دەرمانخانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەتاڵن

09:53 - 2023-04-09
ڕاپۆرت
339 جار خوێندراوەتەوە
سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکان دەرمانیان کەم تێدا ماوە

راپۆرتی ئەسرین محەمەد


جەلال عەبدوڵڵا تەمەن 49 ساڵ، چوار ساڵە نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە و سێ نەشتەرگەری بۆ کراوە، بەهۆی کەمی و نەبوونی دەرمان زۆرجار بۆ ساڕێژبوونی برینەکانی و نەمانی ئازار رووی لە دەرمانخانەکانی دەرەوەی نەخۆشخانەی هیوا کردووە و ئەوەش تووشی قەرزێکی زۆری کردووە.
جەلال دەڵێت، نازانم خەمی نەخۆشی و ئازارەکانم بخۆم یان قەرزە زۆرەکەی بەهۆی دەرمان کڕینەوە کردومن، بەڕاستی کڕینی دەرمان لە دەرەوەی نەخۆشخانە لەبنی هێناوم.
وتیشی، نەخۆشخانەی هیوا پێویستی زۆری بە دەرمانە و نابێت لێی ببڕێت لەبەرئەوەی دەرمانەکانی لە دەرەوە  گرانە و لە توانای هەموو نەخۆشێکدا نییە بیکڕێت، جا کۆمپانیاکانی دەرمانیش بایکۆت بکەن، مەگەر هەموومان بمرین و تەواو.
بەهۆی خەرجنەکردنی بودجەی پێویست بۆ کڕینی دەرمان، هەفتەی رابردوو جارێکی تر کۆمپانیاکان بایکۆتی کڕین و دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی سنووری سلێمانی کرد و تائێستا هیچ بەرپرسێک لە وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئەو بابەتە نەهاتووەتە دەنگ.

کۆمپانیاکان دەرمان دابین ناکەن
نوێنەری کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان لەبەردەم نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ئێمە  وەک کۆمپانیاکانی بواری دابینکردنی دەرمان، پێداویستی پزیشکی، تاقیگەیی پزیشکی و سازدانەوەی ئامێرەکان کۆبووینەتەوە داوای لێبووردن لە هاووڵاتیانی سلێمانی و نەخۆشانی شێرپەنجە بەتایبەتی بکەین، لەبەرئەوەی چیتر ناتوانین دەرمان و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی هیوا و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دابین بکەین.
ژیوار عەبدولڕەحمان نوێنەری کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان وتی، کۆمپانیاکان سەرەڕای ئەوەی پابەندی سەرجەم رێکارە یاسایی و داراییەکان بوون بە پارەی کاشی خۆمان، بەڵام نزیکەی سێ ساڵە حکومەت شایستە داراییەکانمان بۆ خەرج ناکات و پارەی ئەو مەوادانەمان ناداتێ کە گرێبەستمان هەیە لەگەڵیان و پارەکە تەنها ژمارەیە لەسەر حساب بانکییەکەمان.
وتیشی، بەهۆی بەرپرسیارێتیمانەوە لەماوەی رابردوودا دەرمان و پێداویستی پزیشکیمان دابینکردووە، بەڵام ئیتر بووە بەبارگرانی لەسەر شانمان و بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی دەرمان تەنانەت مووچەی کارمەندەکانیشیان پێ نادرێت، بۆیە داواکارین لە حکومەتی هەرێم ئەگەر هەمووشی نەبێت بەشێکی شایستە داراییەکانمان بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانین لە کارکردنمان بەردەوام بین.

سەرجەم نەخۆشخانەکان بێ دەرمانن
تەنها نەخۆشخانەی هیوا نییە بێ دەرمانە، بەڵکو زۆربەی نەخۆشخانە حکومییەکانی سنووری سلێمانی کە رۆژانە بەشێکی زۆری نەخۆش بۆ چارەسەر روویان تێ دەکەن، بەبێ وەرگرتنی دەرمان لە نەخۆشخانەکان دێنە دەرەوە و پزیشک رەچەتەی دەرمانەکانی داونەتێ لە دەرمانخانەکانی دەرەوە بیانکڕن. 
سەبریە بەهرام لە نەخۆشخانەی عەلی کەمال هاتە دەرەوە رەچەتەیەکی دەرمانی بە دەستەوە بوو پێنج جۆر دەرمانی جۆراوجۆری لەسەر نوسرابوو، لە دەرمانخانەی نەخۆشخانەکە  تەنها یەک دەرمانی پێ درابوو و بۆ ئەوانی تر وتبوویان نیمانە و لە دەرەوە بیانکڕە سەبریە دەڵێت، ئەوە رەوایە ئەو هەموو دەرمانەم بۆ نوسراوە لە دەرەوە بیانکڕم، ئەگەر توانای مادیم باش بوایە بۆ لە بەیانی زووەوە دەهاتمە نەخۆشخانەی حکومی، ئێوارە دەچوومە نۆڕینگەی پزیشکی تایبەت.
وتیشی، حکومەتێک بەو گەورە و گرانیە نەتوانێت تەنانەت دەرمانە سەرەتایی و رۆژانەکان بۆ نەخۆشخانەکان دابین بکات کەی حکومەتە، باشترە وەزارەتی تەندروستی دابخەن و هەموویان بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە.

لایەنە بەرپرسەکان ئاگادار دەکرێنەوە
پێش هۆشداری کۆمپانیاکانی دەرمان بە نەتوانینی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتەوە، چەند جارێک د. سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی نەختینەوە لە بانکەکان تووشی نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بوونەتەوە لەناو نەخۆشخانەکانی سلێمانی.
وتیشی، پشتیوانی داواکاری کۆمپانیاکان دەکەین بە دابینکردنی شایستە داراییەکانیان،لایەنە بەرپرسەکان ئاگادار دەکەینەوە و داوا لە حکومەت دەکەین شایستەکانیان بۆ دابین بکات.
دابینکردنی دەرمان بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سێ سەرچاوەی هەیە، یەکەمیان: بەشێک دەرمان لە بەغداوە دەنێردرێت، دووەمیان: ئەو دەرمانانەی بە هاوکاری دەنێردرێت، سێیەمیان: ئەو دەرمانانەی لە رێگەی کۆمپانیاکانی دەرمانەوە دابین دەکرێت و بەو پارەیە دەکڕدرێت کە حکومەت دابینی دەکات، بەشی زۆری و بنەڕەتی دابینکردنی دەرمانە بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکانی سنووری سلێمانی و بەهۆی دابیننەکردنی پارەوە ناوە ناوە تووشی قەیران دەبێت.

50 تۆن دەرمان دەنێردرێتە دەرەوە
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، جگە لە نەخۆشخانەی هیوا ساڵانە 30 ملیار دیناری فەرمی هەیە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و سیانەی ئامێرەکان، د. سەباح نەسرەدین رایگەیاند، ساڵی رابردوو تەنها 12 ملیار لەو بڕە بۆ کۆمپانیاکان خەرجکراوە، 10 ملیاری قەرزە لەسەر بانکی هەرێم و هەشت ملیاریشی گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت لەبەرئەوەی کەس ئامادە نەبووە دەرمان و پێداویستی پزیشکیمان پێ بفرۆشێت.
هەموو ئەوانە لە کاتێكدایە کۆتایی هەفتەی رابردوو سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نزیکەی 50 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکی کە پێکدێت لەو دەرمانانەی رۆژانە بۆ هاووڵاتیان پێویستن هەروەها هەندێک پێداویستی و ئامێری پزیشکی کە 258 بابەتی جۆراوجۆری پزیشکین (ئایتم) دەنێرێت بۆ ئەو کەسانەی لە تورکیا بەهۆی بومەلەرزەکەی مانگی شوباتی رابردوو ئاوارەبوون و ئێستا لە کەمپدا دەژین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان