كینزابورۆ ئۆی: من هیچم و كتێبەكەشم هیچە

01:35 - 2023-04-13
ئەدەب و هونەر
359 جار خوێندراوەتەوە

كینزابورۆ ئۆی نووسەری ژاپۆنی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبییە و یەكێكە لە چالاكەكانی ئاشتی لە جیهاندا (3/3/2023) لە تەمەنی (88)ساڵیدا كۆچی دواییكرد. لێرەدا ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵیدا كراوە بە دوو بەش دەخوێنینەوە:

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

1-2

*لە كوێ لەدایكبوویت و گەورە بوویت؟
- ساڵی (1935) لە دورگەیەكی بچووكی ژاپۆن لەدایكبووم. كاتێك شەڕی نێوان ئەمریكا و ژاپۆن دەستیپێكرد، تەمەنم شەش ساڵ بوو. لە دە ساڵیشدا كۆتایی شەڕم بینی. كەواتە مناڵیم لەناو شەڕدا بەسەر بردووە، ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگە.
*تۆ یەكەم نووسەری لەناو خێزانەكەتدا؟
-شتێكی ورد لێرەدا هەیە. خێزانەكەی من زیاتر لە دوو سەد ساڵ لەو دورگەیە ژیاون. ژمارەیەكی زۆر رۆژنامەنووس لەناو باوباپیرانمدا هەیە. بۆیە ئەگەر ئەوان مەبەستیان بوایە نووسینەكانیان وەكو كتێب بڵاوبكەنەوە، دەبوونە یەكەم نووسەری خێزانەكەم. بەڵام بەداخەوە یان خۆشبەختانە نووسینەكانیان بڵاونەكردەوە، بۆیە من یەكەم كەسی خێزانەكەمم كە نووسینەكانم وەكو كتێب بڵاودەكەمەوە. دایكم هەمیشە دەیوت: "پیاوانی خێزانەكەی ئێمە هەمیشە لەبارەی شتێكەوە دەنووسن."
*لە چاوپێكەوتنێكدا وتوتە "هەوڵدان بۆ بەیادهێنانەوە و داهێنان خاڵی هاوبەشیان هەیە، بۆیە منیش چووم بەلای رۆماندا".
-بەڵێ، با ئەوەشی بخەمەسەر: من نووسینم لەسەر رێڕەوی خەیاڵ، لە سەرزەمینی خەیاڵەوە بەرەو خەیاڵ دەستپێكرد.
*بەمناڵی كام كتێبانەت خوێندەوە؟
-هەتا نۆ ساڵی زۆر كتێبم نەخوێندۆتەوە. شەیدای چیرۆكەكانی نەنكم بووم. دەتوانم بڵێم سەبارەت بە هەموو شتەكانی خێزانەكەمان قسەی دەكرد، ئەوەندەش بۆ من بەس بوو. ئەوكاتە پێویستم بە كتێب نەبوو. بەڵام رۆژێك قسەو باسێك لە نێوان دایكم و نەنكمدا دروستبوو. رۆژی دواتر بەیانی زوو دایكم هەڵسا یەك كیلۆ برنجی پێچایەوە و بەناو دارستانەكەدا چوو بۆ شار. شەو درەنگ هاتەوە. بووكێكی بچووكی دا بە خوشكەكەم و چەند كولیچەیەكی دا بە برا بچووكەكەم و دوو كتێبی گیرفانیشی دەرهێنا. بەرگی یەكەم و دووەمی رۆمانی (هەكلبری فین)ی (مارك توین) بوو، ئەوسا بە مارك توین ئاشنا بووم. ناوی مارك توین و تۆم سۆیر یان هەكلبری فینم نەدەزانی، دایكم ناوەكانی وت. "یەكەم جار و دواجار بوو من و دایكم قسە لەسەر ئەدەب بكەین". دایكم وتی: "باوكت دەیوت ئەمە باشترین رۆمانە بۆ مناڵ یان بۆ گەورە." باوكم ساڵێك پێش ئەوە مردبوو. دایكم وتی: "ئەم كتێبانەم بۆ تۆ هێناوە، بەڵام ئەو ژنەی كتێبەكانی بە برنج لەگەڵدا گۆڕیمەوە، وتی: ئاگات لێبێت نووسەرەكەی ئەمریكاییە، ئێستا ژاپۆن لەگەڵ ئەمریكا لە شەڕدایە، مامۆستا كتێبەكە لە كوڕەكەت دەسەنێت. بە كوڕەكەت بڵێ ئەگەر مامۆستا پرسی بڵێ مارك توین ناوی خوازراوی نووسەرێكی ئەڵمانییە.
*لە وتەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا وتوتە كتێبێكیشت خوێندۆتەوە بە ناوی "بەسەرهاتە سەرسوڕهێنەرەكانی نیڵز".
-بەڵێ، سەلما لاگرلۆف نووسەری بەناوبانگی سویدی ئەم كتێبەی نووسیوە بۆ ئەوەی مناڵانی سوید فێربن نەخشەی وڵاتەكەیان بكێشن. كوڕێكی بچووك  هەموو وڵاتەكە سواری قازێكی بچووك دەكات. زۆر زۆر سەرنجڕاكێش بوو. بۆیە ئەم دوو كتێبە زۆر ئازیز بوون و چەندان جار خوێندمنەوە. وشە بە وشەی ئەم دوو كتێبەم لەبەرە. 
نیوسەدە پێش ئێستا، كاتێ لە قووڵایی دارستاندا دەژیام و كتێبی بەسەرهاتە سەرسوڕهێنەرەكانی نێلزم خوێندەوە، هەستم بە دوو پێشبینی كرد. یەكێكیان ئەوەبوو كە رۆژێك لە رۆژان دەتوانم لە زمانی باڵندەكان تێبگەم، ئەوی تریان ئەوەبوو لەوانەیە منیش رۆژێك لە رۆژان بە قازە خۆشەویستەكەم، بفڕم بۆ ئەسكەندەناڤیا.
*یەك دێڕ لە كتێبەكە لە مێشكتدا تۆختربوو. كاتێ گەشتیاری كتێبەكە دەگەڕێتەوە دەڵێت: "دیسان مرۆڤم".
-بەڵێ، پاڵەوانەكە بە جادووی پەریان زۆر بچووك ببۆوە و باوەڕی نەدەكرد وەكو قەبارەی خۆی لێبێتەوە. كاتێ دەگاتە ماڵەوە، بەهێواشی دەچێتە موبەق. باوكی دەیبینێ. پاشان شەوق و زەوقێكی مرۆڤانەی جوان لای پاڵەوانەكە سەرهەڵدەدات، دواتر زۆر سروشتی وەكو مرۆڤی ئاسایی لێدێتەوە. هاوار دەكات: "وەی دایە، دیسان مرۆڤم." خستنەسەری ئەم خاڵە زۆر بەلامەوە گرنگە.
*تۆ خۆت بە نووسەری پەراوێز لە قەڵەم داوە. مەبەستەكەت تاڕادەیەك خواستی خۆت بووە. بەڵام روونی بكەرەوە مەبەستت چییە كاتێ دەڵێیت: "من نووسەری پەراوێزم".
-من لە دورگەیەكی بچووكدا لەدایكبووم، خودی ژاپۆنیش لە پەراوێزی ئاسیادایە. ئەمە زۆر گرنگە. هاوكارانی زۆر دیاری ئێمە ژاپۆن بە سەنتەری ئاسیا دەزانن. ئەوان بەدڵ تەسەور دەكەن ژاپۆن سەنتەری دنیایە. من هەمیشە دەڵێم نووسەری پەراوێزم- ناوچەیەكی پەراوێز، ژاپۆن پەراوێزی ئاسیا و ئەم هەسارەیەشە. بە شانازییەوە ئەمە دەڵێم.
ئەدەب دەبێت لە پەراوێزەوە بە ئاراستەی سەنتەر بنووسرێت بۆ ئەوەی بتوانێت رەخنە لە سەنتەر بگرێت. باوەڕی نووسەر، بابەت یان خەیاڵی مرۆڤی پەراوێزییە. مرۆڤی سەنتەر هیچی نییە بۆ نووسین. بەڵام ئێمە لە پەراوێزەوە دەتوانین چیرۆكی ئەو مرۆڤە بنووسینەوە و ئەو چیرۆكە دەتوانێت مرۆڤایەتی سەنتەر دەربخات، كەواتە كاتێك وشەی پەراوێز بەكاردەهێنم، گرنگترین باوەڕی منە.
*بۆ چارەسەری خێزانەكەت ئەو عادەتە دەگوێزیتەوە كە مەبەستی (فلانێری ئۆكانۆر) بووە، كەڵەكەكردنی ئەم راهێنانە، یانی چی؟
-یەكەم، عادەت وشەیەكی باش نییە بۆ نووسەر. كەواتە دەبێت ئەم وشەیە رێك بەو شێوەیە بەكاربێینم كە مەبەستی فلانێری ئۆكانۆر بووە. بەڕای من ئۆكانۆر ئەم وشەیەی لە مامۆستاكەی (جاك مارتین) وەرگرتووە. جاك مارتین لەو زەمانەدا لە (پرینستۆن) بووە. ئۆكانۆر لە ساڵی (1935) لەدایكبووە و دوای ئەوە لەگەڵ مامۆستاكەیدا خەریكی نامەناردن بووە و مارتین باسی بۆچوونی قەشە تۆماس ئەكویناسی كردووە كە بەڕای ئەو كارەكتەرێكی زۆر گرنگ بووە.
عادەت ئەوەیە: دە ساڵ یان سی ساڵ هەموو رۆژێك بنووسیت، عادەتی نووسین لە وجودتدا دروست دەبێت. ناتوانم لێی ئاگاداربم یان بێئاگا. بەڵام بەهەرحاڵ عادەتم وایە وەكو نووسەرێك سەرلەنوێ لەدایك ببمەوە، یان دەتوانم شتێك بنووسم. تەنانەت سەرباز یان جووتیار یان ماسیگر لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانی ژیانیدا دەتوانێت بەهێزی عادەت سەرلەنوێ لەدایك بێتەوە.  ئێمەی مرۆڤ ئەگەر عادەتەكانی خۆمان دروستبكەین سەرلەنوێ لەدایك دەبینەوە، كەواتە پێم وایە دەتوانین دەرەقەتی قەیران بێین، هەرچەندە پێشان ئەزموونیشمان نەكردبێت. بێگومان مەبەستی فلانێری ئۆكانۆر ئەوە بووە و منیش خوێندكاری ئەوم.
*لەدایكبوونی كوڕەكەت خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ ئەوەی وەكو نووسەر دەنگی خۆت بدۆزیتەوە. نووسیوتە: "بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر، یەكەم كوڕم بە مێشك ناتەواوی لەدایكبوو. 
-بەڵێ، رێك وام نووسی. بیست و هەشت ساڵ بووم كوڕەكەم لەدایكبوو، نووسەر بووم، كەمتازۆر ناسراو لە ئەدەبی ژاپۆن و خوێندكاری ئەدەبی فەرەنسی بووم. بەدەنگی جان پۆل سارتەر یان مۆریس مارلۆ قسەم دەكرد. هەمیشە سەبارەت بە هەموو شتێكی نووسەری قسەم دەكرد. بەڵام كاتێك كوڕەكەم بە مێشك ناتەواوییەوە لەدایكبوو، شەوێك ئەوەم لادروستبوو دەمەوێت هیوایەك بۆ خۆم بدۆزمەوە، چووم بەلای خوێندنەوەی كتێبەكەی خۆمەوە- یەكەم جارم بوو كتێبی خۆم بخوێنمەوە. تەنیا كتێبێك كە تا ئەو كاتە نووسیبووم- دوای چەند رۆژێك تێگەیشتم كتێبەكەم هیوادارم ناكات. كەواتە كتێبەكەم هیچ كەسێك هیوادار ناكات. بەم پێیە بیرم كردەوە: "من هیچم و كتێبەكەشم هیچە." بۆیە لە ناخەوە دڵتەنگ و تازیەبار بووم. پاشان ئەو رۆژنامەنووسەی كە ئەدیتۆری گۆڤاری سیاسی ژاپۆن بوو داوای لێكردم بچم بۆ هیرۆشیما. لەو ساڵەدا لە هیرۆشیما، بزووتنەوەی ئاشتی (بزووتنەوەی دژی بۆمبای ئەتۆم) سیمیناری هەبوو، لەو كۆبوونەوانەدا گرووپی چینی و روسی ململانێیەكی توند لە نێوانیاندا بوو. من تاكە رۆژنامەنووسی بێلایەنی ئەوێ بووم. بۆیە رەخنەم لە هەردوولایان گرت.
نەخۆشخانەی بەركەوتوانی هیرۆشیمام دۆزییەوە و دكتۆر (فومیو شیگتو)م بینی. لە گفتوگۆ لەگەڵ دكتۆر و نەخۆشەكاندا بەرەبەرە تێگەیشتم شتێك هەیە هیوادارم دەكات. پاشان گەڕامەوە بۆ تۆكیۆ چووم بۆ ئەو نەخۆشخانەیەی كوڕەكەمی لێبوو، لەگەڵ دكتۆرەكاندا سەبارەت بە رزگاركردنی كوڕەكەم قسەم كرد. پاشان دەستمكرد بە نووسین سەبارەت بە هیرۆشیما و ئەمە خاڵی وەرچەرخانی ژیانی من بوو. سەرلەنوێ لە دایكبوومەوە.
*كەواتە دوای ئەوەی بەركەوتەكانی بۆمبی ئەتۆمی هیرۆشیمات بینی، بە جۆرێك چوویتە قۆناغێكی ترەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی كوڕەكەتدا؟
-بەڵێ دكتۆر شیگتو پێی وتم: "هیچ شتێكمان بۆ بەركەوتەكان لەدەست نایەت. هەتا ئەمڕۆش ماهیەتی نەخۆشییەكانیان نازانین. ئێستا كە ماوەیەك بەسەر بۆمبارانەكەدا تێپەڕیوە، هیچ نازانین بەڵام هەرچیمان لەدەست هات كردمان. رۆژی هەزار كەس دەمرن. لەناو لاشەی مردووەكاندا، بەردەوام بووم لە ئیشكردن. كینزابورۆ، كاتێ ئەمانە پێویستیان بە یارمەتی ئێمەیە، جگەلەوە چیمان لەدەست دێت؟ كوڕەكەت ئێستا پێویستی بەتۆیە. بێگومان تێدەگەیت جگەلە كوڕەكەت لەسەر ئەم هەسارەیە هیچ كەسێ پێویستی بەتۆ نییە." پاشان تێگەیشتم. گەڕامەوە بۆ تۆكیۆ و چووم بەلای ئەوەوە شتێك بۆ كوڕەكەم بۆ خۆم و ژنەكەم بكەم.
*رۆمانەكەت سەبارەت بە لەدایكبوونی كوڕەكەت بە ناوی "مەسەلەیەكی تایبەتی" و نووسینە تازەكەت سەبارەت بە هیرۆشیما لە یاداشتەكانی هیرۆشیمادا كۆكراونەتەوە. لەوێدا دەڵێی دكتۆر یارمەتی دایت ئاڵۆزی كارەساتەكە ببینیت كە پاڵەوانی رۆمانەكەت باڵندەیەكی گیرۆدەیە تیایدا.
-بەڵی هەتا ئەو شوێنە ئەو كەمە بابەتەی لە خەیاڵمدا بوو تەمومژاویی مرۆڤ بوو. ئەم چەمكە لە بوونگەرایی فەرەنسەوە دەهات. پێم وایە دوالیزمی راستەقینەم دۆزییەوە و ئەوەی چۆن دەتوانم رەسەن بم. ئەم وشەیە لە سارتەرەوە فێربووم. ئەمڕۆ وشەیەكی تر بەكاردێنم زۆر سادەیە. دەمەویست راست بم. (ییتس) شاعیری ئیرلەندایی لە شیعرێكیدا دەڵێت: "ئەو پیاوە گەنجانەی راست دەوەستن". راست و دروست. دەمەویست گەنجێكی ئاوا بم، ئەوكاتە وشەی "رەسەن"م بەكارهێنا.
*لیونیل تریلینگ دەڵێت داننان بەهەست و شعوردا یەكێكە لە ئازایانەترین و بەهادارترین ئەو شتانەی  لە نووسەر دەوەشێتەوە.
-بەڵێ. لەو زەمانەدا لە خەیاڵی بەهایەكی راستەقینەدا نەبووم. هەستم دەكرد دەبێت سەبارەت بە خۆم بنووسم. بۆچی نەنووسم؟ هەستم دەكرد لەبارەی خۆمەوە نەنووسم، ناتوانم سەرلەنوێ لە دایك ببمەوە و كوڕەكەم ناتوانێت لە دایكبێتەوە. كاتێ لە كەناری دەریا بووم گەیشتمە ئەو ئەنجامە كە دەبێت خۆم و كوڕەكەم رزگار بكەم. پێم وایە لەبەرئەوە ئەو رۆمانەم نووسی. 
سەرچاوە: baangnews.net

بابەتە پەیوەندیدارەکان