پەیامی سەرۆک بافڵ بۆ یادی 35 ساڵەی ئەنفال

12:01 - 2023-04-14
کوردستان
520 جار خوێندراوەتەوە

35 ساڵ لەمەوبەر باشووری کوردستان رووبەڕووی یەکێك لە دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بووەوە، تاوانێک کە هەموو سنوورەکانی تێپەڕاند و ئامانجەکەی تەنیا شەهیدکردن و بێسەروشوێنکردنی خوشک و براکانمان نەبوو، تەنیا بە وێرانکاری و لەناوبردنی ئاوەدانییەوە نەوەستا، بەڵکو هەوڵێکی گەورە بوو بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی میللەتەکەمان.

ئەنفال برینێکی گەورەیە لەسەر دڵمان و ئازارێکی نەبڕاوەیە لە رۆحماندا، ئەنفال وانەیەکی مێژووییە و نابێت لە بیری بکەین. نابێت کۆمەڵکوژکردنی 182 هەزار کەس بە پیر و گەنج و منداڵەوە لەیاد بکەین و هەموو لێکەوتە خراپەکانی ئەنفال فەرامۆش بکەین. ئەنفال تەنیا کارەساتێک نییە بۆ یادکردنەوە، بەڵکو پەند و وانەیەکی مێژووییە تاوەکو لێوەی فێربین و بە یەکێتی و یەکگرتووییمان رێگری لە دووبارەبوونەوەی هەموو هێرش و تاوانێکی لەو شێوەیە بکەین. 
ئاساییە لە کوردستان هێز، لایەن و رەنگی جیاواز هەبن، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە هەموومان وەک کورد خاوەنی یەک چارەنووسی هاوبەشین. بۆیە دەبێت پاراستنی کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەی، لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەکانەوە بێت و ئەنفال ئەو وانە مێژووییە بێت کە هەمیشە لە یادەوەریماندا ئامادەیی هەبێت.

خەمساردی حکومەتی هەرێم دەرحەق بە کەسوکاری ئەنفالکراوان و فەرامۆشکردنی داوا رەواکانیان، مایەی نیگەرانییە و دەبێت هەمووان ئەو راستییە بزانن کە گەرمیانییە تێکۆشەرەکان پشکی شێریان لە مێژووی خەباتی کورد و بەدیهێنانی ئەم ئەزموونەدا هەیە. بۆیە پشتکردنە گەرمیان و گەرمیانییە قارەمانەکان بێوەفاییەکی گەورەیە بەرامبەر خوێنی شەهیدان.

بەرپرسیارێتیی حکومەتی فیدراڵی و ئەنجوومەنی نوێنەرانە تاوەکو ئەرکە دەستووری و مرۆییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەشێکبن لەو هەوڵە مێژوویی و ئەخلاقیانەی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و ساڕێژکردنی زامەکانیان دەدرێت. هەموو هەنگاوێکی لەو شێوەیەش، ئاماژەیەکی جدییە بۆ ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی گەشتر.

دروود بۆ رۆحی پاکی شەهیدان و سڵاوی ورە و خۆڕاگری بۆ کەسوکارە سەربەرزەکەیان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #ئەنفال

بابەتە پەیوەندیدارەکان