ستران عەبدوڵڵا: حکومڕانیی بەم جۆرە بەڕێوەناچێت

10:01 - 2023-04-10
دیدار
556 جار خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا: دەبێت سەرۆکی  حکومەت بە پاکێجی چارەسەرەوە بێتەپێش

سازدانی - هیوا محەمەد

پێنج مانگ دەبێت تیمی یەکێتی ناچێتە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پەیوەندی یەکێتی و پارتی لاوازە، سەرکردایەتی پارتی هەنگاوێکی ئەوتۆ نانێت بۆ لێکتێگەیشتن، ئەوەی هەیە تەنها لە سەرۆکی حکومەتەوەیە، بەجۆرێک دەڵێی لە پارتیدا سەرکردەیەکی دیکە یان ئەنجومەنێکی سیاسی نییە،  کاتی هەڵبژاردن دیاریکراوە بێ ئەوەی مەرجەکانی یەکێتی و چەند لایەنێکی تر جێبەجێبکرێت و رێکەوتنی لەسەر بکرێت، هەولێر لەگەڵ بەغدا لە هەڵکشان و داکشاندایە، لەسەر ئەم خاڵانە و هەندێ چەمکی دیکە لەگەڵ هەڤاڵ ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیدارێکمان ساز کرد.

*یەکێتی تا کوێ لەگەڵ ئەم دۆخە دەچێت و کارتی دیکەی جگە ئەمانەی تائێستا بەکارهاتوون، چی دەبێت؟ 
-ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی بە زۆر قۆناغی سەختدا تێپەڕیون، ئەمەش لەبەرئەوەی یەکێتی و پارتی دوو حزبی لەیەکچوو نین، لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی پێکەوەکارکردنمان زۆرە، لە سیستمی دیموکراسییشدا فرە حزبی هەر بووە و ئاساییە، بەڵام دەبێت بە یاسا ئەم ناکۆکییانە و شێوازی بەڕێوەبردنی رێکبخرێت.
ئەوەی لە پێنج مانگی رابروەوە دەیبینی ئەوە دەردەخات کە پێش ئەمە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی لە ئاستی باشدا بوون، دیارە لەم کابینەیەی نۆیەمدا ناکۆکییەکان زیاتر سەریان هەڵداوە. نازانم لای پارتی خۆیان چۆن بۆ کێشەکان دەڕوانن، رەنگە لای ئەوان ئاسایی بێت سەرۆکی حکومەت بتوانێت رەوتی سیاسی حزبەکەش ئاڕاستە بکات یان هەر جۆرێکی تر، بەڵام بۆ ئێمە گرنگە کە هاوبەشین لە حکومڕانیدا، ئێمە زیاتر هەست بە کەموکووڕییەکان دەکەین.
یەکێتی زیاتر لە جارێک گلەییەکانی خستۆتەڕوو، هەمان ئەو گلەییانەی کە زۆرێک لە خەڵکی هەرێم هەیانە، ئەم دەڤەرەی کە پێی دەڵێن زۆنی سەوز، پشتگوێدەخرێت و ستەمی لێدەکرێت لە رووی بەڕێوەبردن و داهات پڕۆژە و زۆر شتی تر. ئەمەش لای یەکێتی پەسەند نییە، نە لە رووی دیموکراسییەوە تەواوە نە وەک هاوبەشی لە حکومڕانیدا.
یەکێتی زۆر هەوڵیداوە لەگەڵ پارتی ئەمە چارەسەر بکات، زۆریش دەستپێشخەریمان کردووە، چونکە ئێمە دەزانین کە هەر دەبێت لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن. حەز دەکەم بزانن پشوودرێژترین تیمی یەکێتی لە حکومەتدا ئەم تیمەی ئێستایە بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی کە تا ئێرەی بە باشی هێناوە بێ ئەوەی لە کابینەی نۆیەمدا پەنجەی هەڵەی ئاڕاستە کرابێت و جێدەستەکانی بەرز دەنرخێندرێت.
پارتییش درکیان بەو توانا و پشوودرێژییەی ئەو کردووە لە هەوڵەکانیدا لەگەڵ بەغدا و دانوستان لەسەر کێشەکان، ئەگەر هەڤاڵ قوباد کە دیاری سەرۆک مام جەلال-ە گەیشتبێتە ئەو باوەڕەی کە ناتوانێت بەم جۆرە بەشداریی کۆبوونەوەکان بکات و بڵێت ستۆپ، دەبێت کێشەکان هێندە گەورەبن کە ئەم هەڵوێستەی بوێت.

ئەگەر خەڵک بە راستی دەیەوێت دەسەڵاتێکی دادپەروەری هەبێت، ئەگەر دەیەوێت حکومڕانییەک هەبێت بەرەو هەڵدێری نەبات و تووشی نەهامەتی نەکات، با دەنگ بدات بە یەکێتی تا بۆی بێنێتەدی

وەزیرەکانی یەکێتی بەردەوامن لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیان

*بەڵام حکومەت بەڕێوەدەچێت و بەردەوامە، بەشدارینەکردنی تیمی یەکێتی لە کۆبوونەوەکان راینەگرتووە، دانوستان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە و رێکەوتن دەکرێت و پەیوەندییە دەرەکییەکانیش درێژەیان هەیە.

-راستە، بەڵام وەک دەڵێن ئەگەر لە کوێخایەتیدا چایی و قاوە نەدەیت بە میوان، ئەوا بە هەموو کەس دەکرێت، حکومڕانی ئاوا بەریت بەڕێوە، مەلەفی نەوت و ئابووری سەربەخۆ راست نەبێت، مووچە و گوزەرانی خەڵک بەم جۆرە بێت، هاوبەشەکانت لێت رازی نەبن، لە روانگەیەکی ئەمنییەوە سەیری هەموو مەسەلەکان بکەیت، کەوابوو زۆر لایەنی دیکەش دەتوانن لەم جۆرە حکومڕانییە بکەن.
ئەگەر پارتی هەموو ئەو هێزەی دابێتە سەرۆکی حکومەت، ئەوا جێگەی پرسیارە و ناڕوونییەکی تێدایە.

*وەزیرەکانی یەکێتی لە حکومەتدا بەردەوامن لە کارەکانیان؟

- بەڵێ وەزیرەکانی یەکێتی بەردەوامن لە کاری خۆیان، ئەوەی پەیوەستە بەکاری وەزارەتەکەیانەوە بۆ خزمەتی خەڵک و پەیوەندیشیان بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەیە، بەڵام  بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکەن وەک دەربڕینی ناڕەزایی لە چۆنێتی حکومڕانیی و دەرخستنی رای جیاواز و داوایان کردووە بۆ جێبەجێکردنی تێبینییەکانیان.
 دەوترێت لە کۆبوونەوەکاندا کێشەکان چارەسەر دەکرێن، ئەمە رساتە بەڵام ئەگەر دادوەرێک نەبێت لەوێدا یەکلایی بکاتەوە کە کێ تاوانبارە و هەڵەی هەیە  چارەسەر نابێت، جێگری سەرۆکی حکومەت چەندین جار کەموکووڕییەکانی خستۆتەڕوو، بەڵام بێ چارەسەر ماوەتەوە، هەروەک سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارێکدا وتی: کە دەگەینە خاڵی هاوبەش و چارەسەر، لەم لاوە کێشەیەکی دیکەی بچووک قوت دەبێتەوە و دوایدەخات.
جارێک فڵان کەس گروپی چەکداری بۆ دروست دەکرێت، جارێک کەیسی دروسکراو بۆ شەهید هاوکار جاف دروستدەکریت، جارێک لێدوانێکی بەرپرسێکی باڵای حزبەکەیان، هەموو ریسەکە دەکاتەوە بە خوری.

سوپاسی دیموکراسی دەکەین
*لێدوانەکانی هەندێک لە بەرپرسەکانی پارتی نابەرپرسانەن، بەجۆرێک وشەی نەشیاو لەسەر یەکێتی و سەرکردەکانی بەکاردەهێنن لە رەوشتی سیاسی دەچێتە دەر، هەر لەبەر ئەمەشە دەرگای رێکەوتن بەداخروای دەمێنێتەوە؟

لە رووی دیموکراسییەوە کەسەکان ئازادن لە لێدوانەکانیان، دەبێت مەمنوونی دیموکراسی بین کە ئەمەی خوڵقاندووە، وتە فەلسەفییەکە دەڵێت قسە بکە تا بتناسم، ئەگەر ئەم جۆرە لێدوانانە نەبێت کەسەکان ناناسرێن، چونکە کەسانی دیکەی بەرپرسیش هەن لە پارتیدا بیروبۆچوونی باشیان هەیە لەسەر دۆخەکە و رێگە چارەکان.
 کێشەکەی ئێمە لە ناو حکومەتدایە، ئەمەش دیوێکی باشی هەیە، چونکە پێمان وانییە کە کێشەکە لەگەڵ کاک مەسعودە یان سەرۆکی هەرێم، کێشەمان لەگەڵ ئەم لق یان ئەو لق نییە، باشیشە کە دەتوانین خاڵی کێشەکە دیاری بکەین.

سەرۆکی حکومەت لەبری هەموو پارتی

*باشە بەڵام چەند جارێک سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لەوە کردووە کە ئێمە ئامادەی دانیشتنین، ئەو ئەم قسانە ئاراستەی سەرانی سیاسیی پارتی دەکات ئێستا ئەوان بۆچی هیچ ناڵێن و دەرناکەون؟  خۆ ساڵانێک هەرچی کێشە هەیە لەسەر دەستی مام جەلال و کاک مەسعود چارەسەر دەکرا. ئێستا ئەمە نابینرێت، ئەوەی هەیە هەر سەرۆکی حکومەتە و خۆی هەمەکارەیە،  چارەسەر چییە؟
-دیارە سەرۆکی حکومەت هەر پۆستی حکومیی نییە، لە کۆنگرەدا بۆتە جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی، ئێمە نامانەوێت دەستوەردان لە کاری ناوخۆیی ئەوان بکەین، بەڵام دیارە دەسەڵاتی زۆرە و ئیشی ئێمەش نییە بپرسین بۆچی، ئەوە پەیوەستە بەناوخۆی خۆیان.

ئەگەر خەڵک بە راستی دەیەوێت دەسەڵاتێکی دادپەروەری هەبێت، ئەگەر دەیەوێت حکومڕانییەک هەبێت بەرەو هەڵدێری نەبات و تووشی نەهامەتی نەکات، با دەنگ بدات بە یەکێتی تا بۆی بێنێتەدی

*چەند جارێک سەرۆکی یەکێتی وتویەتی وەرن با کێشەکان دەستنیشان بکەین و لەئاسانەکانەوە دەستپێبکەین تا دەگەینە هەرە ئاڵۆزەکان و زاڵ دەبین بەسەریدا، شەڕی ناوخۆ لەسەردەمی مام جەلال و کاک مەسعود روویداوە، بەڵام هەر لەو سەردەمە و لەژێر کاریگەریی ئەواندا چارەسەر کراوە.
-بەڵێ ئێستا کێشەکە لەوەدایە کە لێدوانی کەسێک کۆی پڕۆسەکە دوادەخات بە هەڵبژاردنیشەوە، ئەگەر پێمانوایە کێشەکە لەسەر نەوت و غازە یان لەناو پەرلەمانە یان مووچەیە، دەبێت جیابکرێنەوە، ئەگەرچی هەمووی یەک پاکیجە بەڵام بەیەک پاکیج چارەسەر ناکرێن، هەنگاوی جدی دەوێت، دەبێت لەوانەوە دەستپێبکەین کە دیدی هاوبەشمان هەیە لەسەری.
بۆ نـموونە سەرۆک بافڵ وتویەتی وەرن بۆ شەهیدکردنی شەهید هاوکار لیژنەیەک دروستبکەن با نوێنەری نێودەوڵەتیشی تێدا بێت، ئەمە روون بکرێتەوە چۆن بووە، ئیتر ئەمە بۆچی ببەسترێتەوە بە شتی دیکەوە وەک مووچە و داهات، بۆچی کێشە دروستبکەن لەسەر ئەوەی ئێمە داوامان کردووە با لەگەڵ بەغدا رێکەوین و داهاتە نەوتییەکان هەموویان بگەڕێنەوە یەک شوێن و لەوێوە مووچە و هەموو خەرجییەکانی تر دابەش بکرێن؟ ئەمانە زۆرێک لە جیاوازییەکانمان بووە. ئێستاش وەک دەڵێن شەڕ بەیەک لا هەڵدەگیرسێندرێت، بەڵام ئاشتی هەردوولای دەوێت.

یەکێتی چۆن لە بەغدا  هەنگاو دەنێت؟
*تیمی یەکێتی کە بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکات، بێگومان بەشداریی وەفدی دانوستانەکانیش ناکات، ئێستا یەکێتی وەک حزب لەگەڵ بەغدا خۆی دەناسێنێت، یان وەک بەشێک لە حکومڕانی هەرێم؟

 - ئێمە بەشێکین لە حکومڕانی هەرێم، بەڵام بەشداریکردنمان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هەڵپەساردووە تا دەگەینە چارەسەر، ئەمەش بەوە دەبێت سەرۆکی حکومەت بە پاکێجی چارەسەرەوە بێتە پێش و بانگهێشتی تیمی یەکێتی بکات، نەک بیەوێت بە فەرموو بگەڕێنەوە.
بە دانپیادانانی زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی لە عیراقدا، بە هەوڵ و ماندوو بوون و پشوودرێژیی کاک قوباد ئەم ئەنجامە بەدەستهاتووە و بودجە ئیقرار کراوە و خەریکین بە هەندێک رێکەوتنی سەرەتایی دەگەین، خۆ ئەگەر هەر ئێستاش بەردەوام بوایە و ئەو حزوری هەبوایە، ئەوا کاریگەریی زیاتر و باشتری دەبوو لەسەر خێرایی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن.
ئەگەر ئەم رابردووەی هەوڵەکانی کاک قوباد نەسڕنەوە، ئەوا بۆیان دەردەکەوێت ئەوان ئەوەیان تەواوکردووە کە ئەو دەستی پێکردبوو. 
ئێمە وەک یەکێتی، چۆن لە حکومەتی هەرێمدا بەشدارین، ئاواش لە حکومەتی عیراق و پۆستە گرنگەکاندا بەشدارین، لە بڕیاردانی چارەنووسی کۆی پڕۆسەکاندا جێگە دەستمان هەیە.
ئێمە لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت ئەندامین و بەردەوام لەسەر پڕۆسەکانی پەیوەست بە هەرێم و عیراق کاریگەریمان هەیە. 

هەموان دەزانن هۆکاری نەبوونی یەکڕیزیی پارتییە
*جاران خەڵک و سیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتیش، کە گلەییان دەبوو دەیانخستە سەر ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە، ئێستا زۆرینە بۆیان دەرکەوتووە کە دروستکەری گرفتەکان پارتییە، ئەوانن  ئازادییەکان پێشێل دەکەن، ئەوانن  لە رێگەی حکومەتەوە نادادی لە حکومڕانی دەکەن. خەڵک بۆی دەرکەوتووە کە پارتی کەمتەرخەمە لە هێنانەدی یەکڕیزیی، هەروەک ئەوەش کە لە گۆڤاری فۆرین پۆلیسیدا هاتووە و باس لەو دۆخە خراپە دەکات.

 
یەکێتی بۆچی بیر لەوە ناکاتەوە لەم حزبە بە گلەیی و ناڕازییانەی هەرێم هاوپەیمانییەکی زۆرینە پێک بێنێت؟ 
-یەکێتی بیری لەوە کردۆتەوە بەڵام وەک لێکتێگەیشتن نەک هاوپەیمانی، بۆ نموونە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هاوپەیمان بووین. 
لە بەغدا توانیمان رۆڵی گرنگمان هەبێت لە یەکلاییکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی و دروستکردنی ئەم حکومەتە نوێیە.
لە رابردووشدا لەسەر بانگهێشتی یەکێتی کۆبوونەوەی زۆرینەی حزبەکانی هەرێم کراو لێکتێگەیشتنێکی لێدروستبوو.
لە مەسەلەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن زۆرینەی حزبەکان لەگەڵ یەکێتی هاوڕان.
ئەمە راستە هاوپەیمانیی نییە، بەڵام جۆرێکە لە هاوڕایی. 
ئێستا یەکێتی جۆرێک لە هاوپەیمانیی لەگەڵ خەڵک دروستکردووە، پەیامەکەی سەرۆک بافڵ سەبارەت بە رێکەوتنی هەرێم و بەغدا و گەڕانەوەی داهاتەکان بۆ سۆمۆ. جێگەی رەزامەندی و دڵخۆشیی زۆرینەی خەڵک بوو، زۆرێک هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیووە.
هەڵوێستەکانی یەکێتی هەمان ئەو خواستانەن کە خەڵک دەیەوێت، بەمەش خەڵک ستاییشی یەکێتی دەکات، چۆن لەسەردەمێکدا سزایداوە.
هیوامان وایە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگبدەن بە یەکێتی تا بتوانێت بە قورسایی خۆی داکۆکی لەخەڵک بکات، ئێستا یەکێتی بەم رێژەیەوە کە لە پەرلەماندا هەیەتی ئەمە دەکات ئەگەر بیکاتە دوو هێندە زۆر زیاتر دەکات.
بزووتنەوەی سیاسیی لە هەموو هەڵبژاردنێکدا قسەی خۆی هەیە، خەڵک لە رێگەی دەنگدانەوە راست و چەوت دیاریدەکات، خۆشبەختانە یەکێتی لە روانگەی باوەڕبوونی بە دیموکراسییەوە، هەڵکشان و داکشانی قبووڵبووە و بەردەوامە لە هەوڵەکانی.
ئێمە باسمان لە چارەسەری کێشەکانی هەرێم کرد لە نێوانی یەکێتی و پارتی، ئامادەییمان دەربڕی کە هەر لایەنێک ناوبژیوان بێت و هاوکار بێت بۆ چارەسەر، بەڵام ئەگەر هەر نەگەیشتینە ئەنجام، فەرموون با بڕۆین بۆ هەڵبژاردن، بەڵام دەبێت یاسایەکی باشی هەڵبژاردن هەبێت.

کورسی کۆتاکان بە تەوافوق 
*ناکرێت یەکێتی وەک چارەسەر کورسییەکانی کۆتاکان لەگەڵ پارتی دابەش بکات؟ خۆ ئەوەی ئێستا هەیە هەمووی دەنگ بۆ پارتی دەدات لەناو پەرلەمان، کەوابوو هەموویان کاندیدی پارتین، خۆ لەناو ئەو پێکهاتانەدا هەن سەر بە یەکێتی و حزبەکانی دیکەشن، دەکرێت نیوەی بدەن بە کاندیدی یەکێتی یان شیوعی کە زۆر کادریان لەناو مەسیحییەکاندا هەیە.

- ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە پێکهاتەکان خۆیان کاندیدی خۆیان دیاریبکەن، ئەوانەی ئێستا جێی رەزامەندی پارتین، ئەوان بۆیە ناوی کۆتایان لێنراوە، چونکە ناتوانن دەنگی پێویست لەسەر ئاستی هەرێم بێنن  لە رێگەی دیموکراسیی ئاساییەوە ئەگەر جیانەکرێنەوە، کەوابوو ناکرێت هێزێکی زێڕەڤانی لە دهۆکەوە بۆ بێنیتە هەولێر دەنگ بۆ پێکهاتەیەک بدات. 
کێشەکە لەوەدا نییە کە پێکهاتەکان چەند کورسییان دەبێت یان چ پێکهاتەیەکن یان کێ و بە چ ناوێک کاندید دەکەن، بەڵکو لەوەدایە کە وارێکدەخرێت ئەوانە دابنێن کە جێی رەزامەندی پارتین.

*لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەو داخوازییانەی یەکێتی و زۆرینەی حزبەکانی دیکە هەیانە، لە سەروویانەوە یەکلاکردنەوەی کورسی کۆتاکان، چۆن دەچینە هەڵبژاردنەوە؟ یان هەڵبژاردن بێ هەموارکردنەوەیەکی تەوافوقی دەکرێت؟
- هەڵبژاردن بۆ گۆڕینی دەسەڵاتە، حزبەکان بۆیە دەچنە هەڵبژاردنەوە تا بگەنە دەسەڵات، ئەگەر ئێمە توانیمان لە هەڵبژاردندا لە رێگەی دەنگەکانمانەوە ئەوەندە بەدەست بێنین کە بتوانین ئەوەی بە هەڵەی دەزانین بیگۆڕین، ئەوا دەیکەین، خەڵکیش ئەگەر بە راستی دەیەوێت دەسەڵاتێکی دادپەروەری هەبێت، ئەگەر دەیەوێت حکومڕانییەک هەبێت بەرەو هەڵدێری نەبات و تووشی نەهامەتی نەکات، با دەنگ بدات بە یەکێتی تا بۆی بێنێتەدی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان