ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایدەگەیەنێت، یەکێتی لەگەڵ ئەوەدا بوو کە دۆسێی نەوت بە هاوبەشی لەگەڵ عیراقدا بەڕێوەببرێت، ئێستاش پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتی نەوتی هەرێمدا بکرێت.
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا لەسەرپرسی نەوت و هەڵوێستی یەکێتی و پرسە گرنگەکانی رۆژ دوا و وتی، ئەوەی سەرۆک بافڵ لەسەر مەلەفی نەوتی کوردستان وتویەتی سیاسەتی یەکێتییە، یەکێتی لەگەڵ ئەوەدا بوو دۆسێی نەوت بە هاوبەشی لەگەڵ عیراقدا بەڕێوەببرێت، ئێستاش پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتی نەوتی هەرێمدا بکرێت.
وتیشی، سیاسەتی یەکێتی لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و ئەرکی یەکێتییە هەڵەی حکومڕانیی هەرێم راستبکاتەوە. سۆمۆ دەبێتە مەرجەعی دۆسێی نەوتی عیراق بە هەرێمیشەوە.
ئاماژەشیکرد کە سیاسەتی یەکێتی لەگەڵ کردنی هەڵەی ستراتیژی نییە، ئەوەی یەکێتی و سەرۆک بافڵ لە رابردوودا وتویانە دەرکەوت ئەوە راستییەکەیە و لە بەرژەوەندی هەرێمدایە و هەر ئەوەش مسۆگەرکردنی قووتی خەڵک بوو، خوێندنەوەی واقیعیش بوو بۆ دۆخی هەرێم و عیراق.
ستران عەبدوڵڵا دەڵێت، پێشتر سەرۆکی یەکێتی لەبارەی ئەم پرسە و کێشەکانەوە لە پایتەخی کوردستان بە روون و ئاشکرا هۆشداری دا لەبارەی دۆخی هەرێمەوە، دەبوایە زووتر لەگەڵ حکومەتی عیراق رێکەوتن بکرایە کە ئەوەش لە قازانجی هەرێمدا دەبوو.
وتیشی، بەناوی کوردایەتییەوە سووکایەتی بە خەڵکی کوردستان دەکرێت، نابێت بەناوی کوردایەتییەوە هاووڵاتیانی هەرێم چەواشە بکرێن، یەکێتی سوپاسی هەر لایەنێک دەکات کە دەستکەوت بۆ هاووڵاتیانی کوردستان بەدەستبهێنێت.