هەوڵەکان چڕدەکرێنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی

10:20 - 2023-04-15
کوردستان
785 جار خوێندراوەتەوە

هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە لایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی توركیاوە، بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕانەوەی ئەو گەشتانە لە رێگەی فرۆکەخانەی سلێمانییەوە.
لەو چوراچێوەیەشدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم رایگەیاند، "هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوامە" و گەشبینی خۆشی دەربڕی هەوڵەکان ئەنجامی دڵخۆشکەریان هەبێت.
ئەڵماس سابر، سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بەسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIAی راگەیاند، "سلێمانی واتە زۆنی سەوز، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەتایبەت قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران  لەپێناوی گەڕانەوەی گەشتەکاندا هەوڵێکی زۆر باشیداوە و گەشبینیشین بەچارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و گەڕانەوەی گەشتەکانی هاووڵاتیان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە".

داخستنی گەشتەکان، سیاسییە
دەڵێت، "داخستنی ئەو گەشتانە لە بنەڕەتدا سیاسییە و رێگریکردنە لە خۆشییەکانی ژیانی هاووڵاتیان، شاری سلێمانی یەکەم شارە کە بۆتە خاوەنی فڕۆکەخانەی خۆی، بەڵام دەبینین لەم کاتەدا کە نزیکی بۆنەیەکی وەک جەژنی پیرۆزی رەمەزانین، زۆرینەی ئەو گەشتانەی کە بەسەر ئاسمانی تورکیادایە هەڵوەشێنراوەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕ و داهاتی شارەکە دەبێت".

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی قوباد تاڵەبانی
لە لایەکی ترەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، قسە لەسەر کێشەی وەستانی بەشێک لە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرا.
لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی کێشەکەی بۆ کونسوڵی گشتی بەریتانیا روونکردەوە و رایگەیاند، "هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوامە" و گەشبینی خۆشی دەربڕی هەوڵەکان ئەنجامی دڵخۆشکەریان هەبێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی 6-4-2023 بەهۆی پێنەدانی رەزامەندی بە تێپەڕبوونی فڕۆكەکانی فرۆکەخانەی سلێمانی، بەسەر ئاسمانی توركیادا، سەرجەم ئەو گەشتانەی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەکرێن، راگیرا.
هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیان و گەشتیارە بەڕێزەكان، فڕۆكەخانەمان لەڕێگەی كەناڵی پەیوەندییە رەسمییەكانەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە و ئاساییكردنەوە گەشتەكان، لە هەر گۆڕانكارییەك هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە".
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هاونیشتمانیان و گەشتیاران ئاگادار دەکاتەوە کە لە رێگەی هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانەوە (هێڵی ئاسمانی عیراقی، هێڵی ئاسمانی فلای بەغدا، هێڵی ئاسمانی قەتەری، هێڵی ئاسمانی مەلەکی ئوردونی، هێڵی ئاسمانی فلای دوبەی، هێڵی ئاسمانی ماهان ئێر)، بەپێی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەتوانن گەشت بکەن.

#فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی # قوباد تاڵە‌بانی #سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان