رۆزا دڵشاد مەریوانی
هەموو دایکێک کاتێک یەکەمجار دەبێتە دایک ئەو وتەیەی پێ دەوترێت کە دەڵێت « تادێت ئاسانتر دەبێت و بەتێپەڕبوونی کات دۆخەکە باشتر دەبێت» بێگومان ئەوە درۆیەکە بە هەموو دایکێک دەوترێت و ئێمەش رۆژێک لە رۆژان بە نەوەکانی دوای خۆمانی دەڵێین! بەڵام لە راستیدا هەرگیز کاری دایکایەتی بەتێپەڕبوونی رۆژگار ئاسانتر نابێت، بەڵکو رۆژ بەرۆژ ئاڵۆزتر دەبێت هەر لەو کاتەوەی منداڵ لەدایک دەبێت و دەکەوێتە سەر پێی خۆی تا دەگاتە ئەو کاتەی ژیانی تایبەتی خۆی پێکدێنێت، ژیانی دایک وەکو یارییەکی ڤیدیۆ گەیمی لێدێت کە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت هەموو بارودۆخە ناخۆش و قورسەکان تێپەڕێنێت، هاوکات ئەوەی روودەدات و پێی دەڵێن دۆخەکە ئاسانتر دەبێت یان دایکایەتی ئاسانتر دەبێت تەنیا ئەوەیە دایک خۆی وەکو مرۆڤێک بە تێپەڕبوونی رۆژگار گەشەدەکات و پەرەدەسێنێت و پێیەکانی لەسەر ئەرزی واقیعی دایکایەتی پتەوتر دەبێت و جۆرە نەرمییەک فێردەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکانی و ئەزموونی وەکو دایکێک وایلێدەکات بەهێزتر بێت و بەرگەی گرفت و ئاڵۆزییەکانی ژیانی بگرێت لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ منداڵەکانیدا، بۆیە هەمیشە بەخێوکردنی منداڵی یەکەم قورسترە لەوانی دیکە، چونکە ژن لەو قۆناغەدا بێ ئەزموونە و هەموو کێشەیەکی منداڵەکەی یەکەمجارە رووبەڕووی دەبێتەوە، لەبەرئەوەشە هەستدەکات بەخێوکردنی منداڵی دووەمی ئاسانتر بووە.
دایکایەتی لەم سەردەمەدا
هاوکات زۆربوونی جۆر و سەرچاوەکانی پەروەردەی مۆدێرن و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان و چەندان کێشەی دیکەی منداڵ وایکردووە دایکی ئەم سەردەمە کارەکەی قورستر بێت و تووشی شڵەژان بێت لەوەی چۆن و کام رێگەیە هەڵبژێرێت بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەی، دەبینێت چەندین کتێب و پزیشک و چارەسەرکاری کۆمەڵایەتی هەیە و هەر یەکە بەجۆرێک و بەچەندین خاڵ رێنمایی دایکان دەکەن، بەڵام ئەوەی دەبێت دایک بیزانێت ئەوەیە هەر منداڵە و حاڵەتێکی تایبەت بەخۆی هەیە و دەبێت کلیلی مامەڵەکردن لەگەڵیدا بدۆزێتەوە و تەنیا هێڵە گشتییەکانی پەیوەستن بە راست و هەڵەوە وەربگرێت و فێری منداڵەکەی بکات، چونکە دایکی سەرکەوتوو ئەوەیە بتوانێت لەگەڵ کەسێتی و تایبەتمەندی منداڵەکەیدا خۆی رابێنێت و وەکو یاریزانێکی بە توانا هەموو قۆناغەکانی ئەو یارییەی پێیدەوترێت یاری بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ تێپەڕێنێت و پشوو درێژ بێت.
هەروەها هەموو دایکان دەبێت ئەو راستییە بزانن لەو رێگەیەدا زۆر دەگرین و زۆریش پێدەکەنن و هەموو هەستە مرۆڤایەتییەکان تاقیدەکەنەوە و راستە دایکایەتی رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت، بەڵام هیچ هەستێکی دیکەی مرۆڤایەتی لە جوانیی و قووڵیدا نایگاتێ.