چەند كورتەچیرۆكێكی ئیتالی

01:50 - 2023-04-13
ئەدەب و هونەر
232 جار خوێندراوەتەوە

برونۆ فێڕێرۆ*

لە ئیتالییەوە: یاسین فەقێ سەعی

بۆنی گوڵەكان
دوو قەشە لە باخچەیەكدا، خەریكی گوڵ چنین بوون. یەكەمیان بە بۆنی خۆش و ناسكیی گوڵەكان، مەست و سەراسیمە ببوو. دووەمیان جوانترین گوڵەكانی دەچنی و بە شادی و دڵخۆشییەوە پێشكەشی دەكرد بە رێبوارەكان. یەكەم بە كەمێك سەرزەنشتكردنەوە بە دووەمی گوت: " ئەرێ ئەوە تۆ چی دەكەیت؟ چۆن ئاوا بە ئاسانی ئەو گوڵە بۆن خۆش و ناسكانەت لەدەست دەبێتەوە، دەزانی چ دڵخۆشییەكی گەورەیە چاو و سنگت پڕ بكەیت لە بۆن و جوانیان؟".
دووەم بە كاوەخۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: " هاوڕێم، گوڵەكان هەموو جوانی و بۆنخۆشی خۆیان لەسەر ئەو دەستانە بەجێدەهێڵن، كە پاش چنین، پێشكەشیان دەكەن بە یەكێكیتر".
ئاسوودەیی رۆح و لەزەتی بێكۆتا لە بەخشیندایە. بێگومان جگە لە دەسكەوتەكەی.
دراوی كاغەزی
خاوەن كۆڕگێڕەكە دەستیكرد بەپێشكەشكردنی بابەتەكەی، دراوێكی كاغەزی سەوزی بەرزكردەوە، سەد ئێورۆییەك بوو، بەدەم راوەشاندنی دراوەكەوە، رووی كردە ئامادەبووان و گوتی: " كێ ئەم دراوە سەد ئێورۆییەی دەوێت؟" یەك و دوو، چەند دەستێك بەرزكرانەوە، كۆڕگێڕەكە درێژەیدا بە قسەكانی: "ببوورن، پێش ئەوەی بتاندەمێ، دەمەوێ شتێك بكەم" لە دەستەكانیدا چرچولۆچی كرد و كردییە تۆپێكی گچكە، گوتی: "ئێستاش هەر دەتانەوێ؟" دیسانەوە دەستەكان بەرزكرانەوە. خاوەن كۆڕگێڕەكە زۆر بە توندی دراوە تۆپەڵكراوەكەی گرتە دیوارەكە و كە كەوتە سەر زەوی، لەژێر پێیدا پلیشانییەوە، ئینجا هەڵیگرتەوە و پرسی: "هێشتا بەم ناشیرینی و پیسییە هەر دەتانەوێت؟" هەمان دەستەكانی پێشوو بەرزكرانەوە.
" بینیتان؟ سەرەڕای ئەو هەموو مامەڵە ناشیرین و ناخۆشەی لەگەڵ ئەم دراوەدا كردمان، بەڵام بە هیچ جۆرێك نرخی خۆی لە دەست نەدا. ئێمەش لە ژیاندا زۆرجار ئازار دەدرێین، بریندار دەكرێین، هەڵە دەكەین و دەكەوین، بەڵام هەر پارێزگاری لە نرخ و بەهای خۆمان دەكەین، ئەگەر هەمان بێت".
دەنكە گەنمێك
لە سووچێكی كوانووەكەدا، دەنكە گەنمێك خۆی شاردەوە.
نەیدەویست بیچێنن.
حەزی نەدەكرد بمرێت.
نەیدەویست  بیكەنە قوربانی.
دەیویست تەنها بۆ خۆی بژی.
هیچ بەلایەوە گرنگ نەبوو بكرێتە نان.
نە كەس بیباتە سەر سفرە.
نە كەس بە سڵاوات پیرۆزی بكات.
نە بەشداریی هیچ مەراسیمێك بكات.
هەرگیزاو هەرگیز بڕوای بە گیانفیداكردن نەبوو بۆ هیچ شتێ.
رۆژێكیان جووتیارەكە بەخۆی گسكێكەوە هات بۆ پاكردنەوەی ناو كوانووەكە.
دەنكە گەنمەكەشی، لەگەڵ خۆڵ و پیسی ئەو ناوەدا، فڕێدایە دەرەوە.
تاڵە دەزوو
جارێكیان، تاڵە دەزوویەك هەبوو، هەستی بەلاوازیی و بێكەڵكی خۆی دەكرد. بەردەوام گلەیی لە بەختی خۆی هەبوو، هەر دەیبۆڵاند:"من لەوە لاوازترم كە بتوانم گوریسێك دروست بكەم، لەوە كورتترم كە بلوسێكم لێ دروست بكەن، ئەوەندە جوان نیم كۆلارەیەكم پێ هەڵبدەن، تەنانەت نامكەن بە قوماشێكی هەرزانیش، چونكە رەنگم پەڕیوە و لە هەندێ شوێندا دوو تاڵ بووم... ئای لەم بێبەختیەی من، ئەگەر تاڵە ئاڵتوونێك بوومایە، خوا دەیزانی ئێستا بە كام سنگ و بەرۆك و لەسەر شانی كام ئەفسەر دەبریسكامەوە. من بە كەڵكی هیچ نایەم. من شكستم هێناوە! كەس ئیشی بە من نییە، كەس منی خۆشناوێ، تەنانەت سوودم بۆ خودی خۆشم نییە!" بەردەوام لەسەر كورسییەك بە تەنیا خۆی گرمۆڵە دەكرد و گوێی لە ئاوازی خەماوی دەگرت. رۆژێكیان گوێی لە تۆپەڵە مێوێك بوو پێیگوت: "ئەی تاڵە دەزووە بچكۆلەكە، هێندە خۆت خەمبار مەكە. من بیرۆكەیەكم هەیە؛ وەرە با پێكەوە ئیشێك بكەین! بە هەردووكمان با مۆمێك دروستكەین، بێگومان ناتوانین ببینە مۆمێكی گەورەی نێو كڵێسایەك یان هۆڵێكی گەورە؛ تۆ كورت و منیش تۆزقاڵێك، بەڵام دەتوانین وەك مۆمێك لە شوێنێكدا داگیرسێین و رووناكی و گەرمی ببەخشین، ئەمەمان باشترە لەوەی لە تاریكیدا بۆڵەمان بێت و هەڵبلەرزین".
تاڵە دەزووەكە بەدڵخۆشیەوە پێشنیازەكەی قبووڵ كرد و شانبەشانی مێوەكە بووە مۆمێك، داگیرسا و رووناكی و گەرمی بەخشی بەو ناوە، زۆر دڵخۆش بوو.
*برونۆ فێڕێرۆ - Bruno Ferrero ( 5ی مایسی 1946 ڤیللارباسێ ئیتالیا) نووسەر و قەشەی هەرە ناسراوی ئیتالییە لە كۆمەڵەی سالێزیانیدا، كە كۆمەڵەیەكی ئاینی كریستیانییە.

سەرچاوە: https://www.qumran2.net/ritagli/ autore Brun Ferrero

بابەتە پەیوەندیدارەکان