵ. پێشنیازی ناونیشان بۆ كتێبەكە، دەكەونە پێشبڕكێ. یەكێك دەڵێ ناوی بنێ:"یادەوەریی ئەو جەنگاوەرەی كە نەیزانی ماندووبوون چییە؟"، یەكێكی تر یەكسەر بەدوایدا، "پاڵەوانی رۆژە شوومەكان"پێشنیازدەكات، ئەویتر هەڵدەداتێ: نا كاكە"قارەمانێك بەوێنەی بەور" پڕ بەپێستی ئەو بەسەرهاتە دەگمەنانەیە. ئیتر بەمجۆرە، ناونیشانی جیاواز خرانەڕوو، هەر یەكەیان گوزارشتبوو لە قارەمانێتیی بابای خاوەن خوان و بانگهێشت:"ئەو ساتانەی دڵمان لە نێو مشتماندا بوو"، "یادنامەی ئەو پیاوەی ئازایەتیی لێدەچۆڕا"،"نووسینەوەی رۆژە رەشەكان لەسەر كاغەزە سپییەكان"،"یادەوەریی 
جەنگاوەرێكی ئازا" ... تاد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان