وەك هەمیشە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێشەوەی قوربانیدان و تێكۆشان و داستان و نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوەیە، بۆیە بە شانازییەوە یەكێتی خاوەنی زۆرترین داستان و سەروەری و شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستانە.
لە دۆسێی ئەمجارەماندا، كە هاوكارمان نووسەر و رۆژنامەنووس دەرسیم پێشەوا نووسیویەتی، تایبەتە بە مێژوو و روودان و راستییەكانی داستانی كۆڕێ ، كە بە خوێنی چەندین پێشمەرگەی یەكێتیی و سەركردایەتی چەندین سەركردەی خۆنەویستی یەكێتی، لە بەرامبەر رژێمی بەعس تۆماركرا، كە ئەگەر خۆڕاگری و بوێری چەندین سەركردەی وەكو هەڤاڵان کۆسرەت رەسوڵ عەلی كە ئەوكات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بەرپرسی بەرەی کوردستانی لە پارێزگای هەولێر بوو، لەگەڵ شەهیدانی سەركردە شەهید حەسەن كوێستانی و شەهید رێباز و چەندین فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمانی تری یەكێتی و بەهاوكاریی چەند هێزێكی بەرەی كوردستانی، ئەم داستانە تۆمار نەدەكرا و رژێم زیاتر دەهاتە پێشەوە، بەڵام خۆڕاگری پێشمەرگە رێگر بوو.
دەرسیم پێشەوا لەم بابەتەدا كە دوسێی ئەمجارەی بۆ تەرخانكراوە دەڵێت: «گومان لەوەدا نییە، هیچ هێزێک لە باشووری کوردستان هێندەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی داستان، سەروەری و شەهید نەبووە، لە رووی ژمارەشەوە هەردەم ژمارەی پێشمەرگەی یەکێتی لە ژمارەی هەموو حزبەکانی تر پێکەوە زۆرتر بووە، کە ئەمانە راستی مێژوویین و نکۆڵی لێکردنیان بێویژدانییە، هەموو ئەو بابەتانەی کە باسیان دەکەم تا ساڵی (1991)ە و دواتر شتێکی ترە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی دەیان و سەدان شەڕ و داستانی مەزن و پڕ لە شانازییە، بۆیە پێویستی بە بردن و داگیرکردنی داستانی هیچ لایەنێکی تری گۆڕەپانەکە نییە، ئەگەر ئەوان پێویستیان بە داگیرکردن و بەتاڵانبردنی داستان و سەروەرییەکانی یەکێتی نەبێت!.
بۆیە ئەم نووسەرە لەم دۆسێ تایبەتەدا كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی داستانی كۆڕێ لە 11/4/1991، دەپرسێت: بۆ پشکی شێری داستانی کۆڕێ بەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەوێت؟
دۆسێ
دەرسیم پێشەوا-دانیمارک
گومان لەوەدا نییە پێشمەرگە، یان سەرباز، لە شەڕ و جەنگەکاندا لە دوو دۆخدا شەهید دەبن، یان دەکوژرێن. یەکەم: لە هێرشکردن بۆ سەر دوژمن. دووەم: لە بەرگریکردن لە هێرشی دوژمن. بەدەر لەم دوو دۆخە، کەم جار رێکەوتووە پێشمەرگەیەک، یان سەربازێک لە هەڵاتنی پێش گەیشتنی هێرشبەراندا بۆ سەر سەنگەرەکانی ئەوان شەهید بووبێت، یان کوژرابێت، مەگەر بە کۆپتەر و فڕۆکە، کە دەتوانن بگەنە سەر پێشمەرگە و سەربازە راکردووەکان و لە ئاسمانەوە بە رۆکێت، بۆمب و دۆشکا بیانپێکن.
گومان لەوەشدا نییە، هیچ هێزێک لە باشووری کوردستان هێندەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی داستان، سەروەری و شەهید نەبووە، لە رووی ژمارەشەوە هەردەم ژمارەی پێشمەرگەی یەکێتی لە ژمارەی هەموو حزبەکانی تر پێکەوە زۆرتر بووە، کە ئەمانە راستی مێژوویین و نکۆڵی لێکردنیان بێویژدانییە، هەموو ئەو بابەتانەی کە باسیان دەکەم تا ساڵی (1991)ەو دواتر شتێکی ترە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی دەیان و سەدان شەڕ و داستانی مەزن و پڕ لە شانازییە، بۆیە پێویستی بە بردن و داگیرکردنی داستانی هیچ لایەنێکی تری گۆڕەپانەکە نییە، ئەگەر ئەوان پێویستیان بە داگیرکردن و بەتاڵانبردنی داستان و سەروەرییەکانی یەکێتی نەبێت!
داستانە یەک لەدوا یەکەکان
لێرەدا ئاماژە بە چەند داستانێکی یەکێتی دەدەم، کە بە دلێری و خۆڕاگریی پێشمەرگە رەنجدەر و ورە پۆڵایینەکان تۆمارکراون:
داستانی شێنێ کە بە داستانی ژەنەڕاڵ بەفر ناسراوە (9 تا 17 /11 /1978).
شەڕی مامەڕووتە (3/4/1979).
داستانی حەمک (17/5/1982).
داستانی رزگارکردنی بێتواتە (12 - 24/10/1983).
داستانی دابان هەلاج (15/2/1985).
داستانی گرتنی سەنگاو (9/3/1986).
داستانی سێ مانگە، یان 102 رۆژەی قەیوان ماوەت (30/8/1986 - 10/1/1987).
داستانی گرتنی قادر کەرەم (19/9/1986).
داستانی دووەمی گرتنی سەنگاو (9/12/1986).
داستانی رزگاری (14/4/1987).
داستانی گرتنی ناحیەی قەرەداغ (بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی تر)، لە رۆژی (19/4/1987).
شەڕی گوندی شێخ جیری لە رۆژی (16/5/1987)، کە (165) قوە خاسەی بارق عەبدوڵڵا حاجی حنتەی تێدا کوژرا.
شەڕی ئۆمەربل (18/5/1987).
داستانی یەکەمی تەقتەق (30/5/1987).
داستانی دوودارە (5/7/1987).
داستانی دووەمی تەقتەق (15/9/1987).
داستانە هاوبەشەکەی سماقوڵی (لەگەڵ حزبی شیوعی و حزبی سۆشیالیست)، لـــــــــە رۆژانــــــی (6 - 17/9/1987).
داستانی گرتنی سەری رەش (28/1/1988).
مەبەست لە داستانی کۆڕی، شەڕی بەرگریکردنە لە دەربەندەی کۆڕێ و تێکشاندنی چەند هێرشێکی یەک لەدوای یەکی سوپای بەعس و سەدام، کە لە کاتژمێری (4:45)ی بەرەبەیانی رۆژی (1991.4.11)دا دەستیپێکرد و تا نزیک کاتژمێر (2) بۆ (2:30)ی دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ بەردەوام بوو.
شەڕی یەکەم و دووەمی کۆڕێ
هەرچەندە لە رۆژی (7/4/1991)دا هێرشێکی کورتخایەن لەلایەن سوپای عیراق کرابووە سەر دەربەندی کۆڕێ، بەڵام زوو تێکشکێنرا کە لە خوارەوە بە کورتی باسی دەکەم، چونکە ئەوەی دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم، شەڕی دووەمی رۆژی (11/4/1991)ی داستانی کۆڕێیە، کە پاراستنی بەری خۆرهەڵاتی دەربەندەکە، واتە شاخی سپی و شاخی زێوکە درابووە هێزەکانی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان). پاراستنی بەری خۆرئاوای دەربەندەکەش، واتە شاخی کانی گردەچاڵ درابووە هێزەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی شیوعی عیراق و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان، حزبی سۆسیالیستی کوردستان و ژمارەیەک پێشمەرگەی یەکێتی بە فەرماندەیی خالید عومەر میکائیل ناسراو بە خالید هەرکی، کە نزیکەی (30) پێشمەرگە دەبوون و لەسەر داوای حەسەن کوێستانی لە چیای (بۆکر بۆرا) بەسەر دوو سەنگەردا دابەش کرابوون، سەنگەرەکانیان کەوتبووە پشت سەنگەری حزبی سۆسیالیستی کوردستان، کە شەڕ نەگەیشتە سەنگەرەکانی سۆسیالیست و یەکێتی).
پاساوەکانی خۆدزینەوەی پارتی
پارتی شەڕی نەکرد و هێزەکی شەڕکەریش نەبوو، بەرپرسەکانیان تەنیا بۆ خۆدەرخستن دەهاتنە ناو دانیشتوان و دەوروبەری شەڕگەکان، بۆ نموونە: دوای گەیشتنی حەسەن ئەحمەد عەبدوڵڵا گەڵاڵەیی ناسراو بە حەسەن کوێستانی (1950-17/5/1994)، لە حوجران بۆ شەڕگەی کۆڕێ بە ماوەیەک، شەش کەس لە سەرکردە و فەرماندەکانی پارتی دەگەنە لای حەسەن کوێستانی، کە ئەمانە بوون: (سەعید ئەحمەد نادر ناسراو بە دکتۆر سەعید بارزانی، فەرماندەی هێزی بارزان، عومەر عوسمان عومەر حەمەد شێروانی ناسراو بە عومەر عوسمان مێرگەسۆری (1948/ مێرگەسۆر/ هەولێر) بەرپرسی لقی دووی هەولێر، حەمید حوسێن مەلا برادۆستی ناسراو بە حەمیدە فەندی (1934 - 17/2/2023)، خالید ئەحمەد محەمەد قازی ناسراو بە خالید ئاژگەیی (1932-19/7/2004)، یونس سۆفی خدر گەردی ناسراو بە هەڵگورد دۆڵەمەڕی بەرپرسی ناوچەی شەقڵاوە، کە ئێستا بە پلەی لیوا بەرپرسی فەرماندەیی هێزی سەفین-ە، لەگەڵ عەبدولجەبار یونس ئەحمەد مستەفا ناسراو بە جەبار کۆڕی (1930/ کۆڕێ/ پیرمام/ هەولێر)، ئامر هێز بوو، کە دواتر لە رۆژی (19/5/1991)دا لەسەر ئاودیوکردنی شۆفڵێک بۆ ئێران لە گوندی حوجران کوژرا)، کە هیچ پێشمەرگەی تریان لەگەڵ نابێت.
حەسەن کوێستانی لە نیازی ئەو بەرپرس و فەرماندانەی پارتی تێدەگات و دەزانێت ئەوانە تەنیا بۆ ئەوە هاتوون کە دوای سەرکەوتن و تێکشکاندنی هێرشی دوژمن، پارتی بکەن بە پاڵەوان، بۆیە بەگوێرەی قسەی پێشمەرگە (نوری حوسێن جەمیل)، کە لە دەستەکەی حەسەن کوێستانی بوو، بۆی باسکردم کە حەسەن کوێستانی بەشێوەیەکی تەنزاوییەوە بەو بەرپرسانەی پارتی دەڵێت: (ئێوەش سەنگەرێک بگرن بۆ بەرگری، یان لە قۆڵێکەوە هێرش بکەن).
سەعید بارزانی دەڵێت: (ئێمە برسیمانە و نانی بەیانیمان نەخواردیە، دواتر هیچ پێشمەرگەی شەڕکەرمان لەگەڵ نییە و هەموومان سەرکردە و بەرپرسین).
کوێستانی دەڵێت: (ئێمە پێشمەرگەتان دەدەینێ، وەرە مەلا کەریم خۆت و چەند پێشمەرگەیەک لەگەڵیان بڕۆن)!
دکتۆر سەعید دەڵێت: (ئاخر ئاڕ پی جی-شمان لانییە، چۆن رووبەڕووی تانک و زرێپۆش ببینەوە بەبێ ئاڕ پی جی)؟
کوێستانی دەڵێت: (مەلا کەریم ئاڕ پی جی-یەکیان بدێ).
دکتۆر سەعید دەڵێت: (ئاخر کەسمان نییە بیتەقێنێ و شارەزا بێت لەو چەکە)!
کوێستانی دەڵێت: (مەلا کەریم، ئەو ئاڕ پی جی-یە لەگەڵ خۆت ببە و لەگەڵیان بڕۆ)!
دکتۆر سەعید دەڵێ: (کاکە نامانەوێت، سەرەتا دەچین نانی خۆمان دەخۆین و دواتر لەگەڵ هەڤاڵانی خۆمان دەچین بۆ شەڕەکە)!
کوێستانی دەیەوێت رێگەی هەموو پاساوێکیان لێبگرێت، بۆیە بە بەردەوامی پێشنیازی نوێیان دەخاتە بەردەم، کەچی ئەو شەش بەرپرسەی پارتی بە بیانووی نانخواردن دەستبەجێ شوێنەکە جێدەهێڵن و دەڕۆن.
بە ناوهێنانی نانخواردنی بەیانی لەلایەن ئەو بەرپرسانەی پارتی، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەوان بە درەنگەوە بۆ شەڕگەکە هاتوون، چونکە بە دەگمەن بەر لە کاتژمێری حەوتی بەیانی نانی بەیانی دەخورێت! شەڕ لە کاتژمێری (4:45) خولەک دەستیپێکردووە، کەچی با خاتریان بگرین و بڵێین کاتژمێر (7) لەوێ بووبن، سەرەڕای هەندێش دەیانەوێت بچن نانی بەیانی بخۆن و دواتر بێنەوە، ئایا بەرگریکردن بەمشێوەیە دەبێت، یان کەی پێشمەرگە لەکاتی هێرشی چڕ و زەبەلاحی دوژمن و بە بیانوی نانخواردن شەڕگەی چۆڵکردووە؟
پارتی لە تەڵانکردنی داستان و سەروەرییەکانەوە دەستیپێکرد
عومەر عوسمان شێروانی، لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا بەناوی (ژیانی کوردێک) سەبارەت بە شەڕی کۆڕێ بەمشێوەیە راستییەکانی بۆ بەرژەوەندیی پارتی چەواشە کردووە و نووسیوێتی: (تەنیا هێرش لە سەر بەری رۆژئاوا بۆ پارتی بە پلەی یەکەم و چەند قوەتی سۆشیالیست و گەل و شیوعی و حزبوڵڵا هەریەکە بە مەفرەزەیەک بەشداری شەڕی دووەمی کۆڕێ بوون. یەکێتی لە قۆڵی رۆژهەڵات دابوون و هێرشی لەسەر نەبوو). پرسیار زۆرە بەڵام تەنیا یەک پرسیار لە عومەر عوسمان دەکەم، ئەگەر قسەکانی ئەو راستن و هێرش بۆ قۆڵی رۆژهەڵات و سەر یەکێتی نەبووە، ئەی چۆن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەقسەی ئەو و کاکە عومەر ئیسماعیل عومەر ناسراو بە سەید کاکە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیستی کوردستان و دواتر پارتی، کە ئەویش هەمان بۆچوونی هەیە و گوایە لەو داستانەدا یەکێتی هێرشی لەسەر نەبووە، کەچی یەکێتی نۆ شەهیدی لەو داستانەدا هەبووە و پارتی و حسک هیچ شەهیدیان نەبووە؟ عومەر عوسمان، سەید کاکە و پارتییەکان، تەنیا بە تاڵانبردنی داستانی کۆڕێ نەوەستاون، بەڵکو راپەڕین و رزگارکردنی سەرجەم شار، شارۆچکە و دێهاتەکانی کوردستانیان بەتاڵان برد!
وریا یونس، لە لاپەڕەکانی (73-74)ی کتێبی (ئەو دەربەندەی خۆری لێ ئاوا نەبوو)دا لەسەر زاری عومەر عوسمان عومەر حەمەد شێروانی، بەرپرسی لقی دووی پارتی نووسیوێتی: (لە بەرەبەیانی رۆژی (11/4/1991) بە دەوروبەری کاتژمێر (5:30) شەڕو ئاگرباران لە ماوەی چرکەیەک دا تەواوی سەنگەرەکانی تەنیەوە، لە هەردوو قۆڵەوە شاڵاوی دڕندانەی سوپای بەعس بە شێوەیەکی زۆر سەخت و ترسناک دەستیپێکرد). عومەر عوسمان، لێرەدا هەر خۆی وەڵامی خۆی دەداتەوە و پێویست بەوە ناکات زیاتر ناڕاستییەکانی ئاشکرا بکەم، بەتایبەت کە کاتی هێرشکردنەکەشی هەڵەیە و هێرشەکە سێ چارەکە سەعات زووتر بووە.
هێرشی سوپای رژێم لە کاتژمێری (4:45) خولەک بەدواوە بە تۆپبارانی چڕ بۆ هەردوو بەری شاخەکە دەستی پێکرد، لە کاتژمێری (5:25) خولەک هێرشی توندی پیادە دەستیپێکرد، بەری رۆژئاوا هەر زوو گیرا، چونکە هێزەکانی پارتی، بزووتنەوەی ئیسلامی و پارتی گەل بەبێ بەرگری چۆڵیان کردبوو، شیوعییەکانیش لە لای خوارەوەی شاخەکە دەبن و دوای ئەوەی هاوڕێیانی یەکێتی لە بەری رۆژهەڵات بانگیان دەکەن و ئاگاداریان دەکەنەوە کە پارتی و لایەنەکانی تر لای سەرەوەی شاخەکەیان چۆڵکردووە، ئەوانیش بەپەلە خۆیان رزگار دەکەن، بەڵام سەنگەرەکانی حسک و یەکێتی لە چیای (بۆکر بۆرا) نەگیران، چونکە سوپای رژێم هێرشی بۆ ئەوێ نەکرد، یان هەر نەیان بینی بوون بە هۆی دوورییانەوە.
کۆسرەت رەسوڵ و 30 پێشمەرگە
هێرشی رۆژی (7/4/1991)ی سوپای رژێم بۆ کۆڕێ لە کاتژمێری (3:20) خولەکی دوای نیوەڕۆ دەستیپێکرد و ژمارەیەکی کەم لە پێشمەرگەی یەکێتی بەشدار بوون و هێرشەکەیان تێکشکاند، بەگوێرەی قسەکانی فەرماندەی دێرین جەعفەر قادر عومەر ناسراو بە جەعفەر مەرزانی ژمارەی پێشمەرگە بەشداربووەکانی یەکێتی نزیکەی (30) پێشمەرگە دەبوو، لەنێویاندا (کۆسرەت رەسوڵ عەلی، حەسەن کوێستانی، تەحسین یوسف مستەفا ناسراو بە تەحسین کاوانی (1951/ هەولێر/ شەقڵاوە/ کاوانیان)، فەرماندەی بەتالیۆنی (16)ی خۆشناوەتی، کە دواتر لە رۆژی (9/11/1997)دا لە شەڕی ناوخۆدا لە گردی جاسوسان لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە شەهیدکرا، ئەحمەد جەمیل حەوێز هیرانی، دڵشاد شەریف باویانی، جەعفەر قادر عومەر ناسراو بە جەعفەر مەرزانی (1964)، حەکیم عەزیز حەمەد، رەحمان سەیدۆک مەحمود ناسراو بە رەحمان سەیدە (1951/ هەولێر/ چۆمان/ ناوپردان)، فەرماندەی بەتالیۆنی (4)ی باڵەک، کە دواتر لە رۆژی (7/5/1994)دا بەدەستی پارتی لە نزیک رواندز شەهیدکرا، رەسوڵ سمایل حەمەد ناسراو بە رەسوڵ قەندە (1957/ باڵەک)، عەبدولڕەزاق ئەحمەد عەبدوڵڵا ناسراو بە رەزۆ، زیاد عومەر باپیر ناسراو بە زیاد خۆرانی، مەلا کەریم خانە ئەحمەد گەڵاڵی (دواتر لە شەڕی پارتی لە رۆژی (12/10/1997)دا لە کۆلیتار لە دۆڵی باڵەییان شەهید کرا)، قارەمان و نوری حوسێن جەمیل).
جەعفەر مەرزانی، باسی ئەوەی کرد کە ئەو هێزەی یەکێتی (پێشمەرگەکانی دەستەی ئەحمەد جەمیل و دڵشاد باویانی)، ئەوان دوو زرێپۆشیان تێکشکاند و تانکێکییش بە ساغی لەگەڵ سێ سەرباز کەوتنە دەست هێزەکانی یەکێتی، کە ئەو بەدەستی خۆی تانکەکەی بە جلیکانەک گازوایلی نێو تانکەکە و دوو دۆشەکی ئیسفەنج کە لەسەر تانکەکە بەسترابوون سووتاندووە، هەروەها سێ سەربازە دیلەکەی بردووە و رادەستی کۆسرەت رەسوڵی کردوون و شەڕەکەش ماوەی (30 - 35) خولەکی خایاند و شەڕەکە کۆتاییهات. دوای شکستی سوپای رژێم لەو هێرشەیدا بە نیو کاتژمێرێک، چەند پارتییەک بە فەرماندەیی دکتۆر سەعید بارزانی و مەفرەزەکەی کە شەش پێشمەرگەیەک دەبوون، گەیشتنە شوێنی شەڕەکە و وەکو پیشەی بەردەوامیان ئەو شەڕەشیان کرد بە یەکێک لە داستان و پاڵەوانێتییەکانی پارتی و خۆیان. جا پارتی نەک تەنیا داستانی کۆڕێی کرد بە هی خۆی، بەڵکو بە ناڕەوا و زۆرداری خۆیان کرد بە ئەندازیاری راپەڕین و رزگارکردنی شارەکانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکوک و تەواوی شارۆچکە و گوندەکانی باشووری کوردستان).
هێزەکانی سوپای بەعس لە هێرشی رۆژی (11/4/1991)دا، کە بە دوو تیپ (فیرقە) ئەو هێرشەی کردبوو، بریتی بوون لە تیپەکانی (10+28). تیپی زرێپۆشی (10)ی ناسراو بە فەرماندەیی هێزەکانی نەسر (قیادة قوات النصر)، کە سەر بە فەیلەقی (4)ی ناسراو بە فەرماندەیی هێزەکانی حەتین (قیادة قوات الحطین)بوو، ئەوکاتە فەرماندەکەی عەمید روکن ئەحمەد عەبدولکەریم حەمدی ئەلڕاوی بووە و عەمید روکن مازن ئیبراهیم محەمەد جێگری فەرماندەی هەمان تیپ بووە. هەروەها تیپی (28)، تیپێکی پیادە و سەر بە فەیلەقی (1)ی ناسراو بە فەرماندەیی هێزەکانی رەشید (قیادة قوات الرشید) و بارەگاکەی لە فڕۆکەخانەی (الصدیق)ی شارۆچکەی خورماتوو بوو، کە فەرماندەکەی عەمید روکن حەمود حەماد ئەلبەشار ئەلشەمەری بووە.
تیپی زرێپۆشی (10)ی ناسراو بە فەرماندەیی هێزەکانی نەسر-ی سەر بە فەیلەقی (4)، کە بارەگاکەی لە باشووری عیراق لە شاری عیمارە بوو، هەروەها تیپی (28) سەر بە فەیلەقی (1) بوو، کە بارەگای ئەو فەیلەقە لە شاری کەرکوکی کوردستان بوو، لیوای (705) یەکێک بوو لە لیواکانی تیپی (28).
هەردوو تیپی (10+28) بۆ داگیرکردنەوەی باشووری کوردستان هێنرابوون، چونکە تیپەکانی فەیلەقی (5)، کە بە هێزەکانی عەموریە (قوات عموریة) ناسرابوون و بارەگای ئەو فەیلەقە لە سەربازگەی رەشکین-ی رۆژئاوای هەولێر بوو، پێشتر لە رۆژی (11/3/1991)دا لە راپەڕین و رزگارکردنی شاری هەولێر، تەواوی فەیلەق، تیپ و پێکهاتەکانی ئەو فەیلەقە هەڵوەشایەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە رزگارکردنی شاری هەولێر و هەڵوەشانەوەی فەیلەق و دەزگاکانی رژێمی بەعس لەو شارەدا پشکی شێری بەردەکەوێت، چونکە هێزی بروسک، شانە چەکدارەکانی یەکێتی، (پێشمەرگەی دێرین، رێکخستنەکان و زیندانییە سیاسییەکانی سەربە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)، هێزی یەکەم و گەورەترین هێزی پێشمەرگە، رێکخستن و جەماوەرییان تا ئەوکاتە لە شاری هەولێر پێکدەهێنا.
پێکهاتەی هێزەکانی رژێم
فیرقەی (10)ی زرێپۆش پێکدەهات لە سێ لیوای (17، 24 و 42):
یەک: لیوای زرێپۆشی 17، کە پێکدەهات لە:
ا. کەتیبەی تانکەکانی حەمادی شەهاب.
ب. کەتیبەی تانکەکانی 14ی تەمموز.
ج. کەتیبەی تانکەکانی 30ی تەمموز.
د. فەوجی پیادەی ئالی 6.
دوو: لیوای پیادەی ئالی 24 کە پێکدەهات لە:
ا. کەتیبەی تانکەکانی 1ی حوزەیران.
ب. 3 فەوجی پیادەی ئالی.
سێ: لیوای زرێپۆشی 42 کە پێکدەهات لە:
ا. کەتیبەی تانکەکانی بەعس.
ب. کەتیبەی تانکەکانی یافا.
ج. کەتیبەی تانکەکانی سەدام.
د. فەوجی ئالی 9.
بەشدارانی راستەقینەی داستانەکە شایەتی راستییەکانن
لە بەری رۆژهەڵات، کە هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرماندەیی رەفعەت عەبدوڵڵا پیرداود ناسراو بە رێباز (1952 - 7/5/1994)، فەرماندەی بەتالیۆنی دەشتی هەولێر و بەرپرسی تەواوی هێزەکانی بەری رۆژهەڵاتی دەربەندی کۆڕێ و حزبی زەحمەتکێشان بە فەرماندەیی یاسین محەمەد عەبدولقادر ناسراو بە دکتۆر سەردار (کە دواتر زەحمەتکێشان چوونە ناو یەکێتی)، لەوێ دامەزرابوون، سەرەڕای ئەوەی بەرگرییەکی زۆر توندکرا، کەچی سوپا دوو سەنگەری یەکێتی گرت، بەڵام دەستبەجێ و دوای چەند خولەکێک لە هێرشێکی پێچەوانەدا هەردوو سەنگەر کۆنترۆڵکرانەوە. یەعقوب حەمەد ئەمین ئیسماعیل ساڵح ناسراو بە یەعقوب کۆڕی (1970/ کۆڕێ/ پیرمام)، فەرماندەی مەفرەزە، لە رۆژی (23/7/2022)دا نامەیەکی سەبارەت بە شەڕی بەرگری و داستانی کۆڕێ بۆ ناردووم و نووسیوێتی: (من و رەشید کۆڕی لەنێو ئەو پێشمەرگانەی کە بەهانای پێشمەرگەکانی بەری رۆژهەڵاتی دەربەندی کۆڕێ دەڕۆیشتین، زیاتر لە دە خولەک بەر لەوانەی تر گەیشتینە ئەو سەنگەرەی فاروق گڕاوی، دیتم گوللە بەر سەری کەوتبوو، تەواو ببوو، هەندێک لە پێشمەرگەکانی ئەو سەنگەرە پاشەکشەیان کردبوو، بیکەیسی و ئاڕپیجی یان بەجێهێشتبوو، تانکەکان لە دەربەند هاتبوونە ژوورێ، سەربازەکان کەمتر لە پەنجا مەتر لێمان نزیک بوون و بەسەر دەکەوتن، چلخۆرەکم هەموو لێدان، ئەوەی کوژرا، کوژرا و ئەویدی هەڵاتن، ئینجا من و رەشید کۆڕی بە دوو ئاڕ پی جی لە تانکەکانماندا، سەربازەکان سەریان لێشێوا، تانکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتنە ناو رووبار. من هەژدە گوللە ئاڕ پی جیم هاویشت و رەشید کۆڕی بیست و یەک گوللەی هاویشت لە بەرامبەر گازینۆی شێرەسوار. وابزانم شەهید تەنیا و مەفرەزەکەی بوون زۆر ئازابوون، هەڵیانکوتایە سەر تانکەکان و دوو دانەیان بردن).
یەعقوب کۆڕی و رەشید کۆڕی، دوو پێشمەرگەی یەکێتین و لە ژیاندا ماون. یەکێتی لەم داستانەدا نۆ شەهیدی هەیە، لەکۆی (37) برینداری داستانەکە ناوی (24) برینداری یەکێتیم وەرگرتووە، لەگەڵ تۆمارکردنی ناوی زیاتر لە (200) پێشمەرگەی بەشداربووی یەکێتی لە داستانەکەدا.
هیچ هێزێک لە باشووری کوردستان بەقەد یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی داستان، سەروەری و شەهید نەبووە
شەهیدەکانی یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی
داستانی بەرگری دەربەندی کۆڕێ لەم قۆڵە و لە هێرشی هێزەکانی یەکێتی و حزبەکانی تر (جگە لە پارتی) بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی بەری رۆژئاوای دەربەندی کۆڕێ، بە خوێنی (9) پێشمەرگەی یەکێتی و (2)ی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاودرا، کە ئەمانەی خوارەوەن:
1. سەڵاح سابیر تۆفیق مەخموری (هەولێر/ تەیراوە)، دوای ئەوەی هێزێکی زۆری یەکێتی دەگەنە شەڕگەی کۆڕێ، لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە و فەرماندە لە بەری رۆژهەڵاتی دەربەندی کۆڕێ بۆ سەر رێگای شەقڵاوە - هەولێر دێنە خوارێ بە مەبەستی هێرشکردنە سەر سوپای رژێم لە بەری رۆژئاوای دەربەندی کۆڕێ و دەرکردنیان، لەسەر رێگا و لای تانکە شکاوەکان گوللە بەر سەری دەکەوێت و شەهید دەبێت.
2. فاخیر عەبدولڕەحمان محەمەد قوربانی ناسراو بە مامۆستا سیروان (5/2/1964/ هەولێر/ مەخمور/ مەحسوناوە)، بە گوللەی قەناس شەهیدبووە.
3. فاروق حوسێن عوسمان رەسوڵ گڕاوی ناسراو بە شێخ فاروق، لەناو ئەو سەنگەرەی کە خۆی فەرماندەی سەنگەرەکە بووە بە گوللە شەهیدکراوە.
4. فەرەج مەغدید مەولود ساڵح ناسراو بە شەیدا (تیمار/ شەمامک/ هەولێر)، شەهید رێباز گوللە ئاڕ پی جی و فیشەکی بی کەی سی پێدا رەوانە کردبوو بۆ سەنگەرەکەی فەرهاد عەبدوڵڵا ئەمین خورمەڵەیی ناسراو بە فەدۆ مەخموری جێگری فەرماندەی تیپی (87)ی قەرەچوغ، کەچی لە رێگادا گوللە بەر ملی کەوتبوو.
5. فەرهاد ئەحمەد ئەمین عوسمان (1963/ کەرکوک/ دانیشتووی هەولێر/ سەیداوە)، لە هەمان سەنگەری شەهید فاروق گڕاوی بە گولـلە شەهیدبووە.
6. کاروان (هەولێر)، تەمەنی نزیکەی (17-18) ساڵ دەبوو، بە گوللە تۆپ شەهید بووە، بەڵام زانیاریم لەسەر ئەو شەهیدە نییە و نەمتوانی ناوەکەی بدۆزمەوە لە لیستی شەهیدان، بۆیە هیوادارم هەر کەسێک ناوی تەواوی، شوێن و ساڵی لەدایکبوونی دەزانێت، ئەو زانیارییانەم بۆ بنێرێت.
7. موحسین عەبدولکەریم ئەمین ئەحمەد مەخموری ناسراو بە هەڵۆ (1967/ هەولێر/ مەخمور/ مەحسوناوە)، بە گولـلەی قەناس شەهیدبووە.
8. هەمزە بەهرام ئیسماعیل عەلی مەولود (1964/ دیبەگە/ هەولێر)، لەکاتی هێرشکردنە سەر بەری رۆژئاوای چیای کۆڕێ و رزگارکردنی لەژێر دەسەڵاتی سوپای رژێم، کە پێشتر بەرەی رۆژئاوا بەبێ هیچ بەرگری کردنێک چۆڵ کرابوو، بە گولـلە شەهید بووە.
9. یونس ئیبراهیم حەسەن ئیسماعیل ناسراو بە کارزان (1974/ باشتەپە/ هەولێر)، بە ساچمەی گوللەی ئاڕ پی جی شەهید بووە.
شێوەی شەهیدکردنی شەهیدەکانی یەکێتی-م بە مەبەستی وەڵامی درۆینەی دوو دەستە نووسی، کە یەکەمیان دەڵێت: (شەهیدەکانی یەکێتی گولـلە تۆپ کەوتۆتە ناویان و بە جارێک هەموویان شەهید بوون، کە ئەوەیان زۆر دوورە لە راستی و بە مەبەستی کەمکردنەوە لە رۆڵی یەکێتی کە کاراکتەری سەرەکی داستانی کۆڕێیە، پەنایان بردۆتە بەر ئەم درۆیانە)، دووەمیان گوایە یەکێتی بەشداریی گرتنەوەی بەری رۆژئاوای دەربەندی کۆڕێی نەکردووە، کە شەهیدبوونی (سەڵاح سابیر تۆفیق و هەمزە بەهرام ئیسماعیل) لەلایەک بوختانی خۆهەڵکێشەکان رەتدەکەنەوە و لەلاکەی تریشەوە رۆڵی سەرەکی لە بەرگریکردن و هێرشکردنە سەر سوپای بەعس لەلایەن هێزەکانی یەکێتی دەسەلمێنێت! بەدڵنیایییەوە ئەگەر رۆڵی سەرەکی، بەرگری قارەمانە و توندی رەفعەت عەبدوڵڵا پیرداود ناسراو بە رێباز لە بەری رۆژهەڵات و دواتر هاتنی مەناف نادر قادر ناسراو بە سەفین مەلاقەرە، فەرماندەی بەتالیۆنی (11)ی سەفین و هێرشکردنی لەگەڵ مەفرەزەکانی عومەر ناسر، ئەحمەد جەمیل و جەعفەر مەرزانی کە لەسەر شەقامی حوجرانەوە رووە و بەرزایی بۆ سەر بەری رۆژئاوای شاخی کۆڕێ نەبوایە، کۆڕێ و دەیان شوێنی تریش دەکەوتنەوە ژێر دەستی سوپای رژێم، ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە لایەنەکانی تر هیچیان نەکردووە، بەڵکو هەریەکە و بەگوێرەی قەبارە و ژمارەی پێشمەرگە بەشداربووەکانی رۆڵیان هەبووە. تەحسین کاوانی، عەوڵا بۆر و چەند مەفرەزەیەکی تری یەکێتی، هاوکات لەگەڵ هێرشی ئەو قۆڵەی کە سەفین مەلاقەرە سەرپەرشتی دەکرد، لە سەنگەرە چۆڵ نەکراوەکەی (حسک)ەوە لە بەرزاییەوە کە شەڕی نەگەیشتبوێ بەرەو خوارەوە پەلاماری سوپای رژێمیان داو پێکەوە شکستیان بە هێرشەکەی رژێم بۆ سەر دەربەندی کۆڕێ هێنا. گوللەباران کردنی حەسەن کوێستانی و رێباز بە دیلی بە بڕیاری سەرانی پارتی لە شەڕی ناوخۆی ساڵی (1994)، بەرنامەی پارتی بوو بۆ نەهێشتنی ئەوانەی پاڵەوانی راستەقینەی داستانی کۆڕێ بوون.
شەهیدانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، دوو شەهیدن کە ئەمانەن:
1. شێروان عوسمان حاجی سلێمان خۆشناو (1968/ هەولێر).
2. سابیر مستەفا ئەحمەد شێخە بڵباس ناسراو بە مەلا عومەر هەولێری (1964/ پونگینە/ بنەسڵاوە/ هەولێر)، بەرپرسی سەربازی مەڵبەندی هەولێری بزووتنەوە، کە تەرمی مەلا عومەر و شێروان پێکەوە لە شەقڵاوە نێژران. هێزەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی کە تەنیا شەش کەس بوون، دوای سەنگەر چۆڵکردنی بەری رۆژئاوا لەلایەن پارتی و حزبەکانی تر، بە سەرپەرشتی مەلا عومەر دێنە سەر رێگاکە و نزیک سەنگەرەکانی یەکێتی و زەحمەتکێشان لە بەری رۆژهەڵات و بەرگری باشیان کرد.
سوتان و نەخۆشی و کارەساتی ئۆتۆمبێل لە (لیستی شەهیدەکان!)ی پارتیدا
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لیستی شەهیدانی خۆیدا ئەو پازدە کەسەی بەزۆر کردووە بە شەهیدانی خۆی لە داستانی کۆڕێ، لەوانەشە یەک دوو دانەیان شەهیدی شوێنی تر بن و بەفێڵ کرابن بە شەهیدی داستانی کۆڕێ:
1. ئەحمەد رەسوڵ ئەحمەد یونس (1951/ حەریر - شەهیدی هاووڵاتی).
2. ئیسماعیل عەوڵا حەمەدئەمین مەلا عەوڵا خۆشناو (1938/ کۆڕێ)، (شەهیدی هاووڵاتی).
3. بایز مەحمود سەعید عەبدوڵڵا خۆشناو (1956/ کۆڕێ)، خالید ئاژگەیی کردوویەتی بە شەهیدی کۆڕێ (شەهیدی هاووڵاتی).
4. جەلیل خالد رەسوڵ یوسف خۆشناو (1970/ کۆڕێ)، لە ساڵی (1991)دا لە حوجران لە نزیک کۆڕێ شەهید بووە.
5. حەمەد مەحمود قادر قادر ئۆمەربل (1921/ هەولێر - شەهیدی هاووڵاتی).
6. حەمەدئەمین دەروێش عەلی ئەحمەد شێروانی (1930/ هەولێر/ کوران - شەڕی کۆڕێ بە نەخۆشی). ئاخر ئەوەیە شەهیدی پارتی کە لە شەڕی کۆڕێ بە نەخۆشی شەهید بووە؟ ئایا ئێوە هیچی تێدەگەن؟
7. دڵشاد عەزیز محەمەد عەلی غەفوری (1963/ هەولێر)، سەید کاکە کردوویەتی بە شەهیدی داستانی کۆڕێ (شەهیدی دروست)، گەر شەهیدی راستەقینەیە بۆ سەید کاکە جارێک لە جاران وەکو شەهیدێکی داستانی کۆڕێ ناوی نابات؟.
8. سەرباز محەمەد ئەمین بیرۆ فەتحوڵڵا هەرکی (1973/ کۆڕێ)، کراوە بە شەهیدی داستانی کۆڕێ، سەرەڕای ئەوەی وەکو تێبینی نووسراوە: (لە ئێوارەی نەورۆز و لەکاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆز سووتاوە).
9. عەلی سلێمان حەدۆ مام شێخ ئۆرەماری ناسراو بە عەلی سلێمان بابکەیی (1947/ سۆران)، شەهیدی دروست.
10. عومەر محەمەد رەشید ئیبراهیم ئۆرەماڵ (1939/ مەلا ئۆمەر)، (شەهیدی هاووڵاتی).
11. کەریم محەمەد ئەحمەد پیرۆت (1965/ هەولێر)، وەکو شەهیدی کۆڕێ ناونووس کراوە، کەچی لەڕاستیدا بە رووداوی ئۆتۆمۆبێل لە رێگای کاولۆکان کۆچی دوایی کردووە.
12. محەمەد ئەمین مەلا موسا حەسەن مەلا موسا ناسراو بە بالۆ، بەڵام تەنیا نووسراوە لە ساڵی (1991) شەهید کراوە بەبێ نووسینی شوێنی شەهید بوونەکەی، واتە لە لیستی شەهیدانی پارتی نەنووسراوە کە لە داستانی کۆڕێ شەهید بووە، بۆیە ئەمەش جێگای گومانە هەرچەندە پارتییەکان وەکو شەهیدێکی داستانی کۆڕێ ناوی دەبەن (زانیاریم نییە، مەگەر لە رۆژی 7ی نیسان و شەڕی یەکەم شەهید بووبێت). مەسعود بارزانی، لە لاپەڕە (86)ی بەرگی پێنجەمی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)، نووسیویەتی، کە ناوبراو لە رۆژی (11/4/1991)دا شەهید بووە. پێ دەچێت ئەوەیان بە تۆپبارانی رژێم شەهید بووبێت، نەک لەناو شەڕگە، بەڵکو هەروەکو کەریم عەلی محەمەد نەبی ناسراو بە کەریم وەستا عەلی نازەنینی، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، گوتی: (پێشمەرگەیەکی پارتی لە نزیک کارگەی قیرەکە بە تۆپباران شەهیدکرا)، ئەو قسەیەش بەڵگەی ئەوەیە کە هیچ پێشمەرگەیەکی پارتی لە شەڕگەی دەربەندی کۆڕی شەهید نەبووە، شەهید بوونی ئەو پێشمەرگەیەش لە کارگەی قیرەکە بووە لە نزیک کاوانیان و بەڕێکەوت تۆپ بەری کەوتووە نەک لەکاتی بەرگری کردن.
13. نامیق حەمەد سابیر حەمەد خۆشناو (1976/ کوفە/ نەجەف)، فەرهادی برایم ئەفەندی و عەبدولواحید خۆشناو کردوویانە بە شەهیدی داستانی کۆڕێ (گوایە بە تۆپباران شەهید کراوە، شەهیدی هاووڵاتی).
14. نەجات سابیر مەحمود حەمەدئەمین باڵەک (1961/ دیانە)، پێشمەرگەی پارتی، گوایە لە ساڵی (1991)دا لە شەڕی کۆڕێ (گوایە بە دەبابە لێی دراوە).
15. یوسف دندک مام سوار عەزیز هەرکی (1954/ زێبارۆک/ پیرمام)، لە لیستی شەهیدانی پارتی نووسراوە: (شەهیدی هاووڵاتی و شێوەی شەهیدبوون بە کارەسات)، مووچەکەشی تەنیا (90) هەزارە، کەواتە شەهیدی داستانی کۆڕێ نییە، بەڵام پارتی بەزۆر کردووێتی بە شەهیدی ئەو داستانە.
ئەو پازدە کەسەی کە پارتی کردوونی بە شەهیدی داستانی کۆڕێ، حەوتیان بە شەهیدی هاووڵاتی، یەک بە نەخۆشی، یەک سووتاوە، یەک بە کارەساتی ئۆتۆمۆبێل و یەک بەقسەی سەید کاکە وەکو شەهید تۆمارکراون! واتە یازدە کەسیان بەدڵنیایی شەهید نین، چوارەکەی تریش زانیاری تەواویان تۆمار نەکراوە و جێگەی متمانە نین و گومانیان لێ دەکرێت.
کەی سەرۆکی پارتی گەیشتە کۆڕێ؟
دوای ئەوەی کە شەڕەکە کۆتاییهات بە نزیکەی کاتژمێرێک، گۆرانیبێژ شوان پەروەر گەیشتە شەڕگەکە و لەسەر تانکێکی تێکشکاو سروودی (کینە ئەم)ی بۆ پێشمەرگەکان گوت، دوابەدوای ئەویش بە کەمتر لە کاتژمێرێک مەسعود بارزانی گەیشتە کۆڕێ، کە پێشتر بەیانی ئەو رۆژە لە گوندی سارداو لە سنووری مێرگەسۆر بووە و بۆ نیوەڕۆکەی هاتبووە کاوانیان لە نزیک شەقڵاوە، ئینجا دەوروبەری کاتژمێری چواری دوای نیوەڕۆ هاتبووە کۆڕێ. کۆسرەت رەسوڵ عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بەرپرسی بەرەی کوردستانی لە پارێزگای هەولێر، کە خۆی سەرەتا لە حوجران بوو، دواتریش لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگە گەیشتبوونە دەربەندی کۆڕێ، کە خۆی لە نزیکەوە سەرکردایەتی شەڕەکەی کردبوو.
ئاڵنگاری (تەحەدای) پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری شەهیدانی حکومەتەکەی هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) دەکەم، ئەگەر لە کۆی نزیکەی ئەو (36) هەزار شەهیدەی کە پارتی کردوونی بە شەهیدی خۆی، لە سەدا (70)ی زیاتری شەهیدەکانی شەهیدی بندیوار نەبن لەپێناوی کۆکردنەوەی دەنگ لەکاتی هەڵبژاردنەکان! گەورەترین هەڵە یان تاوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە، کە پۆستی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی دا بە حزبێک، لە کاتێکدا کە خۆی خاوەنی زۆرترین شەهید، شەڕ و داستانە لە مێژووی ئەوەی کە پێی دەڵێن شۆڕشی نوێ، بەڵام یەکێتی لەبەر گەندەڵی تەنانەت ئاگای لە شەهیدانی خۆی، یەکێتی، پێشمەرگە و ئەندامەکانی خۆیشی نەماوە!
هاوشێوەی پارتی، حزبی شیوعی عیراق، نازم عەلی حەسەن محەمەد مەموندی (1971/ قاوغ)ی بە ناڕەوا کردووە بە شەهیدی داستانی کۆڕێ. هەروەها بزووتنەوەی ئیسلامی-ش، کەسێکی بە ناوی موحسین نوری خدر پیرداود بڵباس (1972/ هەولێر)، بە ناڕەوا کردووە بە شەهیدی داستانی کۆڕێ.
بەڵگەکان و خاوەندارێتی داستانەکە
ئەو بەڵگانەی خوارەوە بەدڵنیایی خاوەندارێتی داستانی کۆڕێ دەگەڕێننەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
یەکەم: بەرگریکردنی هێزەکانی یەکێتی لە سەنگەرەکانی خۆیان، چۆڵنەکردنی سەنگەرەکانیان و رانەکردنیان وەکو پارتی و هێزەکانی بەری رۆژئاوای شاخی کۆڕێ، بەڵگەی یەکلاکەرەوەی ئەوەن کە پشکی شێری شانازیی بەرگری و سەرکەوتنەکان بۆ پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەڕێتەوە.
دووەم: شەهید بوونی (9) پێشمەرگەی یەکێتی لەو داستانەدا، نیشانەی بەرگریکردنی سەختی هێزەکانی یەکێتی و بوونی قورسایی شەڕەکە لە سەر شانی ئەوان دەگەیەنێت، ئەگینا بۆ یەکێتی (9) شەهیدی دەبێت و پارت-یش هیچ؟
سێیەم: لە کۆی (37) برینداری شەڕی داستانی کۆڕێ، زۆربەی بریندارەکان هی یەکێتی بوون، ئەوەش دەیسەلمێنێ کە پشکی شێر لە بەرگریکردن لە داستانی کۆڕێ و هێرشکردنە سەر سوپای داگیرکەری بەعس و سەدام، هەروەها سەروەریی گرتنەوەی بەری رۆژئاوای چیاکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
چوارەم: زۆرینەی پێشمەرگەکانی ئەو هێزەی لە شەڕگەی کۆڕێدا بوون، یان لەدوای هێرشی سوپای رژێم لە رۆژی (11/4/1991)دا گەیشتوونەتە شەڕگەکە، بەدڵنیاییەوە پێشمەرگەی یەکێتی بوون کە بە هەموو لایەنەکانی دیکە هێندەی ژمارەی پێشمەرگەکانی یەکێتی بەشدار نەبوون، بۆیە سەدا سەد پشکی شێری سەرکەوتنەکان هەر بەر یەکێتی دەکەوێت.
پێنجەم: رێگەگرتن لە دانانی پۆستەری (9) شەهیدی یەکێتی و (2) شەهیدی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە نزیک تانکە تێکشکاوەکانی شەڕگەی کۆڕێ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەو (11) شەهیدە لە داستانی کۆڕێ شەهید بوون، مانای بە تاڵانبردنی ناڕەوایانەی داستانەکە دەگەیەنێت.
شەشەم: بەگوێرەی لیستی شەهیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوایە پارتی پازدە شەهیدی هەبووە لە شەڕی داستانی بەرگری کۆڕێ، بەڵام رانەگەیاندن و بڵاونەکردنەوەی ناوی ئەو بەناو (15) شەهیدە نەک تەنیا موویەک بەڵکو گوریسێکی تیایە (ئەو ماستە موویەکی تیایە)، بەدڵنیایی دەبێتە بەڵگەی ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک پارتی خاوەنی شەڕی داستانی کۆڕێ نییە.
شەهیدی فەرماندە رێباز
لەبرسان بێت یان لە ترسان
حەوتەم: پێنج بۆ شەش بەرپرسی پارتی لەکاتی بەرگریکردنی هێزەکانی یەکێتی لە دەربەندی کۆڕێ، چوونەتە لای حەسەن کوێستانی کە ئەو بەرپرسانەی پارتی نانی بەیانیان نەخواردووە، لە برسان بێ یان لە ترسان شەڕیان نەکردووە، هیچ پێشمەرگەیان لەگەڵ نەبووە، چەکی تانکشکێن و (ئاڕ پی جی)یان لانەبووە و کەسیان نەیان زانیوە ئاڕ پی جی بتەقێنن، ئەی پێم ناڵێن بەچی بوونە پاڵەوانی داستانی کۆڕێ؟
پێشتریش بۆ پەلاماردانی شاری هەولێر و گرتنەوەی ئەو شارە، هێزەکانی کەنداوی عەرەبی (قوات الخلیج العربي) بە فەرماندەیی فەریق روکن کامیل ساجت عەزیز ئەلجەنابی (1936 - 7/2/1999)، لیوا روکن عیسمەت سابیر عومەر ئەلبەیاتی یاریدەدەری فەرماندەی هێزەکانی کەنداوی عەرەبی و لیوا روکن بارق عەبدوڵڵا حاج ئەلحنتە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی کەنداوی عەرەبی (کە عیسمەت سابیر و بارەق لە رۆژی 3/4/1991، لەلایەن سەدام-ەوە بە ناوی خەڵاتکردن بانگکرانە بەغدا و لە رۆژی 4/4/1991دا گوللەباران کران، هەروەها دواتریش کامیل ساجت ئەلجەنابی لە رۆژی 16/12/1998دا بە تۆمەتی شاردنەوەی زانیاری کە نامەیەکی لە نزار خەزرەجی سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای عیراقەوە بەدەست گەیشتبوو گیراو لە رۆژی 7/2/1999دا لە ئەبوغرێب گوللەباران کرا، باش بوو سەدام ئەو سێ تۆمەتبارەی ئەنفالی کوشت، ئەگەرنا دوور نەبوو لە ترسی کوشتنیان لەلایەن ئێرانەوە لە هەولێر یان سەری رەش داڵدە بدرێن)، هێزەکانی فەرماندەیی هێزەکانی نیداء زرێپۆش (قیادة قوات النداء - مدرعة) بە فەرماندەیی عەمید روکن موعتەمەد نیعمە حەمەد ئەلناسری بوو، کە سەربە فەیلەقی (3) بوو، فەرماندەیی هێزەکانی ئەلعابدی پاسەوانی کۆماری (قیادة قوات العابد للحرس الجمهوري)، سەر بە فەیلەقی باکووری گاردی کۆماری (قیادة عملیات اللە أکبر) و بە فەرماندەیی عەمید روکن فوئاد حوسێن عەلی بوو (کە ئێستا دانیشتووی سویدە)، هەروەها تیپی چوارەمی پیادە ناسراو بە فەرماندەیی هێزەکانی قەعقاع (قیادة قوات القعقاع) بە فەرماندەیی عەمید روکن سەباح ئیسماعیل فەرحان تکریتی، کە ناوبراو هەر لەو ساڵەدا کرایە فەرماندەی فەیلەقی (4)، کە ئەو تیپە تاکە تیپی سەر بە فەیلەقی (5) بوو، بەشداریان کردبوو، کە پێکدەهات لە سێ لیوای (5+29+96).