سەردار عەبدوڵڵا: نووسین لای من قووڵایی دۆزەخە

01:49 - 2023-04-06
ئەدەب و هونەر
852 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: هەڵمەت هۆشیار

نووسین وەك هۆكارێكی گرنگ و سەرەكی گەیاندنی مەعریفە، لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتیدا ریشەی داكوتاوە. زۆرینەمان بابەتە نووسراوەكانی نووسەران دەخوێنینەوە و دەیانبینین. ئەوانەی لەوانەوە پێدەگات ئەو زانیاری و بیركردنەوانەیە، كەڵەكەبوونی خوێندنەوە و پاشخانی زانیاری نووسەرەكانیانە. لەم دیمانەیەدا كە لەژێر ناونیشانی لەبارەی نووسینەوەیە سەردار عەبدوڵڵا نووسەری سیاسی و ئەدەبی وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە.

*نووسین لای تۆ چییە و مرۆڤ بۆ دەنووسێ؟
-نووسین لای من قووڵایی دۆزەخە. هەربۆیە من ناتوانم نەنووسم.
*نووسین هونەرێكی خواكردە یان خۆكردە؟
-هەردووكیانە، دیراسەكردنی پڕۆسەی داهێنان بەگشتی و بە تایبەتیش لە نووسیندا بوارێكی دەوڵەمەندە، كەچی هێشتاش هەر نەگەیشتووە بە وەڵامە كۆتاییەكان. بەڵام بێگومان كە رێژەیەك لە بەهرە و عیشق زەروورە لانیكەم بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو دۆزەخە بگرین. هاوكات ئەمە هەر خۆی بەس نییە بۆ داهێنان. نووسەری داهێنەر، لەناو ئاگری دۆزەخەكەیدا بەجۆرێك هەڵدەقرچێ و دەسووتێ تا دەگاتە سەر جەوهەری قووڵی داهێنانی ناو رۆحی، لەبەرامبەریشدا وەستایەكی كارامەیە بێوچان كار لەسەر باشتر بەكارهێنانی كەرەستەكانی بوارەكەی دەكات. ماركیز نووسین بە دارتاشی دەشوبهێنێت، كەواتە سەنعەتیشە. جگە لە هەموو ئەمانەش فێرخوازێكی تینووی هەموو تازەیەكە، ئینجا مامۆستاكانی دەكرێ داهێنەرە گەورەكان، یان داهێنانە مەزنەكان، یان كۆرسی فێربوون، یان تەنانەت خوێنەرەكانیشی بن.
*پەیوەندی نێوان نووسین و نووسەر و لەگەڵ خوێنەردا، چ جۆرە پەیوەندییەكە و چۆن راڤەی دەكەی؟
-تەنها هێندەی لێ دەزانم كە پێویستە پەیوەندییەكی راستگۆیانەی كارلێك بێت. واتا پەیوەندییەكی جەدەلی بێ لایەنەكانی دابڕاو نەبن. راستگۆییش دوور لە حوكمی پێشوەخت و گەڕەكەچێتیی و گرووپچێتی، ئەمەی دواییان پەیوەستە بە پەیوەندی خوێنەر لەگەڵ دەقدا. واتا خوێنەر پێشوەخت لەسەر بنەمای كتێبی باو و نووسەری باو، یان كاریگەریی گرووپە رۆشنبیریی و میدیاییەكاندا پێشوەخت بڕیار لەوە نەدات دەقێك شاكارە تەنها لەبەر ئەوەی هی فڵان نووسەرە، یان دەقێك زۆر سادە و بێ ئەرزشە لەبەر ئەوەی هی نووسەرێكی دیكەیە. بە واتایەكی دیكە پەیوەندی خوێنەر لەگەڵ دەقدا دەبێ دابڕاو بێت لە پەیوەندی خوێنەر لەگەڵ نووسەردا. ئاخر مەرگی نووسەر تەنها یەك دیو و یەك ئاراستە و مانای نییە.
*زمانی نووسین دەبێ چۆن بێ؟ كە ئاشكرایە نووسینی ئەدەبی و هونەریمان هەیە، هاوكات نووسینی زانستیمان هەیە، كە دوو دونیای لەیەك جیاوازن؟
-ئەو مافە بەخۆم نادەم هیچ شتێك لەسەر نووسینی زانستی بڵێم، چونكە بواری من نییە و لێی نازانم. هەڵبەتە ئەگەر زانستە مرۆییەكانی لێ بەدەر بكەین، كە ئەمەشیان باسێكی تەواو جیاوازی دەوێ. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بە دوور لە هەموو تیۆرەكانی ئەو بوارە و ئەزموونی نووسەرە گەورەكانی جیهان، باس لە ئەزموونی موتەوازیعی خۆم دەكەم: لای من نووسین چ ( رۆمان و كتێبی سیاسی و وتار، تەنانەت وتاری سیاسیش) هەر پڕۆژەیەكی نووسین و ئەو گۆشەنیگایەی لێوە سەیری بابەتی نووسینەكە دەكەم و ئەو لایەنەی جەختی لەسەر دەكەمەوە، خۆی جۆری زمانی خۆی هەڵدەبژێرێ. بۆ نموونە وتاری سیاسییم هەبووە، شاعیری ناسراو تەلەفۆنی بۆ كردووم پرسیوەیەتی: ئەوە شیعرت نووسیووە؟. كەواتە دەكرێ تەنانەت وتارێكی سیاسیش بە نەفەسی شیعر، یان تەنانەت زمانی شیعر بنووسین. زمانێكی ستانداردی كۆنكرێتیمان نییە، بەلای منەوە ئەمە هەرخۆی یەكێكە لە رەگەزە هەرە بنەڕەتییەكانی داهێنان. لە پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی تاران لە دیدارێكی میدیاییدا پرسیان: چۆن بڕیار دەدەی دەقێك بە عەرەبی و دەقێكی دیكە بە كوردی بنووسی؟ لە وەڵامدا گوتم: دەقەكە خۆی دوا بڕیار دەدات. لێرەشدا دەڵێم بابەت، یان دەق خۆی زمانی خۆی دیاریدەكات.
*نووسین چ دۆخێك دەخوڵقێنێ؟ چێژە یا ئازارە یان هەڵچوونی دەروونی؟
-نووسین دۆخێكی وا ئاڵۆز دەخوڵقێنێ كە باسكردن و وەسفكردنی هەروا ئاسان نییە. هەموو ئەوانە پێكەوە و تێكەڵەیەك لەوانە و زۆر هەستی تر دەخوڵقێنێ. كە باس لە نووسین دەكرێ ناتوانم پەنا نەبەمەوە بەر وتە زێڕینەكەی ئەرنێست هەمەنگوای كە دەڵێ: نووسین سەختترین كارە لە جیهاندا. من لە كاتی نووسینی ئاتێلا دوایین عاشق نەخۆش كەوتم. هەروەها رۆمانێكیشم لەسەر ئەو دۆزەخە و ئازار و سەختییەكانی نووسیوە.
*ژیان بەبێ نووسین چۆن دەبێ، ئەگەر نەنووسین چی روودەدات؟
-هەڵبەتە دیارە مەبەستی پرسیارەكە سەبارەت بە نووسەرە. ژیان بەبێ نووسین دۆزەخێكی كوشندەترە لە خودی دۆزەخی نووسین. بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێم ئەو كاتەی نووسەر گەیشتە ئەو ئاستەی هەستیكرد شتێكی دیكەی نییە بۆ نووسین، واز بێنێ باشترە. لەم مەسەلەیەدا دۆخێكی دیكە هەیە كە دەبێ زۆر ورد و بەدیقەت لەبەر چاوی بگرین. ئەویش ئەو دۆخی قوفڵ بوونانەیە نووسەر تووشیان دەبێ، كە نووسەرە هەرە گەورەكانی جیهان بەم دۆخانەدا تێپەڕیوون. ئەم دۆخە بەدەیان كتێب و توێژینەوەی لەسەر نووسراوە، بەشێكی نووسەرەكانی جیهان و بەتایبەت لە رۆژئاوادا قسە لەسەر ئەم بابەتە دەكەن كە بەناوی (writer's block) ناسراوە. لە دۆخی وادا نووسەر هەست بەوشكبوون دەكات، هەڵبەتە ئەمەش جۆری جیاجیای هەیە. لێرەدا بایەخی حەیاتی راستگۆیی دەردەكەوێت، ئەگەر راستگۆیانە بنووسین داهێنان خۆی دادەبارێ، خۆ گەر راستگۆبووین ئەوا بەتۆپزی لاپەڕە سپییەكان وەكو داگیركارە دڕندەكانی مێژوو وێران ناكەین. وەك پێشتر وتم رۆمانێكم لەبارەی ئەم دەردە ترسناكەوە نووسیوە.
*كرداری نووسین نووسینەوەی خودە گێڕانەوەی كۆمەڵێ رووداوە كە كارلێكت لەگەڵیاندا كرد و دنەی سۆزت دەدەن؟ 
-لە نووسیندا پێویستە راستگۆبین و توانا و لێهاتوویی تەواومان لەو بوارەدا هەبێ كە تێیدا دەنووسین. تەنها هێندەیە كە راستگۆیانە و وەستایانە بنووسە، ئیدی چی دەنووسی بنووسە، مەسەلەكە هەر بە تەنها بابەتێك نییە دنەمان دەدات. نووسەرێك كە لە ژیانیدا كەسی نەكوشتووە، چۆن دەتوانێ هەست و هەڵچوونی بكوژێكمان بۆ بگوێزێتەوە، ئەو ژنانەی دەق لەسەر زاری پیاو دەگێڕنەوە و باسی ناخی پیاو دەكەن، یان پێچەوانەكەی. زۆر ئەزموونی دیكەش. پڕۆسەی داهێنان و كرۆك و سروشتی نووسین زۆر ئاڵۆزە، هەربۆیە قسەكردن لێی ئاوا سەرپێی گونجاو نییە. بەڵام دەگەڕێمەوە و دەڵێم خودی ئەو بابەتەی لەسەری دەنووسین، ئەو گۆشەنیگایەی لێیەوە تەماشای دەكەین، ئەو لایەنەی‌ جەختی لێدەكەینەوە خۆیان بڕیار لە شتەكانی دیكە دەدەن. بەڵام سەبارەت بەو پرسیارانەی خۆم لەم وەڵامەدا ورووژاندمن، پێموایە نەستی ئێمە هەڵگری جۆرەها هەستی جۆراجۆری ئاڵۆزە، لە كاتی نووسیندا هەستی ئەزموونێكی هاوشێوەی ئەو ئەزموونەی لەسەری دەنووسین لە قووڵایی نەستەوە سەر دەردێنێ و فریامان دەكەوێ. واتا ئەستەمە بتوانین بەدابڕاویی لە‌ ئەزموونێكی خودییەوە تەنانەت دەقێكی مێژووییش بنووسین كە باس لە هەزار ساڵ پێشتر دەكات.
*نووسین چی پێبەخشیوی و چی لێ سەندوویتەوە؟
- هیچی لێم نەسەندۆتەوە. گلەیی خۆشەویستەكانی پێ بەخشیووم كە غەدریان لێ دەكەم و كاتی ئەوان دەدەم بە نووسین. دنیایەك ئازاری جوان و تاقەت پڕوكێنی داومەتێ. خۆشەویستی و باوەشی خوێنەرەكانی پێ بەخشیووم كە لە هەموو خەڵاتەكانی دنیا بەنرختر و بایەخدارترە.
بەهۆی نووسینەوە لە كۆچێكی هەمیشەیی دام بۆ جیهانە نەدۆزراوەكان، بۆ ئەستێرە پەی پێنەبراوەكانی خەیاڵ. نووسین ناچارم دەكات هەمیشە خۆم فێر بكەم، زیاتر بخوێنمەوە، زیاتر دەسەڵاتم بەسەر كەرەستەكانی نووسیندا بشكێ. جیهان و مانا و بەهای هەمیشە نوێ بدۆزمەوە دووبارەش خۆم بدۆزمەوە. یان خۆم ون بكەم... نازانم...

بابەتە پەیوەندیدارەکان