فیلمی دۆزینەوەی تۆ

01:52 - 2023-04-06
ئەدەب و هونەر
328 جار خوێندراوەتەوە

ئا: نەرمین عوسمان محەمەد

ئەم فیلمە یەكێكە لەو فیلمە كۆمەڵایەتی و رۆمانسیانەی لەلایەن تۆڕی بەناوبانگی نێتفلێكسەوە بەرهەمهێنراوە لە ساڵی 2021. لە رۆمانی (The you ) وەرگیراوە، هەمان نووسەری رۆمانەكە نووسەر جێنی. بی. جۆنز بەهاوكاری دەرهێنەری فیلمەكە برایان یاگۆ سیناریۆی فیلمەكەی نووسیوە. هاوكات دووپاڵەوانی سەرەكی فیلمەكە هەردوو ئەكتەر خاتوو رۆز رید و ئەكتەری لاو جیدیدیا گود ئاكرێ رۆڵی تێدا دەبینن. فیلمەكە دەرهێنانی دەرهێنەر برایان یاگۆیە. ئەم فیلمە بۆ یەكەم جار لە 14/5/2021دا نمایش كرا و داهاتەكەی گەیشتە3.3 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.
چیرۆكی فیلمەكە
چیرۆكی فیلمەكە باس لە خانمێكی میوزیسیان دەكات كەمانچە دەژەنێت و خەونی ئەوەی هەیە لە یەكێك لە پەیمانگاكانی نیویۆركدا لە ئەمریكا وەربگیرێت تاوەكو پەرە بە بەهرەی كەمانچە ژەنینەكەی بدات و بخوێنێت سەبارەت بە  كەمانچە، بەڵام لە یەكەم ئینتەرڤیودا سەركەوتوو نابێت و لەپەیمانگا  وەرناگیرێت، بەڵام واز لە خەونەكەی ناهێنێت، كۆڵنادات و  زەمالە وەردەگرێت بۆ ئێرلەندا و لەلای خێزانێك دەمێنێتەوە كە پێشتر براكەی لەلایان بووە. خۆی كۆدەكاتەوە و دەچێتە فڕۆكەخانە تاوەكو گەشت بكات بۆ ئێرلەندا لەنێو فڕۆكەكەدا یەكێك لە كارمەندەكانی نێو فڕۆكەكە پێی دەڵێت: تۆ تەنهایت بچۆرە ئەو تاكە كورسیە چۆڵەی لەبەشی گەشتیارانی پلە یەك ماوە. ژەنیارەكە بەقسەی دەكات و دەچێت دادەنیشێت. بەڵام كە ئاوڕدەداتەوە لەلایەوە لە نێو فڕۆكەكەدا گەنجێكی زۆر قۆز دانیشتووە و بەپۆزەوە پێی دەڵێت: سڵاو هیوادارم نەكەویتە داوی خۆشەویستیمەوە. ژەنیاریش بەسەرسوڕمانەوە دەڕوانێتە گەنجە قۆزەكە و هیچ ناڵێت و دەست دەداتە گۆڤارێكی هونەری كە لەبەردەمیدا دانراوە و هەوڵدەدات بیخوێنێتەوە، بەڵام هەر لەگەڵ یەكەم لاپەڕەی گۆڤارەكە دەكاتەوە دەبینێت وتارێكی دوورودرێژ لەسەر گەنجەكەی تەنیشتی نووسراوە بەهاوپێچی چەند وێنەیەك ئیتر لەوێوە بۆی دەردەكەوێت كە ئەم گەنجە ئەكتەرێكی بەناوبانگە و ئەم نەیناسیوە و بۆ نواندن گەشت بۆ ئیرلەندا دەكات. ئیتر بەدرێژایی رێگای گەشتەكە لەنێو فڕۆكەكەدا هیچ لەگەڵ ئەكتەرە لاوەكە ناڵێت.
گەیشتنە ئێرلەندا
ژەنیارەكە دەگاتە ئێرلەندا و دەچێت بۆلای ئەو خانەوادەیەی پێشتر برا كەیان گرتبووە خۆیان. ئەو خانەوادەیە زۆر بەگەرمی پێشوازی لێ دەكەن و دەفتەرێكی براكەی پێشكەش دەكەن كە تێیدا وێنەی خاچێك و وەسێتنامەی براكەی تێدایە و پێی دەڵێت هەرگیز كۆڵ نەدات و باوەڕی بەخۆی هەبێت و دوای شوێنەواری وێنەكە بكەوێت كە كێشراوە. پاش سوپاسی خێزانەكە كە میواندارێتیان كردووە و بۆ ئەو دیارییە جوانەی براكەی، خاوەن ماڵ بە ژەنیارەكە دەڵێت ئەرك بكێشێت و خواردن بەرێت بۆ ئەو میوانەی كە ئەمڕۆ گەیشتۆتە ماڵەكەیان. تكای لێ دەكات بە روویەكی خۆشەوە خواردنەكە پێشكەشی میوانەكە بكات. رازی دەبێت. بەڵام كاتێك دەچێتە ژووری میوانەكەوە دەبینێ میوانەكە هەمان ئەكتەرە لاوە قۆزە لەخۆباییەكەی هاوسەفەرێتی. بۆیە پەست دەبێت، بەڵام ناتوانێت هیچ بڵێت، چونكە گەنجەكە پارەی مانەوەی داوە.
دەست بەكاربوون
رۆژی دوای گەیشتنی ژەنیار و ئەكتەرە لاوەكە هەریەكێكیان دەچێت بەلای كاری خۆیەوە، ئەكتەرە لاوەكە بەشداری لە وێنەگرتنی فیلمێك دەكات كە خۆی و خۆشەویستە ئەكتەرەكەی تێیدا بەشدارن و خانمی ژەنیاریش دەچێتە نێو ئەو دەزگایەی كە زەمالەكەی پێ بەخشیوە و لەوێ داوای لێدەكەن وەكو مەرجێك لە بابــەتەكــانی خــوێندنــەكەی كەوا ببێتە هاوەڵی كەسێكی بەساڵاچوو لە خانەی پیران و بەدرێژەی ماوەی مانەوەی لە ئێرلەندا خزمەتی بكات و دواتر راپۆرتێك پێشكەش بكات لەسەر ئەو وانانەی كە فێری بوو لە ژیاندا لە ئاكامی خزمەتكردنی ئەو كەسە بەساڵاچووە. هەر چۆنێك بێت كوڕەی ئەكتەر و ژەنیار لەگەڵ ژینگەی نوێی ژیان و كارەكەیاندا خۆیان دەگونجێنن.
سەرەتای خۆشویستییەكی سەیر
ژەنیار  و ئەكتەرە لاوەكە رۆژانە یەكتر دەبینن. تاوەكو لەناكاو شەوێكیان ئەكتەرە لاوەكە لە دەرگای ژووری ژەنیارەكە دەدات و داوای لێ دەكات گوێ لەو دەقە بگرێ، كە لەبەری كردووە تاوەكو سبەینێ لە نمایشەكەدا بەشداری پێ بكات. ژەنیارەكە قایل دەبێت، گوێی لێ دەگرێت. لەو شەوەوە هەستێكی خۆشەویست و چیرۆكی خۆشەویستییەكی ناوازە لەنێوان ژەنیار و ئەكتەرە لاوەكەدا دروست دەبێت، دەبێتە هۆكاری دەستهەڵگرتنی كوڕە ئەكتەرە لاوەكە لەنواندن و دواكەوتنی خۆشەوستە ژەنیارەكەی و خەونەكانی خۆی. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان