د. ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین*
لەم چەند رۆژەی پێشوودا هەواڵێک لە ماڵپەڕی بی بی سی بڵاوبۆوە، کە ئارەزوومەندێکی گەڕان بە دوای زێڕدا لە ئوسترالیا پارچە زێڕێکی گەورەی دۆزیوەتەوە، نرخەکەی نزیکە لە 160 هەزار دۆلاری ئەمریکی! ئەمە یەکەمجار نییە لە ئوسترالیا پارچە زێڕی گەورە بدۆزرێتەوە، چونکە ئەو وڵاتە بەناوبانگە بە پارچەی گەورە لە زێڕ، بە تایبەتی لە ناوچەی کێڵگەی زێڕی ڤیکتۆریا، کێشی پارچە بەردەکە، کە زێڕەکەی لەخۆگرتبوو چوار کیلۆ و شەش سەد گرام بووە. ئەم هەواڵە سەرنجی راکێشام، کە لەوانەیە خەڵکانێک هەبن پرسیاری ئەوە بکەن، ئایا ئەم کانزا گرنگە بەنرخەی ناوی زێڕە لە زەویدا چۆن دروستبووە؟
زێڕ وەک یەکێک لە توخمە کانزاییە سروشتییە قورسەکانی خشتەی خولیی، هەر گەردیلەیەکی خاوەن 79 پڕۆتۆن و 79 ئێلیکترۆن و 118 نیوترۆنە (ئەم جۆرە زۆر بڵاوە). لە وتارێکی پێشوومدا ئاماژەم بە سیفاتە فیزیایی و کیمیاییەکانی زێڕ کردبوو (بنواڕە لیستی سەرچاوەکان)، هەروەها چۆنێتی بوونی لە کەڤرەکاندا و ئەگەری بوونی لە باشووری کوردستان ئاماژەی پێدرابوو، بۆیە لەم وتارەدا ئەو زانیارییانە دووبارەناکەمەوە، بەڵکو دەمەوێت وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە، ئایا زێڕ لە زەویدا چۆن دروستبووە؟
بنەچەی زێڕ
زێڕ وەک ئاماژەم پێدا یەکێکە لە توخمەکانی ناو خشتەی خولیی، بۆیە لەپێناو قسەکردن سەبارەت بە بنەچەکەی پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی توخمەکان بە ریز، واتە لە هایدرۆجینەوە تا یۆرانیۆم، توخمەکانی دوای یۆرانیۆم زۆر زۆر کەمن، بۆیە لێرەدا پێویست ناکات ئاماژەیان بۆ بکەین.
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین بەهیچ شێوەیەک زێڕ لەناو زەویدا دروست نەبووە و دروستیش نابێت، بەڵکو ئەوەی هەیە لە ئەنجامی کارلێکی توانەوەی ناوکی، یان ناوکە توانەوە (Nuclear fusion) لەناو ئەستێرەکاندا دروستبووە و پاشان لە زەویدا دەرکەوتووە، ئیتر دوایی لە هەندێک شوێن دەتوێتەوە و لە شوێنێکی تر دەردەکەوێت، کردەی ناوکە توانەوە، وەک لە فەرهەنگی جیۆکیمیایی ئەندامیدا ئاماژەی پێکراوە: «ئەو کردەیەیە، کە تێیدا ناوکی گەردیلەکان دەتوێنەوە و شل دەبنەوە و تێکەڵ دەبن بۆ پێکهێنان و دروستکردنی گەردیلەیەکی گەورەتر».
کردارەکە هەنگاو بە هەنگاو
کەواتە بەشێوەیەکی ساکارتر و وەک ئەوەی، زۆرێک لە توێژینەوەکان سەلماندوویانە کردارەکە بەم ریزبەندییەیە:
پاش ماوەیەکی کورت لە تەقینەوەی گەورە (Big bang)، کە بەنزیکەیی پێش 13.7 بلیۆن ساڵ روویداوە، بەنزیکی گەردوون (Universe) پڕبووە لە توخمی هایدرۆجین. ئەم تەقینەوەیە وایکرد، نەوەی یەکەم لە ئەستێرەکان دروستببن، کە بە بەردەوامی کرداری توانەوەی ناوکی دەبووە بەرهەمهێنانی توخمی قورستر لە هایدرۆجین، تا دەگاتە ئاسن، واتە کرداری توانەوەی ناوکی، کە لە پلەی گەرمیی نزیکەی 10 ملیۆن پلەی سیلیزیدا روویداوە، وایکردووە چڕیی نزیک ببێتەوە لە (100گرام \سانتیمەتر سێجا)! بەم شێوەیەش هایدرۆجین سووتاوە و هیلیۆمی بەرهەمهێناوە، پاشان هیلیۆم سووتاوە، یان تواوەتەوە و توخمەکانی تری وەک کاربۆن و ئۆکسجین و نایترۆجینی بەرهەمهێناوە لە رێگەی کردەی ئەلفاوە (alpha-process) و بەو شێوەیە، بێگومان لەگەڵ ئەم کارلێکانەدا بە بەردەوامی وزەش بەرهەمهاتووە، پاشان لە ئەنجامی زیاتر داڕمانی ئەستێرەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و چڕی، توخمەکانی تری وەک نیۆن و سۆدیۆم و مەگنیسیۆم و سلیکۆن و فسفۆڕ و گۆگرد و کلۆر و ئارگۆن بەرهەمهاتوون، ئەستێرەکان زیاتر تێکدەشکێن و دەسووتێن و پاشان توانەوەی سلیکۆن و بەرەوپێشچوونی کردەیەک، کە بە کردەی ئی، یان هاوسەنگی (e-process) دەناسرێت، وادەکات توخمەکانی تا ئاسن دروستببن، لەم قۆناغەدا ئیتر ئەستێرەکە تەواو بووە و سووتەمەنی بەرەو نەمان دەچێت، بۆیە بەرەو سوپەرنۆڤا دەڕوات و کردەی راکێشانی نیوترۆنی سەربەست (s-process) روودەدات، تا دروستبوونی توخمی بیزمۆس بەردەوامدەبێت، بۆ دروستبوونی توخمەکانی قورستر لە بیزمۆس، کە نیوترۆنیان زۆرترە، پێویستە کردەی (r-process) بێتەکایەوە، واتە راکێشان یان دیلکردنی نیوترۆن بە خێرایی، ئێستا کردەیەکی تر بە دیلکردنی پڕۆتۆن (p-process) دەناسرێت پێویستە بۆ دروستبوونی توخمە زۆر قورسەکان، کەواتە گشت ئەو کاربۆن و ئۆکسجین و ئاسن و پۆتاسیۆم و توخمەکانی تر، بۆ بەردەوامی ژیان لەسەر ئەم هەسارەی زەوییە هەن لەناو ئەستێرەکانی تردا دروستبوون، هەروەها گشت ئەو زێڕەی هەیە لە ناو تەقینەوەی سوپەرنۆڤاو پێداکێشانی نیوترۆنی ئەستێرەکان و ئەو رووداوە گەردوونیانە و کردە هاوشێوە گەردوونییەکانەوە بەرهەمهاتوون.
پاشان دروستبوونی پارچە و دەماری زێڕ لە ناو کەڤرەکاندا ئەوە لەڕێگەی کردە زەویناسییەکانەوە دروستبوون، کاتێک پێش نزیکەی 4.5 بلیۆن ساڵ زەوی دروستبووە و بەرەو ساردبوونەوە چووە، ئەوا توخمە قورسەکان زیاتر بەرەو ناوەوەی زەوی چوون، پاشان لە رێگەی کردەکانی گۆڕانی کەڤرەکان و شلە زۆر گەرمەکانەوە زێڕ توواوەتەوە و ئیتر لەناو درزی کەڤرەکاندا نیشتووە، پاشانیش لە رێگەی کردەکانی ترەوە لە سەر زەوی دەرکەوتووە یان لە رێگەی کانەکانەوە زێڕ دەدۆزرێتەوە و دەگاتە دەستی مرۆڤ.
پوختە
زێڕ کانزایەکی قورسی گرانبەهایەو لەهەمووشوێنێکدا نییە و لەڕێگەی کردەی تایبەتەوە لەناو ئەستێرەکانی دوای تەقینەوەی گەورەوە دروستبووە و پاش دروستبوونی زەوی لەناو زەویدا کۆبۆتەوە. پاشان لەڕێگەی کردە زەویناسییەکانەوە لەناو کەڤرەکاندا بڵاوبووەتەوە و مرۆڤ توانیویەتی بیدۆزێتەوە، ئیتر وەک پارچە بێت، یان لە ناوکانەکاندا دەربهێنرێت.
*پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی
سەرچاوەکان:
-ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، كانزای زێڕ: پێكهاتەو بوونی لەكەڤرەكاندا، كوردستانی نوێ، ژمارە 8423 , 4-8-2021, ل4.
- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین ، 2023 فەرهەنگی جیۆکیمیای ئەندامی (ئینگلیزی-کوردی)، زانکۆی سلێمانی، چاپخانەی کارۆ، 254 ل.