لاوازبوونی دۆلاری ئەمریکی

09:48 - 2023-04-02
ئابووری
887 جار خوێندراوەتەوە
#گەڕان بە دوای جێگرەوەیەکدا بۆ دۆلار بەردەوامە

نۆڤین مەجید ساڵح
دۆلاری ئەمریکی لە چەند ساڵی رابردوودا دووچاری چەندین مەترسی بۆتەوە. ئەمەش بەهۆی جەند هۆکارێکەوە: 
یەکەم- چونکە دۆلاری ئەمریکی تەنها پشتی بە قەرز بەستووە و هیچ سامانێک لە پشتییەوە لەئارادا نییە. 
دووەم- چونکە وڵاتانی بریکس ((brics کە پێکهاتوون لە (بەرازیل، روسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور) لە هەوڵێکی لێبڕاوانەدان بۆئەوەی دراوێکی نوێی جیهانی پێکبهێنن و چیتر مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکییەوە نەکەن. 
هۆکاری بەهێزیی دۆلاری ئەمریکی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی G7، کە پێشتر روسیاش تیایدا ئەندام بوو، ئەوکات بە G8 ناودەبرا، بەڵام بەهۆی شەڕی کریمیاوە لە ساڵی 2014، روسیا لەم رێکخراوە دوورخرایەوە. وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا پاڵپشتییەکی لێبڕانەوای G7 دەکەن، چونکە هەتا ئەم رێکخراوە بەهێز بێت، خۆرئاواش بەهێز دەبێت، بەهەمان شێوە بۆ ئەمریکا کە پشتی بەم وڵاتانە بەستووە، بۆ بەرزڕاگرتنی بەهای دۆلار. 
ئێستا وڵاتانی بریکس هەوڵدەدەن ئەندامی زیاتر لەخۆ بگرن و ئێران و سعودیە پاڵێوراوی سەرەکین بۆ بوون بە ئەندام لە بریکسدا، هاوکات پلانیان هەیە جۆرێکی نوێی دراو دابمەزرێنن کە پاڵپشتی ئەم دراوە بریتی بێت لە نەوت و کانزا و غازی سروشتی و قەرز. ئەمەش وادەکات لە ئەگەری بەرهەمهێنانی ئەم دراوە نوێیەدا، دۆلار بەهای خۆی لەدەست بدات و لە جێیدا دراوە نوێیەکە بێتە پێشەوە. 

کارکردن لەسەر دراوێکی نوێ
لە کاتێکدا روسیا و چین پێشەنگی دەستپێشخەرییەکانی داماڵینی دۆلارن بەهۆی رکابەرییە جیۆپۆلەتیکییەکانیانەوە لەگەڵ ئەمریکا، هیندستان، بەرازیل و باشووری ئەفریقا پشتگیرییان لە لێدوانەکانی بریکس کردووە سەبارەت بە گۆڕینی سیستمی دارایی جیهان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان. 
لە وتارەکەی ئەم دواییەیدا بۆ کۆڕبەندی بازرگانی بریکس، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، کە وڵاتانی ئەندامی بچووکی لایەنەکان کار لەسەر پەرەپێدانی دراوێکی نوێی یەدەگی جیهانی دەکەن. گریمانە دەکرێت کە ئەم دراوە یەدەگی جیهانییە کە دراوە نیشتمانییەکانی وڵاتانی ئەندامی بریکس لەخۆدەگرێت، ببێتە بەدیلێک بۆ مافی تایبەتی کێشانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (SDR). 
لە کاتێکدا کە روسیا لە دوای لەشکرکێشی بۆ سەر ئۆکرانیا روبەڕوی سزا نێودەوڵەتییەکان دەبێتەوە، راگەیاندنی پوتین جەختی لەسەر گرنگیدان بە پاڵنەرە نایەکسانەکانی گەلانی بریکس کردۆتەوە بۆئەوەی نەک تەنها ئاسانکاری بۆ بازرگانی نێوان بریکس بە دراوە ناوخۆییەکان بکەن، بەڵکو دیوارێکی پۆڵایین بۆ جیهانی خۆیان و بەرژەوەندییە داراییەکان پێکبهێنن.
بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی، روسیا هەمیشە ویستووێتی سوود لە بریکس وەربگرێت بۆ پێشخستنی بیرۆکەی داماڵینی دۆلار، نزیکبوونەوەی روسیا لە سیستمی دارایی کە بە سەرکردایەتیی خۆرئاواوە بە دۆلار زاڵە لە دوای جەنگی روسیا و ئۆکرانیا لە سەرەتای ساڵی 2022، چەمکی سیستمێکی دارایی بەدیل و دوور لە هەژموونی خۆرئاوای بەهێزتر کردووە.
ئیدارەی پوتین پشتگیریی لە پلانی داماڵینی دۆلار کرد بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی روسیا بە دۆلاری ئەمریکی بە سنووردارکردنی یەکلاکردنەوەی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی بازرگانی بە بەکارهێنانی دراوی بەدیل لە کۆتاییەکانی ساڵی 2018. 
پوتین چەندین جار جەختی لەسەر پێویستی زیاتر داماڵینی دۆلار و پاراستنی سەروەریی ئابووریی روسیا کردۆتەوە.

گرنگی سعودیە لەم پلانەدا
سعودیە یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان و هەمیشە نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکا بووە، بەڵام ئێستا سعودیە لە شەڕێکی سارددایە لەگەڵ ئەمریکا، چونکە سعودیە بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردەوە لە ئەنجامدا نرخی نەوت لە 91 دۆلارەوە بۆ 94 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبۆوە، ئەمە کردارەش قازانجێکی زۆری بۆ ئۆپێک هەبوو، بەڵام بووە هۆی ئاڵۆزی لە خۆرئاوا. لەمەش زیاتر، جۆ بایدن هۆشداریی دایە سعودیە بە کاردانەوەی ناڕوون و تەنانەت پێشنیازی پەسەندکردنی یاسایەکی کرد کە دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی سعودیە بوو، بۆیە لە بەرامبەردا شازادەی سعودیە، محەمەد بن سەلمان هەنگاوێکی گەورەی ناوە کە ئەمریکییەکانی نیگەران کردووە، ئەوەش لە رێگەی داواکردنی ئەندامبوونی لە وڵاتانی بریکس. داتاکانی ساڵانی پێشوو باس لەوە دەکەن کە سعودیە دەستیکردووە بە رێککەوتنی بەرگری لەگەڵ چین و روسیا، لەبەر سێ هۆکار:
یەکەم- چین و روسیا پشت بە ئەمریکا نابەستن.
دووەم- ئیدارەی بایدن دەیەوێت سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران کە نەیاری سعودیەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سووک بکات.
-سێیەمیش هۆکارەکەی بەکارهێنانی نەوتی کۆمپانیای بریکسە. 
لە ئەنجامدا سعودیە، گوایە بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوت لە جیهاندا پێشنیازی ئەوە دەکات پەیوەندیی بە بریکس بکات، کە بەهۆیەوە پشتگیریی چین و بەرازیل و هیندستانیان دەبێت وەک گەورەترین بەکارهێنەری نەوت لە جیهاندا.
چین توانی کارێکی مێژوویی بکات کاتێک کە بوو بە نێوەندگیر لە نێوان سعودیە و ئێراندا و تا رادەیەک هەردوو وڵات ناکۆکییەکانیان بەلاوەنا، ئەمەش ئەمریکای زیاتر و زیاتر نیگەران کردووە، ئەگەر پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران ئاسایی ببێتەوە و هەردوو وڵات ببن بە ئەندام لە وڵاتانی بریکس، ئەوا دامەزراندنی دراوە نوێیەکە کارێکی ئاسانتر دەبێت. 

لاوازبوونی دۆلار واتای چی دەبێت بۆ جیهان؟
لەسەر شانۆی جیهان، دۆلار زاڵە، دۆلاری ئەمریکی %90ی سەرجەم مامەڵەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و نزیکەی نیوەی بازرگانی جیهانی پێکدەهێنێت، هاوکات دۆلار %60ی یەدەگی دراوی جیهان پێکدەهێنێت، یۆرۆ لە پلەی دووەمدایە بە رێژەی %20.
ئەمەش ئابووریی ئەمریکا دەخاتە پێگەیەکی ناوازە و ئیمتیازدارەوە. بەوپێیەی بازرگانی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەرچاو بە دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، بازرگانەکانی ئەمریکا دەتوانن بەبێ تێچووی مامەڵەی ئاڵوگۆڕ، دراوی بیانی بکڕن و بیفرۆشن، ئەمەش سوودێکی بەرچاوی کێبڕکێی پێدەبەخشێت، هەروەها کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە مەترسییەکانی نرخی ئاڵوگۆڕی قازانج رزگاریان دەبێت کە لەگەڵ گۆڕانی بەها رێژەییەکانی دراوەکاندا سەرهەڵدەدات، بەڵام لاوازبوونی دۆلار نەک هەر دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، بەڵکو دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان. ئەمەش گوشارەکان لەسەر خەرجییەکانی بەکاربەران زیاددەکات و لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵاوسانێکی جیهانی و بۆ زۆربەی وڵاتان بە واتای ئەوە دێت کە هەموو کاڵایەکی بیانی نرخی زیاتر دەبێت.
وەبەرهێنانە ناوخۆیی و جیهانییەکانیش دەکەونە ژێر مەترسییەکی جدییەوە، چونکە وەبەرهێنەران زیاتر پشت بە دۆلاری ئەمریکی دەبەستن، ئەمەش وا دەکات زۆرینەی کۆمپانیا جیهانییەکان بکەونە داوی قەرزێکی زۆرەوە، بە ئەگەرێکی زۆریشەوە لەوانە هەندێک لەو کۆمپانیا جیهانییانە دووچاری داماڵین ببنەوە و دابخرێن. 

دەرئەنجام
ئەو هۆکارانەی کە وا دەکەن وڵاتان هەوڵ بدەن دۆلاری ئەمریکی لاواز ببێت، یەکجار زۆرن، بەڵام سەرەکیترینیان ئەوەیە کە ئەمریکا نەیارانی خۆی زیاتر و زیاتر نیگەران کردووە و وایکردووە نەیارانی ئەمریکا، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، بتوانن رێکبکەون و هەوڵبدەن پێگەی ئەمریکا لەسەر شانۆی جیهانی لاواز بکەن و جیهانێکی فرە جەمسەر پێکبهێنن. 
بۆ ئەم مەبەستەش وڵاتانی خۆرهەڵات بە تایبەتی چین و روسیا، وای دەبینن پێویستە سەرەتا دۆلاری ئەمریکی لاواز بکەن و مامەڵەکان بە دۆلاری ئەمریکی کەم بکەنەوە، بۆئەوەی پێگەی خۆیان بەهێزتر ببێت و چیتر ئەمریکا تاکە هێزی جیهان نەبێت. 
هاوکات، دۆلاری ئەمریکی کە تەنها پشتی بە قەرز بەستووە، بەپێی هەموو پێشبینییەکان، ناتوانێت بەرامبەر دراوێک بووەستێتەوە کە چەندین پاڵپشتی هەیە، وەکو نەوت و کانزا و غازی سروشتی. وڵاتانی بریکس کە نزیکەی نیوەی بەرهەمهێنای نەوتی جیهان پێکدەهێنن، لە ئەگەری بوون بە ئەندامی ئێران و سعودیە، پێگەیان لە ئابووریی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەبێت و وا دەکات بەرهەمهێنانی دراوێکی هاوشێوە کارێکی ئاسان بێت. 

سەرچاوەکان:
• Reuters
• ORF
• Forbes
• Investor’s Chronicle

بابەتە پەیوەندیدارەکان