فەیسەڵ عەلی
بۆچی پڕۆسەی گەشەپێدان لە کۆمەڵگەیەک سەرکەوتوو دەبێت و لە کۆمەڵگەیەکی دیکە پەکی دەکەوێت، یان ئەگەر بەتەواوی شکست نەهێنێت؟ پرسیارێکە رەنگە زۆربەی ئابووریناسان و کۆمەڵناسان لە خۆیانی بکەن و لەناو ئەم دوو توێژەدا ئەم پرسیارە زۆر بکرێت، بۆ ئەوەی لە وەڵامێکی گونجاو نزیک ببینەوە و ئەو نهێنییە ئاشکرا بکرێت، ئەگەر ئەوە بە نهێنی دابنرێت، چونکە لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا زۆر لە مێژە ئەو پرسیارە کراوە و بە سەدان توێژینەوەشی لەسەر کراوە. سەرەتا رەنگە گونجاو بێت ئاماژە بە سامپڵێکی پەیڕەوکراو لە کۆمەڵگە بکەین، کە رۆڵی لە سەرکەوتن یان شکستی ئەو کۆمەڵگەیەدا هەبووە، دەشێ گونجاو بێت ئاماژە بۆ چەمکی سامپڵێک بکەین بەوەی وێنای گەشەکردن پلانێکی تیۆرییە و دەکرێ ئامانجەکەی گۆڕینی تەواوی کۆمەڵگە بێت، لە یەکێک لە بوارەکانی وەک بواری ئابووری، پەروەردە و خوێندن یان بونیادی کۆمەڵایەتی، یان هۆشیاریی کۆمەڵگە، ئەو سامپڵە یان تەواو وەک خۆی یان بە رێژەیی، بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵگە بەکاردەهێنرێت، بۆ نزیککردنەوەی مانای ئەو سامپڵە، دەکرێ بە نەخشەی دروستکردنی خانویەکی بچوێنین.
تیۆریی سۆشیالیستی، کە شۆڕشی بەلشەفی لە 1917 پەیڕەوی کرد، ئامانجی گۆڕینی هەموەکی کۆمەڵگە بوو، لە کۆمەڵگەیەکی دەرەبەگایەتییەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی، بەڵام لە پراکتیزەکردنیدا ئاستەنگی گەورەی هاتەڕێ
چارەسەرکردنی لاسەنگی
سامپڵ لە هەر بوارێکدا بێت، لە کۆمەڵێک توخم و رەگەز پێکدێت، هەر توخمێک بە شێوەیەکی بونیادی بەویترەوە پەیوەستە، بەجۆرێک ئەگەر لە یەکێک لەو توخمانەدا لاسەنگییەک دروست ببێت، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی زۆر یان کەمی لەسەر توخمەکانی تری ئەو کۆمەڵەیە دەبێت، لەبەرئەوە، وەک دەردەکەوێ سەرکەوتنی پلان و سوود وەرگرتن لەو سامپڵە چارەسەرکردنی ئەو لاسەنگییەیە کە لەو توخمەدا دۆزراوەتەوە، هەروەها هەموو سامپڵێک دەخوازێت بە زنجیرەیی (بەدوای یەکدا) بەکار بهێنرێت، واتە نابێ لە یەک ماوەدا جێبەجێ بکرێت، چونکە هەر قۆناغێک پێویستی بە کاتی پێویستی خۆی هەیە تا پێدەگات و بەرهەمی خۆی دەبێت، وەک چۆن دار کاتی دەوێت تا بەرەکەی پێدەگات.
گۆڕانکاری بێئاستەنگ نییە
لە ئەدەبیاتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا، سامپڵی هەموەکی هەیە، ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگەیە لە رەوشێکەوە بۆ رەوشێکی جیاواز، لە شێوازی بیرکردنەوە، ئاراستە، دابونەریت و رەفتار و بەهاکانی خەڵک، بۆ نموونە تیۆریی سۆشیالیستی، کە شۆڕشی بەلشەفی لە 1917 پەیڕەوی کرد، ئامانجی گۆڕینی هەموەکی کۆمەڵگە بوو، لە کۆمەڵگەیەکی دەرەبەگایەتییەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی، کە هاوکات لە پراکتیزەکردنیدا ئاستەنگی گەورەی هاتەڕێ، بەرەنجامە نەرێنییەکەی داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت بوو لە ساڵی 1990دا.
هەروەها پۆلێنێکی تری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەیە، کە سامپڵی تەواوکارییە، کە لە خستنەڕووی بەرنامەی گەشەپێدانی هەمەلایەنەدا خۆی دەبینێتەوە، وەک خوێندن، تەندروستی، نیشتەجێبوون، ئابووری، بەگژداچوونەوەی هەژاری، کشتوکاڵ و پیشەسازی و ...هتد، هەموو ئەمانە لەسەر ئاستی تەواوی دەوڵەت و هەماهەنگی نێوان ئەو بەرنامانە دەکرێت، بۆ نموونە بەرنامەکانی خوێندن لەسەر کشتوکاڵ پێشکەش دەکرێن، لە هەمان کاتدا خەڵک کاری کشتوکاڵی خۆیان بەو رێگەیەی لەسەری راهاتوون دەکەن، بۆ ئەوەی خەڵکانی بەکاربەر لەو بەروبوومە کشتوکاڵییانە بێبەش نەبن، دەبێ بەرنامەکانی خوێندن و کشتوکاڵ یەکتری تەواو بکەن، نەک بەرنامەیەک ئەوی دی پەک بخات.
سامپڵی خۆگونجاندن
سامپڵی دووەم، خۆی لە سامپڵی خۆگونجاندا دەبینێتەوە، واتە بەرنامەکە بەپێی هەلومەرجی ئەو سیستم و لیستی ئەو پێدراوانەی هەیە جێبەجێ دەکرێت، واتە ئەو سیستمە توانای لە خۆگرتنی ئەو بەرنامەیەی هەیە، یان ئەو بەرنامەیەی بڕیارە جێبەجێ بکرێت، داخۆ لە سیستمەکەدا جێی دەبێتەوە یان نا، قابیلی جێبەجێکردنە یان نا؟
سامپڵی سێیەم، بە سامپڵی پڕۆژە ناسراوە، واتە بەرنامەیەکی دیاریکراو هەیە، لەسەر ئاستی کۆمەڵگە یان تایبەتە بە ناوچەیەکی دیاریکراوی ئەو کۆمەڵگەیە، کاری لەسەر دەکرێت و جێبەجێ دەکرێت، بۆ نموونە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان بەرنامەی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی گوندەکان بە دیزاینێکی نوێ هەبێت، یان پڕۆژەی تایبەت بە ناوچەیەکی دیاریکراو، وەک پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەیەک، کە دووچاری تەنها ناوچەیەک یان دوان دەبێتەوە، دادەڕێژێت.
قایلبوونی خەڵک فاکتەرێکی بەهێزە
سەرکەوتنی پڕۆسەی گەشەپێدان، تیمێکی شارەزای دەوێت تا بەرنامە پلان بۆدانراوەکەی گەشەپێدان جێبەجێ بکات، هەروەها قایلبوونی خەڵک بەو بەرنامەیە فاکتەرێکی بەهێزی سەرکەوتنی پڕۆسەکەیە، لەبەرئەوە بنیاتنانی سامپڵێکی دروست، کە تێیدا بنەماکانی کۆمەڵگە و کەلتورەکەی لەبەرچاو گرتبێت، دەتوانێ رۆڵی لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی هەبێت. دواتریش روونکردنەوەی گرنگیی بەرنامەی گەشەپێدان بۆ خەڵک، بە جۆرێک ئەوانیش بکرێنە بەشێکی بنچینەیی جێبەجێکردنی، رۆڵی لە نەهێشتنی ئەو کۆسپە کەلتوری و ئیداری و دەروونیانەدا دەگێڕێت و بەسەریدا زاڵ دەبێت، هەروەها لە حاڵەتی بوونی کێبڕکێ لە نێوان ئەو دامەزراوانەی کە دەسەڵاتەکانیان لە جێبەجێکردنی سامپڵەکەدا تێکەڵاو دەبن، کاریگەریی بەرژەوەندیی تەسکی کەسی، ئاستی گشتیی خوێندن و مەعریفەی کۆمەڵگە، دەرک کردنیان بە گرنگیی پڕۆسەی گەشەپێدان و گرنگی ئەو بەرنامەیەی جێبەجێ دەکرێت، هەموو ئەمانە دەبنە یارمەتیدەری جێبەجێکردنی بەرنامە و پڕۆژەکان بەپێی ئەو ئامانجانەی بۆی دیاریکراون، پێچەوانەکەشی راستە.
پڕۆسەیەکی هەمەلایەنەیە
بۆ نموونە، لە بواری خوێندندا سامپڵی زۆر هەن، کە فێربوون و میکانیزمەکانی شیدەکەنەوە، لەوانە سامپڵی رەفتاری، کلاسیکی، بونیادی، فێربوونی کەڵەکەبوویی، سامپڵی دەرککردنی کۆمەڵایەتی، چارەسەرکردنی زانیاری، ئیستیعابکردنی فێربوون، سەرباری سامپڵی شیکردنەوەی فێربوون، سامپڵی پەیوەست بە هەڵسەنگاندنی واقیعی خوێندن و پڕۆسەکانی، ئینپوت و ئاوتپوت و ئامانج و فەلسەفە و سیستمەکەی هەیە.
پڕۆسەی گەشەپێدان، پڕۆسەیەکی هەمەلایەنەیە، هەموو کایە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان رۆڵیان لە سەرکەوتن و شکست پێهێنانیدا هەیە، لەبەرئەوە داڕێژەرانی بەرنامە و پڕۆژەکانی گەشەپێدان دەبێ بە وردی هەموو لایەنەکانی ئەو پڕۆسەیە لێکبدنەوە، خاڵە بەهێز و لاوازەکان، هەروەها دەرفەت و هەڕەشەکانی بە وردی بخوێننەوە، وێڕای ئەویش بەردەوام چاودێریی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بکرێت، تا لە کاتی پێویستدا رەچاوی پێشهاتەکان بکرێت و مامەڵەی دروستیان لەگەڵدا بکرێت، بەو شێوەیە پڕۆسەی گەشەکردن سەرکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت، ئەگەرنا هەر پڕۆژەیەکی لەو جۆرە، ئەگەر ئەو بنەمایانەی تێدا نەبێت، دوورە لە سەرکەوتنەوە و نزیکە لە شکستەوە، هەر شکستێکیش کۆمەڵگە باجەکەی دەدات.