دوو کورتە چیرۆکی ئەمریکی و مەکسیکی

02:06 - 2023-04-06
ئەدەب و هونەر
365 جار خوێندراوەتەوە

لاساروس

لیلیانا بلوم*

هیچ كاتێ خوازیاری ئەم موعجیزەیە نەبوو، بەڵام كاتێك دەرەفەتەكەی هاتە پێشەوە، نەیگوت نەخێر. چاوەڕێی لافیتەی جوانی "بەخێر بێیتەوە  بۆ ماڵەكەت "یشی نەكرد. بەڵام كاتێ بەرەو گوندەكە دەڕۆیشت، بەلای كەمەوە چاوەڕێ بوو ئەو كەسانەی كاتێ زیندوو بوو، خۆشیان دەویست، بێن و باوەشی پێدا بكەن و ماچی بكەن. گوێی بە رووت و قووتی خۆی نەدەدا. نیوەی بەدەنی كرم خواردبووی و گۆشتی بۆگەنی زەرد بەسەر ئێسقانە چەورە سپییەكانییەوە لە زەوقی پیاوی دەدا.
بەخێرایی دەڕۆیشت و بزەیەك بە روخساری  بێ لێوییەوە دیار بوو. بە ئێسقانی پاژنەی تۆزی دەكرد. مانگ بە كزی دەدرەوشایەوە. شەمشەمەكوێرە تەمەڵەكان بەملاو بەولادا دەفڕین و بە باڵە ماتەكانیان غەمیان بەئاسماندا بڵاودەكردەوە. كوندەبەبوویەكی سپی باڵەكانی كردبۆوە و لەسەر دارهەرمێیەك كە ئەوەندەی هەرمێ گرتبوو سەری شۆڕكردبۆوە، بە گومانەوە سەیری دەكرد.
ماڵەكەی بە شێواوی بینی، لەو كاتە خراپتر كە بەجێی هێشتبوو، رۆیشتبوو. بەزەیی بە ژنەكەیدا هاتەوە، چونكە نە شتێكی بۆ بەجێهێشتبوو، نە كوڕێك كە پارێزگاری لێ بكات. پێش ئەوەی بچێتە ماڵەوە دەستێكی بەسەریدا هێنا، بۆ ئەوەی قژی رێك بكاتەوە كە هێشتا بە كەللەسەرە بۆگەنەكەیدا شۆڕببۆوە. پاشان ئەو كرمەی لەسەر روخساری چاوشاركێی دەكرد و لە كونە لووتییەوە دەچووە ناوەوە و لە كاسەی چاوییەوە دەهاتە دەرەوە، گرت و دای بە عەردا. بەهێواشی پاڵی بە دەرگاكەوە نا، كاتێ جیڕەی دەرگاكە بەرزبۆوە جنێوێكی دا. لەسەر نووكەپێ وەستا تا بەخێرهاتنەوەی بە چاوی خۆی ببینێت.
لە گۆشەیەكی ژوورەكەی تەنیشتی، لەلای مۆمێكی كزەوە دایكە پیرەكەی بینی كە شتی دەچنی دابڕاو لە دنیا و خەڵك، هیچ هەستێكی نەبوو. بە خۆپەرستییەوە كوڕە تاقانەی خێزان، بەو خەیاڵەوە كە دایكە زاهیدەكەی بیر لەو دەكاتەوە، لە دڵخۆشیدا نغرۆ بوو. خۆی هەڵدایە بەردەمی وتی: "مەمی منم! لاساروسی تۆ!"
مەسەلەكە بە خواستی ئەو نەڕۆیشت. پیرەژنی بەدبەخت قولاپ و كڵافەی لە دەست كەوت، چاوانی دەرپەڕین و دەنگی دەرپەڕینی چاوی دەهاتە گوێ. وەكو ماسی كە لە ئاو دەرهێنرابێت دەمی داچەقاند و دوا هەناسەی دا. لاساروس دەستەپاچە بوو رۆڵی خۆی لە جەڵتەی دڵیدا رەتكردەوە. بۆ ئاسوودەكردنی خەیاڵی خۆی وتی: "پیرەژنی نەگبەت تەمەنی خۆی ژیابوو."
پاشان بە هیوایەكی تازەوە بەرەو ژووری نووستنی زەماوەندەكەی چوو. هەستی بەوە نەكرد كە هەرچی هی ئەو بوو، لەبەرچاوی نییە. لەبەر دەرگاكەدا بە بینینی دیمەنێك كە لەبەر چاوی بوو، وشك بوو. ژنە خۆشەویستەكەی، عەشقی ژیانی، ژنە تازێبارەكەی، لە باوەشی "خاشوا"ی هاوڕێیدا بوو! شەشەمین فەرمانی دە فەرمانەكەی گوندەكەیانی پێشێل كردبوو. بە شەوق و زەوقێكەوە وەها سێكسی دەكرد كە قەت لەبەرچاوی ئەم نیشانی نەدابوو كە بە مێردی شەرعی و قانوونی حساب دەكرا. فرمێسكی نەهات، چونكە لوولەی فرمێسكی رزیبوو. بۆ نیشاندانی خەمی قووڵی خۆی دەستی برد و ئەوەی لە چاوی مابۆوە دەریهێنا.
بە شەلە شەل لە ژوورەكە دوور كەوتەوە و لە ماڵەكە چووە دەرەوە بۆ ئەوەی بچێتە لای "ئەرود" سەگە بەوەفاكەی ئارام بێتەوە. بەڵام سەگە ناڕەسەنەكە مڕەیەكی كرد و دەیەویست ئەو پارچە گۆشتانەی بە گیانی خاوەنە نەگبەتەكەیەوە مابۆوە، لێیان بكاتەوە و بیانخوات. لاساروس ناچار بوو بەخێرایی لە كوێوە هاتبوو بگەڕێتەوە. بەڵام ئەمجارە نە كونەبەبووەكە و نە شەمشەمەكوێرەكان حسابیان بۆ كرد. ئەو رێگایەی نەدەچۆوە رۆما گەیاندییەوە گۆڕستانەكە. لەسەر كێلی گۆڕێك كە گژو گیای زەردهەڵگەڕاو دایپۆشیبوو، دانیشت و سەیری ئەو دووپشكانەی كرد كە هەوڵیاندەدا لە ژێر ئێسقانەكانی قاچیدا خۆیان بشارنەوە. لەو شەوە تاریكەدا لە ناخی دڵییەوە حەزی دەكرد خۆزگە لە رۆژگاری موعجیزەدا نەدەژیا. 

*لیلیانا بلوم: نووسەرێكی مەكسیكییە و تەمەنی چلو نۆ ساڵە. 

سەرچاوە:
از زبان دیگران
و/ فارسی/ اسدالله امرایی

 

پاسپۆرت

دیب ئۆلین ئونفێرت*

لە ژووری ئوتێلەكە لەگەڵ باقی شتەكانی تریدا لێیان دزیبوو. لەوانەیە لە ژووری ئوتوتێلەكەش نەبووبێت، لەناو شەمەندەفەرەكەدا لە خۆیان دزی بێت. رەنگە لە شەمەندەفەرەكەشدا نەبووبێت، لە سندوقەكە داخراوەكەدا یان لە جانتاكەی. لەوانەیە لە هۆڵەكە یان لەسەر قادرمەكان لێیان دزی بێت. رەنگە هەر بەدەستی نەگەیشتبێت، ناچار بووە وەكو سەگێك كە ونی كردووە بانگی بكات. یان لەوانەیە پاسپۆرتێكی هەبووبێت و یەك ساڵ لای مابێتەوە، هەموو مانگی نۆڤەمبەرێك تازەی كردبێتەوە تا دە ساڵ. یان چەندان سەعات لە هۆڵی ترانزێت دانیشتبێت و گرتبێتی بە دەستییەوە.
لەوانەشە ویستبێتی پاسپۆرتێكی هەبێت، بەڵام نەیبووە، بەڵكو ونی كردووە یان ون دەبوو. لەوانەیە هەر لە بێخەوە نەیبووبێت، یان نزیك بووە لەوەی هەیبێت، یان كەسێك هەیبووە، كەسێك كە سەر و سیمای لەو چووە، یان یەكێك وەكو ئەو بیریكردۆتەوە. ناكا دابێتی بە بێگانەیەك، یان نەیدابێتێ، یان سوێند دەخوات نەیداوەتێ. یان لەسەر پردێك وەستاوە و لە دەستی كەوتۆتە خوارەوە و كەوتۆتە ئاوەوە. چونكە نەیدەویست بگەڕێتەوە بۆ نیشتمانی خۆی. لەبەرئەوەی وابیری دەكردەوە نیشتمانی هەمان شوێنە. لەوە خراپتر دەیەویست ببێت بەچی؟ كاغەزی شینی تەوالێت، بە ئاماژەی دەست پێی بڵێن بڕۆ. یان ئەوەی لەگەڵ باقی ئەمریكاییە غەوارەكاندا بە سوێند  وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە. یان ئەوەی سوێند بخوات كە ماوەی پاسپۆرتەكەی زیاتر بووە، پێویستی بە شایەت نەبوو، دەیوت هەتا ئێستا وەرینەگرتووە، بە كەسی نەفرۆشتووە، مافی هەبوونی پاسپۆرتی لێ نەسەنراوە، نەیشاردۆتەوە یان تەسلیمی كەسی نەكردووە، بە خواو ئەولیا سوێندی دەخوارد، وەكو ئەو گێل و گەمژانەی سوێند بە خشڵی خۆیان دەخۆن، بە شەرەفی سوێندی دەخوارد بە دەنگی لەرزۆكی مرۆڤ شكستی هێناوە، بە لێوەلەرزە و چاوانی روو لە ئاسمانەوە و ئەو خاچەی كە دەیكێشا و بە مێشكی ساف و ئامێری درۆوە، خانم دەیەوێت سوێند بخوات. نەیداوە بە سربی و چیكی و نایجیری و هایتی و ئەرجەنتینییەكان. ئەگەر سلفادۆرییەكان هەیانبێت ئیشی ئەم نییە. نەیداوە بەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش.
پێشوازی لێدەكەن و خوێندنەکەی دەچێت بە ئاسماندا. یان ئەوەی لە جێگایەكی گەرم و شێدار و غەمگین لەبن دارێكدا كە گەڵاكانی وەكو بەری دەست تەڕە لە شانی پیاوێكەوە دانیشتووە كە جگەرەی پەڕە سیغاری بەدەمەوەیە و دەڵێت نیگەران مەبە. ئەگەر زۆر بێتاقەتە، پاسپۆرتێكی ئەمریكایی نەخێر مەكسیكی بۆ پەیدا دەكات كە ئەمیان باشترە. پێنج هەزار دۆلاری تێدەچێت و ناویشی دەچێتە سیستمەوە. هەموو دنیا مەكسیكییەكانیان خۆش دەوێت. ئاخری دانەیەكی دەستدەكەوێت، بەڵام مۆری ڤیزەی كوبای هەیە. خەتای خۆی نییە، بەڵام بەشتێكی وا ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا.
یان ناتوانێت رێزی كەسێكی وەكو جۆن ڤین هەبێت لە رڤیو... كە كەشتییەكەی لەنگەری گرتبوو پێیان دەگوت، تەكسییەك بگرە، پاشان پاس، دواتر پاسێكی تر و پاشان سواری بەلەمێك بە و بچۆرە پێشەوە و بڵێ: هەركەسێ بمبات بۆ ئەوبەرەوە هەرچی بوێ دەیدەمێ. لەوێ لە ناوەڕاستی قوڕ و لیتە و لەبەر خۆر بەرەڵام مەكەن. كارێك مەكەن دووبارە لێرە بڕۆم بە كەلەپچەوە بگەڕێمەوە وەكو جولەكەی سەرگەردان ئاوارەی بیابان بم.
ئەوراقە مۆركراوەكانی و ئەمە و ئەوەی سەفەرە خۆشەكەی. درەنگ یان زوو پیاوێكی قات لەبەر پێی دەڵێت: پاسپۆرەتەكەتم دەدەیتێ؟  یان خۆی لە ریزەكەدا دەڵێت، كوا پاسپۆرتەكەم كوا؟ یان دەستدەكات بە جانتاكەیدا، یان ئاوڕدەداتەوە سەر عەردەكە دەگەڕێت. یان نەخێر. یان بە سەروسیمای غەریبەیەكەوە سەیری ئەو پیاوە دەكات كە دەست بە دوگمەی ریكۆردەرەكەدا دەنێت و دەڵێت: زۆر باشە لە سەرەتاوە دەستپێدەكەینەوە. پاسپۆرتەكەت چی لێكرد؟

*دیب ئۆلین ئونفێرت: نووسەرێكی ئەمریكییە و تەمەنی پەنجاو پێنج ساڵە.

لە فارسییەوە: محەمەد کەریم
سەرچاوە: از زبان دیگران
و/فارسی/ اسداللە امرایی

بابەتە پەیوەندیدارەکان